نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  باران
مافەكانی ژنان 1 - 5
عەبدوڵڵا مەحموود زەنگنە


مافە گشتیەكان بنچینەی ئازادیی كەسێتی

نەك تەنها ژنان و نەك تەنها لە باشووری كوردستانیشدا، بەڵكو مافی هەموو مرۆڤێك لە هەموو قۆناغەكانیدا لە سەرانسەری جیهاندا، هەر وڵاتەو بەرێژەیەكی دیاریكراوی خۆی، پێشێل دەكرێن، ئامارەكانی بەردەست لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە جیهانییەكانەوە، بەڵگەی روونن بۆ هەركەسێك بەدوای هەقیقەتی بەدیهاتنی مافەكاندا بگەڕێت، چونكە بۆی دەردەكەوێت بەدیهاتنی مافەكانی مرۆڤ بە گشتی و ژنان و مناڵان بە تایبەتی، هێشتا لە پێشكەوتووترین وڵاتدا نەگەیشتۆتە ئاستی پێویست و ئامانجی پێویست، كە ئەمەی دواییان گرنگیی زۆری هەیە و قسەی ئێمە لەم بابەتانەدا لەبارەی مافی ژنانەوە زیاتر ئەم لایەنی ئامانجە دەگرێتەوە، چونكە بەڵگەكان روونن بەوەی مافی ژنانیش، وەك كۆی مافەكان، لە باشووری كوردستاندا كران بە قوربانییەك لە قوربانییەكانی ململانێ سیاسیەكان.
ئەگەر بڕوانینە مادەكانی جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی مرۆڤ، كە لە رۆژی 10 ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1948 دەركراوە، تەنها لە مادەی"16"دا نەبێت، كە تایبەتە بە ئازادیی هاوسەرگیری، ناوی ژن و پیاو هاتووە، ئیتر لە هەموو مادەكاندا تەنها باس لە"شخص، تاك"بەزۆری و لە هەندێكیشیاندا باس لە"مرۆڤ، خەڵكی"كراوە و مافەكان بە گشتی باسكراون و لە یەكتری جیانەكراونەتەوە، ئەم گشتگیرییەش گرنگیی زۆری هەیە، چونكە داكۆكیكردن لە مافی گشتی كە مافی تاك و رەگەز و رەنگ و ئاین و جۆر و شێوەیش لەخۆدەگرێت، رەوایی زیاتر و پشتگیر و هاوكار و داكۆكیكاری زیاتریشی دەبێت وەك لە جیاكردنەوەیان لەیەكتری و خستنیانە نێو ململانێ ئایدیۆلۆژیەكانەوە، كە دواجار دەبێت بە قوربانیی ململانێكانیان لە مەیدانی سیاسەتدا بە تایبەتی.
وەك لە بابەتی مافی ژنان لەنێوان دوو ئاراستەی دژ بەیەكدا روونمان كردەوە، لەم هەرێمەی ئێمەدا ماوەی"27"ساڵە مافی ژنان لە:"پۆشاك، بەشەمیرات، خەتەنە، شایەتیدان، لەماڵ چوونەدەر و نەچوون، و.. هەندێ مافی تردا كە بە تەواوی مانای وشەكەوە لاوەكین" كورتكرایەوە، كە لە بنچینەدا هەموویان دەكەونە نێو مافە سەرەكیەكانەوە. بۆیە بۆ خۆمان و بۆ پەیوەندیداران، بە تایبەتی رێكخراوەكانی مافی ژنان، بە كورتی باس لە مافە بنچینەییەكان دەكەین كە لە جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤدا هاتوون،بۆ ئەوەی بزانین ئێمە شەڕمان لەسەر چی كردووە، دەردی سەرەكییشمان لەچیدایە، دواتر لە بابەتی تردا نەخشەڕێگای بەدیهێنانی مافەكان دەخەینەڕوو:
-- لە مادەی یەكەمدا هاتووە: هەموو كەسێك بە ئازادی و یەكسان لە رێز و شكۆ و مافەكاندا لەدایك دەبێت، خاوەنی عەقڵ و ویژدانن و دەبێ بە رۆحی برایەتی مامەڵە لەگەڵ یەكتریدا بكەن. كەواتە بەپێی ئەم مادەیە، مرۆڤ كاتێك دەگاتە تەمەنی شیاو، بۆی هەیە هەر بیروباوەڕێك پەیڕەو بكات، تەنها مەرج ئەوەیە بیروباوەڕەكەی رێگرو پێشێلكاری ئازادیی هاوڵاتیان نەبێت. بۆیە گەر لەسەر بیروباوەڕ تەنگی پێهەڵچنرا، تووشی راوەدوونان و زیندانی هێنرا، ئەم مافە پێشێلكراوە، كە ئەم مافەی پێشێلكرا، بایەخدان بە مافە لاوەكیەكانی چ سوودێكی دەبێت بۆی.
-- لە مادەی دووەمدا هاتووە: نابێ: رەگەز، رەنگ، ئاین، راوبۆچوونی سیاسی و ناسیاسی، هیچ پێگەیەكی كۆمەڵایەتی، ئابووری، یاسایی، ببنە هۆكاری پێشێلكردنی ئازادی و مافەكان، كە ئەمانە پێشێلكران، ئیتر مافە لاوەكیەكان چ سوودێكیان دەبێت.
-- لە مادەی حەوتدا هاتووە: خەڵكی یەكسانن لە مافە یاساییەكاندا لە دادگادا، ئایا ئێمە یەكسانین لەو مافانەدا؟ ئەسڵەن ئایا یاسا سەروەرە تا مافە بنچینەییەكانمان بە ژن و پیاوەوە پارێزراو بێت چجای مافە لاوەكییەكان؟
-- لە بڕگەی"3"مادەی شانزەدا هاتووە: خێزان خانەی سرووشتی و بنچینەیی كۆمەڵگەیە و دەبێ لەلایەن كۆمەڵگە و دەوڵەتەوە بپارێزرێت. ئایا خێزانی ئێمە لەلایەن كۆمەڵگە و دەوڵەتەوە پارێزراوە، ترسمان لە كۆمەڵگە و دەوڵەت نیە لە سایەی دەستوور و یاسادا؟ یان كۆمەڵگە و دەوڵەت بۆ بەرژەوەندیی خۆی چیی بوێت دەتوانێت بە خێزانی بكات؟ وەك ئەوەی هەندێك لە راگەیاندنەكان بە بەها گرنگەكانی خێزانیان كردووە!
-- مادەی"18"دەڵێت: هەموو كەسێك مافی ئازادیی بیروڕا، ویژدان، ئاینی هەیە. ئایا ئێمە هەمانە و ناكەوینە بەر هەڵمەتی بەرامبەر و تۆمەتباركردن بە: لادان و كوفر و بەرەڵایی لەلایەنێكەوە و دواكەوتوویی و تاریكیخوازی لە لایەنەكەی ترەوە؟
--مادەی"19" پێماندەڵێت: خەڵكینە ئازادن لە دەربڕینی راوبۆچوونی خۆتان، ئایا ئێمە ئازادین و زیندانی ناكرێین و ناكوژرێین لەسەر ئەم ئازادییەمان؟
-- مادەی"22"دەڵێت: هەموو دەوڵەتێك دەبێ مافی ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتووریی تاكەكانی مسۆگەر بكات، ئایا ئێمە كامیانمان لە مەترسیدایە؟ ئێمە مافی كاركردن و زەمینەسازی بۆ كار، تەندرووستی، خوێندنمان لەو ئاستە و بەوجۆرەیە ببێتە هۆكاری: گەشەسەندنی تەواوی كەسێتیی مرۆڤەكانمان تابەهۆیەوە بگەین بە پەیڕەوكردنی كرداریی: رێزگرتن لە یەكتری، لێبووردەیی نواندن، پێكەوەژیان، یان بە كورتی و پوختی كراوین بە دوژمنی خوێنخۆری یەكتری؟ ئەم مافانە بەدینەهێنرێن، ئیتر"رووتی و پۆشتەیی، خەتەنەكران و نەكران، میراتی زۆر یان كەم، شایەتیدان یان نەدانی ژنانمان، سمێڵ و كڵاشی پەڕۆ و دەمانچەی قەدی پیاوانمان....چ نرخێكمان پێدەبەخشن؟! لە بابەتەكانی دواتردا بە ناونیشانی سەرەكی"نەخشەڕێگا بۆ ناساندن و بەدیهێنانی مافەكانی ژنان" باس لە مافەكان بە گشتی دەكەین..

‌ 488 جار بینراوه‌
3/2/2019 5:11:23 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved