»  بینین
كێ بنه‌ماڵه‌چی نیه‌؟؟
دلسۆز حه‌مه‌


له‌سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی ئه‌م كابینه‌یه‌و له‌ڕابوردوشدا هه‌میشه‌ ره‌خنه‌یه‌كی بابه‌تی له‌ته‌واوی كایه‌ی سیاسی و له‌حیزبه‌كان ده‌گیرێت كه‌ئه‌مانه‌ حیزب و هێزی بنه‌ماڵه‌یی و بنه‌ماڵه‌خوازن!
له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌م كابینه‌یه‌دا كه‌پارتی وه‌كو براوه‌ی یه‌كه‌م و بێ كێشه‌ترین هێزی سیاسی له‌ كوردستاندا دوو كه‌سی به‌هیزی بنه‌ماڵه‌ی ده‌ستنیشان كرد بۆ گرتنه‌ده‌ستی حوكومڕانی ئه‌م هه‌رێمه‌ ئیتر ئه‌وه‌نده‌ی تر، ره‌واجی ئه‌م جۆره‌ ره‌خنه‌یه‌ هاتۆته‌وه‌ مه‌یدان، ده‌سته‌واژه‌ی جوت ئامۆزا لای هه‌ندێك كه‌س وداموده‌زگای راگه‌یاندن وه‌كو جۆرێك له‌ كینانه‌ی، گوزارشتێكی ره‌خنه‌ئامێز به‌كاری ده‌هێنن بۆ جه‌خت كردنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئیتر بنه‌ماڵه‌یی و بنه‌ماڵه‌چێتی پارتی خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ ناسنامه‌ی سیسته‌می سیاسی وحوكومڕانی ئه‌م هه‌رێمه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی پارتی خۆی ئه‌م راستیه‌ی شاردبێته‌وه‌! پارتی له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تی و له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ره‌كه‌شی راستگۆترین هێزه‌ له‌وه‌دا كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌چێتی سیاسی خۆیان ده‌كه‌ن و زۆر زیره‌كانه‌ش توانیویانه‌ ته‌وزیفی بكه‌نه‌ سه‌ر ستراكتۆری حیزبی وحوكومڕانی و ژیانی سیاسی له‌ كوردستاندا، پارتی ئه‌زمونی درێژی هه‌یه‌ له‌ ته‌وزیفكردنی فیگه‌ره‌كانی بنه‌ماڵه‌ بۆ ژیانی حیزبی و سیاسی هه‌ربۆیه‌ ئه‌و خوێنه‌ تازانه‌ی دێنه‌ پێشه‌وه‌ ساڵانێكی درێژه‌ كار له‌سه‌ر هێنانه‌پێش و په‌روه‌رده‌كردنیان ده‌كرێت ودیسانه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌ فاكته‌ر و فیگه‌رێكی تر بۆبه‌هێزكردنه‌وه‌ی پارتی و به‌هیزكردنی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی وه‌كو سه‌نته‌ر، بنه‌ماڵه‌ی بارزانی شه‌رعیه‌تی جه‌ماوه‌ری(جه‌ماوه‌ری پارتی) وشه‌رعیه‌تی وئیشكردن وئاماده‌ییشیان هه‌یه‌ له‌ ژیانی سیاسی هه‌رێمدا هه‌ربۆیه‌، بنه‌ماڵه‌چیتی له‌م هێزه‌دا فاكته‌رێكه‌ بۆ به‌هیزتركردن و زیاتر دیسپلین كردنی هێزه‌كه‌ وپڕۆژه‌و پلانه‌كانیشی، عه‌ره‌به‌كان و دنیای ده‌ره‌وه‌ له‌وه‌ تێگه‌شتون كه‌ پارتی ده‌سه‌لاتی یه‌كه‌م وبه‌هێزترینه‌ له‌ كوردستاندا هه‌ربۆیه‌ هه‌موو رێككه‌وتن وپڕۆژه‌و كرانه‌وه‌یه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستاندا ده‌بێت له‌ سه‌رپرده‌كه‌ی پارتیه‌وه‌ بڕوات!
قسه‌ له‌سه‌ر هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتیه‌، یه‌كێتی وه‌كو حیزبێكی سۆشیال دیموكرات، حیزبێك كه‌ له‌ قۆناغی خه‌باتی شاخ وبه‌ره‌نگاریدا زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ هه‌ڵكه‌وتوه‌كانی ره‌عیلی یه‌كه‌م سه‌ر به‌چینه‌هه‌ژار و خێزانه‌ ساده‌كانی جڤاتی كوردی بون، به‌ڵام كه‌سێك ناتوانێت نكوڵی له‌وبكات كه‌ ئێستا نه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ پیره‌كان یان ئه‌وانه‌ی له‌ژیاندا نه‌ماون به‌ مێگاهه‌نگاو ده‌توانن له‌ پشتی پشته‌وه‌ به‌ هێزو پاڵپشتی باوك وبنه‌ماڵه‌ی ده‌ستڕۆیشتوو به‌سه‌ر سه‌دان كادری ماندوو و شایسته‌دا نۆره‌بڕی بكه‌ن و بێنه‌پێشه‌وه‌و پۆست و له‌ وه‌ربگرن كه‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێكیشیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بون و نابن له‌ئه‌ركه‌كانیدا .
 گۆڕان وه‌كو ئۆپۆزسیۆنێكی دڕ و مۆدێرن كه‌ به‌ توندی ره‌خنه‌ی نه‌ك له‌ بنه‌ماڵه‌چێتی به‌ڵكو له‌ مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌تیش ده‌گرت و چی جای بنه‌ماڵه‌چێتی به‌ڵام ساغ بونه‌وه‌ی توانستی ماددی و ره‌مزی وعه‌قاراته‌كانی گۆڕان بۆ كوڕه‌كانی ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا به‌وشێوازه‌ بیپه‌رده‌و چاوبه‌چاوه‌، له‌ كاتیدا ئه‌و دوو كوڕه‌ له‌دورونزیكه‌وه‌ هیچ رۆڵ و پێگه‌یه‌كی سیاسیان نه‌بوه‌ و نیه‌، بۆخۆی زیاده‌ڕۆییه‌ له‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌ی بنه‌ماڵه‌چێتی و بنه‌ماڵه‌ییبون له‌ بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌كانی كوردا.
 هێزه‌ ئیسلامیه‌كان خراپتر له‌ سیسته‌می سوڵتانی و بنه‌ماڵه‌چێتی بونه‌ته‌ كه‌ڵت، كه‌ڵت و گیتۆ كه‌ هه‌رچی ئیمتیاز و ده‌سكه‌وت و پۆست و خێر و خه‌یراتێك ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست ئه‌م هێزانه‌ له‌ناو ئه‌ندام و گروپ و هه‌واداری خۆبه‌خۆی خۆیان ده‌رناچێت، ئیسلامیه‌كان وه‌ختێك سه‌یرانێكیش رێكده‌خه‌ن له‌ مندالانی كه‌ڵت وگروپه‌كه‌ی خۆیان بترازێت فه‌رموو له‌ غه‌یره‌یه‌كی تر ناكه‌ن .
دوای راپه‌ڕین ژماره‌یه‌كی زۆر رێكخراوی بیانی رویان كرده‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌وسه‌روه‌ختی هه‌ژاری و بێكاری و ئابڵۆقه‌ئابوریه‌ی سه‌ركوردستان، سه‌د دۆلاریه‌كی موچه‌ی ئه‌م ریكخراوانه‌ موچه‌یه‌كی خه‌یاڵی بوو، ئه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌گه‌یشته‌ یه‌كێك له‌م رێكخراوانه‌(ئینسانی كورد!!) ئیتر هه‌موو خزم و كه‌سوكار و ناسیاوه‌كانی خۆی له‌و رێكخراوه‌ داده‌مه‌زراند هه‌م بۆ په‌رده‌پۆشی گه‌نده‌ڵیه‌كان و هه‌میش بۆئه‌وه‌ی خزمه‌ت به‌ خزمه‌كانی خۆی بكات ! به‌سه‌دان كچ و كوڕی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له‌و رێكخراوانه‌ كاریان ده‌كرد كه‌ پێویستیان زۆر به‌وكاره‌ش نه‌بوو، به‌سه‌دان ئه‌ندازیار و گه‌نجی هه‌ژاریش له‌دوریشه‌وه‌ نه‌یانده‌كرده‌ ژورێ !!
نه‌زعه‌ی بنه‌ماڵه‌ و بنه‌ماڵه‌چێتی له‌خوێنی هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و سیسته‌مه‌كه‌دایه‌ و به‌شێكه‌ له‌ ئه‌خلاقی خێڵه‌كی و مرۆڤی كۆله‌كتیڤ وسه‌ره‌تایی، مرۆڤێك كه‌ له‌ژێر سیسته‌می نامه‌ده‌نیدا ده‌ژی وبه‌شێك نیه‌ له‌سیسته‌مێكی سیاسی وئیداری دادوه‌ر.

‌ 632 جار بینراوه‌
12/22/2018 5:38:37 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved