»  کوردستان
هه‌فته‌ هه‌واڵـی كه‌ركوك


 

له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا چه‌ندین رووداوی كوشتن و دزین و تیرۆر له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی شاری كه‌ركوك روویانداوه‌، له‌ گۆشه‌ی هه‌فته‌ رووداوی كه‌ركوك، پوخته‌ی رووداوه‌كان ببینه‌.

*رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو،  8/12/2018، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی تاوانه‌كانی كه‌ركوك رایگه‌یاند: له‌ گه‌ڕه‌كی (نورستی) چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراو هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌رماڵی هاوڵاتی محمد عبدالكریم محمد و قاسه‌ی ماڵه‌كه‌ی ده‌شكێنن و بڕی (24,5) ملیۆن دیناری عێراقی لێ ده‌دزن.

*هه‌مان رۆژ بنكه‌ی پۆلیسی ره‌حیماوه‌ رایگه‌یاند: چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو له‌ فولكه‌ی خانی (اخوان) ته‌قه‌ له‌ هاوڵاتی و پێشمه‌رگه‌یه‌ك ده‌كه‌ن به‌ناوی جێگر سه‌ردار ره‌زاو به‌هۆیه‌وه‌ به‌دوو فیشه‌ك برینداری ده‌كه‌ن و ئۆتۆمبێله‌كه‌شی چه‌ند گولله‌یه‌كی به‌رده‌كه‌وێت ، دواتریش به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن ده‌گوازرێته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی فێركاری.

* هاوكات هه‌ر رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو، پۆلیسی دووبز رایگه‌یاند:  به‌هۆی بارانی به‌لێزمه‌وه‌ له‌ گوندی گه‌زۆشانی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان لافاو به‌رزبۆته‌وه‌، به‌ڵام جگه‌ له‌ زیانی مادی هیچ زیانێكی گیانی لێ نه‌كه‌وتۆته‌وه‌.

* رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو،  9/12/ 2018،  بنكه‌ی پۆلیسی له‌یلان رایگه‌یاند: به‌هۆی پێكدادانی ئۆتۆمبیلێكی جۆری سوناتاو ماتۆرسكیلێك، ماتۆرسواره‌كه‌ به‌ سه‌ختی برینداده‌بێت به‌ر له‌وه‌ی بگه‌یه‌ندرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ گیان له‌ده‌ستده‌دات و شۆفێری هۆنداكه‌ش به‌پێی ماده‌ی (24)ـی یاساكانی هاتوچۆ ده‌سگیركراوه‌.

*هه‌مان رۆژ بنكه‌ی پۆلیسی ئازادی رایگه‌یاند: به‌هۆی شه‌ڕی نێوان هاوڵاتیان له‌ گه‌ڕه‌كی له‌تیفاوه‌ی شۆریجه‌، ده‌ركه‌وت عه‌لی عوسمان ساڵح كوژراوه‌و تاوانبار به‌ختیار محمد ابراهیم ناسراو به‌ (به‌ختیار حه‌مه‌ تووته‌) له‌دوای كوشتنی ناوبراوه‌وه‌ به‌ره‌و شوێنێكی نادیار  هه‌ڵاتووه‌. 

* هاوكات به‌رێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی تاوانه‌كانی كه‌ركوك رایگه‌یاند: له‌ رێگه‌ی به‌غدا پشتی (اسواق غندوره‌) سه‌ر به‌ بنكه‌ی پۆلیسی العداله‌، چوار چه‌كداری نه‌ناسراو هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵی هاوڵاتی صائب عبدالكریم زین العابدین و بڕی (17200) دۆلاری ئه‌مریكی و بڕێك خشڵ به‌ به‌های (6) ملیۆن دینار ده‌ده‌زن و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵدێن.

* بنكه‌ی پۆلیسی دۆمیز رایگه‌یاند: چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو له‌ رێگه‌ی دانانی بازگه‌یه‌كی وه‌همیه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی حه‌وه‌لی دۆمیز  ئۆتۆمبێلێكی جۆری كیا مۆدیل 2016ده‌دزن و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵدێن.

* بنكه‌ی پۆلیسی یایچی رایگه‌یاند: دووچه‌كداری نه‌ناسراو به‌ سواری ئۆتۆمبیلێكی بێ تابلۆ هه‌ڵده‌كوتنی سه‌ر هاوڵاتی سه‌ڵاح عه‌لاوی ئه‌حمه‌د له‌دایكبووی 1985 و بڕی (15700) دۆلاری ئه‌مریكی و (2,3) ملیۆن دیناری عێراقی لێ ده‌دزن.

* رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو  10/12/2018، بنكه‌ی پۆلیسی ئازادی رایگه‌یاند: چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراو به‌ سواری پیكابێكی مه‌رزیی بێ تابلۆ به‌ ده‌مانجه‌ هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌ر هاوڵاتی (حازم عباس كه‌ریم) به‌رپرسی لقی نووسینگه‌ی موسه‌ڵا/ له‌رێكخراوی به‌درو له‌ ئه‌نجامدا زیانی زۆر به‌ر ئۆتۆمبیله‌كه‌ی كه‌وتووه‌.

* مه‌فره‌زه‌یه‌كی هه‌واڵگری عه‌ره‌فه‌ی سه‌ر به‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری و نه‌هێشتتنی تیرۆر كه‌سێكیان به‌ناوی ئه‌حمه‌د عاید خه‌ڵه‌ف كه‌ سه‌ر به‌ رێكخراوی تیرۆرستی داعشه‌، به‌پێی ماده‌ی 240 ده‌ستگیركردووه‌. 

* به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری و نه‌هێشتتنی تیرۆری كه‌ركوك به‌ختیار نادر محمدی موختاری گه‌ڕه‌كی كوردستان (فیلق) به‌پێی ماده‌ی چواری تیرۆر له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی ده‌سگیرده‌كه‌ن چونكه‌ هاوكاری خێزانه‌ داعشه‌كانی كردووه‌. 

* رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو 12/12/2018، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی حه‌ویجه‌ رایگه‌یاند: له‌ نزیك پردی (المدینه‌) له‌ حه‌ویجه‌ بۆمبێكی چێنراو به‌ گه‌ڵابه‌یه‌كی ماندا ته‌قیوه‌ته‌وه‌و هیچ زیانێكی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌. هاوكات بۆمبێكی تر له‌ سه‌رووی پرده‌كه‌ نزیك گوندی ماحوز دۆزراوه‌ته‌وه‌.

* هه‌مان رۆژ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری كه‌ركوك رایگه‌یاند: له‌ رێگه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی مه‌یدانیه‌وه‌ بۆ جووڵه‌كانی داعش له‌ داقوق و ده‌وروبه‌ری، دوای پشكنین و گه‌ڕان له‌ تونێلێكی هه‌ڵكه‌ندراو بڕێك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ده‌ستكرد ده‌دۆزنه‌وه‌و راده‌ستی ئه‌ندازه‌ی سه‌ربازی ده‌كه‌ن.    

* هاوكات هه‌ر رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، بنكه‌ی پۆلیسی داقوق رایگه‌یاند: له‌ گوندی عه‌لۆ پاشا بۆمبێكی چێنراو به‌ بارهه‌ڵگرێكی جۆری كیا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ كه‌ شۆفێره‌كه‌ی موختاری گونده‌كه‌ بووه‌، جگه‌ له‌ تێكشكانی به‌شێكی بارهه‌ڵگره‌كه‌ هیچ زیانێكی گیانی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌.

‌ 225 جار بینراوه‌
12/15/2018 12:52:56 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved