»  باران
مافەكانی ژنان 3 - 5
عەبدوڵڵا مەحموود زەنگنە


نەخشەڕێگا بۆ ناسینی مافەكانی ژنان

مافە خێزانیەكان
دوای كورتە باسكردنێك لە مافە تایبەت و كەسێتیەكانی ژن كە بریتی بوون لە:(مافی دیاریكردنی ئاین و ئاینداری، مافی ئیشكردن یان نەكردن، مافی گۆڕینی رەگەزنامە، مافی قەرزكردن و قەرزدان بەبێ مۆڵەتی پیاو، مافی وەرگرتنی پۆستەگشتیەكان)، دێنە سەر مافی دووەم كە گرنگیی زۆری هەیە لەنێو مافەكاندا، بگرە زۆرینەی كێشەكانی ژن لە خێزاندا قووڵ دەبنەوە.
دووەم -- مافەكانی خێزان كە ئەمانیش بریتین لە:(دیاریكردنی تەمەنی شووكردن، رەزامەندیی كچ بۆ هاوسەرگیری، كاركردنی حكومەت بە بڕگەكانی گرێبەستی هاوسەرگیری، مافی جیابوونەوە لە پیاو لە حاڵەتی پێویستدا، مافی دیاریكردنی ژمارەی ئەو مناڵانەی دەیەوێت بیبێت، مافی گۆڕینی رەگەزنامە و قبوڵكردنی جیاوازیی رەگەزنامەی لەگەڵ هاوژینەكەیدا، مافی یەكسانیی لەگەڵ پیاودا، مافی بەخشینی رەگەزنامە بە مناڵەكانی).
1 – دیاریكردنی تەمەنی شووكردن:
مافێكە یاسا دیارییكردووە و نابێت لەو تەمەنە بچووكتربێت كە تەمەنی"18"ساڵیە، سزایشی بۆ دانراوە كە ئەگەر خێزان لە یاسا لابدات سزا دەدرێت، بەومەرجەی یاسا سەروەر بێت و دادوەرەكان بەهۆكاری زۆرەوە چاوپۆشی نەكەن.
2 – رەزامەندیی كچ بۆ هاوسەرگیری:
ئەگەر جاران بەزۆر هۆكارەوە كچ و بێوەژنیش ناچار بكرانایە بەبێ رەزامەندی شوو بكەن بە كەسێك خۆشیان نەویستووە و بەدڵیان نەبووە، كە نایاسایی و ناشەرعییش بووە، ئێستا حكومەت و زۆرێك لە رێكخراوەكان بە مزگەوتیشەوە، ئامادەن داكۆكی لە كچێك بكەن خێزان بیەوێت بە زۆر بەشووی بدات، چونكە ئەو بەزۆر بەشوودانە كێشەی زۆری بۆ كچەكە خۆی و پیاوەكەی و هەردوو خێزان و كۆمەڵگەیش لێدەكەوێتەوە. هیچ گومانیش نیە دوای"27"ساڵ حكومەتداری و كرانەوە بەڕووی دنیای زانست و تەكنۆلۆژیا و هەوڵی رێكخراوەكانیش، دیاردەی بەزۆر بەشوودان وەك دیاردەی ژن بە ژن كەمبۆتەوە و ئومێد هەیە لەبەردەوامیی خەباتەكاندا بە یەكجاری نەمێنێت.
3 – كاركردنی حكومەت بەو بڕگانەی لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا تۆمار دەكرێت:
كە ئەمیش پاراستنی مافی ژن دەگەێنێت لە لادانی پیاو لە شێوازی مامەڵەكردنی یاسایی و شەرعی، پێدانی بڕی مارەیی، دابینكردنی پێویستیەكانی ماڵداری، ئامادەیی دادگاكان بۆ چارەسەری كێشەكان و رێگركردن لە گەیشتنی بە تەڵاق و جیابوونەوە، یان كۆتاییهێنان بە پەیوەندیی هاوژینییان بەجیابوونەوە لەكاتی گەیشتنیان بەبڕوای تەواو بەهەڵنەكردنیان پێكەوە، دابینكردنی مافەكانی دوای تەڵاق لە پێدانی بڕی مارەیی، خەرجی مناڵ ئەگەر هەبوو، پاراستنی ژن لە هەڕەشەی پیاوی یەكەم ئەگەر بیەوێت شووبكاتەوە.
4 – مافی جیابوونەوەی لە پیاو لەكاتی ئەستەمبوونی پێكەوە هەڵكردندا:
ئەم مافە بەبێ گومان لەلایەن شەرع و یاسا و كۆمەڵگەیشەوە بۆ هەردوو رەگەز دابینكراوە، ئەگەر بزانرێت هیچ چارەسەرێك نەماوە و تاكە چارەسەر جیابوونەوەیە و هەزاران حاڵەتی لەوجۆرەیش كۆتایی پێهێنراوە.
5 – مافی دیاریكردنی ئەو مناڵانەی ژن دەیەوێت بیبێت:
ئەم مافە، مافێكی تایبەت و كەسێتیە و جگە لە ژن و پیاو، كە دەبێ بەپێی توانای جەستەیی و دارایی و بارودۆخی ژیانی خۆیان و وڵاتیش بڕیاری درووستی لێبدەن، كەس بۆی نیە دەستی تێوەربدات و بە زۆرەملێ ناچاریان بكات ژمارەی مناڵەكانیان دیاریبكەن. كاری رێكخراوەكان و حكومەتیش لەم بوارەدا هۆشیاركردنەوەیە بە پێویستیی: زیادكردنی یان كەمكردنی ژمارەی مناڵ بەپێی ئەو بارودۆخە كۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی خێزان و كۆمەڵگەیشی تێكەوتوون. پێموایە هیچ شەرع و یاسایەكیش نیە تەنانەت لە باری زۆر گونجاوی خێزانی و ئابوورییشدا ژن ناچار بكات هێندە مناڵ بخاتەوە نە بۆیان پەروەردە بكرێت و نە بۆیشیان بەخێو بكرێت لەڕووی داراییەوە، بە پێچەوانەوە هەمیشە خێزانەكان رێنمایی گەنجان دەكەن كە ئاگاداری بارودۆخی خۆیان بن و مناڵ زۆر نەخەنەوە چونكە تا زۆربن ئەركیان قورستر دەبێت، واقیعیش بۆ هەمووانی سەلماند كە ئەركی پەروەردە و بەخێوكردنیش بەرپرسیارێتیەكی گەورەیە و خەڵكی ناتوانن پشتگوێی بخەن.
6 –مافی گۆڕینی رەگەزنامەی خۆی ئەگەر جیاوازیش بێت لە رەگەزنامەی هاوژینەكەی: 
ئەم مافە مافێكی یاساییە، ئەگەر لە دەستووری وڵاتدا هەبێت دەبێ قبوڵبكرێت، هەركەسیش قبوڵی نەكات دەكەوێتە بەر لێپێچینەوەی یاسایی و سزاكەی دەچێژێت. دەكرێت هەموو ئەمانەیش لە سەروبەندی مارەبڕین و دەركردنی گرێبەستی هاوسەرگیریدا بچەسپێنرێن.
7 – مافی یەكسانیی لەگەڵ پیاودا لە پرسە خێزانیەكاندا: 
لە بابەتی(مافی ژنان لەنێوان دوو ئاراستەی دژ بە یەكدا) كە لە ژمارەكانی"771، 772، 773"ی هەواڵدا بە سێ ئەڵقە بڵاوكرایەوە، باس لەم مافە كراوە، كە دەبێ مافی رەخساندنی زەمینەی: بەشداری و تەواوكاری بێت لە هەموو قۆناغ و بارەكانی ژیاندا كە ژنیش هاوشێوەی پیاو رۆڵی هەبێت، ئەمەیش دەكەوێتە سەر ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیریی هەردوو هاوژین و دەبێ حكومەت و رێكخراوەكان هەوڵی گەیاندنی تاكەكانیان بێت بەو ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیرییە. ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا كراوە شەڕی یەكسانكردنی ژن بووە بە پیاو لە هەموو شتێكدا، كە نە لە یاسای سرووشتی و نە لە شەرع و نە لە یاسای بەركاریشدا رەگوریشەی هەیە، چونكە ئەو یەكسانیەی بەوجۆرە خەباتی بۆ كراوە، لە زیانی ژندایە پێش پیاو، دواتریش زیان بە كۆمەڵگە دەگەێنێت و گەیاندوویەتی و دەبێ ئاسەوارەكانی ئەو زیانانەیش چاك بكرێنەوە.
8 – مافی بەخشینی رەگەزنامە بە مناڵەكانی: 
ئەم مافەیش یاسا دیارییدەكات، بێگومان دایك و باوك هەر رەگەزنامەیەكیان هەبێت هەمان رەگەزنامە بۆ مناڵیان دەردەكرێت، ئەگەر رەگەزنامەیشیان جیاواز بوو، حاڵەتێكی تایبەتە و دەكەوێتە سەر رێكەوتنی هەردوو هاوژین، ئەگەر بە یاسایش چەسپابوو ئیتر لادان لەو مافەی ژن لەلایەن پیاوەوە دەیخاتە بەر لێپرسینەوەی یاسایی، بەڵام بێگومان سازان و رێكەوتنی پێشتریان بەر لە هاوسەرگیری كاریان ئاسان دەكات.


‌ 221 جار بینراوه‌
3/16/2019 2:56:42 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved