»  کوردستان
هه‌فته‌ هه‌واڵـی كه‌ركوك
هه‌واڵ

له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا چه‌ندین رووداوی كوشتن و دزین و تیرۆر له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی شاری كه‌ركوك روویانداوه‌، له‌ گۆشه‌ی هه‌فته‌ رووداوی كه‌ركوك، پوخته‌ی رووداوه‌كان ببینه‌.

*رۆژی چوار شه‌ممه‌ 12/12/2018، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی حه‌ویجه‌ رایگه‌یاند: به‌رامبه‌ر پردی (المدینه‌)ی شاری حه‌ویجه‌ بۆمبێكی چێنراو به‌ گه‌ڵابه‌یه‌كی جۆری (مان)ـدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌و هیچ زیانێكی گیانی لێ نه‌كه‌وتۆته‌وه‌، له‌ گوندی ماحوزیش دوو بۆمبی چێنراوی تر دۆزراونه‌ته‌وه‌و پوچه‌ڵكراونه‌ته‌وه‌.  
* هه‌مان رۆژ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری و نه‌هێشتنی تاوانه‌كان له‌ كێوماڵكردنێكی مه‌یدانیدا له‌ ناوچه‌ی داقوق و ده‌وروبه‌ری له‌ گوندی حه‌سه‌ن شه‌لال تونێلێك ده‌دۆزنه‌وه‌ وه‌ك جبه‌خانه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی به‌كار ده‌هێنرێت و ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی ناو توونێله‌ گرتووه‌.   

* رۆژیپێنجشه‌ممه‌ 13/12/2018،  بنكه‌ی پۆلیسی دۆمیز رایگه‌یاند: له‌ گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌ری نزیك خوێندنگه‌ی (الافاق) نارنجۆكێكی زیندوو ده‌دۆزرێته‌وه‌و له‌ رێگه‌ی پسپۆری ته‌قه‌مه‌نیه‌كانی بنكه‌ی پۆلیسی دۆمیزه‌وه‌ به‌ره‌و شوێنی مه‌به‌ست ده‌گوازرێته‌وه‌.
هه‌مان رۆژ بنكه‌ی پۆلیسی ئازادی به‌شی نه‌هێشتنی دزی ئۆتۆمبێل رایگه‌یاند: دوو كه‌سی نه‌ناسراو مه‌رزیه‌كی ده‌بڵ كابینه‌ی سپیان له‌ ناوچه‌ی باروتخانه‌ ده‌دزن و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵدێن. 
  
* رۆژی هه‌ینی 14/12/2018، بنكه‌ی پۆلیسی العروبه‌ رایگه‌یاند: له‌ شه‌ڕێكی نێوان دوو خێزاندا حه‌وت كه‌س بریندار ده‌بن و ده‌گوازرێنه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری ئازادی و له‌ ئاكامیشدا منداڵێك به‌ فیشه‌كێكی وێڵ ده‌كوژرێت.
* هه‌مان رۆژ بنكه‌ی پۆلیسی العروبه‌ رایگه‌یاند: ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپڵ ڤیكترا له‌ گه‌ڕه‌كی (النور) ده‌دزرێت.
* له‌ هه‌مان راگه‌یه‌نراودا، هاتوه‌”ئۆپڵێكی ڤیكترای تابلۆی صلاح الدین، له‌ گه‌ڕه‌كی (النور ــی دووه‌م) ده‌دزرێت. 

*رۆۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو  ١٥-١٢-٢٠١٨، بنكه‌ی پۆلیسی مولته‌قا رایگه‌یاند: چه‌ته‌كانی داعش له‌ گوندی بریمه‌ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی مولته‌قا سێ خانوو ده‌ته‌قێننه‌وه‌. 
هه‌مان رۆژ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی تاوانه‌كانی كه‌ركوك رایگه‌یاند: (ته‌ها شكور محمود) له‌ دایكبووی 1971 و فه‌رمانبه‌ر له‌سه‌ر میلاكی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك به‌ پێی ماده‌ی 4 ی تیرۆر ده‌ستگیرده‌كه‌ن و ره‌وانه‌ی دادگای ده‌كه‌ن. 
* نوێنه‌ری پاراستنی دامه‌زراوه‌ ژیارییه‌كان رایگه‌یاند: هاوڵاتی عدنان سلێمان شكور له‌ گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌ری به‌ گوریسێك خۆی ده‌خنكێنێت، لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌. 
* بنكه‌ی پۆلیسی داقوق رایگه‌یاند: له‌كاتی بۆردومانكردنی گوندی ئه‌بو روتبه‌ سه‌ر به‌ قه‌زای داقوق له‌لایه‌ن هێزه‌ ئاسمانیه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ شۆفڵێك كه‌ هاوكاری تیرۆرستانی داعشی ده‌كرد ده‌سوتێت و (وه‌تاع جاسم محمد)ی له‌دایكبووی 1983ی شۆفێره‌كه‌ ده‌سبه‌جێ كوژراوه‌. 
* به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی كه‌ركوك رایگه‌یاند: دوو ئۆتۆمبیلی جۆری تۆیۆتا كۆرۆلاو  مارسیدسێكی جامپۆ به‌هۆی پێكداكێشانه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌ره‌كی كه‌ركوك تكریت، دوو كه‌س بریندار ده‌بن و شۆفێری كۆرۆلاكه‌ش گیان له‌ده‌ستده‌دات.  
* بنكه‌ی پۆلیسی حه‌ویجه‌ رایگه‌یاند: ژماره‌یه‌ك له‌ چه‌ته‌كانی داعش دزه‌ ده‌كه‌نه‌ ناو گوندی غه‌ربیه‌ی خوارووی سه‌ر به‌ قه‌زای حه‌ویجه‌و هاوڵاتییه‌ك به‌ناوی عه‌لی خه‌لیل عه‌بدوڵا له‌دایكبووی 1984 و كاسبكار ده‌كوژن و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵدێن. 
* پۆلیسی شاره‌وانی كه‌ركوك رایگه‌یاند: دوای ئاگادار كردنه‌وه‌یان به‌وه‌ی منداڵێكی ساوا له‌سه‌ر شۆسته‌ له‌ پشتی مزگه‌وتی الخلفاْ  دۆزراوه‌ته‌وه‌له‌دوای ئه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاودێریكردن ده‌گوازرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ی منداڵان.  

*رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو ١٦-١٢-٢٠١٨، نوێنه‌ری دامه‌زراوه‌ ژیارییه‌كان رایگه‌یاند: له‌ نزیك فولكه‌ی مامه‌ریشه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی شۆرجه‌ چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراو ته‌قه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی ده‌كه‌ن و به‌ هۆیه‌وه‌ ژنێك به‌ناوی دونیا برهان ئه‌حمه‌د بریندار ده‌بێت . 
* به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری و نه‌هێشتنی تاوانه‌كانی كه‌ركوك رایگه‌یاند: بنكه‌ی پۆلیسی المقداد له‌دوای وه‌رگرتنی زانیارییه‌كان.. كه‌سێك به‌ناوی (حبیب احمد عه‌بدوڵا عبیدی) له‌ گه‌ڕه‌كی الصیاده‌ الجدیده‌ به‌پێی  ماده‌ی ٤ـی تیرۆر ده‌سگیرده‌كه‌ن.  

*رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو، سێشه‌مه‌ 18/12/2018،  به‌شی پۆلیسی داقوق رایگه‌یاند: له‌ به‌رمبه‌ر ماڵی سكاڵاكار “عه‌لی غازی حه‌سه‌ن” كه‌ سه‌ر به‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه‌، له‌ گه‌ڕه‌كی زه‌هرای قه‌زاكه‌ بۆمبێكی چێنراو ده‌دۆزرێته‌وه‌و به‌شی ئه‌ندازیاری بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ده‌گه‌نه‌ شوێنی مه‌به‌ست. 
هه‌مان رۆژ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری و نه‌هێشتنی تیرۆر رایگه‌یاند:  مه‌فره‌زه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ گه‌ڕان و پشكنین له‌ ناحیه‌ی ریازی سه‌ر به‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ ده‌گه‌نه‌ گوندی “خوردات” و دووتاوانبار به‌ناوه‌كانی تركی جبل علی و خمیس خلف حسین به‌پێی ماده‌ی چواری تیرۆر ده‌سگیر ده‌كه‌ن. 
* هه‌مان رۆژ پۆلیسی قه‌ره‌هه‌نجیر رایگه‌یاند: چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو به‌ ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان پاترۆڵی بێ ژماره‌ ته‌قه‌ له‌ له‌ ئه‌ڤه‌لۆنێك ده‌كه‌ن و دوو كه‌سی تیا به‌ ناوه‌كانی شه‌هاب ئه‌حمه‌د و رامز عه‌لی بریندار ده‌كرێن.
* بنكه‌ی پۆلیسی ئازادی رایگه‌یاند: ژنێك به‌ناوی دعا وه‌عدوڵا محمد له‌ گه‌ڕه‌كی شوقه‌كانی ئال حسین به‌ گولله‌یه‌ك له‌ سنگی ده‌درێت و ده‌گه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری و له‌كاتی پرسینه‌وه‌دا ده‌ڵێت كه‌سێكه‌ ناوی حه‌میده‌و ناوی باوكی نازانم، سكاڵاكه‌ به‌رزكرایه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌. 
* بنكه‌ی پۆلیسی یایچی رایگه‌یاند: دوای بیستنی ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ گوندی العادلیه‌ مه‌فره‌زه‌كانمان گه‌یشتنه‌ شوێنه‌ مه‌به‌ست و ده‌ركه‌وت بۆمبێكی چێنراو له‌ به‌رده‌م ماڵی هاوڵاتییه‌كی كاسبكار ته‌قیوه‌ته‌وه‌و هیچ زیانێكی ماددی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌.

‌ 282 جار بینراوه‌
12/22/2018 3:43:44 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved