نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  راپۆرت
وەرزی تەعریب بە شێوەیەكی نوێ لە كەركوك دەستپێدەكاتەوە
ئا/ هاوار ستار

 پرۆسەی تەعریب لە كۆڵ كوردی كەركوك نابێتەوەو لە ئێستاشدا لە چەند گوندو ناوچەیەك تەنگ بە هاوڵاتیانی كورد هەڵدەچنرێت كە ناوچەكانیان چۆڵبكەن، لەهەر سێ گوندی (باجوانی ئازاد، هەنجیرە، چۆپلیجە)ـی باكوری رۆژئاوای كەركوك داوا لە خەڵك دەكرێت گوندەكان چۆڵبكەن بە بیانوی ئەوەی ناوچەی نەوتین و لەكاتێدا لەنێو ئەو گوندانە گوندێكی عەرەبی هەیە تەبلیغیان بۆ نەڕۆیشتوە، سەرەڕای ئەو سێ گوندە لە ناوچەی عەرەفە و بە تایبەت دارەكانی عەرەفەی داخراو چەندین ماڵی كورد لەوێن و لەئێستا پێیان وتراوە دەبێت چۆڵی بكەن و ماڵەكان دەڕووخێنرێت.

گوندەكانی چۆپلیجەو هەنجیرەو باجوانی ئازاد لە ساڵی 1963 لە ناوچەكانی خۆیان دەركراون و پاشان گەڕاونەتەوە و 1975 تەعریب كراون و پاش ئاوارەیی و دەربەدەری دووبارە لە دوای پرۆسەی ئازادی گەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان، بەڵام بەهۆی ناوچەكەیان كراوە بە موحەرەماتی نەوتی بۆیە لە شوێنی ئێستایان رێگەیان پێدراوە ئاوەدانی بكەنەوە، ماڵەكانی نێو عەرەفەش كە بەهەمان شێوە زۆریان دوای 2003 لە ئاوارەیی گەڕاونەتەوە لەوێ گیرساونەتەوە.

جەوهەر مەجید یەكێك لە دانیشتوانی خانوەكانی نێو دارەكانی عەرەفە بۆ (هەواڵ) وتی: "ماڵێكی زۆر لێرە نیشتەجێن و لە ئێستاشدا لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە هەندێكی چۆڵكراون و ئێستا هاتون پێمان دەڵێن دەیڕوخێنین و هەندێكیش لە خوارەوەی دارەكانن و چەند ماڵێكن پێیان وتراوە لەماوەی ئەم هەفتەیە چۆڵی نەكەن دەیڕوخێنین".

ئەو هاوڵاتیەی دانیشتوی عەرەفە وتیشی: "ئەم خانوانە خەڵكێك دوای 2003ەوە لەئاوارەیی هاتونەتەوەو تێیدا دانیشتون و هەریەكەو دوو ژوورو هەیوانێ بچوكی لێدروست كردووەو سەرخۆی كز كردووە، بەڵام لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە هەموو رۆژ فشار دەخرێتە سەرمان و هەڕەشەی گرتن و روخاندنی خانوەكانمان لێدەكەن".

باسی لەوەشكرد: "پۆلیس بە نوسراوی فەرمی ئاگادار كراون و ئەوانیش دێن و بە نوسراو ئاگادارمان دەكەنەوە ئەمە چەند جارێكە و لە ئێستادا قسەی ئەوە دەكەن ئەو خانوەی بەتاڵ بێت دەڕوخێنرێت و ئەوانەشی كە ئاگادار كراون وردە وردە دەگاتە ئەوانەی تریش و لە كاتێكدا ماڵ لێرە هەیە دەربكرێت جێیەك نییە تێیدا دانیشێت و لێرە بێ كێشەین نە لەسەر بۆڕی نەوتین و نە ناوچەی كۆمپانیایە كاری تیابكرێت".

وتیشی: "ئێمە داواكاریمان ئەوەیە ئەگەر دەركردنەكە بۆ هەموانە ئەو خەڵكە بە زیان لێی نەكرێتە دەرەوە، چونكە ئەوەی لێرەیە خەڵكی هەژارەو قەرەبووكردنەوەیەك هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە جێیەكی تر نیشتەجێ بێت".

دەربارەی كێشەی سێ گوندی چۆپلیجەو هەنجیرەو باجوانی ئازادیش خەڵكەكە دەڵین ئەوان بە شێوەی یاسایی و رەزامەندی كۆمپانیای نەوت و ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانی لەوێن.

كەمال حەداد، هاوڵاتیەكی دانیشتوی گوندی هەنجیرەیەو لەسەر هەوڵدان بۆ دەركردنی ئەوان لە گوندەكانی خۆیان وتی: "هیچ حكومەتێك لەگەڵ ئێمەدا نییەو ئێمە نامانەوێ لە وێ دەربكرێین لەو سێ گوندەو نامانەوێ كەس شەڕمان پێ بفرۆشێت بەتایبەتی عەرەبەكان، ئەوەتا لە چۆپلیجەو باجوان یەك دیوارێ لە نێوانمانەو گوندێ عەرەبی لێیە كە لەو دیویەوە راستەوخۆ كارگەیەكی ریسایكلینی خاشاك هەیەو بۆ ئەوان دەرناكرێن و تەبلیغیان بۆ ناچێت بۆ بەس ئێمە؟".

ئەو هاوڵاتیە ئەوەشیخستەڕوو: "لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە هەر رۆژەو بەجۆرێك دەدەنە سەرمان و دەیانەوێت وەكو ساڵانی(1991 و 1963) جارێكتیر دەرمان بكەنەوە كە من خۆم پێنج ئەنفالم هەیەو پێشمەرگە بووم، لە ساڵی 1963 دەركراین و ماڵەكانمان براو بردیان و دوای 2003 بە ئەمری پارێزگاو شارەوانی ئەم ناوچەیەیان پێداین چونكە ناوچەكانی خۆمان نەوتین لێرە گیرساینەوە كەچی ئێستا حەشدی شەعبی دێتە سەرمان و ویستیان ماڵەكەم بكەنە بارەگای حەشد دوای ئەوەی سكاڵام كرد كارەكە نەكرا".

كەمال حەداد، ئەوەشی وت: "لەنێوان دوو گوندی ئێمە گوندی عەرەبی هەیەو بێ كێشەن و كەچی لەم سێ گوندەی ئێمە وازناهێنن و نەماڵمان ماڵە نە حاڵ، كامێرامان داناوەو بەردەوام لە دڵڕاوكێداین و پاسەوانی دەكەین و هەر رۆژەی یەكێكمان دەبەن بۆ بنكەی پۆلیس و كەسێكیش نییە لەسەرمان بێتە وەڵام".

هەر سەبارەت بە كێشەی خەڵكی سێ گوندەكە، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی قەزای دوبز لەگەڵ داواكاری خەڵكدان و داواش دەكەن خەڵكی هەڵوێستیان هەبێ.

جاسم عەبدولرەحمان، سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای دوبز بۆ (هەواڵ) وتی: "ئەمانە چەند گوندێكن كاتی خۆی لە شوێنی سەرەكی خۆیان دەركراون و دوای پرۆسەی ئازادی بەشێوەی یاسایی چونەتە ئەم شوێنەی ئێستایان، ئێستاش ئەگەر بیانوو ئەوەبێت كە ناوچەی نەوتیە خۆ بای حەسەن و باجوانی كۆن و ئەو شوێنانەش ناوچەی نەوتین".

سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای دوبز ئەوەشی وت: "كێشەی ئێمە خەڵكەكەیە ئەگینا ئێمە لەگەڵیانین بەتەواوەتی، بەڵام ئەوانیش دەبێت دەم و كردەوەیان هەبێت و بچنە چاوی ئەوانەی شەڕیان پێدەفرۆشن و بڵێن كاكە ئەگەر تۆ باجوانی كۆن و بای حەسەن و ئەو شوێنانەی ترت پێ لابرا، ئێمەش دەرەچین و خێرە بەس ئەم گوندانەی ئێمە لەكاتێكدا بەبڕیاری حكومەت لەم گوندانەین و لە یاسای خانوو كە سەقفی تێگیرا نابێت بڕوخێنرێت جا چ گوندو ناوچەیەكی ئاوەدان بێت".

وتیشی: "دەبێت ئەو خەڵكە داوای ئەوە بكەن باشە لێرە دەرم دەكەیت بچمەوە جێی خۆم باب و باپیرانم كە ئێستا نایەڵن ئەوەش نییە بابە قەرەبووی تەواومان دەوێ، واتا لەگەڵ ئەوەی ئێمە لەگەڵیانین دەبێت ئەو خەڵكەش لەسەر حەقی خۆیان چاونەترس بن و داوای مافی خۆیان بكەن".

جەمال شكور ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ (هەواڵ) وتی: "بابەتی دەركردنی هاوڵاتی كورد لە چەند جێیەك دوو كەیسی تایبەتە ئەوانەی گوندەكانی هەنجیرەو چۆپلیجەو باجوان كێشەیەكیان نییە، چونكە ئەو خەڵكە گوندەكانی خۆیان موحەرەماتی نەوتەو ئێستا لە ناوچەیەكی یاسایین و بەهاوكاری ئەنجومەنی پارێزگا لێی نیشتەجێن و هەمو خزمەتگوزاریەكیان بۆ رۆیشتوە لە ئاو و كارەبا و نەخۆشخانەو خوێندنگەو بابەتی تر".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی: "كۆمپانیای نەوتیش خۆی بە ئامادەكردنی لیژنەیەك كردویەتیە ئەمری واقع كە ئەم ماڵانە لێرە نیشتەجێبن و 27 مەتر لە سیاجی كۆمپانیاوە دوربن و هەر واشیان كردووە، بەڵام لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە گێچەڵیان پێدەكەن و داوایان لەسەر تۆماردەكەن و ئێمە لەبەغدا بەوەزیری نەوتمان وتوەو تێمانگەیاندون و ئەو كارەمان راگرتوەو هەفتەی پێشوش بە وەزیری نوێی نەوتمان وتوەو بابەتەكەمان بۆ رونكردونەتەوەو ئێستا كێشەكە راگیراو قسەی لەسەر ناكرێت و قابیلی قبوڵ نییەو بابەتەكە پەیوەندی بە مادەی 140ەوە هەیە".

بۆ كەیسی دووەمیش كە خانوەكانی عەرەفەن ئەو پەرلەمانتارە وتی: "چەند ناوچەیەكی عەرەفە كە خانوەكانی كۆمپانیای نەوت و خانوەكانی ئەلفێندارو خانوی كامپین، ئەمانە خانوی كۆمپانیای نەوتن و شوێنی خەڵكی نین و موڵكی وەزارەتێكە بابەتەكە وەكو سێ گوندەكەی پێشو نییەو موڵكی خەڵكن".

جەمال شكور رونیكردەوە: "خانوەكانی عەرەفە بۆ كارمەندی كۆمپانیای نەوت كراون و ئەو بابەتە دوو لایەنەیە بۆ نمونە ئەوەی ئاوارەیەو چوەتە ئەوێ دەتوانێ لە مادەی 140 خۆی تۆماربكات و قەرەبوو وەرگرێتەوە، چونكە ماددەكە كاری پێدەكرێت و حكومەتی عێراق پابەندە بەجێبەجێكردنی ئەو مادەیەوەو دەتوانێ قەرەبوو یان زەویان پێبدات".

‌ 335 جار بینراوه‌
4/27/2019 11:51:39 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved