نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  کاتژمێر یازدە
شایستەكانی توركمان یان پاوانكردنی توركمان؟
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە


رۆژێك لەڕۆژان دژی مافەكانی توركمان نەبوومە، چ لەعێراق و چ لەكەركوك و چی لەهەرێمی كوردستان، بەردەوامیش بانگەشەی ئەوەمكردووە كە توركمان بەپێی قەبارەی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و مافەكانیان دەستەبەربكرێت. 
ئێمەی كورد ساڵانێكی زۆر ئازاری ئەوەمان چەشت كە دەسەڵاتە یەك لەدوایەكەكانی دەوڵەتی عێراق بەگشتی و چوار دەیەی دوایین لەدەسەڵاتی بەعسییەكان بەتایەتی لەبری مامەڵەی تەندروست لەگەڵ هێزە راستییەكانی كوردستاندا هێزگەلێكی تری سەر بە دەسەڵاتیان لەناو كورددا وەك ئەڵتەرناتیف دروست دەكردو بەشێوازێكی كارتۆنی پلەو پۆستیان پێدەدان و لەبەرانبەر وڵاتانی تردا خۆیان پێوە بادەدان گوایە كورد هاوبەشێكی سەرەكی و گرنگە لەدەسەڵاتی عێراقدا، بەڵام لەراستیدا ئەو هێزو كەسایەتیە كارتۆنیانە بۆ یەك چركە نەیانتوانی نوێنەرایەتی گەلی كورد بكەن، بەڵكو نەیانتوانی نوێنەری بنەماڵەكانی خۆیانیش بن، تەنانەت نەیانتوانی نوێنەری خودی خۆشیان بن. 
دوای راپەڕینی بەهاری 1991 و هاتنە كایەی هەرێمی كوردستان وەك دیفاكتۆو گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن حزبە كوردییە رەسەنەكانەوە، بەداخەوە بێسوودوەرگرتن لەئەزموونی كوردو بەعس، حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم هەریەكەو چەند حزبێكی كارتۆنی بۆخۆی لەناو پێكهاتەكانی تردا دروست كرد، من خۆم دژی دروستكردن و پشتیوانی كردنی ئەو جۆرە حزبانە بووم و چەندین جار وتارم لەسەر نووسیوەو لەهەموو دەرفەتێكیشدا قسەم لەسەری كردووەو باجی ئەو هەڵوێستانەشم داوەتەوە. 
خۆشبەختانە تارادەیەكی زۆر ئەو دیاردەیە لەناو یەكێتیدا كاڵبۆتەوە، لەبری پشتیوانیكردنی لەحزبە كارتۆنیەكان مامەڵە لەگەڵ حزبە راستەقینەكانی پێكهاتەكاندا دەكات، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە پارتی دیموكراتی كوردستان پرسی پێكهاتەكانی كوردستان و رێژەی یاسایی كۆتاكان، چ لەپەرلەمانی عێراق و چ لەپەرلەمانی كوردستان بە شێوازێكی قێزەون قۆستۆتەوەو دوو جۆر تاوانی پێ ئەنجامدەدات، یەكەمیان بردنی مافی پێكهاتەكانە بۆ خۆی لەڕێگەی حزب و كەسایەتیە كارتۆنیەكانەوەو بێبەشكردنی ئەو پێكهاتانەیە لەنوێنەرایەتی راستەقینەیان لەدامودەزگا شەرعی و یاساییەكانی عێراق و كوردستاندا، دووەم بەكارهێنانی ناوی ئەو پێكهاتانەیە لەڕێگەی ئەو حزب و كەسایەتیە كارتۆنیانە لەململانێ حزبی و سیاسیەكانی عێراق و كوردستان بۆ بەرژەوەندی خۆی، ئەمەش دوو كاردانەوەی نێگەتیفی لێدەكەوێتەوە بەتایبەت لەكوردستاندا؛ یەكەمیان پێكهاتە رەسەنەكان هەست بەوە دەكەن كورد هیچ حیسابێكیان بۆ ناكات و لەبری ئەوان ئەلتەرناتیڤی كارتۆنی هێناوەتە پێش، هەرچی دووەمە لەشەقامی كوردییش رق لەو پێكهاتانە هەڵدەگیرێ كە بوونەتە ماشەی حزبێك بۆ یەكلاییكردنەوەی ململانێ سیاسیەكان. 
بۆ پەرلەمانی عێراق پارتی (مەلا بەشیر) كە ئێستا بۆتە د. بەشیر حەداد وەكو كەسایەتی سەربەخۆی توركمان دێنێتە پێش و كاندیدی دەكات و دەریدەچوێنێ بەوەش ناوەستێ و پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی پێدەدات كە لە بنەڕەتدا ئەو پۆستە پشكی كوردە، بەم كارەشی ئەو پۆستە واتا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق نە دەبێتە پۆستی كورد وەك ئیستحقاق، نەتوركمانیش بەهی خۆی دەزانێت، واتا لەئیستحقاقی نەتەوەیەكەوە دەبێتە موڵكی حزبێك، مەلا بەشیریش وەلائی نە بۆ كورد دەبێت و نە بۆ توركمان ، تەنها گوێڕایەڵی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت. 
لەمەش كارەساتبارتر پۆستەكەی مونا قاوەچییە كە هەم خۆی وەك كەسایەتی پارتییەو پلەداریشە لە هێزەكانی پارتیدا، هەم حزبەكەی دەستكردی پارتییە، بەناوی پێكهاتەیەكی رەسەنی وەك و توركمانەوە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی هەرێم دەبات و دەبێتە كارتی بەهێزی پارتی بۆ تێپەڕاندنی ئەجێنداكانی ئەو حزبە لەململانێ سیاسیەكانی كوردستاندا، مونا قاوەچی لای كورد لەسەر توركمان حیساب دەكرێت و لای توركمانیش بەكرێگیراوی كورد دەخوێنرێتەوە! 
بەمەش جگە لە چوونەپێشی بەرژەوەندییەكانی حزبێك نەبێت، وەكو نەتەوە كوردو توركمان زەرەر لەم پرۆسەیە دەكەن، ئەم یارییەش لەبری مافی شایستەی توركمان دەتوانین ناوی لێبنێین پاوانكردنی توركمان.







‌ 765 جار بینراوه‌
3/2/2019 3:53:57 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved