»  راپۆرت
پێداگری لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك تا چەند سەركەوتوودەبێت؟
ئا/ یانەی هەواڵ


یانەی هەواڵ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی واتس ئاپ، سێ پرسیاری رۆژنامەوانی ئاراستەی بەشداربووانی كردو سەبارەت بە (بەشداری نەكردنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ ئایا پێت باشە یەكێتی كەركوك بكاتە خاڵی سەرەكی گفتوگۆكانی لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم؟ پێداگری یەكێتی لەسەر ئاساییكردنەوەو دانانی پارێزگارێكی كورد لەسەر بنەمای ئیستیحقاقی هەڵبژاردن تا چەند سەركەوتوودەبێت؟)، وەڵامی بەشێك لە بەشداربووانیش بەمشێوەیە بوو.


شانازی لەو هەڵوێستەی یەكێتی دوو شتە
شانازی لەو هەڵوێستەی یەكێتی دوو شتەو جگە لە پرسی كەركوك زۆر پرسی تر هەن دەبێ یەكێتی بەرپرسانە بیانكاتە خاڵی گفتوگۆ
دڵپاك تاهیر، نوسیویەتی: یەكێتی لە كەركوك سەنگی كورسی هەیە مافی خۆیەتی لەوێدا داوای ئیستحقاقی خۆی بكات، بۆچی ئەو مافە كە هەرێم بۆ پارتی رەوا بێت، بەڵام بۆ یەكێتی لە كەركوك جۆرێكیتر بێت، بەڵام گرنگە یەكێتی سەرەتا پێداگری لەسەر رێكخستنەوەی شارەكە بكات و ئارامی و دڵنیایی بۆ كوردو پێكهاتەكان فەراهەم بكات، ئەویش بە نزیكبونەوە لە پێكهاتەكانی تر، بۆیە پشتبەستن بە پارتی بۆ باشكردنی دۆخی كەركوك مانای ئاسنی سارد كوتانە.
 دەشڵێت: شانازی لەو هەڵوێستەی یەكێتی دوو شتە:
١- هاودەنگی و یەكڕیزی و یەك دیدی هەڤاڵانی سەركردایەتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هێز لە یەكبووندایە.
٢- خەمخۆری و وەفای یەكێتی بۆ چارەنوسی كەركوك و كەركوكییەكان.
 ئەم دوو هەڵوێستە دوو شانازین بە هیواین بكرێ بە نەریتی هەمیشەیی بۆ گشت پرسەكان.
 ئاماژە بەوشدەكات: جگە لە پرسی كەركوك زۆر پرسی تر هەن دەبێ یەكێتی بەرپرسانە بیانكاتە خاڵی گفتوگۆ بۆ نمونە پرسی دارایی، پێشمەرگە، دبلۆماسیەتی هەرێم ، قوتی خەڵك، پێگەی كورد كە بەغدا، پرسەكانی تری وەك ئیستحقاقی كوردو یەكێتی، بەڵام دەبێ سازش لەسەر كەركوك نەكرێ، چونكە ئەگەر بەم دیدەی یەكێتی مامەڵە لەگەڵ كەركوك نەكرێت ئەوا یەكێتی بەشێك لە جەستەی كە دەستدەدات ئەویش شادەماری جەماوەرییە.
یەكێتی سەروەرییەكی دیكەی نوسییەوە
یەكێتی بەو پێداگرییە سەروەرییەكی دیكەی بۆ خۆی و كوردستان و كەركوك نوسییەوە. 
ستار حاجی، لەو بارەیەوە دەڵێت:” یەكێتی بەو هەڵوێستەی كەنواندی و بەپێداگری لەجێبەجێكردنی كۆی ئەو پاكێجەی لەبەرامبەر پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، بەبڕوای من سەروەریەكی دیكەی نوسییەوە بۆ كوردو یەكێتی بە گشتی و كەركوك بەتایبەتی”.
ستار حاجی ئاماژە بەوەشدەكات:” وەك ئەوەی یەكێتی لەهەڵبژاردنەكان و دانانی سەرۆك كۆمار بەدەستیهێنا، جارێكتیر بەو یەكڕیزی و یەكدەنگیەی سەركردایەتیەی یەكێتی دیسانەوە ئومێدێكی دیكەی بە یەكێتیەكان بەخشی و بەڵگەی بەدەستهێنان و گەڕاندنەوەی شكۆی ئەو حیزبەیە كە زەمانێكە بەدەست ناتەبایی بۆتە پەتایەكی كوشندەو ماف و بەرژەوەندی نەتەوەیەكی داوەتە دەست قەدەر و مەترسیەوە”.

یەكێتی لە خەمی كەركوكدایە
یەكێتی و كەركوك دوانەی لێك دانەبڕاون، تەنها یەكێتی لە خەمی كەركوك و كەركوكییەكاندایە.
سوهام رەشید، پێیوایە:”یەكیتی وكەركوك دوانەیەكن هەرگیزاو هەرگیز لەیەك دانەبڕاون و بڕیاری بەشدارینكردنی یەكێتییش لە دانیشتەنەكی پەرلمانی كوردستان ئەوەدەسەلمێنێت كە تەنها یەكیتی خەم خۆری كەركوك كەركوكییەكانە”.

هەنگاوێكی تەندروست لەسەر ڕێڕەوێكی راست
بەشداری نەكردن و پێداگری یەكێتی لەسەرئیمزاكردنی پرۆژە ١٨ خاڵیەكە تەنها ڕێگە چارە بوو لەبەردەم یەكێتی، بۆیە هەنگاوێكی تەندروست بوو لەسەر ڕێڕەوێكی ڕاست.
شێرزاد سەمەد-یش بۆچۆنی خۆی لەو بارەیەوە دەخاتەڕوو و دەڵێت:” عورفی سیاسی وایە بێ ڕێككەوتنی پێشوەخت هیچ حیزبێك ئامادە نییە بچێتە ناو حكومەت و پەرلەمانەوە”.
ئاماژەی بەوەشدەكات:” بۆیە بەشداری نەكردن و پێداگری یەكێتی لەسەرئیمزاكردنی پرۆژە ١٨ خاڵیەكە تەنها ڕێگە چارە بوو لەبەردەم یەكێتی، بۆیە هەنگاوێكی تەندروست بوو لەسەر ڕێڕەوێكی ڕاست، كەخاڵی ناكۆكی ناو ئەو ١٨خاڵە مەسەلەی یەكلاكردنەوەی پارێزگاری كەركوك بەئیستحقاقی یەكێتی و یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستە پێویستی بەكۆدەنگی وپاڵپشتی هەمووحیزبە كوردستانیەكانە، بەتایبەت ئەگەر لیستی برایەتی لەئەنجومەنی پارێزگا یەك دەست و یەك نیاز بن لەبەرامبەردا لیستی عەرەبی توركمانی سوكتر دێنە پێشەوە، كارەكە سەركەوتوو دەبێ”.
شێرزاد سەمەد دەشڵێت:” ئەگەر ئەوەش نەكرێ ڕێگاچارەكانی تر بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەو مەسەلەیەو مەسەلەی حوكمڕانیەتی لەهەرێم و بەتایبەتی زۆنی سەوز لەبەردەم یەكێتی كراوە دەبێ”.
تەنها یەكێتی كەركوك بە شاری خۆی دەزانێت
بەشداری نەكردنی یەكێتی لە دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان مەوقفێكی روونە، چیتر یەكێتی قوربانی بەدەسكەوتەكانی نادات لەپێناو هێزی تر. 
بڵند زەندی نوسیویەتی:” سور بوونی یەكێتی لەسەر داواكارییەكانی بەكارێكی باشی دەبینم و بەشداری نەكردنیشی لە دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان مەوقفێكی روونەو مەسجێكی راستەوخۆیە بۆ پارتی بەدەرەجەی یەك كە چیتر وەكو پێشوو یەكێتی قوربانی بەدەسكەوتەكانی نادات لەپێناو ئەوەی هێزی تر خۆی پێ بەهێزبكات”.
بڵند ئاماژە بەوەشدەكات:” كردنی كەركوك بەخاڵی سەرەكی گفتوگۆكان كارێكی زۆر راست و دروستە، بە بۆچونی من لەبەر ئەوەی هیچ هێزێك كەركوك بەشاری خۆی نازانێت و خاوەنی جەماوەر نیە لەوشارە جگە لەیەكێتی، هەڵبەت لایەنەكانی تر بۆ هەمیشە كەركوكیان بۆ بەرژەوەندی و موزایەدەی سیاسی ویستووە یان وەك كارتێك بەكاریان هێناوە بۆ بەدەست هێنانی بەرژەوەندی لە شوێنی تر”.
دەشڵێت:”سووربونی یەكێتی لەسەر دانانی پارێزگار بۆ كەركوك پێموایە كارەكە قورسە، لەكاتێكدا كە لایەنەكانی تر راكان سەعید و پۆلیسی فیدڕاڵییان لا پەسەندبێت نەك ویستی زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی شارەكە، بەڵام یەكێتیش خاوەنی ئەزموون و تۆڕێكی پەیوەندی باشە، جابۆیە گەر دواش بكەوێت لەكۆتاییدا هەر بەدەستی دەهێنێت، بیریشمان نەچێت ئەوە ویستی زۆربەی دانیشتوانی شارەكەشە “.

یەك پاكێجی
گرنگە یەكێتی لەسەر ئەم هەڵوێستەی بەردەوام بێت و دەستبەرداری یەك پاكێجی نەبێت، یەكدەنگی سەركردایەتی وادەكات یەكێتی خاوەنی بڕیاری یەكلاكەرەوە بێت.
حەسەن عەلی، لەسەر هەمان بابەت پێیوایە:”بەشداری نەكردنی یەكێتی لەدانیشتنی پەرلەمان هەنگاوێكی دروست بوو، چونكە نەچوە ژێرفشاری پارتی”.
دەشڵێت:” زور گرنگە یەكێتی لەسەر ئەم هەڵوێستەی بەردەوام بێت لەدانوسانەكاندا و دەستبەرداری یەك پاكێجی نەبێت”.
ئاماژە بەوەشدەكات:” یەك دەنگی سەركردایەتی یەكیتی وادەكات خاوەنی بڕیارێكی بەهێزو یەكلاكەرەوە بێت، ئەگەر بەمشێوەیە كار بكرێت ئەوە یەكێتی بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد و یەكێتی لەسەر ئیستحقاقی هەڵبژارن سەركەوتوو دەبێت.

یەكێتی خوێنی بۆ كەركوك بەخشیوە
نابێ یەكێتی چیتر دەرفەت بەهیچ هێزێك بەدات یاری بەچارەنوسی بكرێ، لەرابردودا یەكێتی هەرناوچەیەكی ئازاد كردبێ خوێنی بۆ بەخشیوە بە تایبەت بۆ كەركوك.
وەهاب حەمەڕەسول نوسیویەتی:”ئەم رۆژگارەی كەبۆ كورد هەڵكەوتوە لە ناوەندە رۆژئاوای و ئیقلیمیەكان ئەوەندە خۆمان دەركی پێناكەین و ناشزانین گرێ كوێرەكەمان لەكوێ ئاڵوزكاوە بۆئەوەی بتوانین هاونیشتمانیانی خۆمانی پێ ئاسودە بكەین و چیتر وەك مرۆڤ لەسەر خاكی باو باپیرانمان ناسنامەی نەتەوەی خۆمان بسەلمێنین”. دەشڵێت:” خەڵكی دەڤەری ئەم وڵاتەی ئێمە ماندوون لەسەر شوناسی نەتەوەیی، ئەمرۆ حیزب بووە بەبەڵاو كۆبونەوە لەسەر كۆبونەوە ماوەی ٢٨ ساڵە یاری بەهزرو هۆشی هاونیشتمانیانی دەكرێ، بۆیە بەتایبەت یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هێزێكی نیشتمانیە چیتر دەرفەت بەهیچ هێزێك نەدات یاری بەچارەنوسی بكرێ، لەرابردودا یەكێتی هەرناوچەیەكی ئازاد كردبێ خوێنی بەخشیوە بگرە كەركوك بەتایبەتی، بۆیە جێی سازش نیە بۆ ئەوانەی فرمێسكی تیمساحیشیان تیا نەڕشتبێ و كوێخایەتیان لەیەكێتی ئەوێ لەو شارەی كەبەخوێن سەوزە”.
باس لەوەشدەكات:” لەلایەكی ترەوە یەكێتی و پارتی بۆ نەگەیشتنە رێكەوتن لەسەر دانیشتنی پەرلەمان، لای هەموان روونە پارتی ئەجێنداو فەرزیاتی خۆی ئەسەلمێنێ وەك فرە كوێخا هەر كاتێكیش زەرەر لەبەرژەوەندێكانی بدرێ یان شوێن پێیان لەق بێ بەتەنها پەنا بۆ هێزی گورز وەشێنی یەكێتی دەبەن بۆ رزگاربونیان، پاشان ئەیكەن بەهەراو ئەو پارسەنگی هێزە بۆخۆیان ئەچڕنەو، بۆیە پارتی بەبێ یەكێتی حكومەتێكی سەركەوتوو ناتەندروست پێشكەشی هاونیشتمانیانی دەكات، چونكە پارتی زۆر لەدەسەڵاتەكانی لەزۆنگی سەوزا پارێزاو نابێ”.

هەڵوێستێكی سەخت بوو
هەڵوێستەكەی زۆر راستەو پڕاو پڕ بە دڵی هەموو ئەندامانی بوو، یەكێتی چۆتەوە سەر رێچكەی خۆی.
كوردۆ غازیش بە كورتی نوسیویەتی:” هەڵوێستەكەی یەكێتی راستەو زۆر هەڵوێسێكی سەخت بووە، بەڵام پڕاوپڕ بەدڵی ئەندامان و لایەنگران و هەوادارانی بوو، چۆتەوە سەر ڕێچكەكەی مام جەلال”.







‌ 168 جار بینراوه‌
2/23/2019 11:51:51 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved