»  کاتژمێر یازدە
ساتێك وەستان بە بێ دەنگیی بۆ نیشتیمان
شوان داودی








دووشەممەی رابردوو (1)ـی ئاب، كاتێك خالید ئەلعوبەیدی وەزیری بەرگری لە كاتی لێپرسینەوەكەیدا لە هۆڵی پەرلەمان هەوڵی ئەوەی دەدا ئەوراقەكان تێكەڵ بكات و ئاڕاستەی لێپرسینەوەكە بەلاڕێدا ببات، سەرۆكی پەرلەمان و چەند پەرلەمانێكی تۆمەتباركرد بە گەندەڵی و فشار خستنە سەری.
سەلیم ئەلجبوری سەرۆكی پەرلەمان وەك لە وتاری پێشوومدا ئاماژەم پێدابوو زیرەكانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەكەدا كرد، سەرەتا سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی رادەستی ئارام شێخ محەمەد جێگری كردو خۆی هاتە ریزی پەلەمانتاران دانیشت.. دواتر، ئەوەی راگەیاند كە ناچێتە سەر سەكۆی سەرۆكایەتی تا پاكنوودی (برا‌وە)ـی خۆی لەو تۆمەتانە نەسەلمێنێت و هەرخۆشی پەنای بردە بەر دادگاو دەرفەتی موزایەدەی بۆ كەس نەهێشتەوە.
رۆژی سێشەممە (9)ـی ئاب لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەماندا، لە هەنگاوێكی تری ژیرانەدا جبوری خۆی دەستپێشخەری دەكات و داوا لە ئەنجومەنەكەی دەكات پارێزبەندی (حصانە)ـی لەسەر هەڵبگرن، بۆ ئەوەی بڕواتە دادگا، هاوكات دوو پەرلەمانتارەكەی تریش بە هەمانشێوەی جبوری داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان كرد، ئەنجومەن بە دەنگدان داواكەیان قبووڵ دەكات و پارێزبەندیان لەسەر هەڵدەگرێت، دواتر راستەوخۆ جبوری دەچێتە بەردەم دادگاو لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواو لەسەر ئەو تۆمەتانەی لەلایەن وەزیری بەرگرییەوە درابووە پاڵی، لەلایەن دادگاوە ئازادكراو دۆسیەكەش داخرا.
تا ئێرە حاڵەتەكە ئاسایی و یاساییە.. بەڵام دواتر لە رێگەی هەندێك كەناڵی راگەیاندنی دیاریكراو و هەندێك كەس لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كە خوازیار بوون بڕیارەكەی دادگا لە بەرژەوەندی جبوری نەبێت، هەڵمەتێكی ناڕەوایان لەسەر دادگای عێراقی دەستیپێكرد كە پێشینەی نەبووە بۆ ناشرینكردن و گومان خستنەسەر دادگاو بڕیارەكانی، بۆیە بەندە بە پێویستی دەزانم لەسەر ئەم پرسە بووەستم و هەڵوەستەیەك بكەم.
تاقە دەزگا لە عێراقدا كە تروسكاییەك هیوای تێدا مابێت و تا ئێستا تێكڕای عێراقییەكان متمانەیان پێی هەبێت و لە كاتە سەختەكاندا پەنای بۆ ببرێت و هەموو لایەك پێوەی پابەندبن،  ده زگای دادوه ری ودادگای عێراقییە.
لەگەڵ هەموو تێبێنییەكاندا ئەو دادگایە تا ئێستا سەركەوتوو بووە لە بڕیارەكانیداو چەندین جار ئەم وڵاتەی لە كەناری مەترسی گەورە گەڕاندۆتەوە.
ناكرێت لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم پاشاگەردانییە قبووڵ بكەن، كە هەر كەسێك بڕیارێكی ئەم دەزگا نیشتمانییە هەستیارەی لە بەرژەوەندی نەبێت.. گومان بخاتە سەری.
بەڕای بەندە دەبێت رێگرییەك لەبەردەم ئەم شێواندنە دابنرێت، چونكە بە پێچەوانەوە ئەم دەزگایەش وەكو باقی دامودەزگا نیشتمانییەكانی تر دەكەوێتە بەردەم هەڕەشەی سوك و ریسواكردن بەجۆرێك هیچ حورمەتێكی بۆ ناهێڵدرێتەوە، بەمەش دوا بزمار لە تابووتی ئەم وڵاتەوە دادەكوترێت كە ناوی عێراقەو دوای شەڕی یەكەمی جیهان داگیركەران چوارچێوەكەیان داڕشتووە، هەموومان داگیركەرەكانمان رەتكردەوە، بەڵام دەستمان بەو چوارچێوەیەوە گرتووە كە ئەوان بۆیان داناوین، لەناو ئەو چوارچێوەیەدا بە هەموومان پیرۆزیمان بۆ هیچ شتێك نەهێشتۆتەوە تەنها دەزگای دادوەری نەبێت، پەلاماردانی ئەو دەزگایەش بەو شێوەیەی لەو دۆسییەدا بینیمان و گومان خستنەسەر بڕیارەكانی ئەو پیرۆزییەش لەكەدار دەبێت و شوێنێك نامێنێت لەكاتی جیاوازییە قورسەكاندا پەنای بۆ بەرین بەوەش رەوشەكە بەرەو دۆخێكی نەخوازراودا دەڕوات.
دەبێت لە كۆتاییدا هەموومان ساتێك بە بێ دەنگی بۆ گیانی پاكی ئەم نیشتیمانە بوەستین كە نزیكەی سەدەیەكە هەموومانی بەو هەموو جیاوازییەكانەوە كۆكردۆتەوە.

‌ 3323 جار بینراوه‌
8/13/2016 11:30:40 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved