»  بینین
خراپەكانیشی باشترە!!
دلسۆز حه‌مه‌

بە درێژایی مێژوو بنەمای ریشەیی ململانێی مرۆڤ لەگەڵ ژیاندا ململانێیە بۆ دەستەبەركردنی دادوەری، دادوەری و بەس،پەیامە ئاسمانیەكان، دەركەوتنی پێغەمبەران، مۆتیڤی شۆڕشەكان وڕشتنی ئەو هەموو خوێن وقوربانیدانە، قوربانیدان بە ژیان و بەختەوەری و سەروماڵ، بەڵكو خەونی گەورەی مرۆڤایەتی وخەونی گەورەی پشتی شۆڕش وراپەڕینە گەورەكان بە درێژایی مێژوی مرۆڤایەتی لە پێناوی دادوەریدایە، مۆتیڤ وهۆكارەكەی دەستەبەركردنی دادوەری و گەڕانەوەی مافی زەوتكراوە بۆ خاوەنەكانی،هیچ هەستێك وەكو هەستی زوڵم وچەوساندنەوە وزەوت كردنی ماف مرۆڤ ناكاتە بونەوەرێكی یاخی، بونەوەرێك لێوانلێو لە ووزەی شۆرش ویاخیبون، ئەمە بەومانایە نیە كە هەموو مرۆڤێكی چەوساوە خێرا دەبێتە بونەوەرێكی یاخی وشۆڕشگێر بەڵكو ئەمە پڕۆسەیەكی مێژویی و كۆمەڵایەتی و سیاسی گەوریە، پڕۆژەیەكی گشتگیری مێژویە كە دواجار مرۆڤ لە بونەوەرێكی دڕدۆنگ و توڕەوە دەكاتە ووزەیەكی مەزن بۆ پڕۆژەیەكی مەزنتر كە خەیاڵی بەدەستهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی بۆ سەرجەمی كۆمەڵگا هەڵبگرێت.
مانگەكانی مارت ونیسان، لەگەڵ ئەوەی لە هەموو دنیادا مانگی ئاهەنگ و پێشوازیكردنی بەهار و گەرمبونی ئاو وهەوا،بەسەرچونی سەرماوسۆڵە،سەوزبونی دەشت ودەر وبوژانەوەی نێرگزەجار و كەرنەڤاڵی خۆنمایشكردنی ملیۆنەها گوڵ و گوڵزار و رەنگاوڕەنگكردنی ژیان وبوژانەوەی دارودرەخت ودارستانە وسروشت ئەوپەڕی جوانی خۆی نمایش دەكات، هەر كەلتورە وهەر ئایینە وبەجۆرێك وبە ئامڕازێكی رەمزیانە پێشوازی لەم گۆڕانەی سروشت دەكات، جەخت لەسەر بەردەوامی ژیان،پیت و زۆربون وجەبەروت وبەخشندەیی وجوانی سروشت و ژیان دەكاتەوە،مارت بۆئـێمە رۆژێك شادیە وڕۆژێكی شینە، راپەڕین وكارەساتی هەڵەبجە، ئازادكردنی كەركوك وكۆڕەوەكەش هەر لەم مانگەدا بون..
ئەم دوومانگەش لەمێژوی ئێمەدا دوومانگی تەژی بە بۆنە وڕوداو وكارەسات و گۆڕانی زۆر گەورەن، ئەم دوومانگە هەموو ئاهەنگ وخۆشی وهەمان كات ئازار و كارەساتەكانی ئێمەشی لە خۆدا كۆكردۆتەوە، ئەم دوومانگە مانگی هەڵپەڕینی راپەڕینە مەزنەكەی 1991 و جەژنی نەورۆز وپشوی بەهارە وسەیران و خۆشیە،هاوكات یادی كارەساتی جەرگبڕی كیمیابارانی هەڵەبجە و كۆڕەوە مەزنەكە و رزگاركردن و كەوتنی كەركوكیشە،،نیسان، نیسان لە مێژوی مرۆڤی كوردا لاپەڕەیەكی پڕ ئازار و مەینەتیەكی قوڵە، مەینەتی ئەنفالەكان، ئەو زوڵم وسستەمە دڕندانەیەی كە قۆناغ بە قۆناغ وزنجیرەیەك قەسابخانە سەدان هەزار مرۆڤی بێتاوان تەنها لەبەر ناسنامەی كوردبونیان بێسەروشوێن كران وبە نامرۆڤانەترین شێوە لەناوبران.
لەگەڵ ئەوەدا نیم كە تامی مردن بكەین بۆ ئەوەی بە لەرزو تا رازی بین، بەڵام ئەوەی زوڵم وزۆر وڕۆژانی سستەم و دڕندەیی بەعس ژیا بێت، ئەوەی ئەزمونی شۆڤێنیزمی بەعس و ترس و بیم و چەوساندنەوەی شۆڤێنی عەرەبی ئەزمون كردبێت وئازاری ئەو رۆژانەی چەشتبێت كە ئابڕو وكەرامەت وناموسیشمان لژێر هەڕەشەی عەرەبی بەعسدا بو، كە ژیانمان لەژێر هەڕەشەی مەرگ ولەناوچونێكی پڕ زەلیلانەی بەعسدا بوو، كە گەنجەكانمان لە زیندانێكی گەورەدا كە ناوی عێراق بوو یان سوتەمەنی شەڕە شێتانەكانی بەعس بون، یان پێشمەرگەو سەربازی هەڵاتوو، یان كۆیلە وسەركوتكراوی ناوشارەكان یان لەزیندانەكاندا لەژێر ئازار وئەشكەنجەو هەڕەشەی لەناوچوندا بوو، ئەوەی ئەزمونی رۆژانی تاریكی بەعسی كردبێت،خراپترین رۆژەكانی دوای راپەڕین بەلایەوە جەژنێكی گەورەیە.
خراپترین رۆژەكانی دوای راپەڕین، برسێتی،هەژاری،تەنانەت رۆژانی شەڕی ناوخۆش لە باشترین رۆژەكانی سەردەمی بەعس روناكترە،هیچ بەهایەك هێندەی ئازادی بەهایەكی بەنرخ نیە، هەموو گۆڕانەكانی تر لە ئازادیەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئەزمونی حوكومڕانی دەسەلاتی خۆماڵی دوای راپەڕین ئەزمونێكی ئازاراوی و پڕی شكست و گەندەڵی ونادادوەری و ناشرینی و زوڵم وزۆر و كەموكورتیە، ئەزمونێكە كە جێگای شانازی و ئومێد نیە،سەرلەنوێ دەیان فۆرمی چەوساندنەوە ونادادوەری بەرهەمهێناوەتەوە، بەڵام بەهەموو ناشرینی ونادادوەری و هەڵەكانیەوە راپەڕین وئەم ئەزمونە دەسكەوتێكی مێژویی وخەوێكی مەزنە كە هاتۆتەدی وشایانی ئەوەیە قوربانی لە پێناودا بدەین.
جێگای نیگەرانیەكی قوڵە، كە نەوەیەك،جوڵانەوەیەك، شەپۆلێكی مەترسیدار لە ناو جڤاكدا خەریكە دەبێتە دیاردە كە قەشمەری بە راپەڕین، پێشمەرگە، شۆڕش،ئازادی وهەموو ئەو بەها پیرۆزانە دەدات كە بە فرمێسك وخوێن هاتۆتە دی،شەپۆلێكی مەترسیدار كە دەست بۆ بەها رەمزیەكانی وەكو پێشمەرگە وڕاپەڕین وشەهید وهەموو ئەو بەها پیرۆزانە دەبات كە دەكرێت وەبەرهێنانی سیاسی و مێژویی ئەخلاقی گەورەی تێدا بكرێت،ئەگەر هۆكارێكی گەورەی ئەم دیاردەیە ئەو هەموو گەندەڵی و نادادوەری وناشرینیە بێت كە دەسەڵاتدارانی ئێمە بەرهەمیان هێناوە وشۆڕش وڕاپەڕینیان لەپێش چاوی جڤاك لە بەهاكانی خۆی خاڵی كردۆتەوە، ئەوا بەدیوەكەی تردا بەداخەوە هۆشیاری جڤاكی ئێمەش لە ئاستی پڕۆژەی راپەڕین ودروستكردنی كۆمەڵگا ومۆراڵی نوێ و ئامادەیی بەرپرسیاری تێدا نیە!!
بەدەستهێنانی دادوەری ململانێیەكی بەردەوام و فرە رەهەندە، راپەڕین خاكی ئێمەی لە بەعس وداگیركەران خاوێن كردەوە، ئەمە خۆی پلەیەكی بەدەستهێنانی دادوەریە، رەنگە پڕۆژەی داهاتوی راپەڕین ئازادكردنی جڤاك بێت كە دەست گەندەڵی و نادادی وچینێكی سیاسی مشەخۆر كە بونەتە لەمپەر لەبەردەم تەواوكردنی پڕۆژەی راپەڕین، چونكە گۆڕان وڕاپەڕین پڕۆژەیەكی بەردوامە وتەنها،ئامڕاز و خەونەكانی دەگۆڕێت.


‌ 242 جار بینراوه‌
3/9/2019 3:00:26 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved