»  کاتژمێر یازدە
نان و شیرو حەفازە لە ئەجێندای سەردانەكەی بارزانیدا
شوان داودی






ئەو رۆژەی ئەردۆگان سەردانی كرملینی كردو داوای لێبوردنی لە پۆتین كردو رایگەیاند كە دەكرێ بەشار ئەسەد بۆ قۆناغی ئایندەی سوریا رۆڵی هەبێت، من زانیم بارزانی دەگەڕێتەوە بەغدا، مانگی رابردوو كاتێك بارزانی پێش سەفەرەكەی بۆ ئەوروپا لە ئەنقەرە ئیستێك دەكات هەر لە ئەنقەرەوە كاتی سەردانی كردنی وەفدێكی پارتی بەناوی حكومەتەوە بۆ بەغدا دیاریدەكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش فوئاد حوسێن دەگەڕێتەوە كوردستان و دوای چەند رۆژێك بە یاوەری نێچیرڤان بارزانی و وەفدێكی پارتی دەگەنە بەغدا، دواتر عەبادی لە گەشتەكەی ئەمریكایدا فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم نزیك لە بارزانی دەكاتە هاوسەفەری خۆی.
دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان رێكەوتنە ستراتیژەكەی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا قۆستەوە بۆ دەستبەسەراگرتنی كۆی جومگەكانی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان و دواتر مۆنۆپۆڵكردنی سەرچاوەكانی دارایی لە رێگەی دەستبەسەراگرتنی سامانە سروشتییەكان و سەرچاوەكانی داهات و دواتر پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان و قۆرخكردنی بڕیاری سیاسی و ئاراستەكردنی تاكڕەوانە، تا ئەو ئاستەی هەموو هێلكەكانی خستە سەبەتەی توركیاوەو هەرێمیان كردە بەشێك لە ململانێكانی ناوچەكە لە بەرژەوەندی توركیا.
لەدوای روخانی بەعس و دەستپێكردنی پرۆسەی سیاسی عێراقەوە هەرێمی كوردستان بە پشكی (17%)ـی بودجەی عێراق تا ساڵی 2014 بووژانەوەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی و  تاكی كوردی خۆشگوزەران بوو، بەڵام دوای دووركەوتنەوە لە بەغداو رووكردنە ئەنقەرە، هەر قەیرانەو قەیرانی تری بەدوای خۆیەوە دەهێنا تا گەیشتووینەتە ئاستێك نانەواخانەكانی كوردستان بەدەست قەرزی هاوڵاتیانی خۆیانەوە بناڵێنن، چونكە بەشێكی زۆری كارمەندو كاسبكارانی ئەم هەرێمە ئێستا پارەی نانیان پێ دابین ناكرێت و نان بە قەرز دەكڕن، بۆیە مامۆستایانی كوردستان ئامادەنین زەنگی كردنەوەی خوێندن لێبدەن و كۆمەڵانی خەڵك دەڕژێنە سەرجادەو داوای نان دەكەن.
دیارە پێشتر بۆ ئەوەی نەگەینە ئەم دۆخەی ئێستا زۆر هاوارمان كرد، هەوڵی ئەوەماندا دەرگای بەغدا دانەخرێت، چونكە بەپێی دەستووری عێراقی كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەنگیان پێداوە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە دەوڵەتی عێراق، بەوپێیەی مافەكانی ئێمەی كورد لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی هەرێمیش لە بەغدایە نەك لە ئەنقەرە.. بە مافی سەربەخۆبوون و جیابوونەوەو راگەیاندنی دەوڵەتیشەوە.
هەفتەی رابردوو پەرلەمانتار هۆشیار عەبدوڵڵاو نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق سەركەوتووبوون لەوەی پرسی قووتی خەڵكی كوردستان بخەنە بەر باسی نوێنەران و ژمارەیەكی بەرچاو لە پەرلەمانتاران، لە دانیشتنی ژمارە (19)ـی 24ـی ئەیلولی پەرلەماندا قسەی لەسەر بكەن و پێشنیازی گونجاو بخەنە بەردەست، دواتر بڕیاری ئەوەدرا لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی دكتۆر هومام حەمودی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان و ئەندامێتی هەردوو لیژنەی نەوت و دارایی بۆ ئەو پرسە پێكبهێنرێت و لەماوەی یەك مانگدا راپۆرتی خۆی لە دیاریكردنی لایەنی كەمتەرخەم و پێشنیازی گونجاو بۆ چارەسەركردن پێشكەش بكەن و قسەش لەسەر ئەوە دەكرێت هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێم بۆ ئەو پرسە بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق بكرێن.
دوای ئەو پاشەكشە گەورەیەی توركیا لە سیاسەتەكانیدا كە لەسەر حیسابی كوردو دۆزەكەی، سازشی گەورەی تێدایە لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا بە هەرێمی كوردستانیشەوە بە تایبەت دەنگۆی ئەوە هەیە كە پارەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرتبێت، بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی و شەڕی كورد بە كورد، رۆژی پێنجشەممە 29ـی ئەیلول مەسعود بارزانی بە سەرۆكایەتی وەفدێك بەوپەڕی لاوازییەوە دەگاتە بەغدا، گەیشتنی بارزانی لە كاتێكدایە خاڵی بەڕێزیان كە وەزیری دارایی عێراق بوو پێش هەفتەیەك لەسەر خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات متمانەی لێوەرگیراوەتەوەو لە كوردستانیش شەرعیەتی پۆستەكەی لەژێر پرسیاری گەورەدایە، بۆیە بەشێكی دیاری بەرپرسە باڵاكانی عێراق ئامادەنەبوون ئامادەی ئەو خوانە بن كە عەبادی بۆ بارزانی ئامادەی كردبوو.
بارزانی لە كوردستان پەرلەمانی پەكخستووە، چونكە مەترسی لەسەر كورسییەكەی دروستكرد، لە بەغداش بایكۆتی پەرلەمانی عێراقی كردووە، چونكە كورسییەكەیان لە ژێر خاڵی دەرهێنا! بۆیە دوای لێسەندنەوەی متمانە لە زێباری-ی خاڵی بارزانی، د. فوئاد حوسێن پەیوەندی تەلەفۆنی بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراقەوە دەكات و پەیامی سەرۆكی پێڕادەگەیەنێت كە ئیتر بایكۆتیان دەكەن، هەر بۆیە لەو سەفەرەیدا سەردانی پەرلەمانی عێراقی نەكرد و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش لەو بارەیەوە روونكردنەوەیەكی دەركرد.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هیواخوازم ئەم سەردانە بۆ راگەیاندن و دروشم و پیاهەڵدانی یەكتر نەبێت، بە پێچەوانەوە دەخوازم زۆر بە جدی قسە لەسەر سەرجەم پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بكرێت لە پرسی راپرسی و سەربەخۆییەوە تا قووتی خەڵك.. بە هەموو بڕوایەكیشمەوە هیوای سەركەوتنی وەفدەكە دەخوازم و هیوادارم لە دەستەبەركردنی موچەی كارمەندانی هەرێم سەركەوتووبێت، چونكە ئێستا خەڵكی هەرێمی كوردستان نە كورسییەكەی جەنابیان لەلا گرنگە و نە راپرسی و نە هیچ دروشمێكی تر بە قەد دابینكردنی نانی رۆژانەو شیرو حەفازەو دەرمانی منداڵەكانیان، چونكە هەر باوكێك ژەمێكی خواردن بۆ منداڵەكانی بە هەزاران كورسی سەرۆكایەتی ناگۆڕێتەوە، میللەتێك لە پێناو ئازادیدا هەزاران شەهیدی داوە، ئێستا وا بێناز كراوە نان بە قەرز دەكڕێت و ماستاو دەكاتە شوشەمەمەی مناڵەكەیەوەو حەفازە وشك دەكاتەوەو دوبارە بەكاری دەهێنێتەوە، بۆیە هیوادارم ئەجێندای سەردانەكەی بارزانی بەر لە هەموو شتێك نان و شیرو حەفازەی تێدابێت تا ببێتە جێی بایەخی هاوڵاتیان كوردستان و دوعایەكی خێری بۆ بخوازن.     
‌ 3737 جار بینراوه‌
10/1/2016 2:59:44 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved