نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  پەڕەموچ
بیست و دووەمین فێستیڤاڵی گەڵاوێژ بەڕێوەچوو
هەواڵ

لەژێر دروشمی "رەخنەی ئازاد دەستەبەری كرانەوەیە"، ماوەی 18 ــ20/4/2019 بیست و دووەمین فێستڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ لە هۆڵی تەوار لە سلێمانی بە ئامادەبوونی ئەدەبدۆستان و رووناكبیران و جەماوەرێكی زۆری ناوخۆو بیانی بەرێوەچوو.

سەرەتا وتاری بنكەی رووناكبیری گەلاوێژ لەلایەن د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد سەرۆكی بنكەكەوە خوێندرایەوە، دواتر لە لایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتارێك خوێندرایەوەو ئینجا مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتی فێستڤاڵەكە وتاری خوێندەوە.

دواتر چالاكی هونەری تیپی موزیكی لوڕ دەستیپێكردو لە تێكستی شیعری كوردیشدا "قوبادی جەلی زادە" شاعیری ناسراوی كورد وەك میوان تێكستە شیعرێكی بەناونیشانی (با بیین بە سەگ)ی خوێندەوە، پاش ئەوە هەر یەك لە ریاز ئەلغەریب بە عەرەبی و ئیقبال موعتەزدی بە فارسی شیعریان خوێندەوە، ئینجا میوانەكان روویان كردە كتێبخانەی گشتی وەك چالاكییەك لە پیشانگای كتێب لە هۆڵی كتێبخانەی گشتی سلێمانی كە بە هاوبەشی لەگەڵ بنكەی گەلاوێژ  پیشانگایەكی كتێبیان ئەنجامدابوو ئامادەبوون.

كاژمێر (3:00) ی دوای نیوەڕۆ لە دیداری شاعیری كۆچكردوو نەسرین فەخریی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، كۆڕی شیعری لەلایەن تەلعەت تاهیرەوە بەڕیوەچوو تیایدا (12) شاعیری كورد بەشداربوون.

رۆژی هەینی 19/4/2018 دووەم رۆژی فێستڤاڵ تایبەت بوو بە توێژینەوەی ئەدەب و رەخنەی ئەدەبی لە چوار پانتێلدا بەسەر دووتاقی رۆژەكە دابەشكرا بوو (16) لێكۆڵینەوەی ئەدەبی و رەخنەیی بە زمانی نەتەوە جیاجیاكانی وڵاتانی دەوروبەرەوە پێشكەش كرا.

رۆژی شەممە 20/4/2018 و سێیەم و دوا رۆژی چالاكییەكان دەمەو بەیانی تایبەت بوو بە لێكۆڵینەوە كوردییەكان و دوای نیوەڕۆ مەراسیمی كۆتایی فێستڤاڵەكە بەرێوەچوو، تیایدا وتاری لێژنەكان و كۆتایی فێستڤاڵ لەلایەن سەرپەرشتیاری گشتی فێسڤاڵەكەوە خوێندرایەوەو دواتر چالاكی هونەری لەلایەن گرووپی موزیكی لوڕەوە ئەنجامدراو ئینجا خەڵاتی فوئاد مەجید میسری وەك رێزلێنانێك لە هەوڵ و ماندووبوونی چەند ساڵی بەخشرایە د. كوردستان موكریانی.

خەڵاتی مێژوو و ئەدەبی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەخشرایە "نەجم والی، یاسن نوسیەر، د. موحسین ئەحمەد عومەر، غوڵام رەزا ئەمامی، د. محەمەد رەزا ئەسڵانی، پێشڕەو حسێن، د. فایەق مستەفا، د.ئەرستۆ میرانی، عەباس عەبد جاسم، سەنگەر زراری، شەوقی عەبدولئەمیر، د. حەمید رەزا شوعەیری، د. باقر جاسم محەمەد.

دواتر خەڵاتی رێزلێنان بە توێژەرانی تەوەری فێستڤاڵەكە دراو ئینجا وتاری لیژنەی هەڵسەنگاندن خوێندرایەوەو لە كۆتایی رێو رەسمەكەدا خەڵاتەكان دابەشكران.

فێستیڤاڵی گەلاوێژ كۆتایی هات كە بە ئامادەبوونی ئەدیبان و نووسەرانی ناوخۆیی و ناوچەكە بەدروشمی"رەخنەی ئازاد، دەستەبەری كرانەوەیە" لەهۆڵی تەواری سلێمانی كە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕێوەچوو.

فێستیڤاڵی گەلاوێژ ساڵانە لەلایەن بنكەی روناكبیری گەلاوێژەوە رێكدەخرێت، ئەمساڵیش بە سپۆنسەری میدیایی دەزگای میدیایی كوردسات ئەو  فێستیڤاڵە بەڕێوەچوو.

لە فێستیڤاڵەكەی ئەمساڵدا، ١٨ دەق لە شیعر و چیرۆك لەگەڵ "١١" لێكۆڵینەوە لە بواری ئەدەبی و رەخنەی ئەدەبی و مێژوویی پێشكەشكران و لەمەراسیمی كۆتایی فێستیڤاڵیشدا خەڵات بەسەر یەكەم و دووەم و سێهەمەكانی بواری شیعر و چیرۆك و لێكۆڵینەوەدا دابەشكران.

هەر لەمەراسیمی كۆتایی فێستیڤاڵی گەلاوێژدا:-

سەبارەت بە لێكوڵینەوە بەشداربووەكان:-

خەڵاتی سێیەمی لێكۆڵینەوە بەخشرایە ئیسماعیل مەحمودی.

خەڵاتی دووەمیش بەخشرایە حەمە مەنتك.

خەڵاتی یەكەمیش  لێكۆڵەر هیوا كەریم حسێن وەیگرت.

سەبارەت بە براوەی چیرۆكەكانیش:-

خەڵاتی سێیەمی بەخشرایە هەڵمەت حسێن.

خەڵاتی دووەمیش بەخشرایە رەنج رەسوڵ.

خەڵاتی یەكەمی چیرۆك بەخشرایە چیرۆك نووس بەڵێن سابیر عومەر.

هەرچی خەڵاتی یەكەم و دووەم و سێیەمی شیعریشە بەهاوبەشی بەخشرایە شەش شاعیر.

خەڵاتی یەكەمی شیعر بەخشرایە هەردوو شاعیر هیوا موسا و بەشدار سامی.

خەڵاتی دووەمیش بەهاوبەشی بەخشرایە شاعیران ئەمیر ئەمین و كۆچەر ئەبوبەكر.

خەڵاتی سێیەمی شیعریش هەر بەهاوبەشی بەخشرایە شاعیران غەمگین بۆڵی و زاموا محەمەد.

دواتر خەڵاتی بنكەی روناكبیری گەلاوێژ بەخشرایە دەزگای میدیایی كوردسات و كتێبخانەی گشتی سلێمانی و بە چەند گۆڕانیەكی تیپی مۆزیكی سلێمانی، كۆتایی بە رێورەسمەكە هات.

جێی باسە بنكەی ئەدەبی و رووناكبیری گەلاوێژ ساڵی 1996 لە شاری سلێمانی دامەزراوە، رێكخراوێكی رووناكبیری گشتییە بایەخ بە ئەدەب و هزرو كولتووری رۆشنگەری دەدات.

جێگەی باسە سەرجەم شیعر و وتار و توێژینەوەو وتارو موداخەلەكان لە شێوەیەكی رێكوپێك لە رێگەی میكی وەرگێڕانی راستەوخۆوە بە هەر سێ زمانی كوردی و عەرەبی و فارسی بۆ ئامادەبووان وەردەگێڕدران.

ناوی گەلاوێژ وەك رێزلێنانێك و پێزانینَك بۆ مامۆستای رووناكبیر ئیبراهیم ئەحمەد دانراوە كە لە نێوان ساڵانی 1939 ــ1949 گۆڤاری گەلاوێژی وەك درێژەپێدەری سەرەتاكانی رۆشنگەری رووناكبیرانی دوای جەنگی یەكەمی جیهان لە شاری بەغدا دەردركردووە.

ئەم بنكەی رووناكبیری و ئەدەبیە ساڵانە فێستڤاڵێكی كولتووری گەورە سازدەكات، كە لە سەرجەم وڵاتانی دونیاوە نووسەران و رووناكبیران بانگهێشت دەكات، تا ئێستا بیست و دوو فێستڤاڵی بەبێ دابڕان سازكردووە.

خەڵاتێكی تایبەتی هەیە بەناوی (خەڵاتی كوردستان) كە دەدرێت بە نووسەران و رووناكبیرە جیهانییەكان، خولی یەكەمی ئەو خەڵاتە ساڵی 2009 بەخشرایە ئەدۆنیسی بیرمەندو شاعیری عەرەب، لە خولی دووەمیدا هەمان خەڵات بەخشرایە شێركۆ فاتح رۆماننوسی ئەڵمانی بە رەچەڵەك كورد، لە خولی سێیەمیشدا لە ئەكتۆبەری 2015 بەخشرایە ڤۆڵكەر براونی شاعیری ئەڵمانی.

هۆنراوەی شاعیرێكی گەنج براوەی دووەمی (22)ـەمین فێستڤاڵی بنكەی روناكبیری و ئەدەبی گەلاوێژ

من مرۆڤی رۆژهەڵاتیم

ئەمیر ئەمین

من لە شەودا لەدایكبووم

بۆیە نیوە تاریكەكەی جیهان لە مندا پڕە

هەرچی پەیامبەر هەیە لەسەری مندا ئیشیان كردووە

بۆیە باوەڕم ساغ نابێتەوە

بە ئاوی هەموو ئایەتەكان شۆردراوم

بە پەڕاوی هەموو كتێبە ئاسمانییەكان داپۆشراوم

بۆیە هەمووان بۆ خودا دەگەڕێن لەمندا!

پێتان دەڵێم:

بۆیە خودا خۆی نیشانی من دا

بۆیە شوێنی خۆی پێ وتین

دەیزانی ئێمە بێ شوێنین

بۆیە بەخۆی دایدەپۆشین

دەیزانی ئێمە بێ نوێنین

بۆیە بەتەنیشت ماڵەكانمانەوە ماڵی دروستكرد.

تا میهرەبانی رەق نەبێتەوە

بۆیە گۆڕستانەكانی بردە كێوەكان تا بزانین

ژیان چاڵَێكە لە دۆزەخ

بەڵام ئێمە هەرگیز سەرمان بەرزنەكردەوە

گۆرانی بۆ مردووەكانمان بڵێین

بێ ئەوەی بزانین سەری پێغەمبەرەكان چی تێدایە

سوێندمان پێخوارد.!

من مرۆڤی رۆژهەڵاتیم

گەرم گەرم وەك بیابانی (لووت)

نزم نزم وەك گۆرانی قوڵینگەكانی ماڵئاوایی

دوور دوور وەك خۆشبەختی

خوێمان دەكرد بە بەفرداو

پەردەی رەشمان دەكرد بۆ خۆر

بۆیە هەرگیز شەومان پێ سپی نەكرایەوە

جارێك سوپاسی ئەو ئەستێرانەمان نەكرد

بەدرێژایی شەوگاری بێ قەراریمان سوتان

جارێك لە حزووری دارمێوێكدا نەچەماینەوە

بۆ ئەو هەموو شەرابە سوورەی

لە شەوگارێكی تاڵدا پێی بەخشین.

من مرۆڤی رۆژهەڵاتیم

دوای دەنگە گەورەكەی زەوی

بێدەنگی من لە دایكبوو

باوەڕ وەك خاوەنی گەورەی مرۆڤ سێبەری كرد!

گەنجە ئەسمەرەكەی كەركوك

بە گیتارێكی سپییەوە لەتەنیشت باخچەكەوە

گۆرَانی بۆ گوڵەكان دەخوێند

دەنگی تەقینەوەی مرۆڤێك

بینا بەرزەكەی ئەوبەری كردەوە كوڕی خۆڵ

رۆیشتم و ئەو ئاوازانەم كۆكردەوە خوێنیان لەبەر

دەرۆیی..

ئەو چاوانەم هەڵگرتەوە ئایندەیان لەخۆیاندا چێ‌

كردبوو

ئەو قاچانەم كۆكردەوە بە نیشتمانەوە نووسان

رادەكەم و هەر كەللەسەرە وەك ئینجانەی شەقبردوو

خاڵی لەگوڵ و بیركردنەوە

غلۆر دەبنەوە

باخچەكە كە ناوی مینا بوو دەڕوانم

بووبە بیابانی سینا

خوێنی قوربانیان وەك خوێنەكەی حەلاج

بە تەنیشت باخچەكەدا دەروات و دەنووسێت

ئایین بێرەدا تێپەڕی!!

رۆژهەڵات ماڵێكی گەرمە بۆ جەنگەكان

نیشتمان دۆڵێكی قووڵ و كپە بۆ تاقیكردنەوەی ئەتۆم

دڵمان لە لوولەی تفەنگەكانمان گەرمترە

ئێمە لەبەردەم وێرانبوونداین

ئێمە لەناو وێرانبوونداین 

ئێمە وێرانبووین.!

خودا ئێمە دەستمان لە تۆ بەرداو

ئەوانە تۆڵەیان لێكردینەوە

دەستیان لە تۆ بەرنەدابوو

خۆ تۆ چیتر (ئادەم) ئادەمێك شك نابەیت

متمانەت پێی بێت

من چیم؟

بەردەكان سڵمان لێدەكەنەوە

ئەوانیشمان خوارد!

مرۆڤ لە ئاسن چی دەسكەوت

جە لە دروستكردنی قەفەسێك بۆ دڵەكان

با شیشی زیندانەكان بكەینە شمشاڵ

لێگەڕێن زیندانییەكان ئازارەكانیان بژەنن

ئەی ئەوانەی رۆژهەڵاتتان كردە مردووخانەیەكی گەورە

با زیندانیەكان لە بری بوون بە (ئێسكۆبار)

ببنە قالە مەڕە

مرۆڤ لە ئاشتیدا ئەتۆمی دروستكرد

ئەبێ لە جەنگدا چی بكات؟

رۆژهەڵات دەردێكی بەردەوام

مرۆڤی رۆژهەڵاتی برینێكی تاڵ. !

دەبێت مەمكانم بفرۆشم

بۆ كڕینی هەمبەرگرێك

ئەمە چاتی كچێكی رۆژئاوایی بوو

لەگەڵ كچێكی رۆژهەڵاتیدا

دەبێت پێڵاوەكانم بفرۆشم

بۆ نزیك بوونەوە لە دورگەی ئومێد

نامەی پەنابەرێكی رۆژهەڵاتی بوو.. بۆ دایكی

مرۆڤێكی رۆژهەڵاتی چۆن دەتوانێت یاری بە ئاو بكات؟

ئەو هەرگیز ئاگری نەكوژاندۆتەوە

هەرگیز سڵی لەمردن نەكردۆتەوە

ئەو كوشتنی خۆیشی بەدەستی خودا زانیوە

مرۆڤێكی رۆژهەڵاتی كۆیلەی باوەڕ

وادەزانێت زەوی و هەرچی هەسارەی تر هەیە

بەدەوری باوڕی ئەودا دەسوڕێنەوە

من دەمەوێت دۆڵی كەوانەكەم

پڕ بكەم لە گوڵە ئەرخەوان

بەڵام تیرەكانی باوەڕم

بەر لەوەی دڵی دوژمن بپێكن

بەسەری مندا رۆچوون!

مرۆڤی رۆژهەڵاتی نامرێ

چونكە ناژی!

‌ 511 جار بینراوه‌
4/27/2019 12:22:27 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved