نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  پەڕەموچ
سەڵاح حەمە ئەمین تەمەنێكی پڕئەزموون لەگەڵ نووسین و شێوەكاریدا
سازدانی: پەڕەمووچ

هونەرمەندی شێوەكارو هاوبار ئەدیب و ئەكتەرو خاوەن بەهرەی جیاجیا.. هەروەها بەهەردوو زمانی كوردی و عەرەبی بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەكانی بڵاوئەكاتەوە، كتێبێكی بەپێزی لەسەر مێژووی شێوەكاری لەكەركوك بڵاوكردووەتەوە سەرەڕای چەندین بابەتی هونەری و جگە لەوەش پارساڵ دیوانێكی شیعری بەزمانی عەرەبی بڵاوكردۆتەوە.
ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1958 ـی شاری كەركوكە، یەكەم كارو چالاكی هونەری ساڵی 1977 بووە، لەو ساتەوەختەوە تا ئیمڕۆ زیاتر لە (30) پیشانگای هاوبەش و تایبەتی كردۆتەوە كەیەكەم پیشانگای تایبەتیان ساڵی 1985 بووە. ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانی عێراقەو هاوكات لە (سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان) و(یەكێتی نووسەرانی كورد) و (یەكێتی گشتی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق) و (سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان) و (بنكەی ئەدەبی و روناكبیری گەلاۆیژ) و  (یەكگرتووی داهێنەرە عێراقییەكان بۆ هونەرە جوانەكان) ئەندامەوە لە هەندێكیشیان ستافی كارابووە، بە مەبەستی زیاتر ئاشنابوونی خوێنەرانی هەواڵ، پەرەمووچ لە نزیكەوە ئەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ ئەنجامدا.  
پەرەمووچ : ئایا سەرەتا مایل بە ئەدەب بوویت یان شێوەكاری.. بەچی هاوسەنگی هەردوو كایەت راگرتووە ؟
سەڵاح حەمەئەمین: شاراوە نیە لەپۆلی یەكی سەرەتاییەوە وانەی وێنەكێشان و مامەڵەكردن لەگەڵ رەنگ و بۆیە لە قوتابخانەو خوێندنگاكاندا بوونی هەیەو بەو پێیەلەسەرەتادا مایل بەهونەری شێوەكاری بوومەو لەو بوارەشدا لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیدا بەشداریم لەچەندین پێشانگای هاوبەشی قەتابخانەو چالاكی قوتابخانەكانم كردووەو چەند جاریكێش لەو بوارەدا خەڵات كراوم،  دواترو لەپۆلی شەشەمی سەرەتایی و لە قۆناغی خوێندنی ناوەندیدا رووم لە جیهانی ئەدەب وخوێندنەوە كردووە، پاشان رووم كردە جیهانی نووسین. 
پەرەمووچ : وەك ئەدەبدۆست و خاوەن بەهرەی ئەدەبی.. هیچ تابلۆیەكت كێشاوە باس لەبەرهەمێكی ئەدەبی بكات.. ئایا مۆنتێفت بۆ ناوەوەی هیچ كتێبێك بەتایبەتی شیعر كردووە ؟
سەڵاح حەمەئەمین: بەداخەوە بەش بەحاڵی خۆم وەك كاركردنی هونەری لەسەردەقی ئەدەبی كارم لەسەر ئەو ئەزموون و ئاوێتەبوونە هونەریو ئەدەبییە نەكردووەو تاقیم نەكردۆەتەوە، ئەوەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەمن لەسەرەتای هەشتاكاندا ئەزموونێكی نوێی هونەریم هاوردە نێو هونەری شێوەكارییەوە كە لەدواییدا باسی لێوە ئەكەم، ئەوەی بڕوانیتە تابلۆكانی ئەو ئەزموونەم و خوێندنەوەیێكی ئەدەبیو هونەری و رخنەگرانەیان بۆبكات بۆی دەردەكەۆیت كە هەر تابلۆیەك لەو تابلۆیانە بەرهەمێكی ئەدەبیشە. 
كەركوك وەك هەردەم دەست پێشخەربووە لەبوارە جیاجیاكانی ئەدەب و هونەر، لەو بوارەشدا هونەرمەندی دورە وڵات (یونس ئەلعەزاوی) لە كۆتایی حەفتاكاندا پێشانگایەكی تایبەتی كردەوە كەبیرۆكەی سەرجەم تابلۆكانی ئەو پێشانگایە لە هۆنراوەكانی شاعیری ناوداری عێراق (بەدر شاكر ئەلسەیاب) وەرگیرابوو. هەروەها هونەرمەندی شێوەكارو شاعیر و رۆژنامەنووس (فوئاد ئەلگەنجی) لە ناوەڕاستی هەشتاكانداو لەدووەمین پێشانگای تایبەتی خۆیدا كە لە بەغدا كردییەوە تابلۆو شیعرەكانی خۆی ئاوێزانی یەكتر كردبوو. لەلایەكی ترەوە لە یەكەم و تەنها ئەزموونی شێوەكاریی خۆیدا نووسەری ناوداری كوردو كەركوكی محەمەد موكری لەساڵی 1994 دا پێشانگایەكی شێوەكاری تایبەتی خۆی لەشاری هەولێر كردەوە، لەو پێشانگایەدا موكری هۆنراوەو بیرۆكەی شیعری چەند شاعیرێكی كردە خامەی شیعرەكانی لەوانە (شێركۆبیكەس، قوبادی جەلیزادە، بەدرشاكر ئەلسەیاب) شایانی ئاماژەپێكردنە ئەو پێشانگایە دەنگ دانەوەیەكی زۆری لەناو هونەرمەندان و نووسەراندا هەبوو. سەبارەت بە مۆنتێف، لەكۆتایی نەوەدەكاندا چەند كاریكی هێڵكاریم بۆ دیوانی شیعری (زایەڵەی كۆچ) ی نووسەرو شاعیری كۆچكردوو (محەمەد سابیر مەحموود) و هەروەها دیوانێكی شیعری بەكر دەروێش كردووە.
پەرەمووچ : چۆن مامەڵە لەگەڵ مادەو رەنگەكان دەكەیت و بەكام رەنگ ئارام دەبیت و لەكام رەنگ هەستیاریت هەیە ؟ 
سەڵاح حەمەئەمین: هەموو هونەرمەندێك وابەستەی رەنگێك وەیا چەند رەنگێكی دیاریكراوەو لەرێیانەوەفۆرم و بابەتە هونەرییەكانی خۆی بەرجەستە ئەكات. من لەسەرەتای ژیانی هونەریمدا هاوشێوەی سەرجەم شێوەكارەكان مامەڵەم لەگەڵ مادەو رەنگدا هەبووە، بەڵام لەسەرەتای هەشتاكانداو لە ئەزموونێكی شێوەكاری نوێدا توانیم بەشێوەیەكی سەركەوتووانە هەردوو هونەری شێوەكاری وفۆتۆگراف لەیەك فۆرم و بۆتەی هونەرێدا كۆبكەمەوە، كەرەستە هونەرییەكانی ئەم ئەزموونە نوێیەم پێكهاتبوون لە سەرجەم كەرەستەكانی هونەری فۆتۆگراف، بەڵام ئەفسوس بەهۆی ئەوەی من خۆم لەماڵەوە كارم لەسەر ئەم ئەزموونە نوێیەئەكرد و هەموو كەرەستەكانیشم رەش و سپی بوون و تابلۆكانم بەهەمان رەنگی رەش و سپی كێشاوە لەو ئەزموونەمدا كاری رەنگاورەنگم ئەنجامنەداوە، بەم پیێە جیهانی رەنگ لە تابلۆ هونەرییەكانی من تەنها رەنگی رەش و سپییە و لەرێی ئەم ئەم دوو رەنگەوە مامەڵە لەگەڵ دنیابینیە هونەرییەكانی خۆم ئەكەم و ئەودوو رەنگە تەواوكەری یەكترین، هەروەك لەژمارەیێكی بەرچاو لەتابلۆكانم رەنگی رەش باڵادەستە.  
پەرەمووچ : ئاشكرایە هونەرمەند گوزارشت لەناواخنی خۆی دەكات لەتابلۆكانیدا.. چ  شتێك جیهانی ناوەوەی تۆی ئاخنیوەو تائەمڕۆ نەگونجاوە یان نەلواوەو كاتی دەڕبڕینی ماوە ؟
سەڵاح حەمەئەمین: لەهەموو كارێكی هونەری یان ئەدەبی بێت لایەنی (خۆیی و بابەتی) ئەو بەرهەمە بنەمایەكی سەرەكییە و كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەو كارە هونەرییە یا ئەدەبییە ئەبیت، سەرەڕای ئەوەش ئاست و باری رۆشنبیری هونەرمەندەكە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر دنیابینیەكانی ئەو هونەرمەندە دروستدەكات و لەرێیەوە كاری هونەری و ئەفراندنی جوان و بەرز ئەخوڵقێنی، لەو روانگەیەوە دەبینین زۆربەی ئەو هونەرمەندانەی ئاستی رۆشنبیرییان بەرزە لە رێی كارە هونەری و تابلۆكانیانەوە توانیویانە بوونی خۆیان و هونەرەكەیان بسەلمێنن و رۆژ لەدوای رۆژ هونەرەكەیان بەرەو پیشەوە بەرن وهەنگاوی بوێرانە لەو رووەوە بنێن. هونەرمەندی شێوەكاری كەركوك بەتایبەتی كوردەكەی بەدرێژایی مێژووی هاوچەرخی ئەم هونەرە لەم شارەدا هیچ شتێك نەیتوانیوە بەربەست لەبەردەم هونەرەكەی دروستبكات و توانیویەتی لەو رێیەوە ئازارەكانی خۆی و نەتەوەو كۆمەڵگاكەی بخاتەروو، تەنانەت هەموو ئەو جەورو ستەمەی رژێمی لەناوچووی بەعس لەم شارەدا بەرامبەر بە گەلی كورد پەیڕەوی ئەكرد نەیتوانی بەربەست لەبەردەم گوزارشتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی شێوەكارانی ئەم شارە دروستبكات گەورەترین بەڵگەش لەو رووەوە قوناغی هەشتاكانی بزافی هونەری شێوەكارییە لەم شارەدا لەو قۆناعەدا شێوەكارانی كورد لەم شارە توانییان لەرێی هونەرەكەیانەوە سیاسەتە شوفینییەكانی بەعس لەبەعرەبكردن و راگواستن و ئەنفال ریسواو مەحكومبكەن.
پەرەمووچ : رەخنەگرتن لەبواری شێوەكاری و لێكۆڵینەوەی دەرونی لەسەر تابلۆی كوردی دەستیپێكردووە یان هێشتا ماویەتی.. هۆكارەكان چین ؟
سەڵاح حەمەئەمین: ئەدەبی رخنەگرتن لەبواری هونەری شێوەكاریدا پیوێستی بە كەسانێك هەیە  سەرەڕای ئەوەی گرنگە هونەرمەندی شێوەكاربن شارەزایێكی بەربڵاویان لەبوارەكانی هونەری شێوەكاری ومێژوو ریبازە هونەرییەكان وهەروەها  ئەدەب ونووسین و بوارە جیاجیاكانی زانستە مرۆی و دەرونناسییەكاندا هەبێت، بەداخەوە ئەو چەشنە رخنەگرانە لەبواری هونەری شێوەكاریدا لە كوردستان بوونیان نیە، وەیا ئەوانەی كار لەو بوارەدا ئەكەن زۆر كەم و دەگمەنن و زۆربەیان ئەو پێوەری رخنەگرییە نایانگرێتەوە، وەیا كارەكانیان تەنها خوێندنەوەیەكی سەرپیێی و رووكەشی و كاڵوكرچن بۆ چەند تابلۆیەكی دیاریكراو، بەش بەحاڵی خۆم تا ئەم دەمە هیچ خوێندنەوەیەكی دەرونناسیم بەرچاو نەكەوتووە كەلەسەر تابلۆی شێوەكارێكی كورد نووسرابێتەوە. هونەری شێوەكاری كوردی هاوچەرخ تائەم دەمە لەسەرەتای دروستبوون و گەشەسەندن و بەرەوپێشجووندایە، ئەمەش وامان لێدەكات كە بڵێین رخنەی هونەری شێوەكاری كوردی بەشێوەیێكی گشتی بوونی نیەو ئەوەشی هەیە هەنگاوەكانی لەسەرەتادایە، لێرەدا حەز ئەكەم تیشك بخەمە سەر ئەوەیلەكۆتایی حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكاندا لەبواری ئەدەبی كوردی لەم شارەدا ئەمجۆرە رخنەو لیكۆلینەوە دەرونییانە لەسەر دەستی پزیشكی دەرونی و نووسەر دكتور تاریق جاف سەری هەڵدا، بەڵام بەداخەوە ئەویش دوای ئەوەی كۆچی كرد بۆ هەندەران دەنگی نەما. 
پەرەمووچ : چ خەونێكت وەك شێوەكارێك نەهاتۆتەدی.. ئەی وەك ئەدیبێك ؟ 
سەڵاح حەمەئەمین ببورە بۆم هەیە پرسیارەكە پێچەوانە بكەمەوە، واتا بپرسیت چ خەونێكت وەك شێوەكارێك هاتووەتە دی... ئەی وەك نووسەرێك؟ مرۆڤ بەگشتی و هونەرمەندو نووسەر بەتایبەتی بەدرێژایی تەمەنی هەڵگری چەندین ئاوات و خەونی جۆراوجۆرەو كارو كۆشش بۆ هاتنەدییان ئەكات، هونەرمەندو نووسەر كاری هونەری و ئەفراندن لەسەر خەون و ئاوات و دنیابینییەكانیان ئەكەن و هەوڵدەدەن لەریێ هونەرو ئەدەبەكەیانەوەبیانگەیەنێتە ترۆپكی خوڵقاندن، چەند هونەرمەندو نووسەر ئاستی رۆشنبیری گەشەبسێنیت ئەوەندە خەون و ئاواتەكانی گەورەدەبن و گەشەدەسەنن، لەزۆر كاتدا ئەگەر خەون و ئاواتە بنچینەیی و گشتییەكانی هونەرمەندو نووسەر هاتەدی ئەوە داهێنان و ئەفراندنەكانی خامۆش ئەبنەوەو لەكۆتاییدا ئەكوژێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا وەك شێوەكارێك ئاواتی ئەوە دەخوازم كە لەكاری شێوەكاریدا بەردەوامبم و زیاتر بەرەوپێشەوەی ببەم و ئەفراندنی تێدا ئەنجامبدەم و تابلۆكانی ئەم ئەزموونەم بگەیەنمە قۆناغی رەنگاورەنگ.
پەڕەمووچ : واقعی هونەری شێوەكاری لە كەركوك گوزارشت لە دۆخی شارەكەدەكات.. یان گشتگیرو ناوچەیی و جیهانییە؟ 
سەڵاح حەمەئەمین:  هونەری شێوەكاری لەشاری كەركوكدا دیرۆكێكی فرەدێرینێ هەیەو بەدریژایی مێژووی هاوچەرخی ئەم هونەرە لەم شارەدا توانیویەتی هاوتەریب بیت لەگەڵ خەم و خەونەكانی خەڵكی ئەم شارە بەگشتی و كوردەكەی بەتایبەتی، لەگەڵ جیاوازی ئاستی هونەری ورۆشنبیری شێوەكارەكان هەندێكیان توانیویانە پەرە بەهونەرەكەیان بدەن و گۆشەنیگاو دنیابینینیتایبەتی خۆیان بخۆڵقینن و كاری هونەری جوان ئەنجامبدەن و لەروانگەیێكی گشتگیری و جیهانیەوە بڕژێنە نێو خەم و دۆخە ناهەموارەكەی شارەكەو مامەڵەیەكی ئاست بەرزی هونەری لەگەڵدا بكەن.
پەرەمووچ : دەبینین شاعیرمان هەن لە پیاوو ژن، شانۆكارو فیلمساز.. خەڵاتیان لە وڵاتانەوە وەرگرتووە، ئایا شێوەكاری بەشداربووی پێشبڕكێمان لە هەمان ئاستدا هەن ؟ 
و: جێی وتنە پتر هونەرمەندان و نووسەرانی كەركوك لە نیو سەدەیە لەهەموو بوارە جیاجیاكانی ئەدەب و هونەر جێدەست و كاریگەرییان لەسەر ئاستی ئەدەب و هونەری عێراق و كوردستان دیارە، بەداخەوە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق هونەرمەندان و نووسەرانی كەركوك بەگشتی و كورد بەتایبەتی لەنێو بەرداشی ناوەندو هەرێمدا هاڕاون و بە ئاگری هەردوو لاش سووتان، بەڵام ماوەیەكە هونەرمەندان و نووسەرانی ئەم شارە بە هەوڵ و كۆششی خۆیان و لە زۆر كاتیشدا لەسەر خەرجیی خۆیان یان هەندێ لایەن و گروپ توانیویانە بەشداری لە چەند فیستیڤاڵ و چالاكی هونەری و ئەدەبی لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی و نێودەوڵەتیدا بكەن، كە زۆربەیان تەنها بریتی بوونە لەبەشداریكردن و هەندێكیشیان پێشبڕكیشی لەخۆگرتبوو كەتیاندا نووسەران و هونەرمەندانی كەركوك توانیویانە بەشایستەوە چەند خەڵاتێك لەو بوارانەدا بەدەستبێنن، بێگومان شێوەكارانی كەركوكیش بەدەر نەبوونە لە بەدەست هێنانی خەڵات لە چەند پێشبڕكییەك لەو پێشبڕكییانەدا، جا ئەو هونەرمەندانە چ شێوەكاری كەركوكی تاراوگەبن یان نێو شاری كەركوك.





‌ 481 جار بینراوه‌
4/6/2019 2:52:14 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved