»  وتاری هەفتە
بۆ ئەوەی هەڵەكان دووبارە نەبنەوە
بورهان حاجی سلێمان

دوا جار ئەوەی یەكێتی دەبوایە دەمێك بوو بیكات كردی و پێداگرییەكەی لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك وەك مەرجێكی سەرەكی پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بە رێكەوتنێكی دووقۆڵی لەگەڵ پارتی كۆتایی هات، كە تیایدا كۆكبوون لەسەر كاراكردنەوەی ئەنجومەنە پەكخراوەكەی پارێزگای كەركوك.

هەرچەندە رێكەوتنەكە بەدەرنییە لە هەندێك پرسی تەمومژاوی و تەنها كۆبوونەوەی لیستی برایەتی دەبێت و لە بری شاری كەركوك بڕیارە لە هەولێر ئەنجامبدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوێكی گرنگە بە ئاراستەی سووككردنی باری قورسی سەرشانی كەركوكییەكان، كە ئەگەر نییەت پاكی لەگەڵدابێت و تەنها مەبەست لێی خزاندنی یەكێتی نەبێت بۆ رێگەخۆشكردنی بەردەم مەسرور بارزانی راسپێردراو بە پێكهێنانی حكومەت و دواتر هێنانەوەی پاساوو بیانوو بۆ خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی تەواوی بڕگەكانی رێكەوتنەكە، ئەوە رەنگە هاوتا لەگەڵ هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ گەڕاندنەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەدابڕاوەكان دەرفەتێكی زێڕین بێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كورد پێگەی شایستەی لە كەركوك وەكو زۆرینەی پارێزگاكە بۆ دەستەبەرببێت، هەرچەندە زۆر قورسە لەم هەلومەرجەدا گەڕانەوە بۆ پێش بڕیارە مەترسیدارە 12 بڕگەییەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە دوو رۆژ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم دەریكردو تێیدا تەواوی دەستكەوت و رۆڵی كوردی لە شارەكە خستەبەر رەشەبای لەناوچوون، بەتایبەتی بڕگەی دوو كە تیایدا داوای لە سەرۆك وەزیران و سوپاو هێزە عێراقییەكانی كرد لەپرسی گەڕانەوە بۆ تەواوی ناوچە دابڕاوەكان.

لێرەدا گرنگە كورد ئەمجارە بە حیكمەتەوە مامەڵە بكات و هەڵەكانی پێشوو دووبارەنەكاتەوە لە تاكڕەوی لە بڕیاردان و پەراوێزخستن و نەقیزە پێوەكردنی نەتەوەكانی دیكە، بەتایبەتی لە ئێستاداو ئەگەر رێكەوتنەكەش جێبەجێكرا، تاكە خاڵی بەهێزی كورد ئەو دەزگا تەشریعییە دەبێت و لە كایە گرنگەكانی دیكە بەتایبەتی ئەمنی و سەربازی و ئیداری رۆڵ و پێگەیەكی ئەوتۆی نییە، تاكو ئێستاش لە عێراق واقعی ئیتنی و تەنانەت واقعی سەپێندراو رۆڵی یەكلاییكەرەوە دەبینن، نەك یاساو تەشریعات، بۆیە بێ بەشداریكردنی نەتەوەكانی دیكە لە دروستكردنی بڕیار، هەر رێكەوتنێك بەمردوویی لەدایك دەبێت، ئێمەش پێشتر ئەزموونی تاڵمان لەو بوارەدا هەیەو ئەو بڕیارە تاكڕەوانە ركابەرانی كوردیان لە نەیارەوە كردە دوژمنگەلێكی سەرسەخت و لە ساڵ و نیوی رابردوودا وەكو كەركوكی باجەكەیمان زۆر بە قورسی داوە، راستە هەرچی بكەین ئەوان نابنە دۆستی راستەقینە، بەڵام هەر هیچ نەبێت وەكو سێ لایەنی ركابەری سەرەكی لە چوارچێوەی رێزگرتن لە رێكەوتنێكی هەمەلایەنە، بیانكەین بە شەریكی راستەقینە، بۆیە پێویستە بڕیارەكان كەركوكییانە بن، چونكە لە تەنگانەدا هەمیشە دروستكارانی قەیرانەكان تێیان قوچاندووەو كەركوكییەكان بەتەنیا ماونەتەوەو هەرچی رق و كینەی نەتەوەكانی دیكەبووە، وەك ژەهرێكی رەگەزپەرستانە دەرخواردی كەركوكییەكان دراوە.

‌ 328 جار بینراوه‌
2/8/2019 3:46:19 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - له‌ژێر چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
دلسۆز حه‌مه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved