نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  پەڕەموچ
نووسەران بۆچی و لەپێناو چی دەنوسن؟
ئا/ سهام رەشید

نووسین و خوێندنەوە بابەتێكی مرۆیی كۆنەو مێژوویەكی دێرینی هەیە، پێداویستییەكی جێبایەخی هەستی و دەروونی هەموو سەردەمەكان بووە، لەدوای دۆزینەوەی چاپەمەنییەوە لەلایەن جۆهان گۆتنبێرگەوە (1398ــ1468)ز نووسین قاڵبی سنورداری خۆی بەزاندو بوو بە كایەیەكی هەرە بەرفراوانی كایەی ئەدەبی، ئەمڕۆ نووسەرێكی زۆر لەناو كوردا هەن، لە هەموو كایە ئەدەبی و مرۆڤناسی و زانستیەكاندا دەنووسن، بۆ ئەم مەبەستە دەچینە سەر وتەكەی بەرناردشۆو دەڵێین (بۆچی و لەپێناو چی دەنوسین؟)، لێرە هەر بۆ هەمان مەبەست پەرەمووچی هەواڵ چەندین شاعیرو نووسەری دواندووەو بیرو بۆچوونیانی بۆ ئەو مەبەستە وەرگرتووە.  
روناك شوانی، نووسەر و وەرگێڕ لەوبارەیەوە بۆ (هەواڵ) وتی:"نووسین كردەیەكی مەعریفییە، تۆماركردنی رووداوەكانی ئەمڕۆ یان دوێنێیە لە چوارچێوەی دەقی ئەدەبی، لیكۆڵینەوە، خوێندنەوەو بەدواداچوون، رووداوگەلێ ئەمڕۆ ڕوودەدەن نووسەر بەشێوازو دەربڕینی خۆی بۆ نەوەكانی داهاتوو دەیاننووسێتەوە، یان لە ڕابردوودا روویان داوە، نووسەر زانیارییان لەسەر كۆدەكاتەوەو دەینووسێتەوە، ئیدی خۆی و ویژدانی چۆنیان تۆماردەكات".
وتیشی:"  زۆربەی دەقە ئەدەبییەكان زادەی خەیاڵی نووسەرن، خەونی ئایندەن، یان ئاواتێكی بەدی نەهاتوون و قەڵەم دەیانكاتە شیعرێ، رۆمانێك یان چیرۆكێك خوێنەری پێ دڵخۆشدەكات، هیوای دەداتێ، زەردەخەنە دەخاتە سەر لێوی، رەنگە چاوەكانی پڕ لە ئەسرینی نائومێدی بكات، بەڵام سەرەنجام كڵاوڕۆژنەیەك بەسەر دنیای تاریكیدا دەكاتەوە".
دەشڵێت:" لە دیدی مندا نووسین داهێنانە، ئەفراندنی جیهانێكی نوێیە، كە لە واقیعدا بوونی نییە، من دەنووسم كەواتە من هەم، دەنووسمەوە بۆ ئەوەی بۆ نەوەكانمان پەنجەرەیەك لە ڕووی داهاتوو بكەمەوە، لەوانەشە بۆ بەتاڵكردنەوەی رازەكانی ناخی خۆم بێت، كەواتە دەكۆشم بەنووسین دوو چۆلەكە بەبەردێ بپێكم، هەرچەندە هەرگیز بیر لە راوشكارو پێكانی چۆلەكە ناكەمەوە، هێندەی بیر لەوە دەكەمەوە دنیامان پڕ لە باڵندەی جوان و دەنگخۆش بكەم، چرایەك لە تاریكییدا هەڵكەم و نوستووەكان وشیار بكەمەوە.
عەبدولستار جەباری ، لەو بارەیەوە وتی:"زۆربەی نووسەرانی دنیا هەر یەك بەجۆرێك و بەپێی بیروبۆچونی خۆی وەڵامی داوەتەوە،  وەلێمن جیاواز لەوانە كاتێقوتابی قۆناغی ناوەندی بووم ماوەیەكی زۆر نەبوو هاتبوومە دنیای كتێب و خوێندنەوە هەمیشە بیرم لەوە دەكردەوە كە كتێبخانەی كوردی زۆر هەژارە لە رووی ژانرەكانی تری ئەدەبەوە، تەنها لە شیعر و چیرۆكدا دەوڵەمەندبوو".
جەباری وتیشی:" بەردەوام لەخەمی ئەوەدا بووم چۆن بتوانم گەر بچوكترین خزمەتیش بێت بە كتێبخانەی كوردی بكەم، بۆیە بیرم لەوە كردەوە كە هەركات دەستم خامەی گرت، لەو بوارانەدا بنووسم كە كتێبخانەی كوردی پێویستی پێیەتی و ئەوەبوو لەتەمەنی 16 ساڵیدابووم ، هەرچەندە پێشوەختەبوو بۆ ئەوەی كتێبێك بنووسمەوە شادرەوان " فەلەكەدین كاكەیی" وتەنی: (گەر بتەوێبەقەد گەڵای دارێك بنووسیت، پێویستە بەقەد گەڵای دارێك بخوێنیتەوە) بەڵام من هەر زوو یەكەم كتێبم چاپ و پەخشكرد بەناونیشانی " دیاری ناسری رەزازی"، كە یەكەم كتێب بوو دەربارەی كارو ژیانی هونەرمەندێكی كورد بێت هێشتا خۆی لەژیاندا ماوەو سەرەتای گەشەكردنی ئەستێرەی بوو لە ئاسمانی هونەری كوردی، دووەم كتێبم بەناونیشانی " خۆشنووسانی كورد"   چاپ و پەخشكرد، ئەمیش یەكەم كتێبی كوردیە لەبارەی هونەری خۆشنووسین و دواتر كتێبێكی ترم چاپ و بڵاوكردەوە بەناونیشانی " گوڵبژێرێك لە ئەدەبی توركمانیەوە" بەمەش من بوومە یەكەم نووسەری كورد كتێبێك لەبارەی ئەدەبیاتی توركمانییەوە بە كوردی چاپ و بڵاوبكەمەوە، كەواتە من راستگۆبووم لەگەڵ ئەو نیەتەی كە سەرەتا بڕیارم لەسەری دابوو.
ئارام سدیق، نووسەرو لێكۆڵەر، دەڵێت:"بێگومان ئەم پرسیارە سەختە، بەڵام لەگەڵ ئەم سەختیەیدا بێ وەڵام نییە، من تا ساڵانێكی زۆر دركم بەوە نەكرد بۆ دەنووسم، هۆیەكی دیاریكراو و دیارم نەبوو، بەڵام شتێك لە ناخمدا هەبوو، كە جیاوازبوو حەزێك هەبوو بۆ لای هیچ ئیشێك و كارێكی دیكە نەدەچوو و چێژی لە هیچ وەرنەدەگرت لەنێو دونیای نووسین و خوێندنەوەدا نەبێت".
ئارام سدیق وتیشی:" بەر لەوەی شانازی بە نووسەربوونەوە بكەم شانازی بە خوێنەربوونەوە دەكەم، بەبێ خوێندنەوە نەمدەتوانی یەك لاپەڕە بنووسم.. نووسین بۆ من چەشنی هەناسەیە بۆ ژیانم. نووسین ئەو دەلاقەیەیە كە خۆمم تێدا دۆزییەوەو بەردەوامیش بۆ پارچە ونبووەكانی دیكەم دەگەڕێم".
ئاماژەی بەوەشكرد:" زۆر بە ڕاشكاوانە دەڵێم ئەگەر بمتوانیایە نەنووسم، نەمدەنووسی".
وتیشی:" هەزارانجار خۆم لەنووسین دزیوەتەوە، ئەگەر ئەو هەموو كاتەی كە بۆ ئەم دونیایەم تەرخانكردووەو دەرفەتی نووسینم هەبووە بمنووسیایە ئێستا بەرهەمەكانم دە هێندە دەبوون، بەڵام بۆ من خوێندنەوە چێژی زیاترە لە نووسین، بەڵام نووسینیش چێژێكم پێدەدات كە لە هیچ شتێكدا نەمدۆزیەوە". 
دەشڵێت:" دەنووسم بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانەم چنگ بكەوێت، كە زۆرجار نایانزانم، یان باشتر وەڵامەكانیان لە ژیانمدا پراكتیزە بكەم، دەمەوێت لەگەڵ خۆمدا لەگفتوگۆدابم، چونكە تەنها بە نووسین دیوە تاریكەكەی بووم بۆ خۆشم رووناك دەبێتەوە، لەڕێی نووسینەوە پرسیارو گومانەكانم دەخەمەڕوو، ئەمەش ئامانجی سەرەكی منە".
زاهیر شوكر ، نووسەر و روناكبیر لەسەر هەمان بابەت وتی:"هەموو ئەو كەسانەی دەنووسن ئامانجێكیان هەیە لە ژیان، ئەو ئامانجە زیاتر بۆ خزمەت و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەیە، نووسەرو نووسینی كتێب و گۆڤارو رۆژنامە هەموو ئەمانە بۆ خزمەت بە مرۆڤایەتیەو بەرەو پێشەوەی دەبات".
زاهیر شوكر وتیشی:" بوارەكانی نووسین زۆرن وەك بواری (زانستی، مرۆیی، ئابوری، سیاسی و ئەدەبی) ئەوانەی ئێمە زیاتر دەینووسین و گرینگیمان پێدەدا بواری سیاسیە، تایبەت بە سیاسەتی رۆژ لە هەرێمی كوردستان هاوكات لە عێراق و ئەو سیاسەتەی بەڕێوەدەچێت".
ئاماژەی بەوەشكرد:"هەروەها بوێری رەخنەیمان هەیە كە رەخنەی لێ بگرین، كۆمەڵێ راستی هەیە دەریدەخەین، من وەك خۆم دەمەوێ زۆرترین زانیاری لە رێگای نووسینەكانەوە بگەیەنم بە كۆمەڵگا بەتایبەت لەرێی گۆڤاری كەركوك كە خۆم سەرنووسەری بووم هەروەها سەرنووسەری رۆژنامەی كەركوی نوێ بووم و بەرێوەبەری تەلەڤزیۆنی كەركوك بووم، هەموو ئەمانە بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە بووەو بەرەوپێشبردنی دۆخی گشتیە لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی تر، بەرەو پێشبردنی كۆمەڵگا، چونكە كۆمەڵگاكەمان بێبەشە لە هەموو پێداویستیەكانی ژیان دەیان شەڕو مەینەتی دیوە، هەروەها بێبەش بووە لە خوێندن و زانست، بۆیە كۆمەڵگایەكە زیاتر پێویستی بەهۆشیاركردنەوەیە لە رووی سیاسی و فكری و كۆمەڵایەتیەوە ئەمانەش هەمووی ئامانجمانە".
وتیشی:" نووسەر دەبێت لەگەڵ ئێش و ئازاری نەتەوەكەی بێت بۆ پێشخستنی كۆمەڵگاكەی كار بكات و لەسەر بەدیهێنانی مافی منداڵ و ژنان و مرۆڤایەتی بەگشتی كاربكات، قسە لەسەر هۆشیاری كردنەوەی كۆمەڵگا بكات بۆ ئەوەی كۆمەڵگایەكی هۆشیار زیندوو بێت".

‌ 248 جار بینراوه‌
4/13/2019 3:39:26 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved