»  کاتژمێر یازدە
فەرمانبەرانی هەرێم لە كەركوك.. واقعێكی تاڵ و خەمێكی گەورە
شوان داودی



ئاشكرایە بە هۆی سیاسەتە ئابوورییە هەڵەكانی حكومەتی هەرێمەوە ، هاوشێوەی قەیرانی سیاسی، قەیرانی دارایی بێ رەحمانە تەنگی بە هاوڵاتیانی كورد هەڵچنیوە، بە جۆرێك خەونی سەرەكی تاكی كوردی لە ئاواتە نیشتمانی و نەتەوەیی و گوزەرانییەكانەوە داگرتووە بۆ ئاستی سەرەتاییترین ماف كە موچەی رەنجی خۆیەتی.
لەم قەیرانەشدا كوردی كەركوك بێ پشك نییەو لەگەڵ قەیرانە زۆرەكانی دیكەیدا قەیرانی بێ موچەییش بەرۆكی گرتووە، چونكە ژمارەیەكی زۆر لە فەرمانبەرانی كورد لە كەركوك بە تایبەتی لە كەرتی پەروەردە لەسەر میلاكی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم دامەزراون و چەندین ساڵە رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە راستكردنەوەی هاوسەنگی نەتەوایەتی لە فەرمانگەكاندا، هەروەها لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندنی كوردی لە شاری لە مێژا تەعریبكراوی كەركوك.
بۆیە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمان وەك نوێنەرو داكۆكیكار لە مافی خەڵكی كەركوك، لە دانیشتنی ژمارە 19ی 24ی ئەیلولی ئەنجومەنی نوێنەران، كاتێك پرسی موچەی كارمەندانی هەرێم بەگشتی خرایە بەرباس بەندە ئەو پرسەم وروژاندو لە دوای ئەو موداخەلەیەوە، لەگەڵ پەرلەمانتارانی كەركوك رێبوار تەهاو بێستون عادل لە هەوڵی ئەوەداین پرسی گواستنەوەی راژەی فەرمانبەرە كەركوكییەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم بۆ سەر حكومەتی ناوەند بخەینە نێو ئەجێندای دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵكو بتوانین یاسایەكی بۆ دەرچوێنین و لەو پێناوەشەدا خۆشبەخاتە تەنها لە پێنجشەممەی رابردوو توانیمان واژووی پشتگیری نزیكەی 80 پەرلەمانتار لە فراكسیۆنە جیاجیاكانی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنین و لە هەوڵی دەستبەركردنی واژووی زیاترداین، بەو هیوایەی بتوانین لەو كارەدا سەركەوتووبین و لە لایەك باری سەرشانی حكومەتی هەرێم سوك بكەین و لە لایەكی دیكەشەوە چارەسەرێك بۆ كێشەی ئەو خێزانانە بدۆزینەوە.. جگە لەوەی ئەگەر ئەو كارە سەربگرێت، ئەوە خۆی لەخۆیدا جێبەجێكردنی بەشێكی گرنگی ماددەی 140ی دەستووری عێراقە، كە ئەویش بەداخەوە بە هۆی كەمتەرخەمی و سیاسەتی هەڵەی سەركردایەتی كوردەوە، تا ئێستا قۆناغی یەكەمی لێ جێبەجێ نەكراوەو لەوەش كارەسات تر ئەوە بووە كە پێشتر وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئامادەبووە راژەی 4500 مامۆستای سەر بە هەرێم بگوازێتەوە سەر میلاكی حكومەتی ناوەند بەڵام كورد كەمتەرخەمی تیادا كردووەو ئەو هەلە گرنگەی نەقۆستۆتەوە.
بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەرانی بەڕێزیش لای خوارەوە بۆچوونی بەندەیە لەسەر ئەو پرسە كە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقم ناردووە:-

بۆ/ بەڕێز سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بابەت / پێشنیارو داواكاری

سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت
بەڕێزان.. وەكو ئاشكرایە لای ئێوەی بەڕێز بە هۆی سیاسەتەكانی رژێمی پێشووەوە، لە كەركوك كورد هەمیشە كەمترین رێژەی دامەزراندنی بەركەوتووە، بە تایبەتی لە كەرتی پەروەردەدا، بۆیە لە دوای روخانی رژێمی پێشوو و سەرهەڵدانی عێراقی نوێ و دابینكردنی مافی خوێندن بە زمانی دایك بۆ سەرجەم نەتەوەكانی عێراق، پرۆسەی خوێندنی كوردی لە كەركوك رووبەڕووی كەمی كادری فێركردن بۆوە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەش لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا لەسەر میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەزاران مامۆستاو نوسەر و فەرمانبەری دیكەی ئەو كەرتە دامەزرێندران و توانییان شان بەشان برایانیان لە فەرمانبەرانی حكومەتی ناوەند خزمەت بە پرۆسەی فێركردن بگەیەنن.
بەڕێزان.. بەڵام وەكو روونە لاتان ئێستا لە هەرێمی كوردستان قەیرانی دارایی هەیەو حكومەتەكەی ناتوانێت پابەندبێت بە خشتەو دابینكردنی موچە لەكاتی خۆی و بەتەواوی، ئەمەش ئەگەر بۆ شارەكانی هەرێم جارێك كارەسات بێت، ئەوە بۆ كەركوك دوو جار كارەساتە، چونكە بوونی مامۆستا لە یەك خوێندنگەدا لەسەر میلاكی ناوەند كە موچەی تەواو وەردەگرێت، لە تەنیشت مامۆستایەكی سەر بە هەرێم، كە زیاتر لە 40 رۆژ جارێك چارەكە موچە وەردەگرێت، كەرتی پەروەردەی تووشی شڵەژان كردووە، وێڕای ئەوەی كێشەی دارایی بۆ زۆربەی خێزانە كەركوكییەكان دروست كردووە.
بۆیە:-
داواكارم فەرمانبەرانی سەر بە هەرێم كە خەڵكی كەركوكن، راژەكەیان بگوازرێتەوە سەر حكومەتی ناوەند، بە تایبەتی مامۆستاو فەرمانبەرانی كەرتی پەروەردە.
چونكە:-
لە لایەك حكومەتی هەرێم ناتوانێت پابەندە داراییەكانی بەرانبەر ئەو فەرمانبەرانە جێبەجێ بكات، لە لایەكی دیكەشەوە دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەركی حكومەتی ناوەندە، چونكە ئەو ناوچانە لە رووی ئیداری و یاساییەوە وابەستەی حكومەتی ناوەندن.
لەبەر ئەوە:-
هیوادارم لە خوشك برا نوێنەرە بەڕێزەكانم وەكو ئەركێكی یاسایی و نیشتمانی و مرۆڤایەتی، پشتگیری ئەم داوایەم بكەن بۆ ئەوەی پێشنیارەكە بخرێتە ئەجێندای كارەكانی ئەنجومەنەوە، بۆدەرچواندنی یاسایەكی دادپەروەرانە بۆ چارەسەركردنی كێشەی فەرمانبەرە كەركوكییەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم، لە پێناو خزمەتكردنی سەرجەم رۆڵەكانی عێراق بەبێ جیاوازی.
‌ 3907 جار بینراوه‌
10/8/2016 7:41:11 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved