»  کاتژمێر یازدە
سوپاس بۆ بەڕێز عەبادی
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە

لەماوەی چوار ساڵی پەرلەمانتاریم لە خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق واتا لەسەردەمی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی، بەدرێژایی ئەو چوار ساڵە بۆ یەك رۆژیش لەگەڵ سیاسەتەكانی عەبادی هاوڕا نەبووم، بەڵكو دژایەتیشم دەكرد، چی لە رێگەی لیژنە پەرلەمانیەكەمەوە چی لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا چی لەڕێی راگەیاندنەوە، دەنگم بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە دوو وەزیرو سەرۆكی دەستەیەك لە حكومەتەكەی دا، خوازیاری ئەوەشبووم متمانە لە خودی عەبادی وەربگیرێتەوە، لە كۆتاییەكانی مانگی ئاداری ئەمساڵدا دوای ئەوەی لە حكومەت دووركەوتۆتەوە، لە دوو دیداری جیاوازدا لە هەردوو كەناڵی "دجلە وNRT”ـدا كۆمەڵێك پرسی گرنگی ورووژاند، چ سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و چ سەبارەت بە ریفرادۆم و چ سەبارەت بە كەركوك، ئەم پرسانەش هەمووی پەیوەستن بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و كوردانی ناوچە جێناكۆكەكان. 
یەكەمیان لە كەناڵی "دجلە" باسی لەو رێككەوتنە كرد كە لە نێوان حكومەتی عێراق و سەرۆكایەتی هەرێم بە سەرپەرشتی ئەمریكییەكان كرا كە تیایدا لەسەر ئەوە رێككەوتن بەرامبەر بە (430) ملیۆن دۆلار بۆ هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە كورد بەشداری ئازادكردنی موسڵ بكات و دوای ئازادكردنیشی هێزەكانی پێشمەرگە سەرجەمیان بگەڕێنەوە بۆ سنوورەكانی (2014) واتا پێش هاتنی داعش و داگیركردنی ئەو ناوچانە.
هەر لە كەناڵی "دجلە" سەبارەت بە رووداوەكانی (16)ـی ئۆكتۆبەر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ یەكێتی نەكراوە، بە پێچەوانەوە بۆ كشانەوەی پێشمەرگە رێكەوتن لەگەڵ پارتیدا هەبووە، وە وتی ئەوەی بەشێك لە یەكێتی كردیان رێگریكردن بووە لە خوێنڕشتن، وەجەختی لەوە كردەوە كە یەكێتی كاتێك ئاگاداربۆتەوە هیچ رێگایەكی تری لەبەردەمدا نەماوە. 
لە كەناڵی (NRT)ـیش پرسێكی لەوانی پێشتر مەترسیداری ورووژاند، ئەویش ئەوەبوو كە وتی من واتا (عەبادی) رێگربووم لە بەردەم دابەشكردنی هەرێم ئەویش دوای ئەوەی هەرێم بڕیاری ریفراندۆمی دا، هەر یەك لە ئێران و توركیا داوایان لێكردم كە بانگیان بكەم بۆ هاوكاریكردنی عێراق بۆ رێگریكردن لە ریفراندۆم بەو بیانوە هەرێم دابەشدەبكەن، (عەبادی) لە دیدارەكەدا بە تەحەداوە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە ئەو قبووڵی نەبووە هەرێم دابەشبكرێت. 
بە حوكمی ئەوەی خۆم لە بەغدابووم و ئاگاداری زۆرێك لە پرسە سیاسیەكان بووم هەموو قسەكانی عەبادی لەو دوو دیدارە بە داخەوە دەیڵێم راستن! .
لەدوای دیدارەكەی كەناڵی "دجلە" بارەگای بارزانی وەڵامێكیان دایەوەو دواتر خۆیان لەو وەڵامە بێ بەری كرد. 
لەدوای دیدارەكەی (NRT) یەوە چاوەڕێم پارتی یان یەكێتی یان هەر حیزبێكی تر وەڵامێكی بدەنەوە، بڵێن وانییە.. بەداخەوە خۆیان لێ كەڕكرد!
بەو پێیەی  بەرهەمی خەباتی دەیان ساڵەی كورد لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان قەوارەی هەرێمی كوردستانە ،ئەو قەوارەیەش لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە بێ باكانە خراوەتە بەر هەڕەشەی لەتبوون و هەڵوەشانەوە، عەبادی رێگری كردووەو پاراستوویەتی، بۆیە ئێمەی كورد ئێستا قەرزاری ئەو پیاوەین.. دەبێت سوپاسگوزاری بین.

 




‌ 97 جار بینراوه‌
4/13/2019 2:25:44 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved