»  راپۆرت
چی پێویسته‌ بكرێت بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك؟
ئا/ یانه‌ی هه‌واڵ


بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ناهه‌قیانه‌ی دژ به‌ پێكهاته‌ی كورد له‌ شاره‌كه‌ ده‌كرێ، پێویسته‌ یه‌كێتی له‌ رووی یاسایی و ده‌ستورییه‌وه‌ چ هه‌نگاوێك بنێ، كارتی به‌هێز له‌ ده‌ستی یه‌كێتی چییه‌ تا به‌غدا ناچار بكات بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك، جوڵاندنی شه‌قام و چالاكی مه‌ده‌نی تا چه‌ند ده‌بنه‌ فشار له‌ سه‌ر به‌غدا بۆ رێگریكردن له‌ بڕیاره‌ نایاساییه‌كانی پارێزگاری به‌ وه‌كاله‌ت دژ به‌ پێكهاته‌ی كورد له‌ شاره‌كه‌.

یانه‌ی هه‌واڵ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی واتس ئاپ ئه‌م پرسیارانه‌ی ئاراسته‌ی به‌شداربووانی كردو كۆی وه‌ڵامه‌كانیش به‌مشێوه‌یه‌ بوون.

نه‌ یاسا و نه‌ده‌ستور و نه‌سكاڵا هیچ ئه‌نجامێكی نابێت
هاشم جه‌میل نوسیویه‌تی:” چوارده‌ ساڵ پشت به‌ یاساو ده‌ستور به‌سترا بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی كه‌ركوك، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی به‌ تانك و ده‌بابه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر كه‌ركوك،  كه‌واتا نه‌ یاسا و نه‌ده‌ستور و نه‌سكاڵا هیچ ئه‌نجامێكی نابێت بۆ ئه‌م دۆخه‌ ناله‌باره‌ی ئێستای كه‌ركوك”.
پێشیوایه‌  تاكه‌ رێگاو كارتی به‌هێز جوڵاندنی شه‌قام و چالاكی مه‌ده‌نی و بایكۆتكردنی ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان و داخستنی بازاڕه‌كانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ڕاكانه‌كان بوترێ تا ئێره‌و به‌س ، ئه‌مه‌ش باشترین بژارده‌یه‌ و هاوكاتیشه‌ له‌ گه‌ڵ ململانێ سیاسیه‌كانی به‌غدا و خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كانی به‌سره‌.

به‌ته‌وافوقات و رێكه‌وتنی سیاسی دۆخه‌كه‌ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌
محه‌مه‌د تاهیر ده‌ڵێت:” دوانزه‌ ملیۆن عێراقی ده‌نگیان به‌ده‌ستوور دا، كه‌چی مادده‌ی سه‌دو چل جێبه‌جێنه‌كرا، به‌ڵكو هه‌وڵی مراندنی درا، پێم وایه‌ ته‌نها به‌ته‌وافوقات و رێكه‌وتنی سیاسی دۆخه‌كه‌ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌، ده‌رئه‌نجامی نه‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كتر كه‌ركوكی به‌م ڕۆژه‌ گه‌یاند”.

جوڵاندنی شه‌قام باشترین بژارده‌یه‌
كاره‌ سۆفی-یش ده‌ڵێت:” جوڵاندنی شه‌قام باشترین بژارده‌یه‌، چونكه‌ ئێستا له‌ به‌سره‌و باشور جه‌ماوه‌ر له‌ حاڵه‌تی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تین و هه‌ندێ كات خۆپیشاندانی گه‌وره‌ش ده‌كرێت”.
نوسیویه‌تی:” پێم وابێت جوڵاندنی شه‌قام ئه‌توانێ زۆر شت بگۆڕێ، ئه‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین جوڵاندنی شه‌قام ئاسان نیه‌و به‌ته‌نیا جارێكی چونه‌ سه‌رشه‌قام نابێت”.

ماف ده‌سه‌ندرێ نادرێ
باوان به‌ كورتی نوسیویه‌تی:”ماف سه‌ندراوه‌ هه‌رگیز نه‌دراوه‌، چۆن و به‌چی و ...... هتد، پیویسته‌ به‌رنامه‌ڕیژی بۆ بكرێت، ئه‌مڕۆ پێش سبه‌ی”.

ئه‌وه‌ی دانیشتوی كه‌ركوك نیه‌ با باسی جوڵاندنی شه‌قام نه‌كات
عه‌دنان عومه‌ر ساڵح، ده‌ڵێت:”  تكایه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا دانیشتوی كه‌ركوك نیه‌ با باسی جوڵاندنی شه‌قام نه‌ كاو قوڕه‌ لیته‌ بۆ دانیشتوانه‌كه‌ی به‌جێبهێڵێت”.

ته‌نها دانیشتووانی كه‌ركوك ده‌زانن موعانات چیه‌
ئه‌میر فه‌خره‌دین، ده‌نوسێت:” به‌ڵێ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ دانیشتووی دووز نیه‌ نازانێ موعاناتی چیه‌، ته‌نها دانیشتووی كه‌ركوك ده‌زانێ موعانات چیه‌ و ڕاكردنی به‌رپرس به‌وه‌نه‌وشه‌وه‌ چیه‌”.

كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا ڕیفراندۆم و١٦ی ئۆكتۆبه‌ری به‌دوای خۆیدا هێنا
شێرزاد سه‌مه‌د به‌ درێژی و به‌چه‌ند خاڵێك رای خۆی خستۆته‌ڕوو ده‌ڵێت:”بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك ؟ واته‌ گه‌ڕان به‌دوای چاره‌سه‌ر،دۆزینه‌وه‌ی هۆكار هه‌مووكاتێ به‌شێكی گرنگه‌ له‌چاره‌سه‌ر، هۆكاری سه‌ره‌كی( كێشه‌كانی هه‌رێم وبه‌غدا) بووكه‌ڕیفراندۆم و١٦ی ئۆكتۆبه‌ری به‌دوای خۆیدا هێنا، كێ بڕیاری دا، كێ له‌گه‌ڵی بوو، كێ دوودڵ ودووبه‌ره‌بوو، كێ دژی بوو؟
هه‌موو ئه‌و هێزو لایه‌نانه‌ به‌رپرسیارن به‌رامبه‌ر له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك ،ته‌نها كه‌ركوكیه‌كان نه‌بێ، بۆیه‌ بۆڕاستكردنه‌وه‌ی باری خواری كوردوئاسایی كردنه‌وه‌ پێویسته‌.
١-هه‌موو لایه‌ك خۆی ڕاستكاته‌وه‌.
*پارتی و بارزانی بڕیارده‌ری یه‌كه‌م بوون له‌تێكچوونی په‌یوه‌ندی كوردو به‌غدا كه‌ هه‌ڵسوكه‌وتیان وه‌ك ده‌وڵه‌تێك ئه‌كرد له‌ناو ده‌وڵه‌تێكدا .
ئێستا بۆ خۆیان له‌هه‌وڵی چاككردنه‌وه‌و ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌وهه‌ڵه‌یه‌ن .
هه‌وڵه‌كانیان تاك لایه‌نه‌یه‌ وسوودی ته‌نها بۆ خۆیان وحیزبه‌كه‌یانه‌ وباری كه‌ركوكیان زیاتر قورس كردووه‌.
یه‌كێتی نیشتمانیش!هێشتا هه‌ر له‌ دووبازنه‌دا ئه‌خولێته‌وه‌
چۆن له‌ڕیفراندۆم به‌شێك له‌گه‌ڵی و به‌شێكی تریش دژی بوون (كه‌ركوكیه‌كان )، بۆیه‌ ئه‌م په‌رته‌وازه‌یی وهه‌ڵانه‌ كه‌باجه‌كه‌ی ئێمه‌ دامان .
تا چاك نه‌كرێ هه‌موو هه‌نگاوێكمان خراپتر ئه‌بێ.
ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت هه‌مووهه‌وڵێكی ئێمه‌ی كه‌ركووكی چۆن بێ ئه‌نجامه‌، كارتی ده‌ستووری و یاسایی ته‌نها مادده‌ی١٤٠ه‌كاری له‌سه‌ر بكرێ ئه‌ویش دیاره‌ چه‌ند ساڵه‌ چۆن بووه‌.
كارتی به‌هێزی ئێمه‌ ته‌ نها ناچاركردنی پارتییه‌ له‌م پرسه‌ له‌گه‌ڵمان یه‌ك ده‌نگ بێ ، ئه‌وه‌ش چۆن ئه‌كرێ؟ته‌نها به‌سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئه‌كرێ كه‌ئێستا له‌گفتوگۆی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆی (ح ه ك)ن.
ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ناكرێ له‌هه‌رێم كه‌٤٩٪‏ی ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌ كۆك و ته‌بابن و له‌سه‌ر ٥١٪ئه‌م هه‌رێمه‌ ناته‌بابین و نه‌یارانمان حوكمی بكه‌ن وكورد تیایدا زه‌لیل و بنده‌ست بێ.
سه‌باره‌ت به‌خۆپیشاندن ومانگرتنی جه‌ماوه‌ری ؟پێویسته‌ به‌ووردی دراسه‌بكرێ وكارێكی وانه‌كه‌ین ببێته‌ هۆی زیاتر چاوشكاندن وبێ ئومێدبوون.
چه‌ندین جار ئه‌م پرسه‌مان ووروژاندووه‌ له‌ناو جه‌ماوه‌ر، تاقه‌ پرسیار كه‌ ڕووبه‌ڕوومان ئه‌كه‌نه‌وه‌ خه‌ڵك پێمان ئه‌ڵێن خۆپیشاندان(سوودی هه‌یه‌) ؟
ڕه‌نگه‌ بتوانین چه‌ند سه‌د كه‌سێك بۆ چه‌ند سه‌عاتێك كۆبكه‌ینه‌وه‌،به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌توانین وه‌ك به‌سرا بكه‌ین؟ ئایا خۆپیشاندانه‌كه‌ جه‌ماوه‌ری كوردی كه‌ركوك به‌گشتی دوور له‌ئینتمای حیزبی به‌شدار ئه‌بن؟ئه‌منیه‌ت ومۆڵه‌تی ئه‌بێ؟به‌لاڕێدا نابرێ له‌لایه‌ن نه‌یاران، كه‌ناڵه‌ سێبه‌ره‌كان هه‌ڵڵاكه‌ی ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر ناكه‌ن.
خۆپیشاندانی چین وتوێژه‌كان به‌جیاجیا له‌سه‌ر پرسه‌ جیاوه‌زه‌كان وه‌ك، جوتیاران  بۆكێشه‌ی زه‌وی، فه‌رمانگه‌كان له‌كاتی لادان ودانانی به‌ڕێوه‌به‌رو به‌شه‌كان، ده‌رچوانی كۆلێج وپه‌یمانگا بۆدامه‌زراندن،كاسبكاران له‌كاتی ته‌جاوزات بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان، جه‌ماوه‌ری گه‌ڕه‌كه‌كان دژ به‌موداهه‌مه‌ی عه‌شوائی، واته‌ وه‌ڵامی پێویست له‌كاتی پێویست، باشتر كۆنترۆڵ ئه‌كرێ وبه‌رده‌وام ناڕه‌زاییه‌كان درێژه‌ی ئه‌بێ؟

كاڵه‌ك به‌ ئه‌ژنۆ شكاندن
‏‎ شێرزاد حه‌سه‌نیش ده‌پرسێت "پێوسته‌ له‌ كه‌ركوكدا چی بكه‌ین؟؟؟
(نه‌خشه‌ رێگای كاركردن)
‏‎كه‌ركوك به‌ درێژایی مێژوو، له‌ ژێر مه‌ترسی له‌ناوچوون و سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا بووه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ تا ئێستا نه‌یهێشتوه‌ له‌م شاره‌دا كورد كۆتایی بێت، سه‌ركردایه‌تی و سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ نه‌بووه‌ به‌ڵكو خه‌ڵكی شاره‌كه‌ و لاوان و روشنبیره‌ كوردپه‌روه‌ره‌كانی بووه‌،جا ئێستاش له‌هه‌موو كات زیاتر كه‌ركوك له‌ژێر مه‌ترسیدایه‌، ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ بیرێك و رێگه‌یه‌ك بۆ به‌ربه‌ستی ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌خوازراوانه‌ دانه‌نێن،له‌ داهاتوودا باجی گه‌وره‌تر ده‌ده‌ین ئه‌و كات كاڵه‌ك به‌ ئه‌ژنۆ ده‌شكێنین، له‌و پێناوه‌دا بفه‌رموو بۆ نه‌خشه‌ رێگای كاركردن، تكاكارم به‌ تێبێنیه‌كانتان نه‌خشه‌ رێگای كاركردن ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن...
‏‎۱ -په‌رله‌مانتارانی كه‌ركوك هه‌ڵبسن به‌نووسینێك و واژووی سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی كورد و دۆستانی كورد بخه‌نه‌سه‌ر و پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی بكه‌ن. ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتارانی توركمان و عه‌ره‌بی تێدا بێت باشتره‌، تێدا سه‌رجه‌م خروقاته‌ ده‌ستووری ویاسای و ئیداریه‌كانی راكانی تێدا به‌یان بكه‌ن و دوای به‌ دادگایی كردنیشی بكرێت.
۲ -وێنه‌یه‌ك له‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌م نوسینه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بكرێت و دوای راگرتن و ئاگاداری توندی پارێزگاربكرێت.
۳ -مه‌كته‌بی سیاسی له‌ كه‌ركوك ، ئه‌گه‌ر حیزبه‌كانی تریش هه‌مان كار بكه‌ن باشتره‌، ئه‌ویش به‌ فه‌رمی سكاڵا له‌ دادگای ئیداری وفیدراڵی له‌سه‌ر راكان  هاوشێوه‌كانی تۆماربكات.
٤-سه‌رۆك كۆمار به‌ ره‌سمی سه‌ردانی كه‌ركوك كات له‌ نزیكترین كاتدا.
٥-به‌ راپۆرێك باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق و سه‌رجه‌م قونسوڵخانه‌كان له‌ هه‌ولێر و به‌غدا ئاگاداربكرێته‌وه‌ له‌ مه‌ترسی كاره‌كانی.
٦- بۆ كاركردن به‌رده‌وام له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری و چاودێری ره‌وشه‌كه‌، به‌ زووترین كات نوسینگه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌ كه‌ركوك بكه‌نه‌وه‌ تا له‌وێوه‌ كاره‌كان ئاراسته‌ بكرێن و ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێز بێت به‌رامبه‌ر پارێزگار، چونكه‌ له‌ ئێستا فه‌راغی ناوه‌ندی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ شاره‌كه‌دا، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاش په‌كخراوه‌.
خاڵه‌ گرنگه‌كانی ناونوسینه‌كه‌ چی بێت؟؟
ا- تێكدانی دیمۆگرافیای شاره‌كه‌ و ده‌وروبه‌ری"
ب- دروست كردنی ئاشووب و فیتنه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی شاره‌كه‌ و سنووره‌كه‌،كه‌ له‌داهاتوودا ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌وێته‌ ژێرمه‌ترسی شه‌ڕێكی ناوخۆوه‌ .
ج- به‌هێز و زه‌بر گونده‌ و زه‌ویه‌كان داگیر ده‌كرێت ، كه‌ هۆكاره‌ بۆ به‌په‌رچدانه‌وه‌ی به‌ هێز.
د-راكان و هاوشێوه‌كانی به‌رپرسیارن له‌ هه‌ر كۆشتن و شه‌ڕێكی نه‌خوازراو له‌ ئاینده‌ی ئه‌و شاره‌


‌ 104 جار بینراوه‌
12/22/2018 5:01:45 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved