»  پەڕەموچ
خۆزگە عیسا بۆدواجار لێرەوە تێدەپەڕی
رەشید كەركوكی



ڕۆڵەكەم 
خۆزگە دەمتوانی گیانی خۆم ببەخشم
 تۆی پێ لەم ئازارە رزگاربكەم
خۆزگە دەمتوانی لەدڵۆپە دڵۆپێ 
خوێنی دەمارەكانم
لەدڵۆپەدڵۆپەی فرمێسكی چاوم
لەدڵۆپەدڵۆپەی ئارەقەی جەستەم
لەدڵۆپەدڵۆپەی شیری مەمكەكانم
یەك دەنكە حەپم دروست كردایە
 تۆی پێ چاك بویتایە
خۆزگە گشت مرۆڤەكانی سەر زەوی 
دكتۆر بونایە
بەڵكو یەكێكیان چارەسەری تۆی بزانیبایە
خۆزگە مرۆڤەكانی سەرزەوی گشتی پێغەمبەر بوونایە
بەڵكو شیفای تۆ بەدەست یەكێكیان بوایە
خۆزگە عیسا بۆدواجار لێرەوە تێدەپەڕی وپێشم دەگرت 
وبۆناو ژورەكەی تۆ پەلكێشم دەكرد
ئەم ژوورە پڕە لەبۆنی خوێن وكێمی برینی جەستەت
دەڵێی بۆنی گۆگردوسیرە
دەڵێی بۆنی گەنیوی گۆشت وپێستی 
دەباخانەیە
هێندە ناخۆشە گێژم دەكا
 هەناسەم توندئەبێ
ناچارم چاوەكانم بكەمەوە 
جەستەی داڕزاوی تۆی تیاببینم
ئەوجەستە پڕبرینەت 
كەنەدەبێ خۆر لێیبدا
نەتەپ وتۆزی بەركەوێ
نەكەس بتبینێ
چونكە منداڵەكان لێت دەتۆقن
گەورەكان وەڕزدەبن
 لوتیان دەگرن
تۆش شەرمەزار ئەبی
 زیاتر ئەگری
ئای چەند حەزئەكەم رۆژبێتەوە
تابەرچاییەكت بۆئامادەكەم
ئەم خەمانەم بیر چێتەوە
ئەم ئازارەی تۆم بیرچێتەوە
تاوێك خۆیشم بیرچێتەوە
بەخوا رۆڵە زۆرخەوم دێ
بەڵام هەردائەنیشم بەلاتەوە
ڕێگانادەم بۆتاوێكیش خەو بمباتەوە
نوزەوناڵەی تۆ خەوم ئەزڕێنێ
وەك گڕی ئاگر ناخم ئەقرچێنێ
خەوم نایات خەوم تۆراوە
تۆ روخسارت پڕلەزامە
من دڵ وهەناوم ساغی تێدا نەماوە
ساغی تێدانەماوە
توخوا نەنكە مەگری
 نەنكە منیش حەزئەكەم رۆژبێتەوە
كراسی خۆرلەبەربكەم
ئای جەند تامەزرۆم
لەگەڵ خۆرداسەمابكەم
سێبەرەكەم لەگەڵ خۆمدا پیاسەبكات
ئای چەند تامەزرۆم
لەگەڵ منداڵانا بێم وبچم
ئای چەند حەز لەیاری دەكەم
دەست بخەمەناو دەستیان
پێكەوە بچین بۆقوتابخانە
ئای چەندحەزلەخوێندەواری دەكەم
ئای چەند حەزئەكەم
كەسیك بێت وبۆیەكجاریش بێت 
ماچم بكەن
چەند حەزئەكەم
 چۆن جوانی لەڕوخسارم جیابوەوە
چۆن دایك وباوكم 
بەهۆی منەوە جیابونەوە
چۆن نیگا لەچاوەكانم جیابوەوە
ئاوا گیانم لەجەستەم جیابێتەووە
توخوا نەنكە مەگری
فرمێسكەكانت ئازارم ئەدەن
هەروەك دڕك ئەچنە ناخم
توخوا نەنكە تۆمەگری
من نازانم تۆبۆمن دەگریت یان بۆخۆت
ئاخر تۆ گیانت زام نیە
وەك من جەستە ت بێ ئارام نیە
تۆ دێیت ودەچی
ئەچیتە بەرخۆر
خزمان دێنە دیدەنیت كەم وزۆر
دەم وچاوت بەئاو وسابوون ئەشۆی
ئەتوانی ئەم ژورە جێ بێڵێ وبڕۆی
گۆناو روخسارت بێ گەردو جوانە
دەم ولێو و گوێت بەتەواوی هی ئینسانە
من نەلێوم ماوە نەلووت
گۆناو گەردن وگوێم قاژقاژبرینە
سووروڕەش هەڵگەڕاوە
وەك سوتابێ بووبێ بەقەرەبرووت
لووتم بێ ئێسك و گۆشتە
دوكوونی وەك دەرگای ئەشكەوت
دگانەكانم لەدووردیارن
نەدەم ولێوم ماوە
نەگۆشتی رومەت
لەمرۆڤ ناچم
خۆشم نازانم چیم
خۆزگە دەمزانی
 گەرهاوڕێی وەك خۆمم هەیە
دووبەدوو پێكەوە دەژیاین
دەبوینە هاوئازار وهاونشینی یەكتر
ئەوبۆمن ومن بۆئەو
ئەبوینە هاوبێدارانی شەو.

‌ 202 جار بینراوه‌
3/17/2019 1:47:18 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved