»  باران
گوڵان مەحمود: باسكردنی كێشەكان یەكەم هەنگاوی چارەسەرە
ئا/ سەنگەر كاكۆ


گوڵان مەحمود، خوێندكاری قۆناغی چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی كەركوك، لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە چیرۆك و ژیان و بەسەرهاتی وڵاتە هەژار نشینەكان وەردەگێڕێتە سەر زمانی كوردی، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ (هەواڵ) باس لە كارەكانی دەكات و و دەڵێت:” دەمەوێ خەڵك ئازایەتی ئەوەیان هەبێت كە چیرۆكی خۆیان باسبكەن، باسكردنی كێشەكان یەكەم هەنگاوی چارەسەرە”.

* لە رێی وەرگێڕانی چیرۆك و ژیانی وڵاتە هەژارنشینەكانەوە دەتەوێ چ پەیامێك بە كۆمەڵگە بگەیەنیت؟
- پەیامەكە ئەوەیە كە ئێمە بەتەنیا نین لە مەینەتی و ئازار چەشتندا، هەروەها دەمەوێ خەڵك ئازایەتی ئەوەیان هەبێت كە چیرۆكی خۆیان باسبكەن بۆ كەسانی تر، چونكە باسكردنی كێشەكان یەكەم هەنگاوی چارەسەكردنیانە.
*پێتوایە چیرۆكی ژیانی ئەو كەسانە لە كۆمەڵگەی خۆمانەوە نزیكە؟
- بەڵێ خاڵە هاوبەشەكە سەختی ژیان و زۆری موعاناتی مرۆڤەكانە، دەنا رەنگە لەهەندێك جێگە كێشەكە تەنها هەژاری بێت، بەڵام لێرە بەردەوام جەنگ هەیە كە ژینگەكەشی وێرانكردووە، بەهۆی زۆری و جیاوازی كلتورو زمان و ئاینەكانەوە بەردەوام ململانێ هەیە، ئەمەش وایكردووە ئارامی بە ئەستەم بەرقەرار بێت.
*سەرەڕای سەختی ژیان، لە چیرۆكەكاندا هەمیشە هیواو ئومێد بەدی دەكرێت، دەبێ خەڵك چۆن ئومێد دروست بكات؟
- هەموو شتێك بە خۆشویستنی خۆت دەستپێدەكات، هەر كات ئەوە روویدا ئیتر كاردەكەیت بۆ باشتركردنی ژیانی خۆت و كەسانی تر، منیش ئەوە ناودەنێم ئومێد، بەبۆچوونی من ئومێد شتێكی كردارییە، ناكرێ بە كەسێك بوترێ گەشبین كە كاردانەوەیەكی بەرامبەر بە رووداوەكان نەبێت.
*پێتوایە خەڵكی ئێمە لە رێگای بەشێك لە كەناڵەكانەوە ئاشنای دەوروبەری خۆمان نین كەچی تێدا دەگوزەرێ؟
- لە ئەزموونی خۆم و رووداوەكانی ئەم چەند ساڵەی پێشووی كەركوكەوە دەڵێم میدیای كوردی زیاتر زەرەری هەبووە وەك لە قازانج، رەنگە لەسەر ئاستی تاك كەسانێك هەبن كارەكەیان بە دڵسۆزییەوە بكەن، بەڵام بە گشتی ئەو شتانەت پیشاندەدەن كە خۆیان دەیانەوێ، ئەو دیوەی رووداوەكان كە خۆیان دەیانەوێ بیزانی نەك ئەوەی كە خۆی لە راستیدا هەیە، ئەوەش چونكە لەلایەن دەسەڵاتێكی گەورەتر لە خۆیانەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێن.
*لەرێی چیرۆكەكانەوە دەتەوێت تەنها خەمی ژنان باس بكەیت یاخود پیاوان و منداڵانیش؟
- بێگومان هەموویان، بەڵام بەهۆی كلتوور و شێوازی پەروەردەمان لێرەو لەزۆر شوێنی تری جیهانیش ژنان زیاتر كێشەیان هەیەو قوربانین، ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر ئەوانی دیكەش، چونكە لە كۆتاییدا كۆمەڵگە پێی خۆشبێت یان نا ژن رووحی ژیانە ئەگەر بارودۆخی ئەوان خراپ بێت راستەوخۆ بارودۆخی هەموو كۆمەڵگە خراپ دەبێت.
*بیرت لەوە نەكردۆتەوە مەرگەساتەكانی گەلی كورد وەربگێڕیتە سەر زمانی ئینگلیزی تا لەو رێگەیەوە نەتەوەكانی تریش لە مەینەتییەكانی ئێمە تێبگەن، چونكە كورد لە بواری وەرگێڕان بۆ زمانەكانی تر كەمتەرخەمە؟
- ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئێستایە، چۆن وابكەین ئەو كارەساتانە دووبارە نەبنەوە، چونكە وەك دەزانین بارودۆخی كورد بەردەوام ناسەقامگیرەو وەرگێڕیش بۆ ئەوەی كاری باشبكات پێویستە بارودۆخی مادی و مەعنەویشی باشبێت، بەڵام بەداخەوە لێرە وەك پێویست هاوكاری ناكرێن.
* رەوشی ژیان بە گشتی و ژنان بەتایبەتی چۆن دەبینی لە كەركوكدا و پێویستە چی بكرێت؟
- دەتوانین بڵێین لە خراپترین ئاستیدایە، بۆ ژنانیش زۆر خراپترە، كەركوك پێویستی بە هەوڵی جدی و بەردەوام هەیە تا لەم دۆخەی ئێستای بێتە دەرەوە، دەبێت چارەسەرەكان درێژخایەن بن نەك بۆماوەیەكی كاتی بێت و دوایی هەموو شت وەكو خۆی لێبێتەوە، چونكە كێشەكان زۆر قوڵن لە كەركوكدا، پێویستە خەڵك بەرپرسیارانەتر بیربكەنەوە سەبارەت بە شارەكەیان و خۆیان بە شایەنی ژیانێكی باشتر بزانن وەك لەوەی كە ئێستا هەیە.

‌ 120 جار بینراوه‌
2/9/2019 5:06:12 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - له‌ژێر چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
دلسۆز حه‌مه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved