»  راپۆرت
لێكنزیكبوونەوەی نەتەوەكان لە كەركوك چەند قازانج بە شارەكە دەگەیەنێت؟
ئا/ یانەی هەواڵ


یانەی هەواڵ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی واتس ئاپ، سێ پرسیاری ئاراستەی بەشداربووانی كرد سەبارەت بە پەیوەندی و لێكنزیكبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كەركوك بە تەواوی نەتەوەكانەوە چەند خزمەت بە شارەكە دەكات و هەروەها ئەگەر لە رابردوودا بە نەفەسی كەركوكیانە كاریان بكردایە دۆخی كەركوك بەم رۆژە دەگەیشت، ئەگەر كاری هاوبەش هەبوایە  وڵاتانی دەوروبەر دەیانتوانی رۆڵی خراپ بگێڕن لە دوورخستنەوەی نەتەوەكان لە یەكتر، كۆی وەڵامەكانیش بەمشێوەیە بوون.

چەند حزب لە كەركوك هەن و سەربە چەند وڵاتن؟
چەند حیزب لەكەركوك هەن و سەر بەچەند وڵاتن، وڵاتێكی زۆری تێدا كۆبوەتەوەو خێرو بێرەكەشی تەنها بۆ خێزانەكەی خۆی نییە.
ستار حاجی بە پرسار وەڵام دەداتەوەو دەڵێت:"ئێوە بڵێن چەند حیزب لەكەركوك هەن و سەر بەچەند وڵاتن؟ واتە چەند نەتەوەو ئاین و ئاینزا هەن لەكەركوك و سەربەچەند وڵاتن؟".
ستار حاجی دەشڵێت:"  ئەم  كەركوكە وڵاتێكی زۆری تێدا كۆبوەتەوە، ئەم كەركوكە بۆتە یەكێك لە حۆریەكانی بەهەشت كەلە زیهنماندا وا وێنەی كێشراوە كەباس ناكرێت، بەڵام هیچ خێر و بێرێكی بۆ خێزانەكەی خۆی نیە، چونكە ناهێڵن و خۆمانیش لەگەڵ بێگانە دەستمان تێكەڵ كردووەو كردومانەتە تیكەیەكی ئاسان بۆ خەڵكی دیكە".

عەرەب و توركمان بە گومانن لە كورد
پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كورد بە هەڵەی سیاسی زۆردا رۆیشتبوو، هەردوو پێكهاتەی عەرەبی و توركمانی فەرامۆش كرابوون.
كوردۆ ساڵەیی نوسیویەتی:"ئێمە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ پێش رووداوەكانی ١٦ی  ئۆكتۆبەر بە هەڵەی سیاسی زۆردا رۆیشتووین، كە پێكهاتەی توركمانی و عەرەبی فەرامۆش كرابوون لە پێش رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، كە ئەمە وایكرد هیچ كام لەم دوو پێكهاتەیە شەفاعەت بۆ حزبە كوردییەكان نەخوازن لە دوای ١٦ ئۆكتۆبەر و پرۆسەی بە ناو ( سەپاندنی یاسا)، لەبەر ئەوەی هیچ كام لەو دوو پێكهاتەیە هیچ توانای بڕیاردانێك و موشارەكەی فعلی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نەبووە".
كوردۆ ساڵەیی پێشیوایە:" بۆیە ئێستا ئەو هەوڵانەی هەیە كە بۆ دووبارە كاری پێكەوەیی لە نێوان حزبە كوردییەكان و حزبە توركمانی و عەرەبیەكان ئەمە وا دەكات ئەم دوو پێكهاتەیە بەرامبەر بە كورد سست بن و وا دەڕوانن كە ئەگەر جارێكی تر كورد جڵەوی بڕیار بكەوێتەوە دەستیان ئەوان فەرامۆش دەكرێن و هیچ كامێك لەو دوو پێكهاتەیە تەنازول بۆ پارێزگارێكی كورد نەكەن كە  ببێت بە  پارێزگار و ئەمەش وا دەكات هیچ كات هاوسەنگییەكی تەواو نەبووە لە نێوان حزبە سیاسییەكان لە كەركوك".
كوردۆ بۆ راگرتنی هاوسەنگیش دەڵێت:" ئەگەر بمانەوێت جۆرێك لە هاوسەنگی رابگرین،  ئەبێت حیزبە كوردییەكان ئەوە قبوڵ بكەن كە شان بە شانی نەتەوەكانی تر كار بە پێكەوە بكەن بۆ خزمەتكردنی شارەكە و رەنگە حیزبە كوردییەكان پەندێكیان لەو سیاسەتەی پیش ١٦ ئۆكتۆبەر وەرگرتبێت و دووبارە هەوڵ دەدەن لاپەڕەیەكی نۆی هەڵبدەنەوە و دووبارە بە پێكەوە شارەكە بەڕێوەبەرن .

رێگە لە هەلپەرستان دەگرێت
لێك تێگەیشتن و لێكنزیكبونەوەی حزب ولایەنەكانی كەركوك گیانی پێكەوەژیان لەشارەكە قوڵ دەكاتەوەو رێگە بە هەندێ سیاسی هەلپەرست نادات تۆوی دووبەركی بچێنن. 
حەسەن عەلی لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەكردووە:"لێك تێگەیشتن و لێكنزیكبونەوەی حزب ولایەنەكانی كەركوك گیانی پێكەوەژیان لەشارەكە قوڵ دەكاتەوەو  رێگا بە هەندێ سیاسی هەلپەرست نادات لە رێگەی چاندنی تۆوی دووبەرەكی و دروست كردنی ئاژاوەو پشێوی لەنێوان نەتەوەكان تا پێگەی خۆی بەهێزبكات و  نەهێڵێت كەركوك بگاتە كەناری ئارامی".
حەسەن عەلی باس لەوەشدەكات:" ئاشكرایە ئەگەر یەكترقبوڵ كردن و پێكەوەژیان هەبێت و كار بەبنەماكانی دیموكراسی بكەین و دەرەنجامەكانی بەبێ دەستكاری و شێواندنی قبوڵ بكەین ئەوا خۆشگوزەرانی وئاوەدانیش ئەبێت".
ئەوەشدەخاتەڕوو:" ئەگەر لەرابردوودا كارمان بۆ ئەوە بكردایە كە بۆشایی نێوان نەتەوەكان كەم بكەینەوەو جیاوازیەكانمان تەنها بۆ خزمەتی زیاتری كەركوك بوایە بەدڵنیاییەوە بارودۆخی كەركوك بەئێستا ناگەیشت و  ئێستاش ناكرێ دەستەوەستان بین بەرامبەر ئەو بارودۆخەی هەیە، ئەبێت ئەو هۆكارانەی وایانكرد كەركوك بەم دۆخە بگات دەست نیشان بكەین و چارەسەریان بكەین و رێگە نەدەین دووبارەببنەوە".
دەشڵێت:" نەبونی لێكتێگەیشتن و پەیوەندیەكی تەندروست وایكردووە درز بكەوێتە نێوان پێكهاتەكانی كەركوك، ئەمە هەلێكی باشی رەخساندووە بۆ لایەنە هەرێمایەتییەكان تابتوانن ئەجێنداكانی خویان جێبەجێ بكەن و رۆڵێكی خراپ بگێڕن، ئَیستا بۆچارەسەركردنی پرسێك لەكەركوك ئەبێت دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ چەند وڵاتێك بكەین هەرچەندە بابەتێكی ناوخۆییە بەداخەوە هەر وڵاتێك لەرێگەی حزبێكەوە نوێنەرایەتی دەكرێت لەكەركوك و  چارەسەركردنی بارودۆخی كەركوك تەنها لای كەركوكیەكانە و لەناو كەركوكە، گرنگە هاوڕابین لەسەرئەوەی نەهێڵین كەس لە بری كەركوكیەكان بڕیاربدات".

باوەڕیان بە كورد نەماوە
عەبدوڵا حەساری زۆر بە كورتی پێیوایە:" كێشەكە ئەوەیە كورد هەرچییەك بكات، نەتەوەكانی تر باوەڕیان پێی نەماوەو قبوڵیان نیە".

بەرژەوەندی كەركوك لەبەرچاو بگرن
هێزو لایەنەكان بەرژەوەندی كەركوك لەبەرچاوبگرن و  هێزی نیشتمانی بن و پاشكۆو دروستكراوی هیچ وڵاتێك كۆیلە و وابەستەی هیچ بازنەیەك نەبن.
شێرزاد سەمەد نوسیویەتی دەستان خۆش بۆ ئەو پرسیارە، بەڵام لەخەونێكی خۆش ئەچێ، هەرچەند هیچ شتێك موستەحیل نییە، لای من هەرسێ پرسیارەكە پەیوەندی بەیەك شتەوە هەیە لەڕابردوو وئێستاو داهاتووش، دەكرا و دەكرێ ئەگەر؟!
هێزو لایەنەكان بەرژەوەندی كەركوك لەبەرچاوبگرن و  هێزی نیشتمانی بن و پاشكۆو دروستكراوی هیچ وڵاتێك نەبن و كۆیلە و وابەستەی هیچ بازنەیەك نەبن، بۆیە بەمانە ناكرێ و لەخەون ئەچێ، چونكە لەسەر ئەو بەرژەوەندیانە كاركراوە و بەردەوامیشن سوود لەهەڵەكانیان وەرناگرن".
شێرزاد سەمەد دەشڵێت:"ئەم سورەتەی سەرەوە لەهەموو حیزبەكان هەیە هەركوردییەكان نا پێكهاتەكانی تری شارەكەش هەریەكە لەبازنەیەك ئەخولێنەوە، ئەكرێ بیر لەبەرژەوەندی هاوبەش بكەینەوە، شەراكەتی راستەقینە لەهەموو روویەكەوە لەداهات و دەسكەوتی شەرعی و ناشەرعی، ئێمەشارێكمان قۆرخ كردبوو بۆچەند كەسێك نە بۆكورد بوو نەبۆ یەكێتی و نەبۆ پارتی بوو،ئێستاش ئەمانە هەمان گروپیان دروستكردوە لەئێمە خراپتر".

ڕابردوو بكرێت بە چرایەك
لێكتێگەیشتنی لایەنەكان هەردەم ئەركێكی ئەخلاقیە بۆ هەر پارت و رێكخراو و بزووتنەوەی میللی و كەسایەتیەكان و نوخبەی  شار.
شاخەوان سەعید نوسیویەتی:" سەبارەت بە لێكتێگەیشتنی لایەنەكان هەردەم ئەركێكی ئەخلاقیە بۆ هەر پارت و رێكخراو و بزووتنەوەی میللی و كەسایەتیەكان و نوخبەی  شار، بە تایبەتی شاری كەركوك كە پڕە لە بابەتی هەستیار و ورژێنەر، پێویست بوو لێكتگەیشتن نرخاندنی گەورەی هەبێت".
دەشڵێت:"بە دڵنیایی نرخاندن و بایەخ دان بە لێكتێگەیشتن بەر لە هەر هەنگاوێك دەچێتە خانەی مەعریفی و زانستیانە كە مرۆڤە هۆشیارەكانی شار دەتوانن سوودمەندبن لێی كە دەبێتە مەیدانی تەندروست بۆ كارو چالاكی سیاسی و كۆمەڵایەتی، لە رووی سایكۆلۆژیەوە دەبێتە هۆكاری تێكەڵاوی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكان و دەرئەنجام كۆمەڵگایەكی ئارام و بەرهەم هێن و گوناجاو بە یەكەوە هەڵدەكەن، هەمووان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سوود بە یەك دەگەیەنن".
ئاماژەی بەوەشكردووە:"گرنگە قسە لەسەر رابردوو بكرێت ئەویش بە ئامانجی ئەوەی رابردوە بكرێت بە چرایەك لە بەرزی شارەكە رابگیرێت و ئەو شەوەزەنگەی ئێستای شار پێ رووناك بكرێتەوە، هەنگاوەكانی كردنی رابردووی تاڵ چۆن بكرێت بە چرا!پێویستە  و ئەركە لەسەر هەموان پۆزەتیف بیر بكەینەوە، چونكە وەك دەوترێت گەر پۆزەتیف بیر بكەیتەوە وە بە پۆزەتیف لە بەرامبەرەكەت بڕوانیت ئەوا دەرئەنجام ئەرێنی دەبێت، و ئەگەر بە نەگەتیف رەش بینی بیر بكەینەوە ئەوا دەرئەنجامێكی نەرێنی لێ لە دایك دەبێت، لەوانە پرسیار بێتە پێشەوە بوترێت لەو قوڕاوەی ئێستا چۆن ئەوەتا ئێستا تۆزی لێهەڵناسێ، لەوانەیە ئەو پرسیارە بۆ كاتی راست بێت، بەڵام هەموو دەزانین بە هۆی پشوو درێژی دەكرێت هەموو قوڕێك وشك بێتەوە مامەڵەی تەندروست تری لەگەڵ بكرێت وەك مادەیەكی خاو.
هەروەها پێویستە بۆ بە چراكردنی رابردوو نەوترێت عما سلف! وا بەئاسانی هەڵ و ناحەقیەكان فەرامۆش نەكرێت و دابپۆشرێت، بەڵكوو ئەمڕۆ ژیانی سەردەمیانە هەموو كەرەسەیكی تەكنەلۆژی زنستیانەی فەراهەم كردوە لە بەردەستدایەو بە بیردۆز و مەنهەجی زانستی زۆر كار ئاسان بووە هەموو بە ژمارەو بە داتا دەتوانرێت مامەڵەی مەنتیقی لەگەڵ هەڵەكانی رابردوو بكرێت، كوردیش دەڵێت گوێز بە ژمارە حیسابە و باقی دیارە!.
دەكرێت بە ژمارەو داتا پەنا بۆ زانین و خەمڵاندنی و زەرەر و زیانەكان بكەین لە كەركوك كە لە رابردوو بە هۆی لێك تێنەگەیشتن بەر پێكهاتەوە بە گشتی و پارت و رێكخراو و هەرلایەنێك كەوتووە دیاری بكرێت، ئەوجا بە چاوی مجرد دەبینرێت هەڵەی هەر پێكهاتەیەك لە كۆێدایە و خوودی ئەو پێكهاتەیە چەند زەرەرمەند بووە لێی ئەوكات بۆ هەمووان دەردەكەوێت گەر لە رابردوو لایەن و پێكهاتەكان بە پێی ئیستحقاق و بەرژەوەندی خۆیان رازی بوونایە بە پرنسیپی هاوشاری بوون و بە هەنگاوی مەعریفی و عەقل و زانستیانە هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكتردا  بكرایە ئەوا ئێستا هەمووان لە و شارە چەند گرەو بردە دەبووین و شار لە كۆێی گوزەر ژیان دەبوو و چۆن هاوڵاتیان لەو شارە سوودمەند دەبوون.
ناشیشارێتەوە:" بە دڵنیایی گەر پێكهاتەكانی شاری كەركوك وەك هاوشاری رەسەن یەكتری قبووڵ بكەن و پشت بدەن بە پشتی یەكەوە ئەوا هیچ باهۆزێكی رەش یا هەڕەشەیەكی دەرەكی ناتوانێت زیان بەو شارە بگەیەنێت، بە پێچەوانەوە كەركوك لە رووی پێگەی هەرێمایەتی پێگەیەكی گرنگی جیۆ سیاسی هەیە دەتوانێت رۆڵی گرنگ ببێنێت لە ناوچەكە، شارێكی دەوڵەمەندە لە هەر دوو رووی ژێر خان وسەرخان ئەو شارە لە هەردووكیدا زۆر دەوڵەمەندە، 
بەڵێ ئەو شارە دەوڵەمەندە بە عەقڵی كۆكراوەی فرە رەگەزی و بە ئایدیا و كەلتوری جیاجیاو رەنگاوڕەنگی جوان سەرو سیمای شارستانیەتیكی یەكگرتوو، هەروەها لە رووی سەرچاوەی سروشتی و سەرمایەی نەوت و پترۆل و ئابوریدا زۆر دەوڵەمەندە، شارێكە لە توانایدا هەیە رۆڵێكی زۆر گەورە لە ناوچەكە ببێنێت سوود بگەیەنێت بە شارەكانی ترش دەتوانێت بە پشتبەستن بە عەقڵی هاوشاری بوونی خۆی لە ناوچەكە و پارێزگاری بەهێز لە خۆی بكات، دەتوانێت زۆر بە ئاسانی خۆی لە هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی و هەرێمایەتی بە مەرجی پرنسیپی زانستیانەی هاوشاری بوون.
بۆیە پێویستە هەردەم لەو شارە سیاسەتی تێكەڵاو و پێكەوە ژیان یەكتر قبووڵ كردن لە لایەن هەموو هێزەكانەوە وەك ستراتیژی نیشتیمانیی و نەتەوەیی پەیڕەو بكرێت و  لێی بڕوانرێت.




‌ 77 جار بینراوه‌
1/27/2019 1:12:09 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - له‌ژێر چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
دلسۆز حه‌مه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved