ئا/ سه‌نگه‌ر كاكۆ
تارا عه‌زیز، كچه چالاكوان و رۆژنامه‌نوسی شاری كه‌ركوك،
یه‌كێكه له‌و كچانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌ست بۆ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه
به گشتی و كێشه‌كانی ژنان و گه‌نجان ده‌بات، تارا له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی (هه‌واڵ)ـدا،
باس له دۆخی ژنان و رۆشنبیری و و كۆمه‌ڵگه ده‌كات و راشیده‌گه‌یه‌نێت:” ژیانكردنی
هه‌موو جیاوازییان له كه‌ركوكدا وایكردووه ئه‌م شاره فره‌ڕه‌نگ بێت”.
* له رێگای ههوڵهكانتهوه
ده‌ته‌وێت چی به كۆمه‌ڵگا بڵێی و كۆمه‌ڵگایه‌كی چۆنت ده‌وێت؟
- كار له‌سه‌ر گرفته‌كانی كۆمهڵگاو خه‌ڵك ده‌كه‌م، به‌دیوێكی
تریشدا لایه‌نه ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی كه‌ركوك پیشانی خه‌ڵك و ده‌وروبه‌ریشی
ده‌ده‌م، چونكه پێموایه ته‌نها قسه‌كردن له‌سه‌ر گرفته‌كان نامانگه‌یه‌نێت به
ئه‌نجامێكی باش، پێموایه ده‌بێت له‌و چوارچێوه سیاسییه ده‌رچین كه تیایدا چه‌قمان
به‌ستووه، به سه‌رقاڵبوونمان به بابه‌ته سیاسییه‌كانه‌وه، زۆر لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی
كه‌ركوكمان پشتگوێخستووه، به جۆرێك ڕوئیایه‌كی تۆقێنه‌ری وه‌رگرتووه لای هه‌مووان،
ئه‌م شاره پێویستی به ههستانهوهیهكه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه، بێجیاوازی
نه‌ته‌وه و ئاین و چینایه‌تی، چونكه كه‌ركوك موڵكی هه‌مووانه، پێویستی به
چاكسازییه‌كی گه‌وره هه‌یه، كه هه‌وڵ و ماندووبوونی هه‌موومانی ده‌وێت، ئه‌وه‌ی
من كاری بۆده‌كه‌م هه‌وڵێكی بچووكه‌و به‌هیوام بتوانێت كاریگه‌رییه‌كی (گه‌ر بچو‌وكیش)
بێت، دروستبكات،ئه‌وه‌ی له ئێستادا ته‌ركیزی
سه‌ره‌كیم له‌سه‌ریه‌تی سۆشیاڵ میدیایه، چونكه له ئێستادا خه‌ڵك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا
چڕبوونهتهوهو ئاستی خوێنه‌ره‌كانی فه‌یسبووك زۆرترن له خوێنه‌ری ڕاپۆرته ڕۆژنامه‌وانییه‌كان.
*له شارێكی پڕ كێشه‌ی وه‌ك كه‌ركوك كاركردن بۆ مێینه
گران نییه؟
- هه‌موومان ده‌زانین له شارێكی وه‌كو كه‌ركوك و له كۆمه‌ڵگایه‌كی
داخراودا، كاركردن بۆ مێینه ده‌بێت چه‌ند سه‌ختبێت، به‌تایبه‌ت بۆ من كه سه‌ربه‌خۆ
كارده‌كه‌م، ڕۆژانه كاتێكم ته‌رخانده‌كه‌م بۆ گه‌ڕان به‌ناو كه‌ركوكدا، زۆرجار سه‌یریان
لێدێت كاتێك كچێك ده‌بینن به‌ته‌نها به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا ده‌ڕوات و سه‌رنجده‌دات،
پرسیار ده‌كات و فۆتۆ ده‌گرێت، ئه‌وان به جۆرێك سه‌یرم ده‌كه‌ن كه خه‌ڵكی ئه‌م
شاره نه‌بم و ته‌نها میوانێك بم، زۆربه‌یان نازانن كه ئه‌مه خوویه‌كی ڕۆژانه‌مه،
من زۆرتر له‌ناو خهڵكدام، له‌ناو چه‌قی بازاڕه‌كان و ژیانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌بیركراون،
له‌ناو ئه‌و شوێنه میللیانهدام كه كاسبكاره‌كان تیایدا كارده‌كه‌ن، ده‌نگی ئه‌و
خه‌ڵكه ده‌گه‌یه‌نم كه ده‌رناكه‌ون له سوچێكدا به‌بێده‌نگی ده‌ژین، ئه‌مه‌ش هیچ
ئاسان نییه بۆ كچێك، قوربانی زۆری ویستووه، به‌ڵام قه‌ناعه‌تم وایه؛ گه‌ر من
ئامادهنهبم ئه‌م سنووره بشكێنم، ئه‌ی كێ بیكات؟
* دۆخی ژنان له كه‌ركوك چۆ هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
- دۆخی ژنان له كه‌ركوكدا، له چاو شاره‌كانی تری
كوردستان له بارودۆخێكی باش‌دا نییه، به ڕێژه‌یه‌كی زۆر سنوورێكی دیاریكراویان بۆ
دانراوه بۆ ژیان و كاركردن، هه‌موو شتێك له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئه‌و سنووره
مه‌ترسیدار ده‌بێت بۆیان و كۆمه‌ڵگا ڕه‌تیان ده‌كاته‌وه، هه‌ر بۆیه ئه‌وانه‌ی كه
به‌شێوه‌یه‌كی ئازاد جیا له دامه‌زراندنی حكومی كارده‌كه‌ن، خێرا ده‌رده‌كه‌ون و
ده‌بنه به‌رباسی خه‌ڵكانی تر، كه ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یان كێشه‌و گرفتیان بۆ
زیاد ده‌كات.
* رێكخراوه‌كانی ژنان توانیویانه به‌ڕاستی نوێنه‌رایه‌تی
ژنان بكه‌ن ؟
- ڕۆڵی ژن له كه‌ركوكدا له ئاستێكی لاوازدایه، هه‌روه‌ها
ئه‌و ڕێژه كه‌مه‌ی ڕێكخراوه‌ی ژنانیش كه هه‌ن، به‌و ڕاده ئهكتیڤییهیان نه‌بووه
بتوانن به‌رده‌وام شوێنده‌ستی خۆیان پیشانده‌ن وبوونیان ده‌ركه‌وێ له شاره‌كه،
تا خه‌ڵك ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی بۆ دروستبێت ئه‌نجامدانی هه‌ر توندوتیژییه‌ك دژی ژنان،
هه‌ر كوشتنێك، واتا ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كانی ژنان كه به ئاسانی نه‌توانێت
له‌ده‌سیان قوتاربێت، بێده‌نگبوونی ئه‌و ڕێكخراوانه و بزربوونیان له كه‌ركوكدا زۆر
مه‌ترسیداره بۆ ئێستا، سه‌ره‌ڕای هه‌موو چالاكنهبوونێكیان، گرنگه بوونیان ده‌رخه‌ن بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ی
ژنان له كه‌ركوك، تا به‌و ڕاده گه‌وره‌یه‌ش ته‌نیا و بێ په‌نا نه‌مێننه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێوه سه‌ره‌كیه‌كه بڕوام وایه
كه‌یسی ژنان بابه‌تێك نییه به چه‌ن ڕێكخراوێك چاره‌سه‌ر بكرێ، كێشه‌كه ڕیشه‌ییه
و له قوڵایی كۆمه‌ڵگادایه، كۆمه‌ڵگایه‌ك كه پیاوه‌كانی ئه‌و ڕه‌فتاره تونده‌ی
كه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن به‌رامبه‌ر ژنه‌كانیان به توندوتیژی دانه‌نێن و پێی وابێت
مافی خۆیه‌تی گه‌ر ژنه‌كه‌شی ده‌ركات له‌ماڵ، كۆمه‌ڵگایه‌ك كه ژنانی له‌و قه‌ناعه‌ته‌دا
بژین كه مه‌حكومن به‌م جۆره ژیانه و پێگه‌یه‌كی لاوازیان هه‌یه، چاوه‌ڕێی چی لێده‌كرێت؟ ئه‌مه بابه‌تێكه كه پێویسته تاك به تاكمان
هۆشیارانه كاری بۆبكه‌ین، كێشه گه‌وره‌كه له نه‌بوونی هۆشیاری پێویسته له‌لایه‌ن
خه‌ڵكه‌وه، گه‌ر تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا هۆشیار نه‌كرێنه‌وه، ئه‌م ڕه‌وته درێژه ده‌كێشێت،
گه‌ر ژنان مه‌زنی پێگه‌ی خۆیان هه‌ست پێبكه‌ن، هیچكات ڕێگه ناده‌ن ژیانێك بژین كه
قبوڵی شه‌ق و لێدان بكات، ژیانێك كه ئاسایی بێت ژنان له‌ماڵه‌كان زیندانی بكرێن و
كه‌سیش لۆمه‌یان نه‌كات.
به‌داخه‌وه له‌ناو كۆمه‌ڵگای كه‌ركوكدا به ڕێژه‌یه‌كی
گه‌وره ڕه‌وایی دراوه به پیاوان كه لێكه‌وته‌ی توڕه‌ییه‌كانیان توندوتیژی بێت
به‌رانبه‌ر ژنه‌كانیان، یاخود كوشتن‌یان و دواتریش چاره‌سه‌كردنی به سوڵحێكی عه‌شایه‌ری،
هه‌ندێك قه‌ناعه‌تی كۆن و مه‌ترسیدار له‌ناوماندا ده‌ژیت كه وایكردووه جیاوازییه‌كی
گه‌وره له‌نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زدا دروستبێت له هه‌ڵبژاردنی ژیانكردن و له
كاركردندا، شكاندنی ئه‌م قهناعهتانهش كاركردنێكی زۆری ده‌وێت، نه ڕێكخراوێك و
نه دووان بۆی ناكرێت به ئاسانی، هه‌وڵی هه‌موومانی ده‌وێت.
*تاكی كه‌ركوكی به سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانه‌وه ده‌بێ چ رۆڵێك
بگێڕن بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ژیان له شاره‌كه به‌ره‌و پێشبه‌رن؟
- كه‌ركوك خۆی له‌خۆیدا شارێكه پێكه‌وه‌ژیان تیایدا به‌رقه‌راره،
ئه‌مه نه ده‌سكه‌وته‌و نه ماندووبوونی لایه‌ن و نه‌ته‌وه‌یه‌كه، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی
خۆنه‌ویستانه، له مێژه‌وه ژیانكردنی ئه‌م هه‌موو جیاوازییانه له كه‌ركوكدا وایكردووه
ئه‌م شاره فره ڕه‌نگ بێت، هه‌روه‌ها بژین و هیچ كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆشیان له‌نێوانی
خۆیاندا نه‌بێت، خه‌ڵكی كه‌ركوك له ئاستێكی زۆر باشی پێكه‌وه‌ژیاندا ده‌ژین كه
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ندین جیل پێش ئێمه‌ش، به‌ڵام به حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌م شاره
به‌رده‌وام ناوچه‌یه‌كی كێشه له‌سه‌رو پڕ شه‌ڕ بووه، نه‌توانراوه جه‌خت له‌سه‌ر
ئه‌و ڕووه جوانه‌ی كه‌ركوك بكرێت كه پێكه‌وه‌ژیانه، بۆیه ئه‌م جیله‌ی كه ئێستا
هه‌ین، تا ڕاده‌یه‌ك كه‌متر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی پێوه دیاره، ئێمه ده‌بێت
بگه‌ینه‌وه به‌و قه‌ناعه‌ته‌ی باپیرانمان هه‌یانبووه، ده‌بێت چاو له گه‌وره‌كانمان
بكه‌ین كه چۆن تا ئێستاش تێكه‌ڵاوییه‌كی چڕیان له‌ناو یه‌كدا هه‌یه، خۆشه‌ویستییه‌كی
پته‌و بێجیاوازی كردن به هیچ پێوه‌رێك، ده‌بێت دان به واقعێكدا بنێین، كه‌ركوك
موڵكی هیچ لایه‌نێك نییه به‌ته‌نها، چه‌ندین ڕه‌چه‌ڵه‌كی جیاواز تیایدا ده‌ژین و
كه‌سیان ناتوانن له‌یه‌كتری زه‌وت بكه‌ن، چونكه دواجار هه‌ر ده‌گه‌ینه‌وه ئه‌و
قه‌ناعه‌ته‌ی باشترین ڕێگا بۆ مانه‌وه‌ی وه‌كو شارێك، قبوڵكردنی یه‌كتره وه‌كچۆن
له‌ناو جه‌رگه‌ی خه‌ڵك و له مێژووی كه‌ركوكدا هه‌بووه، ده‌بێت تاكه‌كانی كه‌ركوك
پێكه‌وه كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بكه‌ن، داوای ماف و ئازادییه‌كانیان بكه‌ن،
ده‌بێت له‌پێناو كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شدا یه‌كده‌ست بن، گه‌ر ئێمه هه‌ر
وه‌كو شارێكی په‌رتكراو بمێنینه‌وه، هه‌میشه فه‌رامۆشكراو ده‌بین، هه‌ربۆیه له
زۆربه‌ی كاره‌كانمدا چه‌سپاندنی پێكهوهژیانم لهبیرنهكردووه، چیرۆكی ئه‌و هاوڕێ
نزیكانه كۆده‌كه‌مه‌وه كه هه‌ر یه‌كه‌یان نه‌ته‌وه‌یه‌كن، چیرۆكی ئه‌و خێزانانه‌ی
له چه‌ندین زمانی جیاواز دروستبووه، ئه‌و بازاڕانه‌ی هه‌موومان كۆده‌كاته‌وه، بۆ
من گه‌یاندنی مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خه‌ڵك زۆر گرنگه، ئاشتكردنه‌وه‌ی چه‌ندین گه‌نج
كه ده‌شێت له‌ڕووی فكر و ههڵچوونێكهوه، سنووریان له نێوان خۆیان و نه‌ته‌وه‌كانی
تر دانابێت، كاری من شكاندنی ئه‌و سنوورانه‌یه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هێزه بۆ خه‌ڵك،
چونكه قه‌ناعه‌تێكی گه‌وره‌م به “هێزی خه‌ڵك”ـه، ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌توانێت ئه‌نجامی
بدات، ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیش ناتوانن، چونكه دواجار زۆرینه هه‌ر خه‌ڵكه و شاریش
هه‌ر هی ئه‌وانه..
* ئه‌و جوڵه رۆشنبیری و هونه‌رییه‌ی كه ئێستا له كه‌ركوك
هه‌یه له ئاستی پێویستدایه ؟
- بۆ شارێكی پڕ له كێشه‌ی وه‌كو كه‌ركوك، كه تا ماوه‌یه‌كی
زۆر ڕۆحی ژیانكردنیشی لاوازبووبوو و له چه‌قی شهڕهكاندابوو، ئه‌م جوڵه هونه‌رییانه‌ی
ئێستا زۆر باشه و هیوایه‌كه بۆ باشتریش، ئه‌مه ئه‌و ئیراده‌یه‌ی خه‌ڵكمان پیشان
ده‌دات كه له‌گه‌ڵ ژیاندان و شه‌ڕیان ناوێت، گرنگ هه‌یه و هێشتا نه‌مردووه، ئه‌مه
زۆر گرنگه بۆ كه‌ركوك، ئێمه ناتوانین له‌پڕێكدا داوای شارێكی ساڕێژكراو و كه‌م
گرفت بكه‌ین، بۆیه ده‌بێت به ئومێده‌وه ته‌ماشای هه‌ر جوڵه‌یه‌كی بچو‌وكیش بكه‌ین،
دواجار ئه‌م چالاكییه ئه‌ده‌بی و هونه‌ریانه ده‌توانرێت فراوانتربێتهوه و زۆرتر
ڕۆچێته ناو كلتووری شاره‌وه.
* به‌رده‌وام ده‌ست بۆ كێشه‌كان ده‌به‌یت ئه‌مه تا چه‌ند
دڵخۆشت ده‌كات به‌وه‌ی كارێك ده‌كه‌ی دواتر ده‌چێته خزمه‌تی كه‌ركوكه‌وه ؟
- له‌ڕێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه كاره‌كانم چڕ
كردووه‌ته‌وه و هاتوومه‌ته ئه‌و سنووره‌ی خه‌ڵكی تێدایه، فه‌یسبووك.. ده‌مه‌وێت
له‌وێوه ئه‌و لایه‌نه جوانانه پیشانی كهركوكدهم كه خۆی نایبینێت و فه‌رامۆشكراوه،
ئازایه‌تی ژنێكی پیشانده‌م كه له‌سه‌ر پێیه‌كانی وه‌ستاوه و كارده‌كات، بوێری گه‌نجێكی
پیشانده‌م كه لێهاتووانه خۆی پیشه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه، كارامه‌یی وه‌ستاكانی كه
هه‌موویان جیلێك زیاتره ئه‌زموونیان هه‌یه و ڕۆچوونه‌ته ناو كاره‌كانیانه‌وه،
ئه‌و به‌هره‌مه‌ندانه‌ی پیشانده‌م كه خه‌ڵك نایبینێت، ئه‌و جوڵه ئومێدبه‌خشانه‌ی
له‌یادمان كردوون، ترس و تۆقینی شه‌ڕ بیری بردبووینه‌وه كه ئێمه‌ش هه‌ین و كاریگه‌ریمان
هه‌یه، كاتێك چیرۆكه‌كانیان وه‌كو چیرۆكێكی سه‌ركه‌وتن بڵاوده‌كه‌مه‌وه، ده‌بینم
كه چۆن به‌هیوایه‌كی گه‌شتره‌وه به‌رده‌وام ده‌بن، به‌شێكیان دواتر نامه‌م بۆ ده‌نێرن
و كاره نوێیهكانیانم پێده‌ڵێن، یاخود كه ده‌مبینن باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه چه‌ند
شت به‌ره‌و باشتر گۆڕاوه له‌كاره‌كانیان و له‌ژیانیان، دڵخۆشم كه توانیومه هیوایه‌ك
بده‌مه‌وه به‌و كچانه‌ی كه چیرۆكی سهركهوتنهكانیانم بڵاوده‌كرده‌وه، ئه‌وه
زۆر ئاسووده‌م ده‌كات كاتێك بۆم باسده‌كه‌ن چۆن ڕوانینی زۆركه‌س گۆڕاوه به‌رامبه‌ریان
و به ڕێزه‌وه ته‌ماشا ده‌كرێن و چیتر كاركردنیان شوره‌یی نییه بۆ خێزانه‌كه‌یان،
ته‌نها بینینی ئه‌وه به‌سه هه‌موو ماندووبونێكم بیربباته‌وه و گڕوتینێكم پێ ببه‌خشێت،
واملێبكات به‌دوای چیرۆكی زیاتر و خه‌ڵكی زیاتردا بگه‌ڕێم، زۆرترین كه‌س هاندهم و
بیانخه‌مه به‌رچاو، چونكه ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كه‌ركوك له‌ئێستادا زۆرتر پێویستییه‌تی،
هاندان و ده‌رخستنی توانا شاراوهكانییهتی، فۆكس خستنه سه‌ر لایه‌نه ئیجابییه‌كانی
له‌بری شكاندنه‌وه‌ی ، هه‌ستكردنیان به‌وه‌ی كه چه‌ند جێی بایه‌خن لای من، چۆن هه‌موو
جوڵه‌یه‌كیان فۆتۆیهكه و هه‌موو قسه‌یه‌كیان ده‌بێت به تێكستێك و له چیرۆكهكهیاندا
دایده‌نێم، ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژیانه بۆناو ڕۆحی خه‌ڵك و دڵخۆشم
ده‌كات.
* كه‌ركوكییه‌كان له بۆنه‌كان روو له شاره‌كانی تر ده‌كه‌ن،
چی بكرێت تاكهشێكی هاوشێوه‌ی هه‌رێم له كه‌ركوك بڕه‌خسێنرێت؟
- وه‌ك له سه‌ره‌تادا باسمكرد، كه‌ركوك پێویستی به ههستانهوهیهكه
له‌لایه‌نی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی هه‌موو كه‌موكوڕییه‌ك له‌لایه‌ن
ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه بۆ پێدانی ژیانێكی شایسته، به‌ڵام هێشتا خۆشمان خه‌تابارین
له بێده‌نگبوونمان و به‌جێهێشتنی واقعه‌كه وه‌كو خۆی، كه‌ركوك بووه به شارێك بۆ
كاركردن و ده‌وام و ڕۆژه سه‌خته‌كانمان، ڕۆژانی خۆشیمان له ده‌ره‌وه‌ی سنووری كه‌ركوك
به‌سه‌رده‌به‌ین، له‌كاتێكدا ده‌مانتوانی
ژینگه‌یه‌كی له‌بار دروستكه‌ین له شاره‌كه‌مان، بۆ نموونه كاتێك خه‌ڵك له بۆنه‌كاندا
كه‌ركوك به‌جێنه‌هێڵێت و هه‌وڵدات شاره‌كه‌ی خۆی جوانكات بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش،
ئه‌وكات حوكمه‌تیش له‌وانه‌یه بتوانێت خه‌ڵكی كه‌ركوكی بیركه‌وێته‌وه و وه‌كو
شاره فهرامۆشكراوهكه ته‌ماشای نه‌كات، هه‌روه‌ها ده‌بێت خه‌ڵك خۆشیان بتوانن
ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدابێت كاته خۆشه‌كانیان لێره به‌سه‌ربه‌رن و بیرۆكه‌ی
كاره‌كانیان لێره جێبه‌جێ بكه‌ن نه‌ك شاره‌كانی تر، ئه‌مه‌ش ماندووبوونی هه‌مووانی
ده‌وێت و به‌ئاسانی نایه‌ته دی، به‌ڵام هیوایه‌كه و ده‌بێت هه‌بێت، ئێمه پێویستمان
به هێزی خه‌ڵكه بۆ زیندووكردنه‌وه، ده‌بێت بیانووه به‌رده‌وامه‌كانمان ڕاگرین
و چیتر حوكمه‌ت نه‌بێت به هۆكارێك بۆ كپبوون و فهرامۆشكراویمان له‌ژێر سێبه‌ری
ئه‌م شاره، بوێری ئه‌وه‌مان بۆ دروستبێته‌وه چاكسازی بكه‌ین له واقعهكهماندا،
ده‌نگمان هه‌ڵبڕین و خۆمان مافه‌كانمان بسه‌نینه‌وه، كاربكه‌ین بۆ كردنی كه‌ركوك
به شارێكی شیاو به ژیان، چونكه له‌كۆتاییدا ئه‌م شاره هه‌ر خۆمانین تیایدا ده‌ژین،
نه‌ك حكومه‌ت.