»  بینین
لە 1963 دەژین.. هێشتا
دلسۆز حه‌مه‌


ئەمڕۆ 9ی شوباتی 2019 پەنجاو شەش ساڵی رەبەق تێدەپەڕێت بەسەر یەكەمین هەوڵی كودەتای بەعسیەكان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات،هەر ئەو ڕۆژە عەبدولكەریم قاسم خاكیترین و دەستپاكترین سەرۆكێك كە عێراق لە درێژایی مێژوی دروست بونیەوە بەخۆیەوە دیتبێتی لەناو دەزگای ڕادیۆدا زۆر بەشێوەیەكی دڕندانە تیرۆر كرا، كودەتای هەشتی شوباتی 1963 لەلایەن بەعسیەكانەوە،قۆناغێك بو كە عێراقی لە خوێن هەڵكێشاو،سەرەتای ئەو قۆناغە بوو كە بەعسیەكان چرای ئازادی ودیموكراسی و بەهاكانی پێكەوە ژیان ومافی مرۆڤ ومافی هاوڵاتیان بۆ ئەبەد كوژانەوە، نیوسەدە لەمەوبەر بەعسیەكان بە باسكی خوێناوی و خەیاڵێكی دڕندانەوە هاتنە دەسەڵات وبەئاگرو ئاسن،بەدڕندانەترین شێواز گەلانی عێراق چەوسانەوە،سێ جەنگی ماڵوێرانكەریان بەرپا كردو كاتێك لە 2003ئەمەریكا عێراقی لە بندەستی بەعس وسەددام دەرهێنا، عێراق خاكێكی سوتماك و كۆمەڵگایەكی پەتەوازەو میللەتێكی ژێر هەژمونی تراوما و برسێتی وهەژاری و وێرانەكانی جەنگ بوو، لە دوای 8ی شوباتەوە ئیتر عێراق پێدەنێتە ناو تەنێلەكانی بەعس و تەنانەت دەرگاو پەنجەرەو پێخەفی نوستنەكانیش هەڵدەكشێن لە خوێن و مەرگ،هەربۆیە ماكەكانی جەنگ وپاشكەوتەیی و پەرتەوازەیی كۆمەڵگای عێراقی وئەو لێكهەڵوەشانە دەرونی و ئەخلاقی و سیاسیەی دووچاری بۆتەوە دوای كەوتنی بەعس و ئاوابونی دەسەڵاتی سەددامیش هێشتا درێژەی هەیە وهیچ هێزیك نەیتوانیوە عێراق بكاتە نەتەوە، بكاتە كۆمەڵگایەكی هۆمۆجین و تەبا وپێكەوەیی،دوای پەنجاو شەش ساڵ شتێك نەماوە بەناوی عێراق تەنها شێوازە گرافیكەكەی نەبێت لەسەر نەخشەو ئەتڵەسەكان، تەنانەت ئەو بەرپرس ودەسەڵاتدارانەی بە توندی بانگەشەی یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەن، لەخەیاڵی سیاسی خۆیاندا عێراق تەنها ئەو پارچە سیاسیە دەگرێتەوە كە تایبەتە بە ئەتنیك و گروپ وتایەفەو ئایین ومەزهەب ودینەكەی خۆی .نە لەخەیاڵی گشتیدا نە وەكو پڕۆژەیەكی سیاسی و، نە وەكو قەبارەیەكی سیاسی وئیداریش شتێك نیە بە ناوی دەوڵەتی عێراق، ئەو هێزانەی بەم دەوڵەتە فاشیلەدا خۆیان هەڵواسیوە(بە ئێمەی كوردیشەوە) تەنها مۆتیڤ و ئامانج دەسكەوتی ماددی وبەرژەوەندی گروپ و حیزب و تاكەكەسیەو هیچی تر!!
عێراق بەرهەمی شەڕ ودەبەشكردنی غەنیمەی سیاسی دەوڵەتانی سەركەوتوی جەنگی جیهانی یەكەمە، هیچ توڕەبونی ناوێت ئەگەر بڵێین ووڵاتێكی بێ ڕەگوڕیشە و ئۆریجناڵ نیەو دواجار هیچ پڕۆژەیەكی سیاسیش نەیتوانی ونەیكرد بە دەوڵەتێكی بەهێز، دەولەتی نەتەوە،بەڵكو زۆر بە پێچەوانەوە، عێراق وەكو حەججاج دەسفی دەكات بە(ارض النفاق و الشقاق) ئەگەر لە گەڵ خۆماندا ڕاستگۆ بین، ئەوە راستگۆترین پێناسەیە بۆ عێراقێك كە كودەتا لەسەر كودەتا بە ناوی شۆرشەوە ژیانی سیاسی و هەیبەتی حكومەتی عێراقی ڕسوا كردوە، ئەگەر هێزەكانی ئەمەریكا وهاوپەیمانان نەدەبون، ئەگەر سوپاسی عێراق لەگەڵ هاتنی ئەمەریكاییەكاندا هەڵنەوەشایەتەوە ئێستا دەیان ئینقیلاب و كوشتارگەی تر ڕویان دابوو، لە پەنجا ساڵی رابوردودا،لەساتەوەختی ڕوخانی پاشا و ڕاكێشانی تەرمی نوری سەعید ولەتوپەتكردنی عبدالاە، تیرۆری سیاسی ولەناوبردنی نەیارانی سیاسی و زمانی چەك تاقە زمانێكە كە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا گفتوگۆی پێدەكات، ئەم زمانە خوێناویە دوای هەشتی شوبات لە سەردەمی بەعسدا گەیشتە دڕندەترینو نامرۆڤانەترین وترسناكترین ئاستەكانی كوشتن وبڕین، بەسەدان وهەزاران ئەفسەر و فڕۆكەوان كادری سەربازی وزانستی ومامۆستا وپزیشك وهونەرمەند ونوسەر وبازرگان وكەسانی ‌بەتوانا و هەڵكەوتوی ئەم كۆمەڵگایە بونەتە قوربانی و ووزەیەكی زۆری ئەم كۆمەڵگایە بە فیڕۆ چوە،عێراق ناشرینترین شێوازی حوكومڕانی وپیادەكردنی سیاسەت بەخۆیەوە دەبینێت .
دوای زیاتر لە نیوسەدە وتێپەڕاندنی ئەزمونی بەعس و تاوانەكانی، دوای ئەزمونی هاوبەشی میللەتانی عێراق لە بندەستی بەعسدا،دەسەلاتدارانی عێراق ونوخبەی سیاسی عێراق نەك ئەزمونیان وەرنەگرتوەو پڕۆژەی نوێیان پێ نیە بەڵكو عێراق و بونەتە سەرمەشقی گەندەڵی و دزی بێپەردە .هەموو ڕۆژێك وانەیەكی نوێ فێری خەڵك دەكەن لە چۆنیەتی دزیكردن و تاوان وكوشتن و خۆپەرستی و دڵرەقی وپجڕانی هەموو ئەوەی پێی دەڵێن ئینتیما،هۆكارن بۆ ڕوخانی بەهاكان ودابەشبون وزیاتر دابەشتربونی كۆمەڵگای عێراقی بەسەر گروپ وهیز ومێلیشیا وناوچەو گەڕەك وشار و تەنانەت بەسەر زانكۆ ومزگەوت و گەڕە وجادەی جیاوازدا، كۆمەڵگای عێراقی لە شەبەكەی ڕاوكردنی ماسی كون كونتر ولە ئاردی ڕژاوی ناودڕك دەچێت، هیوایەك لەو كۆمەڵگایەدا نیە كە سەردارەكانی دز و مافیا و ڕەعیەتیش سەرقاڵی ئەڤیونی ئەلەكترۆنی وئەفسانەی مەزهەبی وتایەفەگەری وناوچەگەری ووڕو كاسی كردون!
ئێستا لە 8ی شوباتی 1963 دەچێت،نائارامی،پەشیوی سیاسی،گەندەڵیەكی مونەزەم و ئاشكرا،تیرۆری سیاسی،هەژاری وخراپترین سیستەمی پەروەردە، میللەتێكی هەلاهەلا وپەرتەوازە، كۆمەڵگایەك لە دوای نیوسەدە هەر لە جێگای خۆی چەقی بێت ئاخۆ پاشەڕۆژی هەیە؟

‌ 805 جار بینراوه‌
2/8/2019 4:02:10 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved