»  وەرزش
یانه‌ی هاوكاری خۆی رێكده‌خاته‌وه‌


یانه‌ی هاوكاری یه‌كێكه‌ له‌ یانه‌ی وه‌رزشیه‌كانی شاری خورماتوو و هاوشێوه‌ی كوردانی شاره‌كه‌ له‌ دوای رووداوه‌كانی 16 ئه‌كتۆبه‌ری ساڵی رابردوودا ئاواره‌ بوون، له‌ ئێستادا ئه‌و یانه‌یه‌ هه‌نگاوه‌كانی ده‌ستپێكردنی چالاكییه‌كانی ناوه‌.
سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ئێستا و پلانی یانه‌كه‌ سه‌بار كه‌ریم جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی هاوكاری له‌ دووزخورماتوو بۆ (هه‌واڵ) وتی:" له‌ دوای رووداوه‌كانی 16 ئه‌كتۆبه‌ری ساڵی رابردوو باره‌گای یانه‌كه‌مان و سه‌رجه‌م یاریگاكانی كه‌ خۆی له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌رزشی ده‌بینیه‌وه‌ تاڵانكران و دواتر سوتێنران، به‌ڵام چه‌ند مانگێكه‌ هه‌نگاوه‌كانی چالاككردنی چالاكیه‌كانمان ده‌ستپێكردۆته‌وه‌". 
هه‌روه‌ها وتی :" هه‌نگاوی یه‌كه‌ممان رێكخستنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌یه‌ پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند ئه‌ندامێكی ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌و هه‌نگاوه‌ی دووه‌میش به‌شداریكردنه‌ له‌ خولی تۆپی پێی پله‌ دووی كوردستان".
جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی هاوكاری ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد:" له‌ داهاتوودا كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی وه‌زاره‌تی لاوان و وه‌رزشی عێراق ده‌كه‌ین و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ فراوانكردنی چالاكیه‌ وه‌رزشیه‌كان له‌ پێناو زیاتر ئاسووده‌كردنی گه‌نجانی شاره‌كه‌ ". 
جێگری سه‌رۆكی یانه‌كه‌ ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو:" له‌ ئیستادا وه‌رزش تاكه‌ بواره‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین دووباره‌ متمانه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ درووست بكه‌ینه‌وه‌". 
باسی له‌وه‌شكرد:" ئه‌وه‌ی جێی داخه‌ یانه‌كه‌ له‌ ئێستادا هیچ داهاتێكی نیه‌، بۆیه‌ له‌ رێی رۆژنامه‌كه‌تانه‌وه‌ داواكارین له‌ حكومه‌ت و خێرخوازان هاوكارو یارمه‌تیده‌ری یانه‌كان بن له‌ رووی دارایی و مه‌عنه‌ویه‌وه‌ ".

‌ 316 جار بینراوه‌
12/22/2018 7:53:42 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved