»  راپۆرت
ئایا رێكه‌وتنه‌كان به‌ بێ به‌شداری پێكهاته‌كانی كه‌ركوك سه‌ركه‌وتوو ده‌بن؟
ئا/ یانه‌ی هه‌واڵ

 

یانه‌ی هه‌واڵ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی واتس ئاپ، پرسیارێكی رۆژنامه‌وانی ئاراسته‌ی به‌شداربوانی كرد سه‌باره‌ت به‌ (رێكه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی له‌ كه‌ركوك بێ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟ هه‌روه‌ها چ حكومڕانییه‌ك بۆ شاره‌كه‌  به‌ گونجاو ده‌زانی؟ ئایا په‌راوێزخستنی یه‌كتری نێوان پێكهاته‌كان چه‌ند زیانی به‌ كه‌ركوك گه‌یاندووه‌) كۆی وه‌ڵامه‌كانیش به‌مشێوه‌یه‌ بوون.

حوكمڕانی هاوبه‌ش و دوور له‌گه‌نده‌ڵی

باشتر وایه‌ پێكهاته‌كانی تریش به‌شداری پێبكرێن، په‌راوێزخستن له‌ رابردوودا زیانی بۆ كه‌ركوك هه‌بووه‌.

مه‌لا شاخی، سه‌باره‌ت به‌ پرسیاره‌كه‌ی (هه‌واڵ)ده‌ڵێت:” باشتروایه‌ پێكهاته‌كانی تریش به‌شدار بكرێن، له‌گه‌ڵ حوكمڕانی هاوبه‌ش و دوور له‌گه‌نده‌ڵی، په‌راوێزخستنی یه‌كتریش له‌ رابردوودا زیانی زۆری به‌ شاره‌كه‌ گه‌یاندووه‌”.

حكومڕانی هاوبه‌ش به‌ ره‌چاوكردنی زۆرینه‌ باشترین چاره‌سه‌ره‌

به‌بێ به‌شداریپێكردنی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ سه‌ر ناگرێ، حكومڕانی هاوبه‌ش به‌ ره‌چاوكردنی زۆرینه‌ باشترین چاره‌سه‌ره‌.

هه‌وراز شوانی، سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت:” نه‌خێر سه‌رناگرێ، ناكرێ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ په‌راوێز بخرێن”.         

هه‌روه‌ها حوكمڕانی هاوبه‌شی هه‌موان له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی زۆرینه‌ به‌ چاره‌سه‌ر ده‌زانێت”. 

بڕواشی وایه‌ په‌راوێزخستنی یه‌كتر زیانی به‌ كه‌ركوك گه‌یاندووه‌”.

كورد ناوماڵی خۆی رێكبخات

هه‌ر بڕیارێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌چاره‌نوسی كه‌ركوك و حكومڕانی كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌بێ ده‌بێ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی تر ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكرێ.

ئاسۆ سدیق، نوسیویه‌تی:”ڕێكه‌وتنی پارتی ویه‌كێتی له‌كه‌ركوك، دوولقی لێده‌بێته‌وه‌، یه‌كێتی و پارتی و پێكهاته‌ی كورد، ناوماڵی خۆی یه‌كبخات كارێكی باشه‌و زۆر گرنگه‌و كورد ته‌نها له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانێ ده‌سته‌به‌ری مافه‌كانی خۆی بكات”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات:” به‌بێ نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانی تر هه‌ر بڕیارێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌چاره‌نوسی كه‌ركوك و حكومڕانی كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌بێ ده‌بێ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی تر ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكرێ، ڕابردوو ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ حكومڕانی هاوبه‌شیش پێیوایه‌:” به‌شداری پێكهاته‌كان ده‌سته‌به‌ری ماف وئیستحقاقاتی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك به‌پێی ژماره‌ی پێكهاته‌ ژماره‌ی كورسی به‌یاسا ڕێكبخرێ و ته‌وافوقی له‌سه‌ر بكرێت و بكرێت به‌بناغه‌یه‌ك بۆپێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك”.

رونیشیده‌كاته‌وه‌:” په‌راوێز خستنی یه‌كتر یان هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌ك ناكرێ و نابێ و زیانی زۆره‌ له‌ڕابردوو به‌سه‌دام و حزبی به‌عس نه‌كرا به‌خۆشمان نه‌كرا به‌ناوه‌و له‌سایه‌ی دیموكراسیدا له‌ئێستادا عه‌ره‌بیش بۆجاری دووه‌م به‌هه‌مان جۆر حوكمێكی لاسه‌نگ به‌ڕێوه‌ده‌بات، توركمانیش هه‌روابزانه‌ تاقیكراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ تاریكی مانگ سه‌رله‌ئێواره‌ دیاره‌”.

باس له‌وه‌شده‌كات:” كه‌ركوك ئه‌بێ حكومڕانیه‌كی ڕه‌شید و شه‌فافی هه‌بێ، ده‌بێ عه‌داله‌تی تیابێ، ده‌بێ دڕدۆنگی و په‌راوێزخستنی تێدا نه‌هێڵرێت، ده‌بێ سه‌قافه‌ی رۆشنبیری و پێكه‌وه‌ژیان په‌ره‌ی پێبدرێت و به‌یاسا لاده‌ره‌كانی سزا بدرێن، چاودێری له‌سه‌ر كه‌ناڵ و رۆژنامه‌و ئامرازه‌كانی تری راگه‌یاندن و بڵاوكردنه‌وه‌چاودێری ورد بكرێت و ره‌قابه‌ی ته‌واوی له‌سه‌ر بێت تاكو كه‌س نه‌توانێ بیری شۆڤێنی و تاكڕه‌وی و نادروست بڵاوبكاته‌وه‌ یان له‌ڕێگه‌ی لێدوانێكه‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسێكه‌وه‌ كه‌ خۆی مه‌به‌ستی خۆنمایش كردنه‌، به‌ڵام شه‌قامی ناهۆشیار ده‌وروژێنێ كه‌ كاتێكی زۆری ده‌وێ تاوه‌ك خۆی لێدێته‌وه‌، له‌كه‌ركوك هه‌م یاسا و هه‌م ڕێكه‌وتن وته‌وافوق پێویسته‌ بۆ ئێستا و داهاتوو ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كورد ده‌وڵه‌تیش بێت، ئه‌گه‌ر نا ده‌بێت ئه‌م شاره‌ له‌داهاتوودا له‌ت بكرێ ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ژیانی تێدا به‌ر قه‌رار نه‌كرێ”.

كه‌ركوك چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌یه‌

پێویسته‌ سه‌رنجی نه‌ته‌وه‌كانی تریش به‌ جددی وه‌ربیگیرێت له‌و رێكه‌وتنانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ركوك چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌یه‌.

ژوان عومه‌ر، نوسیویه‌تی:” هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌ك یاخود رێكه‌وتنێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كه‌ركوك و كه‌ركوكییه‌كانه‌وه‌ هه‌بێت، پێویسته‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی تێدا به‌شدار بێت و سه‌رنجه‌كانیان به‌ جددی وه‌ربگیرێت”.

ده‌شڵێت:” حكومڕانی ته‌وافوق و هاوبه‌ش دو دوور له‌ په‌راوێزخستنی پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌”.

ناشیشارێته‌وه‌:” په‌راوێزخستنی یه‌كتر، زیانی زۆر له‌ كه‌ركوك و كه‌ركوكییه‌كان ده‌دات و پێویسته‌ رێز له‌ كلتورو ئاین و زمانی پێكهاته‌كانی دیكه‌ وه‌ربگیرێت و راكانیان به‌ جددی وه‌ربگیرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ركوك چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی مامه‌”. 

حكومڕانییه‌ك هه‌موان خۆیان به‌ خاوه‌نی بزانن

كورد له‌رابردوو باجی گه‌وره‌ی له‌ په‌راوێزخسنی ئه‌وانی دیكه‌ دا، پێویسته‌ له‌داهاتوو زیاتر لێكتێگه‌یشتن هه‌بێت و خواستی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت

سه‌یوان سه‌مه‌د له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: پێویسته‌ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ به‌شداربن و گرێنتییان پێبدرێت كه‌ ئیداره‌ی  پارێزگاكه‌  ئیداره‌ی  سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان  ده‌بێت و هه‌ڵه‌كانی رابردوو رووناده‌نه‌وه‌”.

ده‌شڵێت: پێویسته‌ حكومڕانییه‌كی هاوبه‌ش بێت و هه‌مووان خۆیان به‌خاوه‌نی بزانن و ئه‌ركه‌كه‌ی دوور له‌ململانێی سیاسی ئه‌نجامبدات و ئه‌وله‌ویاتی كاره‌كان خزمه‌تگوزاری و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی بێت”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: كورد له‌ رابردوو باجی گه‌وره‌ی له‌ په‌راوێزخسنی ئه‌وانی دیكه‌ی دا، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌داهاتوودا زیاتر لێكتێگه‌یشتن هه‌بێت و خواستی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و هه‌ڵه‌كانی 14 ساڵه‌ی حكومڕانی نیمچه‌ تاكلایه‌نه‌كه‌ دووباره‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌ و یه‌كڕیزی كوردیش بپارێزین”.

هه‌ماهه‌نگی دروست بكه‌ن

له‌گه‌ڵ رێكه‌وتنه‌كاندا له‌گه‌ڵ لایه‌نی عه‌ره‌بی و توركمانیش گفتوگۆ بكرێت و هه‌ماهه‌نگی دروست بكه‌ن.

كوردۆ ساڵه‌یی، نوسیویه‌تی: ده‌كرێت بڵێین به‌ڵێ‌ سه‌ر ده‌گرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكه‌وتنه‌شدا دووباره‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی عه‌ره‌بی و توركمانی كۆبوونه‌وه‌ بكرێت سه‌باره‌ت به‌و رێكه‌وتنه‌ و ماف به‌وانیش بدرێت و دووباره‌ كاری پێكه‌وه‌یی بكه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی تر و هه‌ماهه‌نگیه‌كی باش دروست بكه‌ن و دووباره‌ ده‌وری ئه‌و لایه‌نانه‌ فه‌رامۆش نه‌كرین”.

پێشیوایه‌:”كه‌ ئه‌مه‌  بناغه‌یه‌كی باش دروستده‌كات له‌ داهاتوودا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مانیش داكۆكیكارێكی باش بن بۆ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك، له‌گه‌ڵ حیزبه‌ كوردییه‌كان”.

كاری هاوبه‌ش

پێویسته‌ هه‌موو  نه‌ته‌وه‌كان به‌ هاوبه‌شی كاربكه‌ن و په‌راوێزخستنی یه‌كتریش زیانی بۆ كه‌ركوك هه‌بووه‌.

سوهام ره‌شید، ده‌ڵێت:” ده‌بێت هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان پێكه‌وه‌ به‌ هاوبه‌شی به‌شداری بكه‌ن”.

پێشیوایه‌ په‌راوێزخستنی یه‌كتر له‌ رابردوودا زیانی زۆری بۆ شاره‌كه‌و پێكه‌وه‌ژیان هه‌بوه‌”.

هه‌رێمی كه‌ركوك به‌ مۆركی كوردستانی

هه‌ر كۆبونه‌وه‌یه‌كی یه‌كێتی و پارتی به‌ بێ نه‌ته‌وه‌كانی تر سه‌ر ناگرێت، به‌ڵام هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌بێت بۆ یه‌كڕیزی كورد.

ئه‌میر فه‌خره‌دین، نوسیویه‌تی:” دیاره‌ هه‌ر رێككه‌وتنێك له‌ نێوان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بێ نه‌ته‌وه‌كانی تر سه‌ركه‌وتوو نابێ بۆ گه‌یاندنی كه‌ركوك بۆ ڕێی ئارامی، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌بێ بۆ یه‌كڕیزی یه‌ك وتاری كوردی بۆ گه‌یشتن به‌ تێگه‌یشتنێكی یه‌كجاری بۆ كێشه‌ی كه‌ركوك،  چونكه‌ ڕابردووی حكومڕانی له‌ كه‌ركوك سه‌لماندی كه‌ به‌ په‌راوێزی لایه‌كانی تر شكست ده‌هێنێت و كامڵ نابێ”.

ئه‌میر فه‌خره‌دین، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات:” بۆیه‌ ده‌بێ ڕه‌چاوی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان بكرێت و باشترین چاره‌سه‌ر بۆ دۆخی كه‌ركوك كردنی به‌ هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆیه‌  به‌ مۆركی كوردستانی، چونكه‌ ئه‌سته‌مه‌ گه‌یاندنی حكومڕانی كوردی به‌م دۆخه‌ ئیداریه‌ی كه‌ هه‌یه‌ به‌ پێكهاته‌كانی تر، چونكه‌ له‌ رابردوو كورد له‌و بواره‌ شكستیهێنا”.

خزمه‌تی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ ژیان

رێكه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی پێویسته‌ له‌سه‌ر فره‌نه‌ته‌وه‌یی بێت له‌ ئه‌نجومه‌نێكی كراوه‌دا، له‌رابردودا سیسته‌می زۆرداری له‌ كه‌ركوك پیاده‌ ده‌كرا.

وه‌هاب حه‌مه‌ ره‌سوڵ، نوسیویه‌تی:” ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی یه‌كێتی و پارتی ده‌بێت له‌سه‌ر فره‌ نه‌ته‌وه‌یی بێت له‌ ئه‌نجومه‌نێكی كراوه‌دا به‌كۆی یه‌ك ژماره‌ بێت كه‌س له‌وی تر زیاتر نه‌بێت بۆ خزمه‌تی ئاینده‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی، پێچه‌وانه‌ی ئه‌م  كاره‌ هێڵی سوره‌”.

ده‌شڵێت:” حكومرانی مودێرن ئه‌نجومه‌نێكی دادوه‌ری بێت بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌ ره‌واكانی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌بار نه‌برێن و یاسا سه‌روه‌ر بێت”.

پێشیوایه‌:” له‌رابردودا سیسته‌می زۆرداری له‌ كه‌ركوك پیاده‌ ده‌كرا یه‌كێتی و پارتی درێخییان نه‌كرد له‌تاك ره‌ویدا ، به‌تایبه‌تی پارتی ئه‌گه‌ر یه‌كێتی هه‌ر پرۆژه‌كی بنیاد بنایه‌  پارتی كۆڵه‌كه‌یه‌كی له‌ژێر ده‌رده‌هێنا، ئه‌مه‌ش بۆخۆی به‌رنامه‌یه‌كی دژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌ كه‌ركوك پیاده‌ی ده‌كرد دژ به‌یه‌كێتی، بۆیه‌ خزمه‌تی دانیشتوانه‌كه‌ی ئه‌ركی هه‌مو ده‌سه‌ڵاتێكه‌ له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ ژیان بێجیاوازی، ئه‌م خزمه‌ته‌ به‌كه‌سانی كاریزما ده‌كرێت هاوشێوه‌ی مامی كۆچ كردومان سڵاو بۆ روحی پاكی”.

‌ 165 جار بینراوه‌
2/16/2019 1:01:58 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved