»  راپۆرت
خوێندنگه‌كانی كه‌ركوك پێویستیان به‌ نه‌وته‌
ئا/ هه‌واڵ

ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی ساڵانه‌ به‌ خوێندنگه‌كانی كه‌ركوك ده‌درێت رێژه‌كه‌ی كه‌مه‌و به‌شی سه‌رماو سۆڵه‌ی زستان ناكات و به‌شێك له‌ خوێندكارانیش خۆیان نه‌وت بۆ خوێندنگه‌ ده‌به‌ن.
یه‌كێتی مامۆستایانیش پێیوایه‌ له‌هیچ شوێنێكی دنیادا به‌مشێوه‌یه‌ په‌روه‌رده‌ به‌ڕێوه‌ ناچێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پێویسته‌ زۆرترین گرنگی به‌ په‌روه‌رده‌ بدرێت.
مامۆستا عومه‌ر قادر، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، سه‌باره‌ت به‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی ساڵانه‌ بۆ خوێندنگه‌كانی كه‌ركوك دابین ده‌كرێت،  بۆ (هه‌واڵ) وتی:” ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ به‌شی خوێندنگاكان ناكات و زۆر كه‌مه‌”.
جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك وتیشی:”  ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌  له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ دیاری كراوه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه‌”.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ خوێندكاران خۆیان نه‌وت بۆ خوێندنگه‌ ده‌به‌ن، مامۆستا عومه‌ر قادر وتی:” به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نیم خوێندكار خۆی نه‌وت بۆ خوێندنگه‌ ببات”.
سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی تری به‌رده‌م خوێندن ، ئاشكرایكرد:” خوێندكاری ئێوارانمان هه‌یه‌ ره‌حله‌ی نییه‌ به‌پێوه‌ ده‌وه‌ستن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌شێك له‌ خوێندنگه‌كانمان به‌هۆی خراپی و مه‌ترسی داڕووخانه‌وه‌ فه‌رمانی چۆڵكرنمان داوه‌و چوونه‌ته‌ خوێندنگه‌یه‌كی ترو ده‌وامیان بۆته‌ چوار ده‌وامی”.
لای خۆشییه‌وه‌ ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:” له‌ ئێستادا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نه‌وته‌ هه‌یه‌و ئه‌وی تری كه‌س نازانێ بۆ كوێ ده‌ڕوات”.
باسی له‌وه‌شكرد:” هه‌ریه‌كه‌و به‌ناوی رێكخراوو هێزێكی ئه‌منی و سه‌ربازییه‌وه‌ نه‌وتی كه‌ركوك تاڵان ده‌كه‌ن و هیچی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی نامێنێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بڕه‌كه‌ی به‌ش ناكات”.
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو:”په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك داوای زیادكردنی ئه‌و بڕه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌ن كردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ش داوا له‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان ده‌كه‌ین و ئه‌وانیش ده‌ڵێن هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان له‌به‌ر ده‌سته‌ “.
به‌ وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ ئێستا كارا نییه‌ و پارێزگاریش بۆخۆی به‌شێكه‌ له‌و فه‌وزایه‌ی كه‌هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌ن كۆبێته‌وه‌ ده‌توانی لێپرسینه‌وه‌ بكات، به‌ڵام كه‌ ئه‌نجومه‌ن كارا نه‌بوو،  ئه‌وانیش سودی له‌و  بۆشاییه‌ وه‌رده‌گرن، كه‌س نییه‌ لێیان بپرسێته‌وه‌”.
سه‌باره‌ت به‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی كه‌ ساڵانه‌ به‌ خوێندنگه‌كان ده‌درێت، مامۆستا حه‌سیبه‌ عه‌بدوڵا، سه‌رۆكی لقی كه‌ركوكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:” ئێمه‌ له‌ كه‌ركوك ساڵی وا هه‌یه‌ به‌رمێلێك نه‌وتمان  ده‌فه‌وتێت و یه‌ك به‌رمیل نه‌وت وه‌رده‌گیرێت”.
وتیشی:”هه‌ندێ به‌ڕێوه‌به‌ر هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێنده‌ ئه‌زیه‌ت ده‌كێشێ و تا نوسراو ده‌كات و ده‌چێته‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان و دواتر به‌نزینخانه‌یه‌كیان بۆ وه‌رگرتنی بڕه‌ نه‌وته‌كه‌ بۆ ده‌ستنیشان كردووه‌، ئه‌ویش ناچێت و ده‌ڵێ وه‌ری نه‌گرم باشتره‌”.
سه‌رۆكی لقی كه‌ركوكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان باسی له‌وه‌شكرد:” ئه‌گه‌ر ئاسانكاریمان بۆ بكه‌ن و نه‌وته‌كه‌ بێننه‌ به‌رده‌م خوێندنگه‌كان وه‌ك شاره‌كانی كوردستان زۆر باشتره‌،  هه‌ر چه‌نده‌ له‌ شاره‌كانی كوردستان ئه‌وان ده‌ بۆ پازده‌ به‌رمیل نه‌وت وه‌رده‌گرن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ خوێندكارانیش نه‌وت وه‌رده‌گرن و سوپایان بۆ داده‌نێن و ئێمه‌ داینانێین و بڕه‌كه‌ ته‌نها بۆ مامۆستایان و بۆ ئیداره‌یه‌”.
مامۆستا حه‌سیبه‌ عه‌بدوڵا رونیشكرده‌وه‌:” خوێندكار له‌ناو پۆل هه‌ڵده‌رزێ له‌سه‌رما، به‌ڕێوه‌به‌ر هه‌یه‌ به‌ شێوه‌ی خۆبه‌خش له‌ دڵسۆزی و خه‌مخۆری خۆیه‌وه‌ سوپای بۆ خوێندكاره‌كان هێناوه‌و دایده‌نێت به‌تایبه‌ت بۆ پۆلی یه‌كه‌كان”.
سه‌باره‌ت به‌و خوێندكارانه‌ی خۆیان نه‌وت ده‌به‌ن بۆ خوێندنگه‌، مامۆستا حه‌سیبه‌ عه‌بدوڵا وتی:”من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نیم خوێندكار خۆی نه‌وت بۆ خوێنگه‌ ببات، خه‌ڵك له‌ ماڵه‌وه‌ نه‌وتی نییه‌ تا بیبات بۆ خوێندنگه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماڵێك نه‌وتی هه‌یه‌ ده‌ماڵ نییه‌تی، ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نییه‌، یه‌كێك ده‌توانێ بیهێنێت بیستی تر توانای نییه‌”. 
ئاشكراشیكرد:”ده‌بێ حكومه‌ت چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ بكات، خۆ هه‌موو دنیا به‌ نه‌وتی كه‌ركوك سودمه‌ندبووه‌، ئێمه‌ش نه‌وتمان نییه‌، هه‌ر له‌و پاره‌ی نه‌وته‌ چه‌ند پرۆژه‌یه‌كمان وه‌ك یه‌كێتی مامۆستایان پێشكه‌شی پارێزگا كردووه‌و داوای كڕینی سوپاو نه‌وتمان كردووه‌، به‌ڵام وه‌ڵام  نه‌دراوینه‌ته‌وه‌”.
له‌باره‌ی كێشه‌ی خوێندنه‌وه‌  مامۆستا حه‌سیبه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد:”ئه‌گه‌ر تۆ بێیت كێشه‌كان حیساب بكه‌ی، كێشه‌كان زۆر زۆرن، هه‌ندێ خوێنگه‌كه‌ هه‌یه‌ پێویستی به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێ خوێندنگه‌ك رووخێنران تا ئێستا دروست نه‌كراونه‌ته‌وه‌، ناتوانرێت ده‌ست له‌وانی تریش بدرێت”. 
مامۆستا حه‌سیبه‌ به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ وتی:” به‌ داخه‌وه‌ ئه‌م گرفتانه‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ سیسته‌می سه‌قه‌تی ئه‌م وڵاته‌ ده‌گونجێت، له‌هیچ شوێنێكی دنیادا به‌مشێوه‌یه‌ په‌روه‌رده‌ به‌ڕێوه‌ ناچێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پێویسته‌ زۆرترین گرنگی به‌ په‌روه‌رده‌ دبدرێت، میزانییه‌ی تایبه‌تی بۆ  ته‌رخان بكرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر تۆ په‌روه‌رده‌كه‌ت ته‌ندروست بوو ئه‌وانی تر هه‌موو ته‌ندروست ده‌بن”.

‌ 95 جار بینراوه‌
12/22/2018 5:04:35 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved