»  شۆک
گەنجێكی كەركوكی “پاوەر بانك” دروست دەكات
ئا/هەواڵ

گەنجێكی كەركوكی لە توانایدایە هەڵگری وزە (پاوەر بانك) دروست بكات ئەمەش دوای ئەوەی پارچەكانی كۆدەكاتەوە و پێویستیەكانی لە وڵاتی چینەوە بۆ دەهێنێت و دابین دەكات، هەڵمەت سەعید ئەو گەنجە كەركوكیەیە توانای باشی لە بواری ئەلیكترۆندا هەیە و لە ئێستاشدا دروستكەری هەڵگری وزەیە، لەم دیمانەیەی هەواڵدا ئەو گەنجەتان پێدەناسێنین.

*هەڵمەت كێیە ؟
-ناوم (هەڵمەت سەعید قادر) لەدایكبووی 1995ی شاری كەركوكم، لەگەڕەكی رەحیماوە لەدایك بوم، خەلكی گوندی ئیلینجاخم، سەر بەناحیی شوان، منداڵیم بەشێوەیەكی ئاسایی تێپەراند هەروەك منداڵانی تر، لەگەڵ خێزانەكەم، سوپاس بۆ خوا توانیم خوێندن تەواو بكەم ئێستا دەرچوی پەیمانگەی تەكنیكی كەركوكم، بەشی كارگێری بازاركاریم تەواو كردوە، لەئێستادا بەڕۆژ كاردەكەم و بەشەویش خەریكی پاوەربانك و ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان دەبم. 

*لەكەیەوە دەستت كرد بە دروست كردنی پاوەربانك و چۆن خولیای بواری ئەلیكترۆن بوویت؟
-هەر لەمنداڵیەوە خولیای بواری ئەلیكترۆنیم هەبوە بەرادەیەك بێ ئەوەی هیچ بلێم چواردەورەكەم هەستیان پێكردوم، بەتایبەتی باوكم كە هەر لەمنداڵیەوە ئامێری تێست كردنی كارەبای بۆ كڕیوم، بەڵام من ئەو كات سەرەتا خودی ئامێرەكەم كردەوە تا بزانم چۆن دروست كراوە، دواتر داوام لێكردەوە ئامێرێكی تری بۆ هێنامەوە، زۆر باوەڕی پێم بو، زیاتر لەوەی من خۆم باوەڕم بەخۆم هەبێت، زیاتر لە دوو ساڵە دەستم بەدروست كردنی هەڵگری وزە (پاوەر بانك) كردوە. 

*پرۆژە و هەوڵەكانت چین ؟
-لە ئیستادا وەك خەونێكی لە پێشینەم كەزۆر دەمێكە بەدوای رێگایەك دەگەرێم بتوانم هەڵگری وزە بۆ كارەبای ناوماڵ دروستكەم، زۆر جیاواز تر بێت لەوانەی كە لەبازاڕەكاندا هەیە و بتوانی بەئاسانی ئامێرەكانی پێ بكەیتە كار و كاتی زیاتر كاربكات، زیانی نەبێت كاتێك بە بێ ئاگایی دەستت بەر تەلی كارەباكە كەوت، ئێستا زۆربەی بەشەكانی ئەم جۆرە هەڵگری وزەیەم تەواو كردوە، تەنها چەند بەشێكی كەمی ماوە پاشان تاقی كردنەوەی بۆ دەكەم لەسەر ئامێرە كارەباییەكان، گەر سەركەوتوبوم لەو كارە وەك پاوەر بانكی مۆبایلەكە بڵاویدەكەمەوە. 

*كێ هاوكارت بووە بۆ پەرەدان بە تواناكانت و بەدەستهێنانی كەرەستەكان؟
-وەك هاوكاری جگە لەخێزانەكەم بەتایبەتی باوكم كەسی تر نەبوە، بەڵام وەك دەستخۆشی و هاندان بەلێ زۆر دەستخۆشیم لێكراوە و زۆر كەس هانیانداوم كە بەردەوامبم، بەتایبەتی هاوڕێكانم و خزمێكم هەركەزانی خەریكی ئەو كارەم زۆر پشتگیری كردم، لەرێگای قسەكردن و هاندانم بۆ بەردەوامبون،  پێداویستیەكانم لەرێگای بازاری ئۆنلاین دەكڕم و لەسەر ئەركی خۆم بوە، بەزۆری و هەندێ جار پێویستم بوبێت لە باوكیشم داواكردوە، راستیەكیش هەیە من سەرەتا تەنها بە 14000 دینار چەند كارتێكی ئەلیكترۆنیم كڕی لەبازارە ئەلیكترۆنیەكان پاشان لێرە فرۆشتم و چەند شتیكی تریشم كری و فرۆشتم تا لەسەرەتا 10 هەڵگری وزەم دروست كرد، پاشان بینیم هاورێكانم زۆر بەدڵیان بوو كردم 30 دانە و بردمە بازار، ئەوانی زۆر بەدڵیان بوو منیش جار بەجار زیاترم دەهاورد. 

*هیچ پرۆژەت بەحكومەت داوە، هاوكارت بوون؟
-نەخێر هیچ پرۆژەیەكم بەحوكمەت نەداوە، تەنها بۆ خۆم وەك خولیایەك كارم تێدا كردون. 

*چیت هەیە بۆ گەنجان لە دەرخستنی تواناكانیاندا؟
-لەراستیدا گەنجی زۆر بەتوانامان هەیە كە دەتوانن كاری زۆر مەزن بكەن، داوایان لێدەكەم هەر كەسەو بێتە پێشەوە لەبوارەكەی خۆی دا كەدەزانێت بەهرەیەكی هەیە با ونی نەكەن وە كات بۆ پرۆژە و بیرۆكاكانیان دابنێن هەوڵدەن سەرەتا خۆیان دەرخەن، چونكە كەس نازانێ چی لە خەیاڵی ئێمەدایە گەر خۆمان دەرینەخەین، هیچ كات لە دەرئەنجام و قسەی ناخۆش مەترسن، ترس هەمو شتێ لەناو دەبات بەتایبەتی حەز و خولیا و بەهرەكان، داوا لەگەنجان دەكەم هەرچی دەزانن دەریخەن، وامەكەن بەهرەكانتان ون بێت تەنها پشت بەخۆتان ببەستن نەشەرم نەترس لەو دوانە خۆتان بەدور بگرن تاسەركەون 

*كۆتا پەیامت چییە؟
-لەكۆتایدا هیوادارم بتوانین شوێنێكمان هەبێت كە بەهرەكانی گەنجانی لێ تاقیبكرێتەوە نەك دوای سەركەوتنیان ئەوسا ئاوڕیان لێبدرێتەوە، با ئیتر گرنگی بە بەرهەمی خۆمان بدەین هیچكە خۆمان ئالودەی بەرهەمە هاوردەكان نەكەین، كارەكانمان خۆشبوێت، رێز لە بەرهەمە ناوخۆییەكان بگرین، سوپاسی هەمو هاورێ و خۆشەویستانم دەكەم، سوپاسی خێزانەكەم دەكەم كە زۆر پشتگیرم بوون، هەرچی بلێم بۆ دایك و باوكم كەمە زۆرم خۆشدەوێن، سوپاس بۆ ئێوەش.


‌ 106 جار بینراوه‌
2/3/2019 1:33:56 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - له‌ژێر چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
دلسۆز حه‌مه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved