نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  راپۆرت
بۆچی كورد لە ئاست لێدوانە توندەكانی لایەنە عەرەبی و توركمانییەكان بێدەنگە؟
ئا/هەواڵ


رۆژانە بەشێك لە توركمان و عەرەب لێدوانی توندو ئاگرین دژ بە گەلی كورد لە كەركوك دەدەن و لەبەرانبەریشدا لایەنە كوردییەكان بێدەنگەن، بەڕای بەرپرسانی حیزبی و چاودێرانیش ئەو لێدوانە توندانە دەستێكی ئیقلیمی لە پشتەو هەوڵێكیشە بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییە سیاسییەكانی خۆیان و شكستیان لەبەرانبەر شەقامی عەرەبی و توركمانی و دەڵێن “ مەبەستیانە كورد رابكێشنە نێو شەڕێكی نەخوازراوەوە”.

حیزبی شیوعی: ئێستا عەرەب و توركمان هێزیان هەیەلە بەرانبەردا كورد هیچی نییە
شێخ سدیق، لێپرسراوی كۆمیتەی كەركوكی حزبی شیوعی كوردستان، بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” لە دوای رروداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، كەركوك بە دۆخێكی خراپتردا دەڕوات، بەتایبەتی دۆخی حزبە سیاسییە كوردستانییەكان، راستە ئێستا ئێمە وەك بارەگا لە كەركوكین ، جگەلە پارتی هەمومان لێرەین، بەڵام كورد ئێستا خاوەنی دەسەڵات نییە”.
شێخ سدیق وتیشی:” لە دوای رێكەوتنەكەی یەكێتی و پارتی لەسەر ئەوەی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دابنێن، كوتلەی عەرەبی و توركمانی بەراستی پێیان ناخۆشەو وتاری توند لە دژی كورد  دەدەن و  بەوەی كە نایانەوێت پارێزگاری كەركوك كورد بێت، یاخود خاوەنی دەسەڵات بێت”.
شێخ سدیق پێشیوابوو:” ئێستا عەرەب و توركمان هێزیان هەیە، توركمان هێزی حەشدی شەعبی توركمانی و عەرەب حكومەتەو سوپای هەیەو حەشدی هەیە، لە بەرامبەردا كورد هیچی نییە، تەنها بارەگامان لە كەركوك هەیە، وتاری چی بدەین، دۆخێكی خراپ هەیەو ئێمە نامانەوێت خراپتر بێت، بەڵكو دەمانەوێت بەشێوەیەكی هێمنترو عەقڵانی تر مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەین”.
وتیشی:” هەموو ئەمانە هەڵەی رابردووی خۆمانە دەیدەین، وەك حزبی كوردستانی نەمانتوایوە چارەسەری ئەو كێشانە بكەین كە لە كەركوكدا هەبووە بەتایبەتی لە نێوان یەكێتی و پارتی و  بۆتە مایەی ئەوەی كە ئێستا عەرەب و توركمان دەسەڵاتداربن و ئێمەش وەكو میوان بین لەم شارە”.
باسی لەوەشكرد:”كورد بەشێوەیەكی گشتی لە بەغدا چوار پێنج وەزیری هەیە، سەرۆك كۆماری هەیە، ئەمە جگە لە ئەدام پەرلەمانەكان و حزبە سیاسییەكان، كورد لە رابردوشدا لە پەرلەمان نەیتوانیوە هیچ بكات هەر لە ململانێدا بووەو كێشەی هەبووە، ئێستاش هەروایە، ململانێكان هێندەی ئەوەی لەسەر پۆست بووە ئەوەندە لەسەر ئەوە نەبووە  دۆخی كەركوك چاك بێتەوە، بەتایبەتی یەكێتی و پارتی ئەوەندی مەشغوڵن بە خۆیانەوە، مەشغوڵنین بەوەی دۆخی كەركوك چارەسەر بكەن، ئەمەش ئەنجامەكەی بەمشێوەیە دەبێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد:” ئێمە لە كەركوك ماڵمان وێران دەبێت و كێشەی نەتەوەكەمان هەیە، یەك سەنگەر نین و یەكگوتارو یەكهەڵوێست نین، فرە ماڵین، ململانێكان بەرەو بەغدا چۆن بوو، هەر لایەك هەوڵی دەدا زووتر بگاتە بەغدا، بەداخەوە لە رێكەوتنەكانیش لەگەڵ بەغدا باسی نەوت زیاترە لە مەلەسە نەتەوایەتییەكانی كەركوك، ئەوەندەی باسی نەوت دەكرێت، باسی كەركوك و ئایندەی شارەكە ناكرێت، مافی نەتەوەیی ناكرێت، ئەمەش جێگای داخە”.
ئاشكراشیكرد:” وتاری توندوتیژی توركمان و عەرەب هی ئەمڕۆ نییە ، بەڵكو هی سەرەتای 2003 وە كاتێك رژێمی بەعس رووخا، ئەم وتارە توندانە هەر هەبوون، چ لەناو ئەنجومەنی پارێزگا چ لە ناو فەرمانگەو حكومەتیش هەبوەوە، بەڵام دەبێ كورد زۆر عاقڵتر بێت و لە عەقڵیەتی توركمان باشتر بیر بكاتەوە، نەچێتە ئەوەی كە وتاری توند بدات و دۆخەكە گرژتر بكاتەوە، وتارەكان با ئەوەی لە هەناویانە بابچێتەدەرەوە، ناكرێت كورد بچێتە نێو ئەو هۆسەیەوە، ناكرێت بچینە جەنگێكی وتارەوە كە بارودۆخەكە خراپتر بكات، رەنگە ئەو گرنگییەشی نەبێت. 

یەكێتی: توركمان و بەشێك لە عەرەب مەبەستیانە كورد رابكێشنە نێو شەڕێكی نەخوازراوەوە
فەخرەدین محەمەد، لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” لە راستیدا توركمان و بەشێك لە عەرەب مەبەستیانە كورد رابكێشنە نێو شەڕێكی نەخوازراوەوە، بەتایبەتی لە ئێستا كە كورد لە نێو ماڵی خۆیدا یەكگرتوو نییە”.
فەخرەدین محەمەد، ئاماژەی بەوەشكرد:” پێش ئەوی كورد بچێتە نێو شەڕی راگەیاندن و لێدوان و وەڵامدانەوە، پێویستە هەندێ هەنگاوی كرداری بنێت كە خزمەت بە كێشە رەواكەی بكات، كێشەكە لەوەیە كە ئەگەر بەشێكیش نەبین لە پرۆسەكە كەمتەرخەمین، بڕوام وایە وەڵام دانەوە چارەسەر نییە كە كێشەی كورد لە كەركوك بچێتە پێش، كڕۆكی بابەتەكە ئەوەیە ئایا لایەنە كوردستانییەكان چەند هەنگاویان ناوە بۆ ئەوەی كە ئەوەی پەیوەندی بە كوردەوە تا بارودۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە، ئەگەر ئەوان لێدوان بدەن و تۆش وەڵامیان بدەیتەوە یا نەیدەیتەوە هیچ لە كێشەكە ناگۆڕێت، ئەگەر هەنگاوی كرداری نەنێیت”.
لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی مەڵبەند، باسی لەوەشكرد:”  كێشەی كورد ئەوەیە هیچ هەنگاوێكی كرداری نەناوە بۆ چارەسەركردنی ئەو بەشەی كەركوك كە پەیوەندی بەوە هەیە، من ئەوەندە لەگەڵ وەڵام و وەڵامكاری نیم ئەگەر كارت بۆ كێشەكە نەكردبێت، لە راستیدا ئێمە كارمان بۆ كێشەكە نەكردووە”.
رونیشیكردەوە:” پێویستە پەرلەمانتارەكانی كەركوك و هەموو پەرلەمانتارەكانی دیكەی كوردستان ئەو بابەتە بجوڵێنن و  كەیس لە دژی ئەو كەسانە بكەنەوە كە وتاری ئاگرین دەدەن، چونكە ناكرێت هانی توندوتیژی بدەیت لە شارێك بەتایبەتی كە  كۆمەڵێك پێكهاتەی تێدایە، هاوكات بێحورمەتیش بێت بۆ پرۆسەی پێكەوە ژیان و  لە رووی یاساییەوەش هاندانە بۆ توندوتیژی، پێویستە لایەنی كوردی نوێنەرەكانی لە ناوەندە سیاسییەكانی عێراق ئەو كەیسانە جوڵێنن “.
ئەوەشیخستەڕوو:” كورد كەمتەرخەمەو هەستدەكات ئیحراجە بەرانبەر شەقامەكەی خۆی ، چونكە هەنگاوێكی كردەییان بۆچارەسەركردنی كێشەی كەركوك نەناوە، كاتێك كە لایەنێك دژی تۆ دەوەستێتەوە ئەوكات وەڵامەكەشت جێی خۆی ناگرێ، لەبەر ئەوە كەمتەرخەمییەو گوناهبارییەكە لە ئەستۆی بەرپرسانی كوردە”.
وتیشی:” ئەم لێدوانە توندانە دەستێكی ئیقلیمی لە پشتەو هەوڵێكیشە بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییە سیاسییەكانی خۆیان و شكستیان لەبەرانبەر شەقامی عەرەبی و توركمانی، عەرەب و توركمان نوێنەرەكانیان لە كەركوك هیچ خزمەتێكیان بە شەقامی خۆیان نەكردووەو نەیانتوانیوە بچوكترین دەستكەوت بەدەست بێنن، تەنها دژایەتیكردنی كورد نەبێت ئەویش لە رووی عاتیفییەوە”.
راشیگەیاند:”دەبێ كورد لەسەرووی ئەمانەوە كار بكات، دەبێ بچێ لە بەغدا چارەسەری كێشەكانی خۆی بكات، بۆ راگرتنی مەعنەویانی شەقامی كوردیش پێویستە هەندێ شت هەیە بیكەی، چ وەڵام بێت یاخود جوڵاندنی كەیس لە دژی ئەوانەی كە وتاری ئاگرین دەدەن”. 

پەرلەمانتارێك: هەر با بۆ خۆیان بڵێن
مەریوان نادر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” ئەوان دەیانەوێت كە سبەی پارێزگار بۆ كەركوك دانراو تەشكیلی ئیدارە كرایەوە، دەستكەوتیان دەستكەوێ، یان بە جۆرێك لە جۆرەكان ئیمتیازاتیان دەستكەوێت”.
وتیشی:” بەشێك لەوانەی وتاری توندو ئاگرین دەدەن، هەربا بۆخۆیان بڵێن، بە ئیستحقاقی هەڵبژاردن مەسەلەكانی كەركوك یەكلایی دەكرێنەوە، توركمان با داوای پارێزگار بكات، پارێزگار خۆی پشكی كوردەو هەموشیان باش دەزانن، ئەی بۆ عەرەب داوای ئەو پۆستە ناكات، خۆ عەرەبیش بەهەمان قەبارەی توركمان كورسی هەیە”.
مەریوان نادر ئاماژەی بەوەشكرد:”ئێمە قسەمان لەسەرئەو بابەتانە كردووە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی زیاتر ئەوانەی ئەم وتارانە دەدەن سەركردەكانی بەرەی توركمانین، بەتایبەتی سەركردەكانی بەرە سەنگیان لای شەقامی توركمانی نەماوە، زۆربەی زۆری ئەو توركمانانەی كە لە بەغدان و لەناوەندی بڕیاردان ئیلتزامیان بە بەرەی توركمانییەوە نییەو شەقامی سیاسی عێراقیش سەنگ بۆ ئەو قسانەیان دانانێت”.
راشیگەیاند:” دەكرێت قسە لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری بكرێت و  چوارچێوەیەك بۆ ئەو وتارانە دابنرێت چونكە دژی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەن و شیرازەی كۆمەڵایەتی تێكدەدەن”.
باسی لەوەشكرد:” ئەوانەی لێدوانی توندو ئاگرین دەدەن پێدەچێت دەستی وڵاتانی تریان لە پشتەوە بێت، بۆ ئەوەی كورد پەلكێشی ئەو دۆخە بكەن ئێمەش چاودێری ئەو لێدوانانەمان كردووە، رەنگە كاریگەری لەسەر شەقام هەبێت بەڵام كاریگەری لەسەر گۆڕینی پێكهێنانی ئیدارەی شارەكە نابێت، بۆیە پێمان باشبووە وەڵامیان نەدەینەوە”.

چاودێرێكی سیاسی: بەرژەوەندی حزبایەتی هەناسەی لە پرسە نەتەوایەتییەكەی كەركوك بڕیوە
رابەر رەشید، چاودێری سیاسی، بۆ (هەواڵ) وتی:”بەشێك لەو هۆكارانە بۆ یەكنەگرتوویی نێو ماڵی كورد دەگەڕێتەوە، هەروەها كورد لە ساڵی 2003ەوە ستراتیژیەتی نەتەوەیی نەبووە كاتێ گەڕاوەتە بۆ ناوچە دابڕاوەكان، ئەو سیاسەتە چەوتەی لە هەرێم پیادە دەكرێت لە 1991ەوە تاوەكو 2003 هەمان سیاسەتیان هێناو لەسەر كەركوك كردیانە تاپۆو، ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەو شێوەیەیە”.
رابەر رەشید وتیشی:” بەرژەوەندی حزبایەتی هەناسەی لە پرسە نەتەوایەتییەكەی كەركوك بڕیوە، هەیەو نییە تەنها یەكێتی هەوڵێك دەدات، یەكێتیش لەبەر پێگە جەماوەرەییەكەتی، ئەوانەی تریش دەستیان لە كەركوك بۆتەوەو هیچ خەمێكی لێناخۆن و توركمان و عەرەبیش لەوەتەی هەن دژی كوردن و ئێستاش دۆخەكە لەبەرژەوەندی ئەواندایە”.
رابەر رەشید، پێشیوایە :”بەرچەندانەوەیان پێویستە لەسەر ئەوانەی لە مەوقیعی بڕیارن، یاخود لە پلەو پایەیەكن كە قسەیان دەیخوات، دەبێ ئەوان وەڵامیان بۆ ئەو حاڵەتانە هەبێت”.
وتیشی:” كورد لە بەغداش هەر لە ملانێی یەكتردان، كورد هەتا نێو ماڵی خۆی رێكنەخاتەوەو سترتیژیەتی نەتەوەیی نەبێت، ناتوانێ هیچ كارێك بكات، بەراستی بۆ ئەوەش پێش هەموو كەسێك دەبێ پەرلەمانتارەكانی كەركوك بێتە دەنگ لەسەر ئەو تۆمەت و وتارە توندانەی عەرەب و توركمان دژ بە پێكهاتەی كورد لە كەركوك”.
ئەوەشیخستەڕوو:” هەر لەساڵی 2003 ەوە تائێستا كورد بەتایبەتی یەكێتی و پارتی سیاسەتێكی حەكیمانەیان لە كەركوك پیادە نەكرد، كە بەراستی سۆزی توركمان و عەرەبیش بەلای خۆیاندا رابكێشن، بەتایبەتی ئێستا  توركمان پشت ئەستورە بە توركیاو هەر بۆیەشە بەوشێوەیە كار لەسەر كورد دەكات”.







‌ 380 جار بینراوه‌
3/16/2019 3:12:19 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved