»  راپۆرت
چه‌ند خوێندنگه‌یه‌كی تازه‌ نۆژه‌نكراوی كه‌ركوك له‌به‌رمه‌ترسی داڕمان چۆڵده‌كرێن
ئا / هاوار ستار

 

چه‌ند خوێندنگه‌یه‌كی كه‌ركوك كه‌ به‌شێوه‌ی قاڵب له‌ لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی ئێرانیه‌وه‌ دروستكراون و بینای نوێی دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراقن چۆڵكران و ئه‌وه‌ش به‌ هۆی مه‌ترسی داڕوخان و كه‌وتنی بنمیچی بیناكان كه‌ سه‌رجه‌میان له‌ لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی بیانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ته‌واوكران، مامۆستایان چۆڵكردنی بیناكانیان به‌ زیان بۆ سه‌ر خوێندن و كێشه‌ی په‌روه‌رده‌یی نوێ ده‌زانن و هه‌ردوو په‌روه‌رده‌ی گشتی و كوردی كه‌ركوكیش كێشه‌كه‌ بۆ وه‌زاره‌ت ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ و كۆمپانیای دروستكه‌ری قوتابخانه‌كان به‌ كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانن.

مامۆستایه‌ك پێی وایه‌ له‌ ئێستادا چۆڵكردنی بینای خوێندن و گواستنه‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ئیداری و په‌روه‌رده‌یی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

نه‌سرین ئه‌حمه‌د به‌ڕێوبه‌ری ناوه‌ندی شه‌هید ره‌نگین له‌ كه‌ركوك كه‌ له‌نێو یه‌كێك له‌و بینا قاڵبانه‌بوون و مه‌ترسی داڕِمانی له‌سه‌ره‌ بۆ هه‌واڵ وتی: “له‌ ئێستادا و له‌م ساته‌دا كه‌ پشوی وه‌رزی یه‌كه‌مه‌ سه‌رقاڵی گواستنه‌وه‌ین بۆ بینایه‌كی تر كه‌ له‌ شوێن و گه‌ڕه‌كێكی تره‌ ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك كێشه‌ له‌ ڕوی بینا و دووری رێگه‌ و گواستنه‌ و هاوبه‌شی ده‌وام دروست ده‌كات”.

ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره‌ رونیكرده‌وه‌: “له‌ كاتی ده‌وامدا چه‌ندجارێك پارچه‌ی ئه‌لیكۆبۆن و جپسن له‌ دیوار و بنمیچی بینای ناوه‌ندیه‌كه‌مان ده‌كه‌وت و خوێندكاره‌كان مه‌ترسیان بۆ دروست ده‌بوو، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌ییه‌ك له‌و بینایه‌ین و كێشه‌كه‌مان به‌ هه‌ردوو ئیداره‌وه‌ به‌ په‌روه‌رده‌ گه‌یاند بۆیه‌ ئه‌وان داوایان لێكردین كه‌ چۆڵی بكه‌ین و هه‌ردوو خوێندنگه‌كه‌ بۆ شوێنی جیا بگوێزینه‌وه‌”.

نه‌سرین ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی شه‌هید ره‌نگین وتی: “له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی گواستنه‌وه‌ین به‌ڵام ئه‌مه‌ گرفتمان بۆ ده‌نێته‌وه‌ له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ 550 خوێندكارمان هه‌یه‌ و 16 پۆلبوون دواتر له‌به‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ و جێكردنه‌وه‌یان كردیانمان به‌ 14 پۆل و له‌ئێستاشدا كه‌ ده‌یگوازینه‌وه‌ بینایه‌كی تر 12 پۆلیان هه‌یه‌ و ده‌بێت دوو پۆلی ترم كه‌م بكه‌مه‌وه‌ ئێ بێگومان ئه‌مه‌ش رێژه‌ی خوێندكار له‌ پۆلێكا به‌رز ده‌كاته‌وه‌ په‌ستان و قه‌ره‌باڵغی له‌ پۆله‌كان دروست ده‌كات ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ناتوانین رێژه‌ی پۆلی سێیه‌كان ده‌ستكاری بكه‌ین چونكه‌ به‌كه‌لۆرین”.

ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: “له‌روی دوركه‌وتنه‌وه‌ی خوێندنگه‌ی خوێندكار له‌ ماڵ و گه‌ڕه‌كی خۆیان كێشه‌ی هاتوچۆ دروست ده‌بێت و كێشه‌ی گواستنه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ریان ئه‌مه‌ش زیانی گشتیه‌ و ده‌بێت چاره‌سه‌ره‌كان به‌ هاوكاری هه‌موان ئه‌نجامبدرێن”.

ره‌ئووف محێدین به‌ڕێوبه‌ری خوێندنی كوردی كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت بۆ هه‌واڵ وتی: “ئه‌و بینایانه‌ به‌هۆی مه‌ترسی كه‌وتنی كاشێكانی ده‌ره‌وه‌یی و بنمیچه‌كانی ناوه‌وه‌ی بڕیار درا به‌ چۆڵ كردنیان و هه‌ر كاشیه‌كی نزیكه‌ی 20 كیلۆیه‌ و له‌ كاتی تاقیكردنه‌وه‌كاندا مه‌ترسیه‌كی زۆریان هه‌بوو خۆشبه‌ختانه‌ خوێندكار بێ زیانی گیانی بوون تا ئێستا و وای لێهاتبوو یه‌كێك له‌ مامۆستاكان به‌رده‌وام چاودێری ئه‌و جێیه‌ی ده‌كرد كه‌ مه‌ترسی روخانی له‌سه‌ره‌”.

له‌به‌ر مه‌ترسیه‌كان به‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانمان وت نابێت به‌ هیچ شێویه‌ك ده‌وام له‌ بینای وا بكه‌ن و ده‌بێت بیگوازنه‌وه‌و هه‌ندێك له‌ گواستنه‌وه‌كان باشبوون بۆ بینای ته‌نیشتی خۆیانن و هه‌ندێكیش كه‌مێك دورتركه‌وتنه‌وه‌ و كه‌وتنه‌ گه‌ڕه‌كی تره‌وه‌ بۆ نمونه‌ ئه‌ستێره‌ به‌تیشتی خۆیه‌وه‌ له‌ بینایه‌كی تر جیكرایه‌وه‌ به‌ڵام شه‌هید ره‌نگین له‌ له‌تیف ئاواوه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ شۆریجه‌ نزیك پردی لای قه‌سابه‌كان”.

ره‌ئوف محێدین رونیكرده‌وه‌: “ئه‌و بینایانه‌ی به‌م جۆره‌ و له‌م وه‌رزه‌دا چۆڵكران كران شه‌ش بینای خوێندنن كه‌ دوو ده‌وامی تێدابووه‌ و بیناكانی فه‌شه‌لی هێنا كه‌ ئه‌گه‌رچی بینای ئاماده‌كرا و قاڵب بوون و كۆمپانیایه‌كی ئێرانی هه‌ستا به‌ ئه‌نجامدانی به‌ڵام دیاره‌ پته‌و نین و كێشه‌ی توندوتۆڵیان هه‌یه‌ بێ مه‌رج دروستكراون و ئه‌مه‌ش زیانێكی زۆری له‌ كه‌ركوكداوه‌ كه‌ بینایه‌كی وا گه‌وره‌ دروست ده‌كرێت به‌ خه‌رجیه‌كی زۆر ئه‌وه‌ش حاڵه‌كه‌یه‌تی و هه‌ر شه‌ش خوێندنگه‌كه‌ چۆڵكران”.

عومه‌ر قادر جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی گشتی كه‌ركوك بۆ هه‌واڵ وتی: “دروست كردنی ئه‌و بینایانه‌ بۆ خوێندنگه‌ له‌ دوای پرۆسه‌وه‌بوون و هه‌مو بینای ساڵه‌كانی دوای 2008 ن تا 2011 و كۆمپانیایه‌كی ئێرانی پێی هه‌ستا و ئه‌و كارانه‌ له‌ رێگه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌ ئه‌نجامدران و ته‌نانه‌ت سه‌رپه‌رشتی و بودجه‌یان وه‌زاره‌ت گرتیه‌ ئه‌ستۆ”.

له‌روی په‌روه‌رده‌ و ره‌وتی په‌روه‌رده‌وه‌ جێگری به‌ڕێوبه‌ری په‌روه‌رده‌ی گشتی كه‌ركوك وتی: “بیگومان گواستنه‌وه‌ی ئه‌و خوێندنگانه‌ په‌ستان دروست ده‌كا پۆله‌كان پڕ ده‌بن و قه‌ره‌باڵغ ده‌بن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش رێگه‌ی هاتوچۆی مامۆستا و خوێندكار ده‌گۆڕێت و ئه‌گه‌ر له‌شوێنێك جێگه‌یان نه‌بووه‌ كێشه‌ی دوو ده‌وامی و سێ ده‌وامی دروست ده‌بێت”.

عومه‌ر قادر ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: “دوای ئه‌وه‌ی له‌ بابه‌ته‌كه‌مان كۆڵیه‌وه‌ و خوێندنگه‌كان پێیان وترا بیگوازنه‌وه‌ لیژنه‌كانمان راپۆرتی خۆیان دا و ئێمه‌ش بابه‌ته‌كه‌مان به‌رزكرده‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و به‌غدا و پارێزگای كه‌ركوك تا به‌دوا داچونی ئه‌و پرسه‌ بكه‌ن لێكۆڵینه‌وه‌ و لێپێچینه‌وه‌ له‌ كه‌مته‌رخه‌می دروستكردنی ئه‌و خوێندنگانه‌ بكه‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا قه‌ره‌بووی كه‌ركوك و په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك بكه‌نه‌وه‌”.

‌ 197 جار بینراوه‌
2/16/2019 1:03:00 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved