»  بینین
سێ په‌ره‌گراف!
دڵسۆز حه‌مه‌

یه‌كه‌م : بێ شكۆیی!

ڕه‌نگه‌ مه‌ترسیدارترین قۆناغ له‌سه‌ر ئاستی تاك وله‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگاش قۆناغی دۆڕانی رێز و شكانی شكۆیه‌، هه‌مو هێزێكی سه‌ركوتكه‌ر وسسته‌مكار له‌ رێگای شكانی رێز وشكۆی بنده‌سته‌كانی خۆیه‌وه‌ ده‌توانێت كۆمه‌ڵگا زه‌لیل وبێده‌سه‌ڵات و ملكه‌چ بكات، نه‌مانی شكۆ مانای شكانی ئه‌و هیزه‌ ناوه‌كیه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئیراده‌ وخه‌ونی گۆڕانكاری و،ئیراده‌ت تێكۆشان و خه‌یاڵی گۆڕان و خه‌وبینینه‌ به‌ دنیایه‌كی باشتر و به‌ داهاتویه‌كی جوانتر ودادوه‌رتر، ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان وله‌ عێراقیشدا ده‌گوزه‌رێت پڕۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامی شكانی شكۆیه‌،شكانی شكۆی مرۆڤ وشكانی وێنه‌و هه‌یبه‌تی وڵاتێكیش كه‌ناوی كوردستان یان عێراقه‌.

عێراق جگه‌ له‌وه‌ی بۆ خۆی وڵاتێكی ناشرین وسه‌رزه‌مینێكی پڕكێشه‌ و گرفت و ناكۆكه‌،به‌ڵام ئێستا له‌ قۆناغه‌كانی دۆڕانی شكۆ و داڕمانی ئه‌و وێنه‌ سیاسی و پێكهاته‌ ئیداریه‌شدایه‌ كه‌ ناوی سه‌روه‌ری ووڵاته‌،وه‌ختێك، فیگه‌رێكی وه‌كو ترامپ پێده‌خاته‌ سه‌رزه‌مینی عێراق سه‌ردانی سه‌ربازه‌كانی خۆی ده‌كات و جه‌ژن له‌ته‌كیاندا ده‌كات،به‌دیوێكدا ئه‌وپه‌ڕی رێز و سه‌رده‌سته‌یی خۆیان نیشان ده‌دات له‌هه‌مبه‌ر عێراق ودنیادا، به‌مدیویشدا حیسابی مێشێك بۆ هیچ سه‌ركرده‌ و به‌رپرس وسیاده‌ی عێراق ناكات كه‌ پێی ناوه‌ته‌ سه‌ر خاكاكه‌ی!

ئه‌گه‌ر هه‌ندێك هێزی سیاسی و هه‌ندێك به‌رپرسی باڵاش ئاگاداری ئه‌م سه‌ردانه‌ بوبن به‌ڵام پاساو نیه‌ بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌ بێ ئیعتیباركردنه‌وه‌ی ترامپ كردی بۆ هه‌یبه‌تی سیاسی ئه‌و وڵاته‌ی ناوی عێراقه‌!

چه‌نده‌ راپه‌ڕین وشۆڕش شكۆی بۆ مرۆڤی سسته‌مدیده‌ی كورد گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ڵام دواتر میكانیزمی ئیداره‌دانی خۆماڵی كوردستان، حكومه‌تی كوردی شكۆی ئینسانی كوردی بریندار و شكانده‌وه‌، نادادوه‌ری و گه‌نده‌ڵی،دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر بونه‌وه‌رێكی حیزبی و یه‌كێكی غه‌یره‌حیزبی، ئه‌م دۆخه‌ نائارامه‌ی كه‌ هاوڵاتی ئاسایی بۆته‌ بونه‌وه‌رێكی بێئیراده‌ جارێكی تر شكۆی ئینسانی كورد ده‌شكێت،وه‌ختێك كه‌مئه‌ندامێك مان ده‌گرێت بۆ موچه‌كه‌ی، كه‌ توندوتیژی وكوشتنی منداڵ ده‌بێته‌ هه‌واڵی رۆژانه‌، كاتێك دزی به‌رپرسه‌كان ده‌بێته‌ شتێكی ۆر ئاسایی شتێك نامێنێته‌وه‌ به‌ناوی شكۆی ئینسان، ئه‌مساته‌وه‌خته‌ ساتێكی بێ شكۆیه‌ و ساتی دڵشكانی ئینسانی كورده‌ له‌هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك، كوڕی ماڵ و هاوخوێن به‌ڵام دیوارێكی به‌رز وئاسنین جیامان ده‌كاته‌وه‌ له‌ماڵی راعیه‌كانمان!!

دووه‌م : رفاندن یانی چی؟

ژماره‌ی ده‌زگا مێدیایه‌كان له‌ پێویستی خه‌ڵك زۆر زیاتره‌، ئه‌مڕۆ هه‌ركه‌س ده‌ست سپی وبێكار بێت ده‌بێته‌ رۆژنامه‌نوس یان بێژه‌ری سه‌ر ته‌له‌فزیۆن، له‌سه‌دانه‌وه‌دی بێژه‌ره‌كانی كوردستان نه‌ك ره‌وشه‌نبیر وهۆشیار نین به‌ڵكو زمانی كوردیش به‌باشی نازانن، نازانێت جیاوازی مانای رفاندن وگرتن چیه‌، رۆژنامه‌نوسه‌كان هه‌ر نازانێت به‌رپرسیاری پیشه‌یی وبه‌رپرسیاری گشتی چیه‌ وچۆن به‌شداربێت له‌فه‌راهه‌مكردنی فه‌زایه‌كی ئارام و پانتاییه‌كی تێگه‌شتن،به‌شداریه‌كی پۆزه‌تیف،به‌ڵكو ئه‌م دوای دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌وێت، مێدیا بۆته‌ ناوه‌ندێكی ده‌م به‌هاوار بۆنانه‌وه‌ی په‌شێوی وپێكدادانی زیاتری دۆخی نائارامی كۆمه‌ڵگا.

ڕفاندن :نازانرێت كێن بكه‌ره‌كان، گرتن : بكه‌ره‌كانی ناسراون!، ئه‌گه‌ر هێزێكی یه‌كێتی، پارتی، دژه‌تیرۆر،زێره‌ڤانی،پۆلیس، هه‌ریه‌كێك له‌مانه‌ كه‌سێكیان گرتوه‌، ئیتر بۆ ده‌بێت ووشه‌ی رفاندن به‌كار بهێنرێت؟؟ مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م مێدیا ده‌مبه‌هاواره‌ زۆر به‌ مه‌به‌ست و نابه‌رپرسیارانه‌ له‌ڕێی وشه‌ی رفاندن ترس وتۆقین و وێنه‌یه‌كی ترسناكتر هه‌ڵده‌داته‌ ناو فه‌زای گشتیه‌وه‌!

سێهه‌م : یه‌كێتی به‌ده‌ستی پارتی

له‌ ئاستی سه‌ره‌وه‌،ئه‌م دوو هێزه‌ زۆر ته‌با و ته‌ماهن، كه‌چی له‌ئاستی خواره‌وه‌ كار گه‌شتۆته‌ گرتن و لێپرسینه‌وه‌ وهه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر یه‌كتر! ئه‌گه‌ر ئه‌م دووهێزه‌ به‌م میكانیزمه‌ نابه‌رپرسیارانه‌ به‌نیازی پێكهێنانی حكومه‌ت وكابینه‌ی نوێ بن له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا،له‌دوای روداوه‌كانی كه‌ركوك وئه‌وه‌ی روی دا، مانای وایه‌ ئه‌م دوو هێزه‌ نه‌ك متمانه‌یان به‌ یه‌كتر نه‌ماوه‌ به‌ڵكو ئه‌گه‌ری قوڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوئیداره‌ییه‌ی كه‌ ئێشتا هه‌یه‌ زۆر ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه‌، سه‌یره‌،عێراق ده‌وارێكی به‌ر ره‌شه‌با ده‌چێت، ووڵاتێكی نه‌خۆش وپه‌ككه‌وته‌ی بێ شكۆ، حكومه‌تی مه‌رگه‌زی به‌ كێشه‌كانی خۆیه‌وه‌ی ده‌ناڵێنێت كه‌چی یه‌كێتی وپارتی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌لاكه‌ تۆپیوه‌ی عێراق ئاماده‌ی شه‌ڕكردنن، كه‌چی له‌سه‌ر خه‌ونه‌كانی راپه‌ڕین و خه‌ونی كوردستانێكی پڕ شكۆ، وڵاتێكی سه‌قامگیر وپێشكه‌وتوی دادوه‌ر،بۆئه‌و خه‌ونه‌ گه‌وره‌ وپیرۆزانه‌ نه‌ك رێكناكه‌ون به‌ڵكو دان له‌یه‌كتر جیڕ ده‌كه‌نه‌وه‌!

‌ 149 جار بینراوه‌
1/14/2019 12:21:24 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
شوان داودی - له‌ژێر چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
دلسۆز حه‌مه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved