»  کاتژمێر یازدە
بۆچی دەنگم بۆ مانەوەی زێباری نەدا ؟
شوان داودی



لەگەڵ هەراو هوریاكانی چاكسازی عەبادیداو لە ژمارە (663)ی 30ی نیسانی رابردووی رۆژنامەی (هەواڵ) وتارێكم بڵاوكردەوە، لەو وتارەمدا نووسیومە: “ئاشكرایە بەشداریكردن لە حكومەتدا تەنها سیاسی نییە، بەڵكو دەبێت لە پاڵییەوە خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و كوردانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بگەیەنیت”و ئاماژەم بەوەداوە كە جێگری سەرۆك وەزیران و دوو وەزیری كورد بەر پڕۆسەی چاكسازی عەبادی كەوتن و دوورخرانەوە، هیچ كاریگەرییەكیان لە شەقامی كوردی بەجێنەهێشت، چونكە بۆ بەشداری سیاسی و حیزبی دانرابوون و جگە لە رواڵەتە سیاسییەكە نەیانتوانیوە هیچ خزمەتێك بە خەڵكی كوردستان و كوردانی دەرەوەی هەرێم بگەیەنن، هەر لەو وتارەمدا باسی ئەوەم كردبوو كە دەستگرتن بەو وەزیرانەوەو سوربوون لەسەر مانەوەیان تووشی عەیبەی كردووین و هەڵسەنگاندنم بۆ هەر سێ وەزارەتی دارایی و رۆشنبیری و كۆچ كردبوو كە نەیانتوانیوە خزمەت بە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕاوەكان بگەیەنن و داوای پێداچوونەوەم كردووە بۆ چۆنیەتی بەشداریپێكردنی كورد لە حكومەتی فیدراڵدا، چونكە ئەو شێوازی بەشداریپێكردنەی ئێستا سەركەوتوو نەبووە.
لە (25)ـی مانگی ئابی رابردوو وەزیری دارایی عێراق هوشیار زێباری بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق كرا بۆ لێپرسینەوەو (12) پرسیاری لەلایەن پەرلەمانتاری بەرەی چاكسازی هەیسەم جبوورییەوە ئاراستەی كراو لە (27)ـی ئابدا دوای ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی كە ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكەی زێباری نابوویانەوە بۆ رێگری كردن لە رێكارە یاساییەكانی لێپرسینەوەكە.. پەرلەمان دەنگی لەسەر بڕوانەبوون بە وەڵامەكانی زێباری دا، بەوەش دەرگا لەسەر لێسەندنەوەی متمانە لە زێباری كرایەوەو لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم و هەڵوێستە توندەكانی بارزانی و غروری سیاسی پارتی و مامەڵەی ناتەندروستی فراكسیۆنەكەیان لەگەڵ فراكسیۆنە عێراقییەكان بە گشتی و فراكسیۆنە كوردییەكان بە تایبەتی، باری زێباری زۆر قورستر كردو لێسەندنەوەی متمانە لێی مسۆگەرتر كردبوو.
من بە خوێندەنەوەی خۆم لەناو پەرلەمانی عێراقدا دڵنیابووم لەوەی كە متمانەی لێ وەردەگیرێتەوە ئەگەر هەموو پەرلەمانتارانی كوردیش بە یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووشەوە دەنگ بۆ مانەوەی بدەن، ئەمەم بە حیزبەكەی خۆم راگەیاندبوو، چونكە رای شەقامی عێراقی لەسەر خودی زێباری زۆر لە دۆخی خالید عوبێدی خراپتر بوو، چەندینجار ئەوەم لە راگەیاندنەكان دووبارە كردەوە كە كەشی ناو پەرلەمان گۆڕاوە، پەرلەمانتار پابەندی حیزب و كوتلە نابێت لەكاتی دەنگداندا، ئەوجا دەنگدانەكە ئاشكرا بێت یان نهێنی.
ئێستا بەڕێز زێباری رەخنە لەوەدەگرێت كە بە دەنگدانی نهێنی متمانەی لێسەندراوەتەوە كە یاسایی نییە، دەپرسم: ئایا بەڕێزیان ئاگادارن لەوەی كە دەنگدانی نهێنی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری بەرگری لەسەر پێشنیاری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بووەو لە كۆبوونەوەی سەرۆكی كوتلەكاندا بۆ ئەو پرسە پێشنیازی كردووە؟!
من نامەوێ لێرەدا قسە لەسەر سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم و هەڵوێستەكانی بارزانی بكەم، تەنها مەبەستمە هەڵوەستەیەك لەسەر غروری پارتی بكەم  كە فراكسیۆنەكەیان بە پراكتیك لەم پرسەی زێباریدا پەیڕەویان كرد: پێش جەژنی قوربان باڵیۆزی نوێی ئەمریكا بانگهێشتی ئاڵا تاڵەبانی دەكات بۆ خوانی نیوەڕۆ، لەوێدا باسی هەوڵەكانیان دەكات بۆ پرسی زێباری و دەپرسێ كە ئایا چیتان كردووە؟ خاتوو ئاڵا لە وەڵامدا دەڵێت: نازانم چونكە كەس قسەی لەگەڵمان نەكردووە، باڵوێزی نوێ شۆك دەبێت و دەپرسێت چۆن دەبێت تا ئێستا زێباری قسەی لەگەڵ نەكردوون؟! دوای یەك كاتژمێر  لەو گفتوگۆیە خودی زێباری پەیوەندی بە خاتوو ئاڵاوە دەكات و بەوپەڕی متمانەوە قسە دەكات و دەڵێت: من وەزعم زۆر لەبارەو كاری باشم بۆ كراوە، خاتوو ئاڵاش لە وەڵامدا دەڵێت: زۆرم پێ خۆشە كە وەزعت باشە كەواتە پێویستیت بە ئێمە نییە!
هەر بەر لە هاتنی جەژنی قوربان لەسەر داوای حزبە كوردستانییەكانی كەركوك لە نوسینگەی پەرلەمانی عێراق لە شارەكە كۆبوونەوەیەك بۆ پەرلەمانتارانی كوردی كەركوك و بەشی هەڵبژاردنی حیزبەكان رێكخرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە كەركوك، لەگەڵ ئەوەی شاخەوان عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری پارتی ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوو، نامەیەكی دوور لە ئاكاری پەرلەمانتاری بۆ خاتوو ئاڵا ناردبوو، دواتر بەجیا جارێكی تر بەشی هەڵبژاردنی حزبەكانی كۆكردەوەو بۆ ئەوەی بڵێ من هەم، رای كوردی كردە دوو بەشەوە.
لە هەڵبژاردنەوەی سەرۆكایەتی لیژنەكانی پەرلەماندا بۆ هەر پۆستێكی كوردی كە پێشتر رێككەوتنی فراكسیۆنە كوردییەكانی لەسەر بووە، فراكسیۆنی پارتی كاندیدی هەبووەو كێبڕكێی فراكسیۆنە كوردییەكانی پێكردووەو بەو شێوەیە لیژنەی هەرێمەكانی برد كە لە پشكی فراكسیۆنی گۆڕان بوو، لە دارایی بەرانبەر كاندیدی كۆمەڵی ئیسلامی و لە بەرگری بەرانبەر كاندیدی یەكێتی كاندیدیان هەبووەو كێبڕكێیان كردووە، بەڵام سەرنەكەوتوون، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا كەسمان نەمانویستووە بە هەڵەیان بەرین و راستگۆیانە رای خۆمان پێڕاگەیاندوون، هەر سێ فراكسیۆنی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو هیچ وەعدێكیان پێ نەدان و راستگۆیانەتر پێیانوتن: كە دەنگ بۆ مانەوەی زێباری نادەن.
وەكو فراكسیۆنی یەكێتیش بە فەرمی لەلایەن مەكتەبی سیاسییەوە ئاگادار كراینەوە كە دەنگ بۆ مانەوەی زێباری بدەین.
لە(21)ـی ئەیلول یەكەم رۆژی پاییز چەند كاژمێرێك پێش لێسەندنەوەی متمانە لە زێباری لە ژووری سەرۆكی فراكسیۆن ئاڵا تاڵەبانی كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامدا، ئاڵاخان بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی پێراگەیاندین، بەڵام لەلایەن بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكەوە چەند پرسیارێك ئاراستەی خاتوو ئاڵا كرا كە بەرانبەر چی دەنگ بدەین، ئایا هەموو مەكتەبی سیاسی ئاگاداری ئەو بڕیارەن؟ لە وەڵامدا وتی: “(وما علی الرسول الا البلاغ المبین)، من لەسەرمە بڕیارەكەتان پێڕابگەیەنم و ئێوەش كەیفی خۆتانە”.
بەندە بە نیسبەت خۆمەوە وەك پەرلەمانتارێكی شاری كەركوك لەبەر ئەو هۆكارانەی ئاماژەم پێداوەو چەند هۆكارێكی تریش لێرەدا ئاماژەیان پێدەدەم بڕیارمدا دەنگ بۆ مانەوەی زێباری نەدەم:
هەرچەندە تا ئێستا لە تەلەفزیۆن نەبێت من خۆیم نەبینیووە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوومدا لە پەرلەمان چەند جارێك بۆ كاروباری هاوڵاتیان پێویستیم بە وەزارەتەكەی بووە بەڵام نە خۆی و نە بریكارەكەی كە ئەویش كوردەو لە حیزبەكەی خۆیەتی، ئامادە نەبوون وەڵامی تەلەفۆنێكمان بدەنەوە.
 دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری ئەوەی دەركرد كە كەركوكیش وەكو پارێزگاكانی تری عێراق شۆڕبوونەوەی دەسەڵاتی هەشت وەزارەت دەیگرێتەوە، وەزارەتی دارایی گشتاندنی كردووە بەوەی شۆڕبوونەوەی دەسەڵاتەكان شاری كەركوك ناگرێتەوە، چەندین جار خەرجییەكانی پاككردنەوەی شاری موسڵی خەرجكردووە لەكاتێكدا ئەو شارە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بووە، بەڵام ئامادە نەبووە مافە داراییەكانی شاری كەركوك وەك خۆی خەرج بكات.
دوو ساڵە حكومەتی ناوەند پارەی جوتیارانی شارەكەمی لایە، كەچی بەڕێز زێباری خەمێكی لێ نەخواردن.
(3) هەزار پلەی وەزیفی بۆ پەروەردەی كەركوك لە وەزارەتی پەروەردەوە راستاندنی بۆ كراوە، كەچی لە وەزارەتەكەی زێباری دارایی پێویستی بۆ تەرخان نەكراوەو كاتێك داوای تەرخانكردنی دارایی بۆ دەكەین پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنەكەیان بە گەندەڵی تۆمەتبارمان دەكات گوایا داوای بەرتیل دەكەین!
لێپرسینەوە لە بەڕێز زێباری لەسەر خەرجكردنی مووچەی پێشمەرگە نەبووە، لەسەر دەستەبەركردنی مافە داراییەكانی هەرێم نەبووە، لەسەر پێداگری سەبارەت بە مافی مووچەخۆرانی هەرێم نەبووە، بەڵكو لەسەر خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات بووە، بۆیە وەك ئەركێكی ئەخلاقی خۆم بەرانبەر بە دانیشتونی شارەكەم پابەند نەبووم بە بڕیاری حیزبەكەم و دەنگم بۆ مانەوەی زێباری نەدا، لەبەر ئەوەی قەناعەتی تەواوم بەو بڕیارە هەیە، بۆیە بڕیارمدا ئەو قەڵەمەی كە (بەڵێ)ـم پێی نووسی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە زێباری و دواتر ئەم وتارەم پێی نووسی هەڵبگرم و بۆ مێژووی خۆم بیپارێزم، لە كۆتاییشدا داوای لێبوردن لە مەكتەبی سیاسی بەڕێز دەكەم لە پێشێلكردنی ئەو بڕیارەداو بۆ هەر لێپرسینەوەو سزایەكی حزبییش ئامادەم.     
‌ 3528 جار بینراوه‌
9/24/2016 11:25:02 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved