»  راپۆرت
پردی ده‌روازه‌ی باكوری شاری كه‌ركوك پێویستی به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌
ئا/ هاوار ستار


پردی هاتنه‌ نێوه‌وه‌ی كه‌ركوك له‌ گه‌ڕه‌كی ره‌حیماواوه‌ له‌ده‌روازه‌ی رێگه‌ی هه‌ولێر پێویستی به‌ نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی رۆچونێكی زۆر تێیدا رویداوه‌ و ئاوی باراناو تێیدا كۆده‌بێته‌وه‌ و به‌مه‌ش گرفتی هاتوچۆ دروست ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاسه‌ و چاڵی تێدا دروست بووه‌ و بووه‌ته‌ مایه‌ی نیگه‌رانی شۆفێران و رێبواران به‌و رێگه‌یه‌دا.
مه‌هدی ئه‌حمه‌د یه‌كێك له‌ هاوڵاتیانی شاری كه‌ركوك و دانیشتوی گه‌ڕه‌كی شۆراوه‌ بۆ هه‌واڵ وتی: “رۆژانه‌ چه‌ند جارێك به‌و رێگه‌یه‌دا تێپه‌ڕده‌بم و ده‌چمه‌ ره‌حیماواوه‌ به‌ڵام رێگه‌ كه‌ تابڵێی ناخۆش و وێرانه‌یه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ كاتی باران ئاوی تێدا كۆده‌بێته‌وه‌ هاتوچۆ سه‌خت ده‌كات و تاسه‌یه‌كی زۆریشی تێدا دروست بووه‌”.
ئه‌و هاوڵاتیه‌ وتی: “ئه‌و رێگه‌یه‌ رێگه‌ی سه‌دان و هه‌زاران خه‌ڵكی شاره‌كه‌ و رێبواران و هاتوچۆی بازرگانیشه‌ و رۆژانه‌ به‌سه‌دان ئۆتۆمبێل پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و له‌ روی سه‌لامه‌تی و گیان و ماڵی خه‌ڵكه‌وه‌ پارێزراو نییه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش سیمایه‌كی شارستانی نییه‌ چونكه‌ ئه‌و رێگه‌یه‌ شاده‌ماری داخل بوونی كه‌ركوكه‌ له‌ ره‌حیماواوه‌”.
نه‌جمه‌دین ئه‌مین شۆفێری تاكسیه‌ و هاتوچۆی له‌سه‌ر ئه‌و رێگه‌یه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ دێته‌ ره‌حیماواوه‌ بۆ هه‌واڵ وتی: “ئێمه‌ وه‌كو شۆفێران كێشه‌مان له‌و رێگه‌یه‌ بۆ دروست ده‌بێت به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانمان زیانی به‌رده‌وكه‌وێ و تاسه‌یه‌كی زۆری تێدایه‌ و ئه‌و رێگه‌یه‌ رێگه‌ی خێرایه‌ و زۆرجار ئه‌گه‌ر بته‌وێ هێواش بیته‌وه‌ ئه‌وا ئۆتۆمبێلی تر ئه‌گه‌ری خۆ پێداكێشانی پێتدا هه‌یه‌ و مه‌ترسی دروست ده‌بێت بۆیه‌ چاكردنه‌وه‌ی خێرای باشترین چاره‌سه‌ره‌”.
ئه‌و شۆفێره‌ وتیشی: “به‌هیواین لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌زووترین كات خه‌می ئه‌و رێگه‌یه‌ بخوات چونكه‌ زۆرترین زیان به‌ هاوڵاتی ده‌كه‌وێت و مه‌ترسی له‌سه‌ره‌ له‌ روی زیان گه‌یاندن به‌ ئوتومبیله‌كان و ئه‌گه‌ری رودانی روداوی هاتوچۆش هه‌ربۆیه‌ چه‌ند زووتر كاری تێدا بكرێت باشتره‌ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی”.
ده‌رباره‌ی نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ی ئه‌و رێگه‌یه‌ و پرده‌كه‌ی ره‌حیماوا و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار هه‌واڵ په‌یوه‌ندی كرد به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری رێگاوبان و پرده‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و ئه‌ركی چاكردنه‌وه‌ی ئه‌و رێگه‌ و پرده‌ی بۆ شاره‌وانی گه‌ڕانده‌وه‌.
قه‌یماز عه‌لی موسا به‌ڕێوه‌به‌ری رێگاوبان و پرده‌كانی كه‌ركوك بۆ هه‌واڵ وتی: “ئه‌و پرده‌ و رێگه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ نێو شار ئه‌ژمار ده‌كرێت له‌به‌رئه‌وه‌ سه‌ر به‌ شاره‌وانی كه‌ركوكه‌ و ئه‌ركی چاكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وانه‌”.
له‌و باره‌یه‌وه‌ شاره‌وانی كه‌ركوك ده‌ڵێن هه‌مو پردێك له‌ ناوخۆی شار و ده‌ره‌وه‌بێت له‌سه‌ر به‌ڕێوبه‌رایه‌تی رێگاوبان و پرده‌كانه‌ سه‌رپه‌رشتی بكات.
سه‌ردار عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی كه‌ركوك بۆ هه‌واڵ رونیكرده‌وه‌: “ئه‌گه‌ر ئه‌و رێگه‌یه‌ به‌ پرده‌كه‌وه‌ ئه‌ژمار بكرێت ئه‌وا چ له‌ ناوخۆ و چ ده‌ره‌وه‌ی شار په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی رێگاوبان و پرده‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ حاڵه‌تێكدا له‌سه‌ر شاره‌وانی ئه‌ژماركرا و ئه‌وان نه‌یانكرد ئه‌وا هه‌وڵی چاكردنه‌وه‌ی ده‌گرینه‌ ئه‌ستۆ و نۆژه‌نی ئه‌و رێگه‌یه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌”.
به‌ڕێوبه‌ری شاره‌وانی كه‌ركوك ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: “له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای ساڵه‌ و بودجه‌ به‌ ده‌ست نه‌گه‌یشتوه‌ به‌ڵام له‌ رێگه‌ی پارێزگای كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ ئیداره‌ی پارێزگا بودجه‌ی بۆ ته‌رخان بكه‌ین چونكه‌ ئه‌و رێگه‌یه‌ رۆچووه‌ و قیره‌كه‌شی هه‌ستاوه‌ و به‌كه‌ڵكی رۆشتن نه‌ماوه‌ له‌ كاتێكا ده‌روازه‌ی هاتنه‌ نێو كه‌ركوكه‌”.


‌ 340 جار بینراوه‌
2/2/2019 10:31:45 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved