نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  شۆک
چۆن ئاڕاسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ بگۆڕین ؟
ئا/ هاوار ستار

 

هه‌مو كات گۆڕانكاری گه‌وره‌ ده‌بێت له‌ ره‌گ و ریشه‌وه‌ بكرێت، ئێمه‌ی مرۆڤ زۆر جار خۆمان له‌ هه‌لومه‌رجی دارێكدا ده‌بینینه‌وه‌، وه‌ك چۆن ئه‌گه‌ر دارێك دۆخی ده‌وروبه‌ری به‌ دڵ نه‌بێت ناتوانێت بگۆڕیت، ئێمه‌ی گه‌نجیش كاتێك له‌نێوه‌ندێكدا رادێین خۆبه‌ده‌ست هه‌لومه‌رجه‌كانه‌وه‌ ده‌ده‌ین، زۆرجار ئه‌و دۆخه‌ی تێیدان له‌ نه‌ستمان و به‌بێ ویستی خۆمان شوێنی خۆی كردۆته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئاڕاسته‌كان ناگۆڕێن، له‌م كاته‌دا پێویسته‌ پاڕادایم-ه‌كان بگۆڕین تاكو هه‌لومه‌رج و ئاڕاسته‌كان بگۆڕدرێت.

بۆ گۆڕینی پاڕادایمێك سه‌ره‌تا پێویسته‌ بزانین چییه‌ و سه‌رچاوه‌كه‌ی دیاری بكه‌ین.

پاڕادایم چیه‌ ؟!

پاڕادایم: له‌ سه‌رچاوه‌ی یۆنانیه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ و به‌ واتای (سه‌رمه‌شق) وه‌ هه‌ندێك جار به‌ واتای (مۆدێل)یش دێت، به‌كارهێنانی ئه‌م وشه‌یه‌ رووی له‌ زیادبوون كرد كاتێك زانای ئه‌مریكی (تۆماس كۆون) له‌ كتێبی “بناغه‌ی شۆرشه‌ زانستیه‌كان” له‌ 1962 دا ئاماژه‌ی پێكرد، كۆن باوه‌ڕی وابوو كه‌ پاڕادایم ئه‌و سه‌رمه‌شقه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زانستی تێیدا هاوبه‌شن كه‌ خۆی له‌ بیردۆزه‌كان و یاسا و لێكدانه‌وه‌كان ده‌بینێته‌وه‌، واتا سه‌رمه‌شق واژه‌یه‌كی گشتگیره‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زانستی كه‌ چوارچێوه‌یه‌ك دروست ده‌كات تاكو زانایان بتوانن سه‌لماندنه‌كانیان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بخه‌نه‌ڕو، به‌ پێی باوه‌ڕی كۆون پاڕادایمێكی زانستی تا ماوه‌یه‌كی زۆر گۆڕانكاری به‌سه‌ردا رونادات و زانایان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پاڕادایمه‌ سه‌رقاڵی كاركردن ده‌بن تا ئه‌و كاته‌ی قه‌یرانێك روده‌دات و تێكیده‌شكێنێت و دوای ماوه‌یه‌ك مۆدێلێكی نوێ دروست ده‌بێت و سه‌رده‌مێكی نوێ له‌ زانست دێته‌ كایه‌وه‌.

تۆماس كۆون ئه‌و گۆڕانكاری پاڕادایمه‌ی به‌ “پاڕادایم شیفت” ناو برد.

كاتێك پارٍِادایم یان ده‌كرێت بڵێین مۆدێلێك ده‌گۆڕێت، جێگۆڕكه‌یه‌كی زۆر گرنگ روده‌دات له‌ شێوازی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ درووستبووه‌كان، پاڕادایم شیفت یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین هۆكاره‌كانی گۆڕانكاری ریشه‌یی و توانای وه‌گه‌ڕخستنی شه‌پۆلێكی به‌هێزی هه‌یه‌ له‌ كاتێكی دیاریكراودا و ده‌كرێت گه‌نجیش ئه‌و سیسته‌مه‌ په‌یڕه‌و بكات.

له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی ئێمه‌دا مۆدێله‌كان كۆمه‌ڵێك خو و ره‌فتارن كه‌ به‌بێ ویستی خۆمان ئاراسته‌ی ژیانی رۆژانه‌مان دیاری ده‌كه‌ن، ئێمه‌ به‌م خو و ره‌فتارانه‌ پرۆگرامكراوین و هیچ كه‌سێك له‌م یاسایه‌ به‌ده‌ر نیه‌، ئێمه‌ له‌ منداڵیه‌وه‌ پڕۆگرامده‌كرێین به‌هۆی په‌روه‌رده‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ و ژینگه‌ی ده‌وره‌به‌رمان و هه‌مو ئه‌و به‌ركه‌وتانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی پڕۆگرامكردنمان له‌سه‌ری ده‌ڕۆین بێویستی خۆمان.

به‌شێكی زۆری ژیانمان له‌ داتاكانی مێشكی مرۆڤ پێكهاتوون له‌و پاڕادایمانه‌ی به‌هۆی ژینگه‌ و كۆمه‌ڵگه‌وه‌ دروستبووه‌ و ئێمه‌ به‌رده‌وامین له‌ بیركردنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ی روداوه‌كان، هه‌روه‌ها بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ گۆڕینی هه‌لومه‌رجی ده‌وروبه‌رمان، به‌ڵام كۆی گشتی بیركردنه‌وه‌كان و لێكدانه‌وه‌كانمان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و مۆدێلانه‌ روده‌ده‌ن كه‌ له‌ نێویدا ده‌ژین و به‌رجه‌سته‌ی ده‌كه‌ین، بۆیه‌ ده‌بینین هه‌لومه‌رجه‌كان هه‌مان هه‌لومه‌رجن به‌ڵام به‌ شێوازێكی دیكه‌، بۆ گۆڕینی ئه‌وانه‌ش پێویسته‌ سه‌ره‌تا بیانناسین و ده‌ستنیشانیان بكه‌ین دواتر ده‌ست بكه‌ین به‌ گۆڕینیان، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ئێمه‌ ئه‌نجامی بده‌ین ته‌نها گۆڕینه‌وه‌ی پاڕادایمێكی هه‌ڵه‌یه‌ به‌ پاڕادایمێكی دروست.

له‌ژیانی رۆژانه‌ی ئێمه‌ی گه‌نجدا ده‌كرێت بۆ تێگه‌شتن له‌ پاڕادایمه‌كانمان په‌نا بۆ ئه‌و چیرۆكانه‌ ببه‌ین كه‌ تێگه‌شتنمان ئاسانتر ده‌كه‌ن، لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ چیرۆكێكی به‌ناوبانگ ده‌كه‌ین كه‌ له‌م بواره‌دا یارمه‌تیده‌رمان ده‌بێت.

ده‌گێڕنه‌وه‌ رۆژێك له‌ رۆژان پیاوێك له‌ دوای ته‌واوبوونی كاره‌كه‌ی ماسیه‌كی گه‌وره‌ ده‌كڕێت و به‌ره‌و ماڵ به‌ڕێ ده‌كه‌وێت، كاتێك ده‌گاته‌وه‌ ماڵ داوا له‌ هاوژینه‌كه‌ی ده‌كات كه‌ ئه‌و خۆراكه‌ ئاماده‌ بكات، دوای ئاماده‌كردنه‌كه‌ پیاوه‌كه‌ توشی سه‌رسوڕمان ده‌بێت به‌ بینینی ماسیه‌كه‌، چونكه‌ ماسیه‌كه‌ نیوه‌ی ئاماده‌كرابوو بۆیه‌ له‌ هاوژینه‌كه‌ی ده‌پرسێت:

-ئه‌م ماسیه‌ بۆ هێنده‌ بچووكه‌؟ ئایا ئه‌مه‌ هه‌مان ماسیه‌ كه‌ من هێنابووم؟

+به‌ڵی ، من ته‌نها سه‌ر و كلكی ماسیه‌كه‌م بڕیوه‌ بۆیه‌ وا ده‌ركه‌وتووه‌.

-زۆر چاكه‌ به‌ڵام بۆ ماسیه‌كه‌ به‌و جۆره‌ ده‌بڕیت و ئاماده‌ی ده‌كه‌یت ؟

+چونكه‌ دایكم هه‌مووكات به‌و جۆره‌ سه‌ر و كلكی ماسی بڕیوه‌ ئه‌و كات ئاماده‌ی كردوه‌.

-ئایا هه‌رگیز له‌ دایكت پرسیوه‌ بۆچی به‌م جۆره‌ ئاماده‌ی كردوه‌؟

+نه‌خێر نه‌مپرسیوه‌.

پیاوه‌كه‌ تامه‌زرۆ ده‌بێت و سه‌ردانی ماڵی دایكی هاوژینه‌كه‌ی ده‌كات و لێی ده‌پرسێت

دایكه‌ بۆچی له‌ كاتی ئاماده‌كردنی ماسیدا سه‌ر و كلكی ماسی ده‌بڕن و ئاماده‌ی ده‌كه‌ن؟

++كوڕی خۆم دایكی من هه‌ر به‌و جۆره‌ ئاماده‌ی كردوه‌.

باشه‌، هه‌رگیز له‌ دایكت پرسیوه‌ بۆچی به‌م جۆره‌ ئاماده‌ی كردوه‌؟

++نه‌خێر نه‌مپرسیوه‌.

پیاوه‌كه‌ تامه‌زرۆ ده‌بێت و سه‌ردانی ماڵی داپیری هاوژینه‌كه‌ی ده‌كات و لێی ده‌پرسێت:

داپیره‌ بۆچی له‌ كاتی ئاماده‌كردنی ماسیدا سه‌ر و كلكی ماسی ده‌بڕن و ئاماده‌ی ده‌كه‌ن؟

+++كوڕم ئێمه‌ تاوه‌كه‌مان بچوك بوو.

-مه‌به‌ستت چیه‌؟

+++بۆ ئه‌وه‌ی ماسیه‌كه‌ له‌ ناو تاوه‌كه‌ شوێنی ببێته‌وه‌ هه‌موكات سه‌ر و كلكی ماسیه‌ گه‌وره‌كانم ده‌بڕی ئه‌و كات ئاماده‌م ده‌كرد.

ئه‌م چیرۆكه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی زۆربه‌ی گه‌نجانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه‌، زۆرن ئه‌و پاڕادایمانه‌ی به‌بێ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كانیان بزانین ژیانمان ئاڕاسته‌ ده‌كه‌ن و له‌سه‌ری رۆیشتوین، بۆئه‌وه‌ی له‌و مۆدێله‌ رزگارمان بێت، ده‌بێت ده‌ستنیشانیان بكه‌ین و بیانگۆڕین، هه‌موكات ده‌بێت سه‌ره‌تاكان بگۆڕین تاكو كۆتاییه‌كان بگۆڕێن، ئه‌مه‌ ئه‌و كاره‌یه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌مو گه‌نجێك ده‌ستپی پێبكات بۆ گۆڕینی ئاڕاسته‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژین.

‌ 785 جار بینراوه‌
2/16/2019 1:34:03 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved