»  کوردستان
به‌ره‌یه‌كی عه‌ره‌بیی یه‌كگرتوو له‌ كه‌ركوك راده‌گه‌یه‌ندرێت
هه‌واڵ

به‌ره‌یه‌كی عه‌ره‌بیی یه‌كگرتوو له‌ شاری كه‌ركوك راگه‌یه‌ندرا كه‌ كۆمه‌ڵێك حزبی سیاسی و كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی و عه‌شایه‌ری له‌ خۆده‌گرێت.

سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردوو به‌ره‌ی عه‌ره‌بیی یه‌كگرتوو له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست (هه‌واڵ) كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:” له‌گه‌ڵ هاتنی ساڵی نوێ و هاوكات ئاهه‌نگه‌كانی یادی دامه‌زراندنی سوپای عێراقی نه‌به‌ردو سوپای سه‌ركه‌وتن و قاره‌مانێتییه‌كان و قوربانیدان، مژده‌ی دامه‌زراندنی به‌ره‌یه‌كی عه‌ره‌بیی یه‌كگرتوو راده‌گه‌یه‌نین، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك حزبی سیاسی و كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی و عه‌شایه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی خۆی بگێڕێت له‌ كۆكردنه‌وه‌ی پێكهاته‌كان و به‌رگری له‌ مافی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب كه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ناو گۆڕه‌پانی عه‌ره‌بی بگونجێت”.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌:” به‌ره‌ی عه‌ره‌بیی یه‌كگرتوو ئه‌ركی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌( سوپا، پۆلیس، حه‌شدی شه‌عبی و حه‌شدی عه‌شایه‌ری) به‌رز ده‌نرخێنێت، له‌ به‌رقه‌راركردنی سه‌قامگیری شاره‌كه‌و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كردووه‌ له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 و به‌هه‌وڵی حكومه‌تی ناوه‌ندو سه‌پاندنی یاسا، جارێكێتر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پێش ئه‌و مێژووه‌ له‌ شاره‌كه‌ روونادات”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌:” به‌ره‌ی عه‌ره‌بیی یه‌كگرتوو كار له‌سه‌ر یه‌كێتی خاكی عێراق ده‌كات و داواشی له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی و نوێنه‌ره‌كانی كردووه‌ به‌رپرسیارێتی مێژووی به‌رانبه‌ر به‌ كه‌ركوك وه‌ك شارێكی عێراقی بگرنه‌ ئه‌ستۆ”، هاوكات بانگه‌شه‌ی بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی له‌ پێناو سه‌قامگیری كه‌ركوك له‌ ژێر ئاڵای عێراقی یه‌كگرتوو و كردووه‌، ته‌ئكیدیشی له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیداری و نه‌هێشتنی بێكاری و زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكی گشتی كردۆته‌وه‌”.

به‌ره‌كه‌ داواشی له‌ حكومه‌تی خۆجێی و ناوه‌ند كردووه‌ كار بكه‌ن له‌ پێناو ئازادكردنی زیندانیان و بێسه‌روشوێنكراوان كه‌ له‌ زیندانه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمدان”.

له‌ به‌شێكی تری به‌یاننامه‌كه‌دا داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی شارو گونده‌ وێنراوه‌كان كراوه‌”.

ئیسماعیل حه‌دیدی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی به‌ره‌ی عه‌ره‌بیی یه‌كگرتوو به‌ ئاژانسه‌كانی رایگه‌یاندووه‌:” ئامانج له‌ دروستكردنی به‌ره‌ی عه‌ره‌بیی یه‌كگرتوو، بریتییه‌ له‌ یه‌كگرتوویی ریزه‌كانیان به‌ شێوازێكی نوێ و به‌ توانایه‌كی به‌رزو یه‌كگوتاری و بنه‌بڕكردنی دووبه‌ره‌كی كه‌ ئێستا له‌نێو پێكهاته‌ی عه‌ره‌بیدا باوه‌و هۆكاره‌كه‌شی بۆ بارودۆخی تایبه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ فشارو ئه‌و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ سه‌خته‌ی كه‌ به‌سه‌ریاندا هاتووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری”.

وتیشی:” عه‌ره‌ب ده‌یه‌وێت یه‌كگرتوو بێت و بۆ ئیداره‌دان نوێنه‌رانی هۆزه‌كان و ئه‌كادیمی و گه‌نجانیش به‌كاربێنن ، ئه‌مه‌ به‌ر له‌شه‌ش مانگ پێش ئێستا ده‌ستمان پێكردووه‌و هه‌موو هه‌وڵێكمان پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی عه‌ره‌بی نوێیه‌”.

رونیشیكرده‌وه‌:” ئامانجی سه‌ره‌كیمان پاراستنی كه‌ركوك و دواڕۆژێتی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی تر به‌و مه‌رجه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ بێت و ئامانجه‌كان بپارێزین له‌ هه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ كاتێكدا كه‌ ئێمه‌ یه‌كگرتوو نه‌بوین لایه‌نه‌كانی تر به‌ یه‌كگرتوویی كاری سیاسی خۆیان ده‌كرد”.

‌ 266 جار بینراوه‌
1/19/2019 1:03:43 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - له‌ژێر چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
دلسۆز حه‌مه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved