»  راپۆرت
دوور خستنه‌ی كورد له‌پۆسته‌كانیان له‌ كه‌ركوك به‌رده‌وامه‌
ئا / هاوار ستار

له‌ دوای روداوه‌كانی ریفراندۆم و ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ شاری كه‌ركوك و دانانی پارێزگاری به‌وه‌كاله‌ته‌وه‌ كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری له‌ شاره‌كه‌ له‌ روی ئیداری و ئه‌منیه‌وه‌ رویانداوه‌ كه‌ زۆربه‌یان مایه‌ی نیگه‌رانی هاوڵاتیانی كورده‌ به‌ تایبه‌ت لابردن و له‌شوێن دانانی كه‌سانی عه‌ره‌ب و توركمان له‌ پۆسته‌كانی كورد كه‌ به‌ده‌یان پۆستن، هه‌روه‌ك ده‌وترێت زۆربه‌یان شوێن پڕكردنه‌وه‌ بوون و به‌شێكیشیان به‌ زۆر و شۆڤێنیانه‌ ئه‌نجام دراون، دواین پۆستیش كه‌ له‌ ده‌ستی كورد ده‌ركرا له‌ شاری كه‌ركوك به‌رێوبه‌ری لاوان و وه‌رزشی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی لاوان و وه‌رزشی عێراقی بوو.

ناسیح شوانی به‌ڕێوبه‌ری لاوان و وه‌رزشی له‌ كار لابراو بۆ هه‌واڵ وتی: “ته‌حه‌دای هه‌مو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م یه‌ك بابه‌تی یاسایی یان ئابوری یان نه‌بوونی توانا یان چه‌كداری هه‌رچییه‌كیان له‌سه‌ر من هه‌بووبێ تا به‌ هۆیه‌وه‌ له‌ پۆسته‌كه‌م دوورم بخه‌نه‌وه‌ پێم وتون هۆكارێكتان هه‌یه‌ بینوسن نه‌یانتوانیوه‌، بۆیه‌ بابه‌ته‌كه‌ 100% نه‌ته‌وه‌ییه‌ پێش ئه‌وه‌ی حزبی بێت و هیچی تر”

هه‌روه‌ها وتی: “بێ پلانی خۆمان وه‌كو كورد و لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ كه‌ركوك وا ده‌كات ئه‌م لابردن و ده‌ركردنانه‌ زۆرتربێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ پلانێكمان نییه‌ به‌ره‌نگاریان ببینه‌وه‌ و كه‌چی ئه‌و دێت به‌ هێز و چه‌كداره‌وه‌ لامان ده‌بات و هاتون موباشه‌ره‌ بۆ كابرایه‌ك ده‌كه‌ن ده‌ست به‌كاربێت و ئه‌ویش بۆخۆی واژوی ده‌ستبه‌كاربوونی خۆی كردوه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌وێ بین و قسه‌یه‌كمان كردبێ و دواتریش لایه‌نێ كوردیمان نه‌بینی بڵێ ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ین”.

ناسیح جابر شوانی ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌: “من نه‌ راژه‌كه‌م ته‌واوببوو نه‌ دۆسیه‌یه‌ك شتێك له‌سه‌رم بوو و هیچ هۆیه‌كی نه‌بوو بۆیه‌ ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی كوردی به‌رنامه‌یه‌كی بۆ ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ هه‌بێ و به‌ره‌نگاری بێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وانه‌ی تر به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بووبێت خۆ له‌وه‌ی ئێمه‌دا هێز به‌كارهات و چه‌كدار هاته‌ سه‌ر به‌رێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌ بۆیه‌ هه‌ڵوێست ده‌بێت هه‌بێت”.

شوانی ئه‌وه‌شی وت: “من نه‌هه‌ڕه‌شه‌ی چۆڵكردنی پۆستم كردبوو و نه‌به‌چه‌كداره‌وه‌ مابوومه‌وه‌ ته‌نها ئه‌وه‌بوو پێموتن ئه‌مری وزاری هه‌ركات گه‌یشت خۆم له‌و شوێنه‌ ده‌ڕۆم، به‌ڵام هۆكارێكتان هه‌بێ كه‌چی كاره‌كه‌ به‌ زه‌بری هێز ئه‌نجامدرا ئه‌گه‌رچی ئه‌مره‌كه‌ش راگیرابوو”.

جه‌مال شكور ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ هه‌واڵ وتی: “به‌كارهێنانی هێز یان به‌ زۆر لادانی كه‌سێك له‌ پۆسته‌كه‌ی و به‌تایبه‌تیش نه‌ته‌وه‌ی كورد مایه‌ی قبوڵكردنی نییه‌ و له‌ به‌غدا كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ كاره‌كان به‌ یاسایی و به‌حه‌ق دابه‌ش بكرێن نه‌ك به‌و جۆره‌”.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌ن وتیشی: “لادانی به‌ڕێوبه‌ر و فه‌رمانبه‌ر له‌ كارنامه‌ی پارێزگاردا نییه‌ چونكه‌ ئه‌ویش خۆی كارمه‌ندێكی حكومییه‌ ئه‌وه‌ ئیشی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و به‌غدایه‌ ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر شتێك له‌سه‌ر كه‌سێك هه‌بێت بۆ لابردن پارێزگار ناتوانێ له‌ خۆیه‌وه‌ خه‌ڵك بگۆڕێت”.

جه‌مال شكور باسی له‌وه‌ش كرد: “راسته‌ كه‌سانێك خه‌ڵك كراوه‌ته‌ شوێنیان، چونكه‌ خۆیان نه‌هاتونه‌ته‌وه‌ سه‌ر كار یان داوای خانه‌نشینیان كردوه‌ و كه‌مته‌رخه‌می خۆمان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای تێدایه‌، به‌ڵام پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی ئێستاش سیاسه‌تی خۆی په‌یڕه‌و ده‌كات و به‌ ناحه‌ق خه‌ڵك لابراوه‌ و ئه‌و كارانه‌ ناكرێ قبوڵ بكرێت”.

ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود جێگری یه‌كه‌می لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ كه‌ركوك له‌سه‌ر پرسی لابردنی به‌رێوبه‌ری فه‌رمانگه‌كان به‌ تایبه‌ت كورده‌كان بۆ هه‌واڵ وتی: “له‌ ئیداره‌ی وڵاتاندا ئاڵوگۆڕ هه‌ر بووه‌ و ده‌كرێت هه‌ندێكیش كه‌ له‌كار لابراوه‌ جێگره‌كه‌ی كراوه‌ته‌ شوێنی یان به‌دیلی بۆ دانراوه‌ له‌و بواره‌”.

جێگری یه‌كه‌می لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد: “كه‌س به‌ غه‌در لانه‌براوه‌ ئه‌گه‌ر هه‌بێتیش ده‌توانن بۆمان روونبكه‌نه‌وه‌ كه‌ كێ بووه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی لابراون یان خۆیان نه‌هاتونه‌ته‌وه‌ سه‌ر ده‌وام یان داوای خانه‌نشینیان كردوه‌ و چالاك نه‌بوون بۆیه‌ كه‌سێك كه‌ جێگره‌كه‌ی بووه‌ یان هێنرا له‌ شوێنی دانراوه‌ ئه‌وه‌شی لابرابێت كێشه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی هه‌بووه‌”.

‌ 387 جار بینراوه‌
1/14/2019 11:19:00 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved