»  راپۆرت
وه‌ستانی هێڵی ئینته‌رنێت كێشه‌ بۆ به‌شێك له‌فه‌رمانگه‌كانی كه‌ركوك دروست ده‌كات
ئا/ هه‌واڵ

 

به‌شێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه‌كانی كه‌ركوك به‌ هۆی كێشه‌ی وه‌ستانی هێڵی ئینته‌رنێته‌وه‌ دووچاری گرفت ده‌بنه‌وه‌و به‌وه‌ش ناتوانن مامه‌ڵه‌ی هاوڵاتیان به‌ ئاسانی رایی بكه‌ن، به‌ وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هاتوچۆی كه‌ركوك:” ئه‌و گرفته‌ بۆته‌ هۆكاری كه‌ڵه‌كه‌بوونی مامه‌ڵه‌ی هاوڵاتیانه‌”و به‌رێوه‌به‌ری پاسپۆرتیش ده‌ڵێت:” حاڵه‌ته‌كه‌ لای ئێمه‌ به‌شێوه‌ی كاتییه‌و بۆ چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م ئینته‌رنێت ده‌بڕێت و كاریگه‌رییه‌كی وای نه‌كردۆته‌ سه‌ر كاره‌كانمان”.

دوو هه‌فته‌ وه‌ستانی هێڵی ئینته‌رنێت كاره‌كانی هاتوۆی كه‌ركوك كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كات

 شێرزاد ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هاتوچۆی كه‌ركوك، له‌ لێدوانێكیدا بۆ (هه‌واڵ)، رایگه‌یاند:”دوو هه‌فته‌یه‌ به‌هۆی خراپی هێڵه‌كانی ئینته‌رنێته‌وه‌ كاروباری هاوڵاتیان راوه‌ستاوه‌”، ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو:”ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی مامه‌ڵه‌ی زۆری هاوڵاتیان”.

شێرزائه‌حمه‌د، باسی له‌وه‌شكرد:”هه‌ندێك كات هێڵی ئینته‌رنێت له‌لای ئێمه‌وه‌ ده‌وه‌ستێت و ناتوانین شته‌كانیان بۆ بنێرین و هه‌ندێك كاتیش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هێڵی به‌غدا ده‌وه‌ستێت”.

وتیشی:”سه‌رجه‌م كاری هاوڵاتیان كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هێڵی ئینته‌رنێته‌وه‌، وه‌ستاون و هاوڵاتیانیش توشی دۆخێكی خراپ بوونه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان هاتوچۆ ده‌كه‌ن و كاره‌كانیان رایی ناكرێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هاتوچۆی كه‌ركوك، راشیگه‌یاند، چه‌ندین جار نوسراومان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكرێت، چونكه‌ بارگرانیه‌كی زۆری بۆمان دروستكردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ وه‌ڵامێكی باشیان نه‌بووه‌ كه‌ ببێته‌ هۆی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌”.

سه‌باره‌ت به‌هۆكاری پچڕانی هێڵی ئینته‌رنێت، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هاتوچۆی كه‌ركوك، ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد:”له‌ پێشوتردا هێڵی ئینته‌رنێت له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ دابین ده‌كراو و هیچ كێشه‌ و گرفتێك و پچڕانی هێڵه‌كانمان روبه‌ڕوو نابوه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا دابه‌شكردنی هێڵی ئینته‌رنێت دراوه‌ته‌ كه‌رتی گشتی به‌و هۆیه‌وه‌ توشی چه‌ندین گرفت بوینه‌ته‌وه‌”، ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو:”چه‌ندین رۆژه‌ هێڵه‌كه‌ دێت وده‌بڕێت و ناتوانین سوودی لێببین بۆ كاره‌كانمان”.

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هاتوچۆی كه‌ركوك، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:”جگه‌ له‌ هێڵی ئینته‌رنێت رۆژانه‌ چه‌ندین گرفتی دیكه‌مان توش ده‌بێت به‌هۆی نه‌ناردنی له‌زگه‌ی ئۆتۆمبێل و تابلۆ و چه‌ند گرفتێكی دیكه‌”.

پاسپۆرت: كێشه‌كه‌ لای ئێمه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌و بڕانی ئینته‌رنێت كاتییه‌

پاسپۆرتی كه‌ركوكیش ئاشكرایده‌كات، كێشه‌كه‌ لای ئه‌وان به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌و ئه‌گه‌ر هێڵی ئینته‌رنێت ببڕێت بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی و چه‌ند كاتژمێرییه‌.

لای خۆشییه‌وه‌، موقه‌ده‌م نه‌شئه‌ت شاهوه‌یس، به‌ڕێوه‌به‌ری پاسپۆرتی كه‌ركوك، بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:” كێشه‌ی پچڕانی هێڵی ئینته‌رنێتمان له‌ ئێستادا نییه‌، ئه‌وه‌ی هه‌شه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی و چه‌ند كاتژمێرییه‌”.

به‌ڕێوه‌به‌ری پاسپۆرتی كه‌ركوك، وتیشی:” هه‌فته‌ی پێشوو به‌هۆی سیانه‌ی هێڵه‌كانه‌وه‌ حاڵه‌تێكی له‌وجۆره‌ هه‌بوو، به‌ڵام پێشتر ئاگادارمان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ چ كاتێكدا هێڵه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌وه‌ستێت”.

موقه‌ده‌م نه‌شئه‌ت باسی له‌وه‌شكرد:” له‌ كاتی بڕانی هێڵی ئینته‌رنێت، كاتژمێر ده‌ ده‌بڕێت و دواتر كاتژمێر یه‌ك دێته‌وه‌، بۆ رۆژی دواتر ئه‌و مامه‌ڵانه‌ی هاوڵاتیان رایی ده‌كرێت و كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆ دروست نابێت”.

وتیشی:” بڕانی هێڵی ئینته‌رنێت كاتژمێرێك یان دوو كاتژمێره‌، ئه‌وه‌ش نابێته‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م كاره‌كانیان بۆ جێبه‌جێكردنی مامه‌ڵه‌ی هاوڵاتیان”.

به‌ڕێوه‌به‌ری پاسپۆرتی كه‌ركوك، ئاشكراشیكرد:”  رۆژانه‌ لای خۆیانه‌وه‌  (550-600) پاسپۆرت بۆ هاوڵاتیان ده‌رده‌كه‌ن”.

‌ 170 جار بینراوه‌
2/16/2019 12:58:18 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved