»  وتاری هەفتە
ئیش هه‌ر قابیلی ئه‌وانه‌!
بورهان حاجی سلێمان

له‌ شانزه‌ ساڵی رابردوودا كورد له‌كه‌ركوك پارێزگارو سه‌رۆك و زۆرینه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاو فه‌رمانگه‌ گرنگه‌كانی شاره‌كه‌ی له‌ده‌ستبووه‌، له‌عێراقیش له‌سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌وه‌ بۆ جێگرایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌ گرنگه‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌موو قورساییه‌ نه‌یتوانی ئه‌نجومه‌نێكی رۆشنبیری سه‌روو حیزب و نه‌ته‌وه‌و تایه‌فه‌ پێكبهێنێت كه‌ ئاواتی زۆرینه‌ی رۆشنبیرانی شاره‌كه‌ بوو، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بزافی رۆشنبیری كه‌ركوك به‌ گشتی و كوردی به‌تایبه‌تی رۆژ به‌ رۆژ له‌پاشه‌كشه‌دا بووه‌و یه‌ك له‌دوای یه‌ك ده‌زگا رۆشنبیرییه‌ كوردییه‌كانی شاره‌كه‌ ده‌پوكانه‌وه‌و داده‌خران.
گۆڕانكارییه‌كانی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 هه‌لی بۆ خه‌ڵكێكی دیكه‌ ره‌خساند تاكو ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌م شاره‌ پێمان نه‌كرا ئه‌وان بیكه‌ن، بۆیه‌ زوو قۆڵیان لێی هه‌ڵماڵی و كه‌وتنه‌ كاركردن له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌كو پرسه‌ گورگانه‌یه‌ك پرسیان به‌ ئێمه‌ كرد، چونكه‌ كه‌ دانیشتین له‌گه‌ڵیان پرۆژه‌یه‌كی كامڵ و پێگه‌یشتوویان ئاماده‌ كردبوو، كه‌ تیایدا وه‌كو سه‌ده‌قه‌یه‌ك نوێنه‌رایه‌تی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هێنده‌ی برایانی مه‌سیحی بوو! بۆ ئه‌وه‌ش هه‌ر یه‌ك له‌ڕاكان جبوری له‌كه‌ركوك و عه‌بدولئه‌میر ئه‌لحه‌مدانی وه‌زیری رۆشنبیری و گه‌شتوگوزار و ئاسه‌واری عێراق له‌به‌غدا، پێشوازیان لێیان كردووه‌و ئاماده‌یی گرتنه‌خۆو پشتگیریی كردنی پرۆژه‌كه‌یان خستۆته‌ڕوو.
من لێره‌دا هه‌موو به‌راوردكارییه‌كی ئه‌م شانزه‌ ساڵی رابردوو وه‌لاوه‌ ده‌نێم ته‌نها به‌راوردێكی نێوان دوو وه‌زیری رۆشنبیری عێراقی ده‌كه‌م:
یه‌كه‌میان فریاد ره‌واندزی كورده‌و جگه‌ له‌به‌كالۆریۆسی كیمیا، خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دبلۆمی رۆژنامه‌وانی و وه‌رگێڕانیشه‌و دامه‌زرێنه‌رو سه‌رنووسه‌ری چه‌ندین رۆژنامه‌و ئه‌ندامی چه‌ندین یه‌كێتی و سه‌ندیكای ناوخۆیی و جیهانی رۆژنامه‌وانییه‌، ئه‌و به‌ڕێزه‌ چوار ساڵ (2014- 2018) وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له‌ده‌ستبووه‌، به‌ڵام بۆ جارێكیش (جگه‌ له‌وانه‌ی نزیكی خۆی بوونه‌) له‌گه‌ڵ رۆشنبیره‌ كورده‌كانی كه‌ركوك كۆنه‌بۆته‌وه‌و جارێكیش سه‌ردانی شاره‌كه‌ی نه‌كردووه‌، پشتگیری هیچ پرۆژه‌یه‌كی رۆشنبیری شاره‌كه‌شی نه‌كردووه‌ كه‌ تاكو ئێستاش به‌ده‌ست شوێنه‌واره‌كانی رۆشنبیری به‌عس و كلتوری ته‌عریبه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، له‌وه‌ش خراپتر رۆژنامه‌ی (ئه‌لئیتحاد) زمانحاڵی حیزبه‌كه‌ی كه‌ خۆی یه‌كێك بووه‌ له‌دامه‌زرێنه‌رانی و سه‌رنووسه‌ریشی بووه‌، له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا به‌به‌رچاویه‌وه‌ له‌گۆڕده‌نرێت!
دووه‌میان عه‌بدلئه‌میر ئه‌لحه‌مدانییه‌ كه‌ جگه‌ له‌بواری شوێنه‌وارناسی و ئه‌نترۆپۆلۆژیا له‌هیچ كایه‌یه‌كی دیكه‌ی رۆشنبیری چالاكییه‌كی به‌رچاوی نییه‌، ئه‌میان چه‌ند رۆژێكی كه‌مه‌ بووه‌ته‌ وه‌زیر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌سته‌بژێری رۆشنبیری عه‌ره‌بی كه‌ركوكدا كۆده‌بێته‌وه‌و پشتگیری پرۆژه‌كانیان ده‌كات.
ئیتر نازانم بۆچی یه‌كێتی هه‌ڵپه‌ی وه‌زاره‌ت ده‌كات له‌ به‌غدا كه‌ هیچ بۆ شارێكی گرنگی وه‌كو كه‌ركوك نه‌كات؟ بۆچی له‌ بری ئه‌وه‌ قورسایی خۆی ناهێنێته‌ كه‌ركوك تاكو شه‌ڕی ته‌عریب له‌گرنگترین سه‌نگه‌ره‌وه‌ بكات كه‌ رۆشنبیرییه‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ پرۆژه‌كه‌یان سه‌رینه‌گرتبێت، ئه‌وان ناوه‌ستن و ئیشی خۆیان ده‌كه‌ن و له‌كۆتاییشدا هه‌ر سه‌رده‌كه‌ون، چونكه‌ ئیش هه‌ر قابیلی خۆیانه‌.

‌ 1062 جار بینراوه‌
2/2/2019 10:18:40 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved