»  راپۆرت
ســه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی كه‌ركوك په‌ره‌ده‌سێنێت
ئا/ داستان كاكۆ

سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌سه‌ر شۆسته‌و شه‌قامه‌كان و دوور له‌ رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی له‌ كه‌ركوك په‌ره‌ده‌سێنێت و هاوكات سیمای ژینگه‌ی شاره‌كه‌ش ناشیرین ده‌كات و ڤێتێرنه‌ریش ده‌ڵێت:” هه‌فتانه‌ دوو بۆ سێ جار لیژنه‌كانیان به‌ دواداچوون بۆ ئه‌و دیارده‌یه‌ ده‌كه‌ن”.

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌سه‌ر شۆسته‌و شه‌قامه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌ شاری كه‌ركوك، دكتۆر ئه‌كره‌م كه‌مال عارف، به‌ڕێوبه‌ری ڤێتێرنه‌ری كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:” هه‌فتانه‌ دوو تا سێ‌ جار لیژنه‌ ده‌رده‌چێت وبه‌دواداچوون ده‌كرێت ئه‌و كه‌سه‌كانه‌ی سه‌رپێچی ده‌كه‌ن و ئاژه‌ڵ له‌سه‌ر شۆسته‌و شه‌قامه‌كان به‌ شێوه‌ی نایاسایی سه‌رده‌بڕن ئیجرائاتی یاساییان به‌رانبه‌ر ده‌كرێت”.

دكتۆر ئه‌كره‌م كه‌مال عارف ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو :” لیژنه‌كه‌یان پێكهاتوه‌ له‌ ڤێتێرنه‌ری و پۆلیس و ته‌ندروستی و كشتوكاڵ و ژینگه‌، ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی كه‌زیندوون له‌لایه‌ن لیژنه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌رداده‌گیرێت، ئه‌وانه‌شی كه‌ سه‌ربڕاون به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌ستی به‌سه‌رداده‌گیرێت و ده‌نێردرێت بۆ پشكنین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خراپ بووبێت یان نه‌خۆشی پێوه‌بیت به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و به‌پێی رێنماییه‌كانی خۆیان له‌ناو ده‌بردرێت”.

به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێتێرنه‌ری كه‌ركوك وتیشی:” ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌م كاری سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌سه‌ر شۆسته‌و شه‌قامه‌كان به‌ نایاسایی ده‌كه‌ن گۆشت فرۆش نین و له‌كاتی چوونی لیژنه‌كانمان راده‌كه‌ن و هه‌ڵدێن، ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن دواتر ده‌درێنه‌ دادگا”.

ته‌ندروستیش پێیوایه‌ سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌سه‌ر شۆسته‌و شه‌قامه‌كان دوور له‌ رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی ده‌بێته‌ هۆكاری گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی بۆ مرۆڤ.

دكتۆر بورهان عومه‌ر ره‌شید، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی له‌ فه‌رمانكه‌ی گشتی ته‌ندروستی كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند :” هه‌موو ئاژه‌ڵێك پێش ئه‌وه‌ی سه‌رببڕێت و دوای سه‌ربڕینیشی پێویسته‌ پشكنینی بۆ بكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ نه‌خۆش بێت و گۆشته‌كه‌ی شیاو نه‌بێت بۆ خواردن رێگه‌ی پێنادرێت بفرۆشرێت و بدرێت به‌ هاوڵاتیان، چونكه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤ هه‌یه‌”.

دكتۆر بورهان عومه‌ر ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو :” سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌سه‌ر شۆسته‌و شه‌قامه‌كان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌و دوورن له‌ رێنماییه‌كانی ته‌ندروستییه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی كه‌ له‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ ده‌گوازترێته‌وه‌ بۆ مرۆڤ له‌ رێگه‌ی هه‌ندێك له‌ مێش و مه‌گه‌زه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌، بۆیه‌ بوونی ئاژه‌ڵی ساغ و سه‌ربڕاو له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌بنه‌ مایه‌ی مه‌ترسی و نه‌خۆشی بۆ سه‌ر مرۆڤ”.

دكتۆر بورهان عومه‌ر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد:” له‌ رووی یاساییه‌وه‌ش رێگه‌پێنه‌دراوه‌ له‌نێوان ماڵان و كۆڵانه‌كان ئاژه‌ڵ به‌ سه‌ببڕدرێت و به‌خێو بكرێت”.

چالاكوانێكی بواری ژینگه‌ش پێیوایه‌ دیارده‌ی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان جگه‌ له‌وه‌ی زیانی ته‌ندروستی بۆ مرۆڤ هه‌یه‌، هاوكات ده‌بێته‌ هۆكاری ناشرینكردنی سیمای شار. 

شكۆفه‌ ساڵه‌یی، چالاكوانی بواری ژینكه‌ له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:” سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌سه‌ر شۆسته‌و شه‌قامه‌كان و بوونی مه‌ڕوماڵات له‌و شوێنانه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری ناشیرینكردنی سیمای شارو هه‌روه‌ها پیسبوونی ژینگه‌”.

شكۆفه‌ ساڵه‌یی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:” به‌شێك له‌و كاڵاو شتومه‌كانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ به‌كاریان ده‌هێنین پاشماوه‌یان هه‌یه‌و ده‌بێ پاشماوه‌كان له‌ شوێنی تایبه‌ت فڕێ بدرێن، به‌ڵام پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵی سه‌ربڕدراو له‌ ناو شارو شوێنه‌ گشتییه‌كان زۆرجار ده‌بنه‌ هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی بۆن و به‌رامه‌ی ناخۆش و هه‌روه‌ها هۆكارێكی ترن بۆ پیس بوونی ژینگه‌”.

به‌ وته‌ی ئه‌و چالاكوانه‌ی بواری ژینگه‌پارێزی، زۆر جار ده‌بینیت ئاژه‌ڵه‌ به‌ڕه‌ڵاكانی وه‌ك سه‌گ و پشیله‌ له‌سه‌ر پاشماوه‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ سه‌ربڕدراوانه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی دیمه‌نێكی ناشارستانییه‌ هاوكات ره‌نگه‌ ببنه‌ هۆكاری گواستنه‌وه‌ی چه‌ندین نه‌خۆشی بۆ هاوڵاتیان”.

‌ 380 جار بینراوه‌
1/14/2019 11:17:22 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved