»  باران
مافەكانی ژنان 5-5
عەبدوڵڵا مەحموود زەنگنە

نەخشەڕێگا بۆ ناسینی مافەكانی ژنان
دوای باسكردنی مافە پەروەردەییەكان كە بریتیبوون لە:"یەكسانی لە هەموو كایەكانی خوێندن، مافی دەستكەوتنی هاوكاری و مینحەی خوێندن، كەمكردنەوەی دیاردەی وازهێنان لە خوێندن و هاوكارییان لەگەڕاندەوەیان بۆ خوێندن، بەشداربوون لە وەرزشەكاندا"دێینە سەر باسی مافی كاركردن كە چەند مافێك دەگرێتەوە:
یەكەم/ بەشداربوون لە بواری زەمانی كۆمەڵایەتیدا:
زەمانەتی كۆمەڵایەتی واتە: بەرنامەكانی حكومەت بۆ گەیاندنی هاوڵاتیانی بە خۆشگوزەرانی لەڕێی دابینكردنی سەرچاوەكانی بژێوی ژیان و خزمەتگوزارییەكان بەگشتی بۆ هەمووان، بۆ ئەوانەی لە كەرتەكانی كاردا ئیشیان كردووە و ئەوانەیشی بێكارن تادەچنە سەر كار، هەروەها زەمانەتكردنی ئاسایشی گشتی و ئاسایشی خۆراك و دابینكردنی هەموو جۆرەكانی هاوكاری بۆ هاوڵاتییان.
لە ئێستادا و دوای زیاتر لە"27"ساڵ حكومەتداری، نەتوانراوە وەك پێویست ئەو مافانە بۆ هاوڵاتیان دابین بكرێت، بە تایبەتی مافی كركردن كە بەهۆیەوە هەزاران پیاو كەوتوونەتە مەترسییەكانی دەرەنجامە خراپەكانی بێكاری كە باری ئابوورییە و بوارەكانی تریشی خستۆتە مەترسییەوە. لێرەدا بەڕوونی بۆمان دەردەكەوێت كە: خێزانێك كاتێك پیاوی ماڵی كۆچیی دوایی دەكات، یان بێكار دەبێت بە زۆر هۆوە، ژن دەكەوێتە چ كێشەیەكی قورسەوە لە دابینكردنی بژێوی خۆی و مناڵەكانیدا، ئایا رێكخراوەكانی مافی ژنان توانییان ژن لەم مەترسییە رزگاربكەن؟! نەخێر نەیانتوانیوە و رۆژانە دەیان ئافرەت دەبینین لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە سكاڵا لە بێحاڵیی خۆیان مناڵیان دەكەن بەدەستی نەبوونی و بێكارییەوە، ئەگەر خێرخوازان نەبێت سەدان خێزانی لەوجۆرە وێڕای تووشهاتنیان بە كارەسات، واقیعێكی زۆر ناهەمواریش بۆ بارودۆخی ژیان تۆمار دەكەن و دەبنە بەڵگەی تەواو بۆ نەبوونی بایەخدەری دڵسۆز بە چارەسەری كێشە ئابووری و كۆمەڵایەتیەكان.
دووەم/ یەكسانی لە كاركردن و كرێ و هەڵسەنگاندنی كاردا:
لە كەرتی حكومەتدا تاڕادەیەكی باش ئەم خاڵە رێكخراوە، هەردوو رەگەز بۆیان هەیە لە فەرمانەگاكاندا بەپێی بڕوانامە و پسپۆڕییان دابمەزرێن و مووچەیش بە یەك سیستم دانراوە، بەڵام كێشەی سەرەكی لێرەدا دەرەوەی كاری حكومییە، واتە لە كاری رێكخراوەیی و پیشە جۆراوجۆرەكاندا كە تا ئەم ساتە نەتوانراوە نامۆیی ئیشكردنی ژن لە دوكان و بازاڕ و پیشەكاندا بە گشتی ئاسایی بكرێتەوە، ئەم نائاساییبوونە رەگەزی مێ خۆیشی گرتۆتەوە و زۆرێك لە ئافرەتان بەلایانەوە ئەستەمە ژن بتوانێت كاری بیناسازی، فیتەری، شۆفێری، دوكانداری بكات و ببێتە خاوەنی كۆمپانیای بازرگانی...بۆیە پێویستە لەبریی بایەخدان بە ماكیاژ و بەرنامەكانی تایبەت بە پۆشاك و مەتبەخ و ئاهەنگەكان، كە ئەمانە لەچاو مافەكاندا لاوەكین، كاری زیاتر لەسەر دابینكردنی ئەم مافانە بكرێت.
سێهەم/ دەرنەكردن لە ئیش بەهۆی دووگیانی و مۆڵەتی دایكایەتیەوە:
لە ئێستادا ئەم مافانە لە كەرتی حكومەتەدا بۆ ژنان دابینكراوە، بەڵام بەهۆی كەمیی كاری ژنەوە لە كەرتەكانی تردا، دەركردنی ژنی كرێكار بەهۆی دووگیانی و مناڵبوونەوە نەبۆتە واقیعێك تا چارەسەری پێویست بێت.
چوارەم/ رەخساندنی ژینگەیەكی باش بۆ كاركردن و تەندرووستی بە گشتی بە تایبەتی لەكاتی دووگیانیدا:
هەرێمەكەمان لەمڕوەوە كاری باشی كردووە و ژینگەی كاری حكومی تاڕادەیەك گونجاوە بۆ كاركردن، بە پێی یاسای كاریش هاوكاریی ژنان دەكرێت لەكاتی دووگیانی و مناڵبووندا، كەرتی تەندرووستی كاری خۆی دەكات كەموكورتییەكانی هۆكاری راستەوخۆیان ململانێ سیاسییەكانە كە كاریگەریی لەسەر هەموو كەرتەكانی تریش هەیە..وەك دەبینین مۆڵەتی دایكایەتی بە مووچەی تەواو هەیە، بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكان دەتوانن هاوكاریی فەرمانبەرە ژنە دووگیانەكان بكەن و لە كاری قورس بیانپارێزن و لەكاتی پێویستدا رەوانەی نەخۆشخانەكان بكرێن و مۆڵەتی پێویستیان بدەنێ و دواتر بگەڕێنرێنەوە سەر كارەكانیان.
مافە سیاسیەكان:
1 -- بەشداربوون لە بڕیارە گشتی و سیاسیەكان:
بنەمایەكی زۆر گرنگ و ئاماژەی راستەوخۆی پێشكەوتن و دەسەڵاتی مەدەنییە لە هەر وڵاتێكدا پەیڕەوبكرێت، بە داخەوە لای ئێمە نەك ژن، بڕیاری گشتی و سیاسی تەنها لای كۆمەڵێك كەسی دەسەڵاتداری نێو حیزبە سیاسیەكانە، كە لە هیچیاندا ژن نەگەیشتۆتە پێگەیەكی دیار.
2 – بەشداربوون لە راپرسییە گشتیەكاندا:
لە وڵاتی ئێمەدا لە ماوەی"27"ساڵی رابردوودا لەسەر هیچ پرسێكی گرنگی چارەنووسسازی پەیوەند بە ئێستا و ئایندەی گەلەوە راپرسی نەكراوە، جگە لە راپرسییەك لەسەر دەوڵەتی سەربەخۆ كە قسەی زۆری لە بارەوە كراوە. بۆیە ئەگەر راپرسی بكرێت هەردوو رەگەز تیایدا بەشدار دەبن و رەنگە رێگرییەك نەبێت بۆ بەشداربوونی هەردوو رەگەز.
3 – ئەندامبوون لە حیزبی سیاسی و كۆمەڵە گشتییەكاندا:
رێگەدان بە ئافرەتان بۆ بە ئەندامبوون لە حیزبە سیاسییەكاندا دەكەوێتەسەر:
أ/ ئاستی رۆشنبیریی خێزانی، كە رێژەی ئەندامێتیی ژنان لە حیزبە سیاسییەكاندا ئاستێكی باشی هەیە وەك بنكەی جەماوەری، بەڵام وەك گەیشتن بە پێگە باڵاكان زۆر كەمە، ئەمەیش كەموكورتیی حیزبەكان خۆیانە.
ب/ مۆدێلی ئەو حیزبانەی كاری سیاسیی دەكەن، چونكە حیزب چەندە مەدەنی و دووربێت لە كێشە و شەڕ هێندەیش مەودای بە ئەندامبوونی رەگەزی مێی تێدا زیاتر دەبێت.
4 – خۆ كاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنەكان لە هەموو بوارەكاندا:
رێژەی بەشداریی ژنان وەك پێویست نیە، وەك پێویستیش كاری بۆ نەكراوە، بۆیە لە حیزبەكاندا بە لیبرالترینیانەوە كەمترین ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەن، تا ئەم ساتەیش لە مێژووی جیهاندا كەمترین ژن گەیشتوون بە پۆستە هەستیارەكان.
5 – بەشداری لە پێكهێنانی سیاسەتەكانی حكومەت و جێبەجێ كردنیان: لە باشووری كوردستاندا لە ئاستی سفردایە و هیچ كاریشی بۆ نەكراوە.
6 – بەدەستهێنانی پۆستە حكومەییەكان لە كاروبارە گشتیەكاندا: چەند ژنێك بەڕێوەبەری گشتین، لە مێژووی حكومەتی هەرێمدا تەنها یەك ژن كراوە بە وەزیر، هیچ ژنێك نەكراوە بە جێگری سەرەك وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام رێژەیەكی زۆر باش فەرمانبەرمان هەن لە رەگەزی مێ.
لە چەند بەشێكی رابردوودا ئەو مافە گرنگانەمان ناساند كە هەندێكیان مافی گشتین بۆ هەموو هاوڵاتیان و هەندێكیشیان مافی تایبەتن بە ژنان، كە بە داخێكی زۆرەوە رێكخراوەكانی مافی ژنان نەیانتوانیوە كار بۆ زۆرینەیان بكەن بۆیە تا ئەم ساتە هیچ هەنگاوێكیان بۆ نەنراوە..كەناڵەكانی راگەیاندنیش هێندەی خەمی ماكیاژ و پۆشاك و تواناسازیی چێشتلێنانیان بووە، هێندە خەمی مافەكانی ژنانیان نەبووە، بۆیە كەمترین بەرنامە دەبینین كە توانیبێتیان گەورەبەرپرسان بەگیربێنن و لێیان بپرسن: بۆچی پێگەی سیاسی و حكومیتان بۆ ژن دانەناوە؟!

‌ 135 جار بینراوه‌
4/6/2019 3:11:00 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved