»  وتاری هەفتە
ئه‌و كوردییه‌ جوانه‌ ده‌زانن بۆچی سوڵحی خۆتان ناكه‌ن؟!
بورهان حاجی سلێمان


له‌ گه‌رمه‌ی پرسه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ندو قوڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی كه‌ركوك و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی نێوان ئه‌مریكاو ئێران و مانۆڕه‌كانیان له‌سه‌ر خاكی هه‌رێم و عێراق و كوڵانی ته‌واوی ناوچه‌كه‌، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو رێكه‌وتی (17/1/2019) یه‌كێتی به‌ سه‌رپه‌رشتی جێگری سكرتێری گشتی و ئاماده‌بوونی ئه‌قتاب و بنه‌ماڵه‌ جیاجیاكانی ئه‌و حیزبه‌  كه‌ پێكهاتبوو له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و سه‌ركرده‌، له‌ چالاكییه‌كی نه‌وعیدا پرۆسه‌ی سوڵحی نێوان هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی گوندێكی ده‌شتی كۆیه‌ی به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامدا.


كورد ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر كه‌چه‌ڵ حه‌كیم بوایه‌ عیلاجی سه‌ری خۆی ده‌كرد”، من نازانم ئه‌و تیمه‌ی یه‌كێتی چۆن باسی سووده‌كانی ته‌بایی و گرنگی سوڵحییان بۆ دوو بنه‌ماڵه‌كه‌ كردووه‌، چونكه‌ یه‌كێتی دۆخی ناوخۆیی خۆی زۆر له‌ حاڵی گوندی مه‌لا زیاد خراپتره‌ كه‌ هه‌موو قورسایی خۆی بۆ ئه‌نجامدانی داستانی سوڵحه‌كه‌ی نێوان دوو بنه‌ماڵه‌كه‌ی خسته‌گه‌ڕ، ته‌نانه‌ت پێكهاته‌ی ئه‌ندامانی تیمی سوڵحه‌كه‌ی یه‌كێتی له‌ ناو خۆیاندا پێویستی به‌ خێرخوازێك هه‌یه‌ سوڵحێكی باش له‌ نێوان باڵ و بنه‌ماڵه‌كانیدا بكات، جگه‌ له‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و حیزبه‌ پێویستی به‌ كۆنگره‌یه‌كی سوڵح ئاساو په‌یڕه‌و و كتێبێكی نوێ هه‌یه‌ بۆ روخاندنی دیواره‌ پته‌وه‌كانی كوتله‌و نوسینه‌وه‌ی ئه‌لفو بێی سروشه‌كانی ئاشته‌وایی و یه‌كڕیزی و تێكشكاندنی بته‌كانی فره‌ ناوه‌ندی بڕیارو ئاڕاسته‌.

له‌ راستیدا یه‌كێتی ته‌نها پێویستی به‌ سوڵحكردن له‌گه‌ڵ خۆی نییه‌، به‌ڵكو پێویستی به‌سوڵحێكی گشتگیره‌ له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌رو مێژووی خۆی، سوڵحێك له‌سه‌ر گۆڕی مام داوای لێبوردن له‌ جه‌ماوه‌رێكی به‌ئه‌مه‌ك و مێژوویه‌كی پرشنگدار بكات و ده‌ستی دایكی هه‌زاران شه‌هیدی ماچ بكات و سه‌ر بۆ كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ری دابنوێنێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو پێویسته‌ داوای لێبوردن له‌ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان بكات، چونكه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا هه‌رچییه‌كیان به‌سه‌ردا هاتووه‌و بێت و له‌سه‌ر ده‌ستی كێ بێت، هه‌ر یه‌كێتی به‌رپرسیاره‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ خۆخۆری و په‌رته‌وازه‌یی ئه‌و حیزبه‌یه‌ باڵانسی هێزی له‌ كوردستان گۆڕیوه‌و چاره‌نووسی قه‌واره‌ی هه‌رێم و ته‌واوی ده‌ستكه‌وت و چاره‌نووسی گه‌لێكی داوه‌ به‌ ده‌ست تاكه‌ حیزبێكه‌وه‌ كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ته‌واوی ئیراده‌ و مافی بڕیاردانی گه‌لی كوردی زه‌وتكردووه‌و به‌ بڕیاره‌ تاكلایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی به‌ره‌و تونێلێكی تاریك بردووه‌... ئه‌گه‌ر منداڵێكی كوردیش له‌م هه‌رێمه‌ و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان خوێن له‌ لووتی بێت به‌ر له‌ هه‌موو كه‌سێك یه‌كێتیه‌كی په‌رته‌وازه‌و دژ به‌ یه‌ك به‌رپرسیاره‌، بۆیه‌ تا زووه‌ سوڵحه‌كانتان بكه‌ن واز له‌ خێڵ و بنه‌ماڵه‌كان بێنن، چونكه‌ ریش سپی زۆره‌ بچێته‌ نێوانیانه‌وه‌!       

‌ 252 جار بینراوه‌
1/19/2019 12:52:45 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - له‌ژێر چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
دلسۆز حه‌مه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved