»  پەڕەموچ
تیپی هەوارو شانۆی بێ‌ سنور لەتونس
لەتیف فاتیح فەرەج


1
دەبێت ئەو راستیە بڵێم نە شانۆیی تەقینەوەم بینیوە، نەئەم شانۆییەی ئەمجارەی كەركوك شانۆیی بێ‌ سنور، بەڵام ئیشی زۆری شانۆكارانی كەركوكم بینیوە، ئیشی جیهاد دڵپاك و حوسێن میسری و عەلی كەریم و ئیشگەلی تر، كە بەڕاستی ئیشەكان سەرنجڕاكێشو كاریگەربوونە، لەسەر شانۆیی تەقینەوە بیرمە وتارێكی فەرەیدون عەبدولقادرم خوێندوەتەوە، هەر لەو وتارەشەوە تێگەیشتم كە شانۆیی تەقینەوە لە رۆژگاری خۆیدا رۆڵێكی گەورەی لە هۆشیاری سیاسی ئەوسەردەمەدا بینیوەو ئەوكاتەش شانۆییەكە لە بەغدا هەموو خەڵاتەكانی چنیوەتەوە.
لەم رۆژانەدا كە شانۆیی بێسنور لە وڵاتی تونس نمایشكرا و توانیتی سەرنجی خەڵكی ئەو وڵاتە بەلای خۆیدا رابكێشێت و بووبە خاوەنی خەڵات بێ‌ ئەوەی شانۆییەكە ببینم بڕیارم دا هەڵوەستەی لە سەر بكەم، هەڵبەت شانۆییەكە شانۆیی شەقام بووەو منیش چەند ساڵێكە دەقی شانۆیی شەقام دەنوسم و كەم و زۆر شارەزاییەكم لێ پەیداكردووە، ئەوە جگە لەوەی گروپەكەی شانۆی هەواریش دۆست و ئازیزن و شایانی ئەوەن ئاوڕیان لێبدرێتەوە.گروپی شانۆی هەوار گروپێكی تازەیی شانۆیین و بە گیانێكی هونەریەوە مامەڵە لە تەك شانۆدا دەكەن ئەم شانۆییەی ئێستایان بێسنور نەژاد نەجم كاری ئامادەكردن و دەرهێنانی بۆ كردوەو نواندنی هەر یەك لە كچە شانۆكار “ هەوار فارس “ و بەڵێن فارس و هونەر شەوقی و دارا عەزەدین بووە، شانۆییەكە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لەتونس نمایشكراوەو جگە لە تیپی هەوار 7 وڵاتی تر بەرهەمیان هەبووە لەوانە تونس، مەغریب، جەزائیر، ئێران، لوبنان، لیبیا.
2
تیپی شانۆی هەوار سەرەتا ویستویانە وەك تیپی هەرێمی كوردستان بەشداری بكەن، بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری و هەرێمی كوردستان بە دەم كارەكەیانەوە نەچوونە، هەر بۆیە دواتر بوونە بە نوێنەری عیراق و پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك و ئیدارەی كەركوك سپۆنسەری و هاوكاری كردون، نەژاد نەجم دەڵێت “ویستمان وەك كوردستان بەشداری بكەین و ئاڵای كوردستانمان لە تەنیشت ئاڵای وڵاتان دانا، بەڵام كوردستان هیچیان بۆ نەكردین “، لەوێ‌ تیپەكە جگە لە خەڵاتی ئاڵتونی سێ‌ خەڵاتی تری بردوەو كارەكەیان مایەی سەرسامی لیژنەی داوەران و بینەرانی شانۆییەكە بووە، لەم نوسینە كورتەدا لەبەر ئەوەی كارەكەم نەبینیوە، نامەوێت لە سەر كارەكە قسە بكەم، بەڵام جێی خۆیەتی بڵێین ئەو تیپە كوردستانیە، دەبوو لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە پشتگیری كرابا، لانی كەم لەبەر ئەوەی بە زمانی سیاسی بە كەركوك دەڵێن دڵ و قودسی كوردستان.
ئەم نوسینە بیانویەكی باشە بۆ ئەوەی رەخنەی خۆمان لە هەڵوێستی حكومەتی كوردستان بەرانبەرهونەرو ئەدەب و نوسەران و هونەرمەندانی ئەو شارە بە روونی بڵێین، راستی تا كاتێ‌ فەلەكەدین كاكەی كۆچكردوو وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كەركوك زۆرترین چالاكی و جم و جۆڵی ئەدەبی و هونەری تیابوو، لە سەرەتای رزگاری كەركوك و كەوتنی بتەكانی سەدامەوە بەلای كەمەوە شەش هەفتەنامەو رۆژنامەو چەند گۆڤارێكی ئەدەبی و گشتی و مناڵان دەردەچون، لەوانە هەفتەنامەكانی “ باسەڕە، كەركوكی ئەمڕۆ، كەركوكی نوێ‌، هەواڵ “ و گۆڤارەكانی “ مناڵانی بابەگوڕگوڕ، نەوشەفەق، كەركوك، نەوە، بانەرۆژ “ و هی تر، بەڵام بەرە بەرە زۆربەی ئەو گۆڤاررو رۆژنامانە پوكانەوەو نەمان، لە كاتێكا چالاكیە ئەدەبی و هونەریەكانی عەرەب و توركمان خەڵكێك هەبووە بەردەوام پاڵپشتیان بكات و نەهێڵێت بكەون.
لە رابردودا ئەو چالاكیە هونەریانەی لە كەركوك كراون بە تایبەت لە بواری شانۆدا هەمیشە یەكێك لە دەوڵەمەندەكانی شار هاوكاریان بووە هەرچەند ئەوە كاری ئەو نەبووە و ئەركی حكومەت و وەزارەتی رۆشنبیریە پشتگیری تیپە هونەریەكان بكات.
3
شانۆ رۆڵێكی گەورە لە گوازتنەوەوناساندنی كەلتورەكاندا دەبینێت، شانۆ گوێزەرەوەی هەڵسوكەوت، داب و نەریت، شێوازی ئاخاوتن و جموجۆڵ، جلوبەرگ و زۆر تایبەتمەندی دیكەی گەلانە، بۆیە ئەركی حكومەتەكان و دەسەڵاتدارانە هاوكاری ئەو كارو شانۆییە ئەرێنیانە بكەن، كە دەتوانن ببنە باڵیۆزی نەتەوەكە، كێشە ئەوەیە لەم نێوانەدا كوردەكەی كەركوك لە بەر ئەوەی شارەكەیان ناوچەی كێشە لە سەرە لە نێوان حكومەتی عیراق و حكومەتی كوردیدا بوە بە قوربانی و كەس وەك پێویست ئاوڕی لێناداتەوە، هەربۆیە زۆرجار ئەو شارە دیرۆكیە گرنگە كە هەزاران ساڵە هەیەو خاوەنی پاكترین و پوختە ترین نەوتی سەرگۆی زەویە زۆرجار لە بری ئەوەی لە شار بچێت لە زبڵخانێكی گەورە دەچێت.
من جگە لە دەستخۆشیم بۆ تیپی شانۆیی هەوار ئومێدی ئەوەیان بۆ دەخوازم هەمیشە كاری ئەرێنی و قوڵ بكەن و بەردەوام بن نەبونی و لەمپەرو رێگریەكان ساردیان نەكاتەوە، ئەوان پەیامێكی پیرۆزو جوانیان پێیە، پەیامی ئاشتی و پێكەوە ژیان و لێبوردەیی و جیاوازی، هەر ئەوەش جیاوازی نێوان پەیامی سیاسی و پەیامی هونەری و ئەدەبیە، پەیامی سیاسی بیر لە دروستكردنی قەفەس دەكاتەوە بۆ رامكردنی ئەوانی تر، لێ‌ پەیامی هونەری بیر لە كردنەوەی دەرگای قەفەسەكە دەكاتەوە بۆ ئازادی ئەوانی تر.


‌ 150 جار بینراوه‌
3/9/2019 3:26:35 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved