»  شۆک
بەهارو نەورۆز بازاڕی پۆشاكی كوردی لەكەركوك گەرمدەكەن
ئا/ سهام رەشید



لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهارو جەژنی نەورۆز و یادەكانی راپەڕینی گەلی كوردستان، ژنان و كچان بازاڕی جلوبەرگی كوردی گەرم دەكەن و بەرگدروویەكیش دەڵێت:" سەرەڕای قەیرانی دارایی بەڵام ژنان و كچان بۆ بۆنەو یادە تایبەتییەكان گرنگی بە پۆشاكی كوردی دەدەن.

بەرگدروویەكی ژنان دەڵێت سەرەڕای قەیرانەكان، بەڵام ژنان و كچان لە بۆنەو یادەكانی نەورۆز گرنگی بە پۆشاكی كوردی دەدەن.
دایكی دیلان، بەرگدرووی ژنان بۆ (هەواڵ) وتی:" بەرێژەی (95%) ژنان گرنگی بەكڕین و دوورینی  پۆشاكی دەدەن، بەڵام بە هۆی ئەو قەیرانەی كە دروست بووە، كاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕ دروستكردووە".
وتیشی:" لەگەڵ ئەوەشدا ژنان و كچان بەردەوامن لە كڕین و پۆشینی جلی كوردی، بەتایبەت بۆ ئاهەنگ و بۆنە تایبەتییەكانیان".
دایكی دیلان ئاماژەی بەوەشكرد:" ئەمساڵ رێژەی پۆشاكی كوردی باشەو دیزانێكی زۆریش دابەزیونەتە بازاڕ بەتایبەت دیزانەكانی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو گەڕاونەتەوە بازاڕ ".
باسی لەوەشكرد:" نەورۆز جەژنێكی نەتەوەیی كوردە، هەر بۆیە ژنان و كچان ئەو رۆژە بە رۆژێكی پیرۆز دەزانن و گرنگی زۆری پێدەدەن و ئامادەكاری لە رووی پۆشاكەوە بۆ دەكەن".
ئەو بەرگدرووەی ژنان رونیشیكردەوە:" لە كاتی بۆنەو یادەكان تەنانەت جیاوازی لەنێوان هەژارو دەوڵەمەندەكانیش نییەو هەموان پۆشاكی كوردی ئامادەدەكەن و دەیپۆشن".
وتیشی:" نرخی دوورینی پۆشاكەكان لە شێوەیەكەوە بۆ شێوەیەكی دیكە جیاوازەو هەریەكەو نرخێكی تایبەتی هەیە".
كوتاڵفرۆشێكیش پێیوایە، سەرەڕای قەیرانی دارایی، بەڵام ژنان و كچان بەردەوام بۆ بۆنەو ئاهەنگەكان پۆشاكی كوردی دەكڕن.  
حاجی عوسمان، یەكێك لە كوتاڵفرۆشەكانی بازاڕی رەحیماوە، بۆ (هەواڵ) وتی:" قەیرانی دارایی كاریگەری خراپی كردۆتە سەر بازاڕەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنان بۆ بۆنەو ئاهەنگەكان لە كڕینی پۆشاكی كوردی نەوەستاون".
بە وتەی ئەو كوتاڵفرۆشە، نرخەكان لە قوماشێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازن".
وتیشی:" قوماشەكان لە وڵاتانی كەنداوو چین و توركیاوە هاوردەی بازاڕەكان دەكرێن و نرخی ئەوانەی لە وڵاتانی كەنداوەوە دێن زۆر لە توركی و چینییەكان زیاترە. 
حاجی عوسمان وتیشی:" ئەمساڵ چەندین جۆر مۆدێلی نوێ لە بازاڕ هەن، كە ژنان ئارەزووی كڕینیان دەكەن".
خانمێكیش دەڵێت:" گرنگییەكی زۆر  بە پۆشاكی كوردی دەدەم و لە زۆربەی بۆنەو ئاهەنگاكان دەیپۆشم، جگە لە جوانیەكەی جلێكی كوردی رەسەنە ".
خانمێك بە ناوی تریفە سەبارەت بەگرنگیدان بە پۆشاك و جلوبەرگی كوردی وتی:" گرنگی زۆر بە پۆشاكی كوردی دەدەم و لە زۆربەی بۆنەو ئاهەنگاكان دەیپۆشم، جگە لە جوانیەكەی جلێكی كوردی رەسەنە، بەڵام رۆژانە ناتوانین ئەو جلە بپۆشین، چونكە جلێكی قورسەو خۆئامادەكردن بەو جلەوە كاتی زۆری دەوێت".  وتیشی:" زۆرتر حەزم بە مۆدیلی سلێمانییە، چونكە بەتەنها كراس و كەوای ئاساییە لە هەندێك جار یان سەڵتە یان هێلەكی لەگەڵ دەكەین، هەن وەك مۆدیل كۆڵەوانە دەكەن كە شتێكی زۆر سەرنجراكێشە". دەربارەی دۆخی قەیرانی دارایی و بازاڕ ئەو خانمە وتیشی:" بازاڕ هەموو جۆرە جلوبەرگێكی تێدایە، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە زۆر كەس ناتوانێت دەست بۆ هەموو شتێك بەرێت، بەنمونە جلی كوردی هەیە زۆر جوانە بەڵام نرخەكەی زۆر گرانە، ئەوەش كاریگەری بەسەر خەرجی و داهاتی خێزانییەوە دەبێت".  
جێی باسە، نەتەوەی كوردیش هاوشانی هەر نەتەوەیەكی دیكە، خاوەن پۆشاك و كلتوری تایبەت بە خۆیەتی و پیاوان و ژنان لە كاتی بۆنەو ئاهەنگەكان بەتایبەتی بۆنە نیشتیمانییەكان و گەشت و سەیرانەكان پۆشاكی نەتەوەیی تایبەت بە خۆیان دەپۆشن و بە تایبەت پۆشاكی ژنانە یەكێكە لەو پۆشاكانەی كە بە هۆی دیزاین و ئاڵاو واڵاكەیەوە سەرنج بۆلای خۆی رادەكێشێت.

‌ 242 جار بینراوه‌
3/16/2019 3:00:33 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved