»  راپۆرت
كۆمپانیای نه‌وتی باكور موچه‌ی خانه‌نشینی سه‌دان كارمه‌ند راده‌گرێت
ئا / هاوار ستار

كۆمپانیای نه‌وتی باكور به‌رانبه‌ر به‌ خانه‌نشین كردنی زیاتر له‌ 250 كارمه‌ند داوا ده‌كات ئه‌و خانوانه‌ چۆڵ بكه‌ن كه‌ له‌سه‌ر پشكی كۆمپانیا تێیدا نیشته‌جێ بوون كارمه‌نده‌كانیش ئه‌و كاره‌ به‌ ناحه‌قی ده‌زانن و ده‌ڵێن ئه‌وان هیچ پێشه‌كییه‌كی خانه‌نشینی و موچه‌یان بۆ خه‌رج نه‌كراوه‌ تا بتوانن بچنه‌ شوێنێكی دی و ماڵێك بۆ خۆیان دابین بكه‌ن.
یه‌كێك له‌ خانه‌نشینانی كۆمپانیای نه‌وتی باكور رونیده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر پرسی خانه‌نشینی جیاوازیه‌كی زۆر ده‌كرێت و ناحه‌قی به‌رامبه‌ر هه‌ندێكیان ده‌كرێت.
عادل چاوشین نوێنه‌ری خانه‌نشینانی كۆمپانیای باكور بۆ هه‌واڵ وتی: "كۆمه‌ڵێك كارمه‌ندی خانه‌نشینین و نزیكه‌ی 170 كه‌سمان 14 مانگه‌ موچه‌ی وه‌رنه‌گرتوه‌ و نزیكه‌ی 100 كه‌سی تریشمان نزیكه‌ی 9 مانگه‌ موچه‌ی پێنادرێت".
نوێنه‌ری خانه‌نشینانی كۆمپانیای نه‌وتی باكور رونیكرده‌وه‌: "ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی كه‌ سه‌رجه‌م زیاتر له‌ 250 كه‌سین مامه‌ڵه‌كانمان به‌ڕێ ناكرێ و خانه‌نشینیمان بۆ نابه‌سترێت و بیانوی ئیداره‌ی كۆمپانیاكه‌ش چۆڵكردنی ئه‌و خانوانه‌یه‌ كه‌تێیداین".
سه‌باره‌ت به‌و خانوانه‌ی كارمه‌ندی نه‌وتی باكوری تێدایه‌ چاوشین وتی: "ئه‌و خانوانه‌ هی كۆمپانیای نه‌وتی باكوره‌ و به‌ كارمه‌ند ده‌درێت كه‌ له‌پای ده‌وام كردنیان له‌ كۆمپانیاكه‌ تێیدا نیشته‌جێ ببن و پاش خانه‌نشینی لێیان وه‌رده‌گیرێته‌وه‌".
وتیشی: "ئێستا ئێمه‌ كه‌ خانه‌نشین بووین ماوه‌ی نۆ مانگمان پێ درا كه‌ مامه‌ڵه‌كانمان بۆ ته‌واو بكرێت و جێبه‌جێ بكرێت و پاش ئه‌وه‌ی خانه‌نشینی و پێشه‌كی خانه‌نشینیمان وه‌رگرت خانوه‌كان بده‌ینه‌وه‌ كۆمپانیاكه‌ به‌ڵام تا ئێستا نه‌ پێشه‌كی و نه‌ خانه‌نشینیمان وه‌رگرتوه‌ كه‌چی داوای چۆڵكردنی خانوه‌كانمان لێده‌كه‌ن".
عادل چاوشین نوێنه‌ری خانه‌نشینه‌كانی كۆمپانیای نه‌وتی باكور ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "ئێمه‌ كه‌ زیاتر له‌ 250 كه‌سین واتا 250 خێزان و ئه‌مه‌ هه‌موی ده‌بێت بچێته‌ ماڵی نوێ و خۆی دابینی بكات، ئێ باشه‌ چه‌ندین كه‌سمان تێدایه‌ نه‌ دینارێكی هه‌یه‌ و نه‌ خانه‌نشینیه‌كه‌ی وه‌رگرتوه‌ و نه‌ پێشه‌كی و موكافه‌ئه‌كه‌ ئه‌مه‌ بچێته‌ كوێ و له‌ كوێ خانوو بكڕێ؟".
هه‌ر به‌وته‌ی ئه‌و نوێنه‌ره‌: "مامه‌ڵه‌كانیان له‌ كۆمپانیاوه‌ و له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیه‌وه‌ به‌ڕێ ناكرێت، ئه‌گه‌رنا له‌ به‌غداوه‌ شتی وا نییه‌".
وتیشی: "ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ رێكاره‌ یاساییه‌كان و مه‌رجه‌كانی كۆمپانیا نییه‌، به‌ڵام پێش ئێمه‌ وه‌جبه‌یه‌كی موالید 1954 خانه‌نشین كراون و موچه‌شیان بۆ بڕاوه‌ و خانه‌نشینی وه‌رده‌گرن و بڕی 30 ملیۆن دینار پێشه‌كی خانه‌نشینیشیان پێدراوه‌، كه‌چی له‌ خانوه‌كانیش ماونه‌ته‌وه‌ و ده‌رنه‌چوون و كه‌سیش ناویان ناهێنێ".
به‌وته‌ی ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بابه‌تی دامه‌زراندن و خانه‌نشینی كۆمپانیای نه‌وتی باكور په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌نجومه‌ن و ته‌نانه‌ت ئیداره‌ی پارێزگاشه‌وه‌ نییه‌ و راسته‌وخۆ به‌نده‌ به‌وه‌زاره‌ته‌وه‌.
جوان حه‌سه‌ن ئه‌ندامی لیژنه‌ی دامه‌زراندن له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ هه‌واڵ وتی: "ئه‌م بابه‌ته‌ و هه‌ر بابه‌تێكی كۆمپانیای نه‌وتی باكور هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌ وه‌كو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، هه‌ر له‌ دامه‌زراندن و گواستنه‌وه‌ و رێژه‌ی نه‌ته‌وه‌كان و تا ده‌گاته‌ خانه‌نشینی په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌".
له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دامه‌زراندن زیاتر رونیكرده‌وه‌ و وتی: "وه‌زاره‌تی نه‌وت و وزه‌ نوسراوی بۆ ئه‌نجومه‌ن و ته‌نانه‌ت پارێزگاریش كردوه‌ كه‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكور كۆمپانیای سه‌ر به‌ باكوری عیراقه‌ و چه‌ند ناوچه‌یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌ واتا ته‌نها كه‌ركوك نییه‌ و به‌ڕێوه‌بردنی له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكو سه‌ر به‌وه‌زاره‌ته‌ و له‌ده‌سه‌ڵاتی كه‌ركوكدا نییه‌".
ده‌رباره‌ی خانوه‌كانیش كه‌ له‌ خانه‌نشینان وه‌رده‌گیرێته‌وه‌ جوان حه‌سه‌ن وتی: "ئه‌وه‌ به‌پێی یاسا و به‌ گرێبه‌ست له‌ لای كارمه‌نده‌كانه‌ و ئه‌وه‌ی خانه‌نشین ده‌بێت، ده‌بێت له‌و خانوانه‌ ده‌رچێت و ئه‌وه‌شی ئێستا له‌گه‌ڵیان ده‌كرێت ره‌نگه‌ هه‌ر وابه‌سته‌ كرابێت به‌و یاسا و گرێبه‌سته‌وه‌ و ئێستا داوای چۆڵكردنیان لێ ده‌كرێت".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌ن وتیشی: "ئه‌م كێشه‌یه‌ ئه‌بێت له‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ چاره‌بكرێت و ئه‌وه‌ نییه‌ به‌ڕێوبه‌رێك بڕیاری هه‌ڕه‌مه‌كی دابێت و ئه‌نجومه‌ن بتوانێت قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، به‌ڵكو ئه‌مه‌ رێكاری وه‌زاره‌ت و كۆمپانیایه‌ و پێشتر هه‌مو كاره‌كان به‌یاسا كراون و خانوه‌كانیش به‌ مه‌رج دراون به‌و كارمه‌ندانه‌، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌ن ده‌سه‌ڵاتی له‌و پرسه‌دا نییه‌".

‌ 379 جار بینراوه‌
12/22/2018 5:08:48 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved