»  بینین
ئینسانی نەخۆشی كورد !
دڵسۆزحەمە



بە مەرگی شاعیری گەورەو مەزن (شێركۆ بێكەس)دا دوو شۆكی گەورە رایچڵەكانم، یەكەمیان مەرگی یەكجارەكی ئەو داهێنەرەرە گەورەیەو نەگەڕانەوەی یەكجاریی، شۆكی دوەمیان ئاستی بێدەربەستی ومردویی ئینسانی كورد ئاستی نەخۆشی و نائاگایی و بیماری ئەم جەستە متبووەی ناوی كوردبوونە، ئاخر دەبوو مردنی شێركۆ بە داروبەردو شاخ و دەوەن و باخ و ماڵ بە ماڵی ئەم نیشتمانەوە دیار بێت، دەبوو هەموو كوچەو كۆڵان و شەقام و پەنجەرەیەكی ئەم نیشتمانەیە هەیە بەشداربووایە لە ماتەمی ئەو شاعیرەی كە بست بە بستی خاكی نیشتمانی كردووە بە شیعرو ئازارێك، خەمێك، پێكهاتەیەكی فیزیكی و رۆحی و خەمێكی گشتی نییە كە شێركۆ نەیكردبێتە جوانترین شیعر، شێركۆ لەو فیگەرە مێژوویانەیە كە قۆناغێكی مێژویی نەتەوە بەرجەستە دەكات و دووبارە نابێتەوە، شێركۆ لە هەموو حیزب و رێكخراوە سیاسیەكان نەمرترو قوڵتر بەرجەستەی كوردبون و ئازارەكانی كوردبونی هێناوەتە مێژوەوە، گەورەیی شێركۆ سنورەكانی زمان و هەرێم و كوردبونی بڕی، گەورەیی شێركۆ سەدەكان دەبڕیت ولەگەڵ كوردبوندا ئەویش تەریب دەمێنێتەوە، مەرگی فیگەری لەوجۆرە لە ناو ژیانی گشتی هەر كەلتور وكۆمەڵگایەكدا بێت بە عەرەبەكانیشەوە دەبێتە شین وماتەمێكی نیشتمانی، دەبێتە شینی نیشتمان و ماتەمی وولات و نەتەوە، من تازە هاتبومە هۆڵاندە كە شازادە دیانا بە كارەساتی ئۆتۆمبیل گیانی لەدەست دا، مەرگی ئەو شازادە گەنجە بوو بە ماتەمی وڵاتی بەریتانیا، خەڵكی بەجارێك خۆڕسكانە ماتەمیان راگەیاند، هونەرمەند و گۆرانیبێژو فەرمانبەر و مامۆستاو كارمەندو هەموو چین وتوێژەكان رژانە سەرشەقام و بەهەزاران تەن گوڵ و مۆم و كارت لەسەر شەقامەكاندا بۆ مەرگی ئەو شاژنە گەنجە نازادارە لە شەقامەكاندا دانرا، شین و ماتەم بە هەموو كوچە وكۆڵان و شوێنێكەوە دەبینرا !! لە كاتێكدا شێركۆ بە بەراورد بە شازادە دیانا هەڵگری خەمێكی قوڵتر وئینسانیتر و بەرجەستەی ئازارێكی گشتگیر وپرسێكی رەوای گەورەتر دەكات، پرسی چەوساندنەوەی نەتەوەیەك بەهەموو رەهەندەكانەوە، جگە لەو پانتاییە مەزنەی داهینانی شیعری كە داهێنانێكی هونەری وزمانەوانی كەم وێنەیە بۆ ئەبەد بە كوردبونەوە نوساوەو دەنوسێت !!
جڤاتی زیندوو رێز لەمەرگ وژیانی فیگەرە گرنگەكانی خۆی دەگرێت، بەڵام جڤاتی كوردی نەك لە ناخدا مردووە، بەڵكو داغانە بە نەخۆشی، نەخۆشی تەمبەڵی بەهەموو ئاستەكانیەوە، نەخۆشی توندوتیژی و دڵڕەقی بەهەموو رەهەندەكانیەوە، نەخۆشی بێباكی و خەمساردی، نەخۆشی درۆكردن و شانخاڵیكردنەوە لە بەرپرسیاری، نەخۆشی ترسنۆكی و بەرەنگاربونەوە، ئاخر ئەوەتەی هەین خۆمان بە ئەفسانەی ئازایی و جەسوری خەڵەتاندوە لەكاتێكدا بەشێكی ئەم دۆخەی ئێستامان بەرهەمی ترسنۆكی و نەبونی گیانی بەرخوردان و ململانێی سەخت و دژوارە، ئاخر مێژوی ئێمە خاڵیە لە ساتەوەختی شۆك، لە روبەڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ زاتی خۆماندا، رەنگە هیچ بونەوەرێكی تر لەم سەر ئەستێرەیە نەدزۆیتەوە (مەگەر عەرەب) ئەوەندەی جڤاتی كوردی لەناخەوە فشەڵ و لەبەریەك هەڵوەشاو بێت، هیچ جڤاتێك نادۆزیتەوە هێندەی ئەوەی ئێمە بێڕێزی وتوندوتیژی لەهەمبەر یەكتردا بكەن، ئاخر موچەبڕین و، گەندەڵی ودزینی ماڵی گشتی وبڕینی موچەی مامۆستا وفەرمانبەر وتاڵانكردنی سامانی گشتی ئەگەر بەرهەمی دۆخێكی سیاسی خراپ وسیستەمێكی سیاسی گەندەڵ بێت هاوكاتیش بەرهەمی سایكۆلۆژیایەكی تێكشكا و نەفسنزمە كە دەتوانێت دەست ببات بۆ موڵكی گشتی !!
زۆرن ئەو ئەكادیمیست و نوسەرو سیاسەتمەدار و رۆژنامەنوس و چالاكوان و چەپ و هەڵسوڕاوانەی كە هێندەی كەنناسێكی سویسرا ( ریزم بۆ هەموو كەنناسەكان كە رۆڵیان لە كۆمەڵگەدا لە زۆر پارلەمانتار گرنگترە) كەدەنگی بە نەخێر دا بۆ موچەی خۆڕایی، ئەو ئەكادیمیست و خوێندەوارەنە، ئەو سیاسیە گرنگانە هێندەی ئەو كەنناسە دەرونی تەندروست نییە كە بتوانێت بۆ راستكردنەوەی باڵانس و فەراهەم كردنی دادوەری لە سیستەمی بەڕێوەبردنی كوردستاندا دەست بە خێری خۆیەوە بنێت، موچەی دوەم وسیهەمی رەت بكاتەوە، ئاخر زۆربەی ئەوانەی لەهەمبەر نادادوەریدا بە شەوان لە شاشەكانەوە دەقیڕێنن، بۆ خۆیان بەشێكن لە نادادوەری !!
توندوتیژی و سڕینەوەی ئەوی دی لە ژیانی سیاسیدا شۆڕبۆتەوە بۆ خواری خوارەوەی كۆمەڵگا و چاكبوونەوەێ پرۆسەیەكی سیاسی وئەكادیمی وزانستی دوورودرێژە كە لەخەیاڵی سیاسی هیچ هێزێكدا نیە !!

‌ 3507 جار بینراوه‌
10/8/2016 8:13:43 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved