»  پەڕەموچ
چه‌ند كرێكارانه‌ ده‌ژیم!!
عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

(١)

هه‌ر ئێستاكه‌ بڕیارمدا

شیعرێكی نوێت بۆ بنووسم

تۆ له‌ ناویا زایه‌ڵه‌ بی

مه‌شخه‌ڵی عیشق و جوانیی بی و پێكرابی

نه‌ك لای دڵ گووفه‌كه‌كانی پیاوانی ئه‌م ڕۆژهه‌ڵاته‌(*)

پێڵاو ئاسا له‌پێكرابی

(٢)

له‌ چوار ڕۆژدا سێ ڕۆژ و نیو

هۆش و بیرم لای ئه‌و ژنه‌یه‌

له‌سه‌ر كاریش دركاندبووی ڕقم زۆر له‌و دووژمنه‌یه‌

به‌(من)ی بوو

ئه‌و من به‌ دووژمن ده‌زانێ 

من ئه‌و به‌ كێڵگه‌یه‌ك له‌ غه‌در و قوربانی

من چه‌ند دڵم له‌لایه‌تی وه‌ختێ له‌سه‌ر مافی خۆی و 

هاوڕێكانی هه‌ڵئه‌دات و

 ئه‌و ساتانه‌ ئه‌م دڵه‌م له‌ ده‌وری باڵای ئه‌و ده‌گه‌ڕێ و

ده‌بێت به‌ فیدا و قوربانی.

(٣)

كرێكار دۆزه‌خی بۆرژوازی 

تاقی كردۆته‌وه‌ و تیایدا بۆته‌ ڕه‌ژوو و قه‌ره‌برووت(**)

به‌شی ئه‌م هه‌ر كێشانی تووتنی تاڵه‌ 

ئه‌ویش چرووت.

(٤)

هاوسه‌ره‌ كرێكاره‌كه‌م

ڕۆژێ له‌كار ئه‌هاته‌وه‌

ماندوو و شه‌كه‌ت

قژی شانه‌ نه‌كردبوو

ئه‌و ڕۆژه‌ ڕێكه‌وت وا پێشهات

شانه‌ی بۆ كار نه‌بردبوو

به‌ لاستیكێك له‌ دواوه‌ قژی به‌ستابوو

هێنده‌ به‌جوانی لێی ده‌هات

نه‌مزانی داهێنانه‌ یان

به‌ سه‌لیقه‌ ئه‌و قژه‌ وا جوان وه‌ستا بوو

(٥)

ئێستاش لێم تێك ده‌چێ ته‌مه‌نم چه‌ند ساڵه‌

به‌ ڕواله‌ت گه‌نج و جه‌وان

به‌ناخیش له‌ سه‌رووی سه‌ده‌یه‌كم له‌سه‌ر ئه‌رز

هه‌ر بۆیه‌شه‌ كاتێ ناوی كرێكار دێ

له‌جێی خۆم دوور له‌ ویستی خۆم

ده‌ڵێم(به‌ڵێ) به‌ده‌نگی به‌رز.

(٦)

ئه‌مشه‌و خه‌وم زڕا بوو له‌نێو جێیا

كچه‌ دراوسێكه‌مانم هاته‌وه‌ یاد

كه‌ سی وپێنج ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ

ببووم به‌ خاڵی پشكنین له‌سه‌ر ڕێیا

وامده‌زانی كاتێ به‌ په‌له‌ ڕێ ده‌كا

ده‌یه‌وێ له‌ده‌ستم ڕاكا

نه‌مده‌زانی دۆخی تاڵی ئه‌و كچه‌ وه‌ك كرێكارێك 

په‌له‌یه‌تی دوا نه‌كه‌وێ

له‌ ده‌ستدا كار و بژێوی به‌ بڕیارێك

(٧)

دوو هاوكارم له‌ كۆمپانیا سووكه‌ ده‌مه‌قاڵێیان بوو

سه‌رنجمدا كارفه‌رما لێوه‌كانی نه‌خشا به‌ بزه‌

هه‌ر ئه‌و ساته‌ تێگه‌یشتم

ته‌با و یه‌كگرتویی ئێمه‌

لێناگه‌ڕێ ئه‌و دڵخۆش بێ و ببێ به‌و خوێنمژ و دزه‌.


(*) گووفه‌ك : زبڵدان

(**) ڕه‌ژوو : خه‌ڵووز


‌ 143 جار بینراوه‌
12/22/2018 5:25:08 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved