»  کاتژمێر یازدە
دركنه‌ككردن به‌ مه‌ترسییه‌كان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌

درێژه‌دان به‌ دۆخی نائاسایی كه‌ركوك، رۆژ به‌ به‌رۆژ مه‌ترسییه‌كان بۆ سه‌ر ئاینده‌ی ئه‌م شاره‌ زیاتر ده‌كات، به‌ پێی خوێندنه‌وه‌ی وردم وه‌ك چاودێر پێموایه‌ سێگۆشه‌یه‌ك كه‌ ئامانجی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ له‌ درێژه‌دان به‌و دۆخه‌ی كه‌ركوك و له‌وه‌دا به‌رژه‌وه‌ندییان یه‌كیگرتووه‌، هه‌موو پرۆژه‌یه‌كی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شاره‌كه‌ په‌كده‌خه‌ن و كارتی په‌كخستنیان له‌ ده‌ستدایه‌، ئه‌م سێگۆشه‌یه‌ پێكدێت له‌ ده‌وڵه‌تی توركیاو عه‌ره‌بی سوننه‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، زه‌ره‌رمه‌ندیش له‌م پرۆسه‌یه‌ كورد به‌ گشتی و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌تایبه‌تی و دواتر توركمان به‌ گشتی و توركمانی شیعه‌ به‌تایبه‌تی، به‌ره‌ی توركمانی لایه‌نێكی تری زه‌ره‌رمه‌نده‌كانه‌، هه‌موو ئه‌و راستییانه‌ش ده‌زانێت به‌ڵام كه‌متر له‌ توركمانی شیعه‌ ده‌نگی ده‌بیسترێت، چونكه‌ ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا ده‌كات، بۆیه‌ له‌ دۆخێكی ئیحراج دایه‌ له‌ نێوان دۆخی توركمان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا.

به‌رژه‌وه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستانیش له‌ لاوازكردنی كوردو پێگه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان چڕبۆته‌وه‌، چونكه‌ بێئومێد بووه‌ له‌ ململانێكردنی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی یه‌كێتی.

عه‌ره‌بی سوننه‌ش به‌ سود وه‌رگرتن له‌ دۆخه‌كه‌ به‌ گشتی ناكۆكییه‌كانی كورد به‌تایبه‌تی و ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا، توانیویانه‌ سه‌ركه‌وتووبن له‌ زیندووكردنه‌وه‌ی نه‌فه‌سی نه‌ته‌وه‌یی عروبی لای شیعه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌غداو له‌و رێگه‌یه‌وه‌ كار بۆ قۆرخكردنی هه‌موو جومگه‌كانی ئیداره‌و ده‌سه‌ڵاتی شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ئاشكرایه‌ له‌ عێراق بڕیاری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2020 پرۆسه‌ی ئاماری گشتی به‌ چاودێری رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجام بدرێت، مه‌ترسییه‌كه‌ گه‌وره‌كه‌ لێره‌دایه‌، به‌پێی ئاماره‌كان(117) هه‌زار خێزانی عه‌ره‌بی كه‌ ژماره‌یان له‌ (700) هه‌زار كه‌س زیاتر ده‌بێت هێنراونه‌ته‌ كه‌ركوكه‌وه‌، كه‌ له‌(60%)ـی ئه‌م ژماره‌یه‌ عه‌ره‌بی ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوكن و هه‌موویان رۆژانه‌ مامه‌ڵه‌ی نیشته‌جێبوونیان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌گه‌ر تا كاتی ئه‌نجامدانی ئامار سه‌ركه‌تووبن له‌ جێگیركردنی (100) هه‌زار كه‌س له‌و ژماره‌یه‌ ئه‌وه‌ ده‌توانن هاوكێشه‌كان بگۆڕن، بۆ رێگه‌گرتن له‌و مه‌ترسییه‌ پێویسته‌ كورد به‌ گشتی و یه‌كێتی به‌ تایبه‌تی كه‌ كه‌ركوكییه‌كان متمانه‌ی خۆیان پێداوه‌ له‌گه‌ڵ توركمان به‌ گشتی گفتوگۆیه‌كی جدی بكه‌ن و بگه‌نه‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر گۆڕینی پارێزگارو له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك رێكبكه‌ون جا كورد بێت یاخود توركمان من به‌ كێشه‌ی نابینم، به‌ڵام ئه‌ركه‌كانی دیاری بكرێت و پێكه‌وه‌ هاوسه‌نگی بۆ شاره‌كه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌، به‌ پێویستی ده‌زانم رووی ده‌مم له‌ به‌ره‌ی توركمانی بكه‌م كه‌ به‌رپرسیارانه‌تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌ مه‌ترسیداره‌دا بكات، چونكه‌ ئێستا له‌ هاوشانی به‌ره‌ی پارێزگاری به‌ وه‌كاله‌تی كه‌ركوك له‌به‌ره‌ی ئیسڵاحدان، ده‌بێ له‌و راستییه‌ بگه‌ن كه‌ دوارۆژی شاره‌كه‌ له‌ ده‌ستكه‌وتی سیاسی كاتی گرنگتره‌، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش ده‌بێت واقعیانه‌تر ئه‌و مه‌ترسییانه‌ ببینێت و هه‌نگاوی بوێرانه‌ی دوور له‌ گوتاری عاتیفی سیاسی بدات.

‌ 653 جار بینراوه‌
1/26/2019 10:02:01 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved