»  وتاری هەفتە
كوردی كه‌ركوك له‌ژێر خێوه‌ته‌كه‌ی سه‌فواندا
بورهان حاجی سلێمان


له‌ماوه‌ی رابردوودا یه‌كێتی و پارتی له‌كێبڕكێدابوون بۆ سه‌ردانی حیزبه‌ توركمانییه‌كان، كه‌ تائێستاش ده‌رگای هاتۆچۆ له‌نێوانیادا كراوه‌یه‌، ته‌نانه‌ت بابه‌تی پێدانی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكیش به‌ توركمان یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌گه‌رانه‌ی باسی لێوه‌ ده‌كرێت، هۆكاری ئه‌م گه‌رموگوڕیه‌ش جگه‌ له‌ فاكته‌ره‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان، مه‌ترسییه‌كانی ته‌عریبه‌ كه‌ وه‌كو  خاڵی كۆكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو پێكهاته‌ ره‌سه‌نه‌ی شاره‌كه‌یه‌و ده‌كرێت بكرێته‌ بنه‌مای دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی و بونیادنانه‌وه‌ی متمانه‌و گرێدانی چاره‌نووسه‌كان .
له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ئازادیی و له‌دوای گۆڕینی باڵانسی هێزو ده‌ستپێكردنی قۆناغی باڵاده‌ستی كورد له‌ كه‌ركوك، ره‌وانشاد مام جه‌لال بانگه‌شه‌كانی بۆ پێكه‌وه‌ژیان له‌ شاره‌كه‌ چڕتركرده‌وه‌و به‌كرده‌یی هه‌نگاوی بۆ ده‌ناو له‌ هه‌موو كۆڕو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ كه‌ركوكییه‌كاندا ئامۆژگاری رێزگرتن له‌ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌و به‌شداریپێكردنیان له‌ ئیداره‌دانی شاره‌كه‌ی ده‌كردن، له‌ روانگه‌ی دووربینیشه‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستای له‌به‌رچاوبووبێت، پێیباشبوو پۆسته‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌كان به‌یه‌كسانی دابه‌شبكرێن.
كورد ئه‌و ئامۆژگارییانه‌ی مام جه‌لالی پشتگوێخست، زۆربه‌ی پۆسته‌كانی بۆ خۆی قۆرخ كرد، له‌ روانگه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌وه‌، ئه‌وه‌ وه‌كو قه‌ره‌بوویه‌كی هه‌شتا ساڵه‌ بۆ كورد باش بوو، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ له‌ رووی عه‌مه‌لیه‌وه‌، ته‌نها سوودی بۆ خودی كه‌سه‌كان و بازنه‌یه‌كی ته‌سكی ده‌وروبه‌ریان هه‌بووه‌، به‌كورتی پۆست له‌ كه‌ركوك له‌خزمه‌تی دۆزی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌بووه‌ تاكو ئێستا چاومان لێی بێت، ئیستحقاقاتی نه‌ته‌وه‌یی كورد ئه‌و مریشكه‌ بووه‌ كه‌ هێلكه‌ی زێڕینی بۆ چه‌ند كه‌سێكی دیاری كردووه‌و ریقه‌نه‌كه‌شی بۆ میلله‌ت.
ئه‌وكات هه‌قیقه‌تێك هه‌بوو، كه‌ كورد بیری لێنه‌كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت پۆسی پارێزگاریش بدرایه‌ به‌ توركمان چی ده‌بوو؟ پارێزگارێك له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌منی و سه‌ربازی و سیاسی و ئیداری كورددا ئایا ده‌یتوانی جڵه‌وی ئه‌و واقعه‌ بپچڕێنێت و زیان به‌ كورد بگه‌یه‌نێت؟ بێگومان نه‌خێر، چونكه‌ ئه‌وكات كورد له‌ پێگه‌ی هێزه‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ی ده‌دا.
ئێستاش هه‌قیقه‌تێكی جیاواز هه‌یه‌ كه‌ هه‌مدیس كورد بیری لێناكاته‌وه‌، ئیستا كورد هیچ پێگه‌یه‌كی ئه‌منی و سه‌ربازی و سیاسی و ئیداری و ته‌نانه‌ت ته‌شریعی له‌ كه‌ركوكدا نییه‌، بۆیه‌ هه‌ر سه‌ودایه‌ك بكات وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ له‌ ژێر خێوه‌ته‌كه‌ی سه‌فوان بڕیاری خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان بدات، چونكه‌ دانوستان كاتێك ده‌ستكه‌وتی باشی ده‌بێت تۆ براوه‌ بیت و له‌ پێگه‌ی هێزه‌وه‌ رێكه‌وتن ئه‌نجام بده‌ی، بۆیه‌ له‌ ئێستادا پێدانی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ غه‌یره‌ كورد، ئه‌گه‌ر رێگریش بێت له‌ پرۆسه‌یه‌كی ترسناكی وه‌ك ته‌عریب، ئه‌وه‌ هیچ گره‌نتییه‌كی له‌گه‌ڵدا نییه‌و ده‌بێته‌ هۆی زیاتر لاوازكردنی پێگه‌ی كورد له‌شاره‌كه‌، بۆیه‌ باشتروایه‌ كورد له‌م قۆناغه‌دا چاوه‌ڕوانی روونبوونه‌وه‌ی پرۆژه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ بكات و دواتر ئه‌وه‌ی هیچ بێت پۆسته‌وئه‌وه‌ی گرنگیش بێت خاكه‌، بۆ ئه‌وه‌ش باشترین ئاماده‌سازی یه‌كڕیزی كورده‌ بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی پێشهاته‌كان كه‌ئه‌وه‌ش كورد هه‌ر بیری لێناكاته‌وه‌.








 




‌ 667 جار بینراوه‌
1/26/2019 9:58:57 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved