»  کاتژمێر یازدە
توركیاو دۆستەكانی لە عێراق
شوان داودی






لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی موسڵ، جەمسەرە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان روونتر دەردەكەون، هەڵتۆقینی توركیا لە هاوكێشەكەدا بەو شێوازە پڕ بێ ئەدەبییە لە عورفە سیاسی و دبلۆماتییەكان بەرچاوڕوونی زیاتری دەرخست.
لەدانیشتنی ژمارە (21)ـی سێشەممە 4/10/2016ـی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پرسی دەستێوەردانی توركیاو بەزاندنی خاكی عێراق، خرایە بەرباس و بە تێروتەسەلی تاوتوێ كراو دواتر بەیاننامەیەك لەدژی بەشێوەی بڕیار ئامادەكراو دەنگی بۆ درا.
تێكڕای فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق پشتیوانی ئەو بڕیارەی پەرلەمانیان كردو كەس لەدژی نەبوو، تەنانەت ئەوانەش كە جۆرێك لە هاوسۆزییان بۆ توركیا هەیە وەك بەرەی عەرەبی جەماعەتی ساڵح موتلەگ و جەماعەتەكەی نوجێفی و بەرەی توركمانی و پارتی دیموكراتی كوردستانیش.. لەگەڵماندا بۆ پشتیوانی وەستان و دەنگیان بە بڕیارەكەشدا.
بەندە ساڵی پار لە 25/7/2015 بەیاننامەیەكم بڵاوكردەوە، تیایدا ئیدانەی دەستێوەردانی توركیام لەخاكی عێراق و هەرێمی كوردستان كردو داوای ئەوەم لە ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی عێراق كرد، ئەو رێككەوتنانە هەڵوەشێنێتەوە كە لەگەڵ توركیادا هەیەو بە بیانووی راوەدوونانی پارتی كرێكارانی كوردستان مافی هاتنە ناوەوەی خاكی عێراقیان پێ ئەدا.
دواتر هەڤاڵانم لە فراكسیۆنی یەكێتی، پەرلەمانتاران ئاڵا تاڵەبانی و فەرهاد قادر، كاتێك جەعفەری وەزیری دەرەوە میوانداری كرابوو لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئەو داوایەیان رووبەڕووی كردەوە، بەڕێزیان وتبووی هیچ رێككەوتنێكی مۆركراو نییە، تەنها رێككەوتنێكی تەلەفۆنی هەیە بۆ ئەو مەبەستە لە نێوان حكومەتی بەعس و توركیادا.
راستە لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان كە قسە لەسەر توركیا كرا كەس نەیتوانی بە ئاشكرا دژی هەڵوێستەكەی پەرلەمان بێت، بەڵام لە راستیداو دواتر روونتر بوەوە كە بەشێك لە هێزە سیاسییەكان لەناو عەرەبەكان و توركمانەكان و كوردیشدا بەجۆرێك لە جۆرەكان هاوسۆزن لەگەڵ توركیاو زەمینەخۆشكەری ئەو دەستێوەردانەن و بە شەرمەوە پشتوانی لێدەكەن.
 توركیا لە ساڵی (1982)ـەوە كە عێراق بەرانبەر بە ئێران لە شەڕدا بوو، لە ساڵانی 1991 و 1992  لەكاتی راپەڕینی گەلانی عێراق و لە ساڵانی 1995 و 1996 و1997 لە كاتی شەڕی ناوخۆی هێزە كوردییەكان و تا ئێستاش لە شەڕی داعشدا بەردەوام ئەو هەلانەی قۆستۆتەوە بۆ دەستێوەردان لەخاكی عێراق  بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
سەربازگەی باشیك (بەعشیقە) كە ئێستا ئەو هەرا گەورەیەی لێكەوتۆتەوە، نۆزدەهەمین سەربازگەی توركیایە لەخاكی عێراق، پێم سەیرە چاوی حكومەتی عێراق ئەو هەژدە سەربازگەیەی تری توركیا نابینێت وەك ئەوەی خاكی هەرێمی كوردستان بە خاكی عێراق نەزانن؟!
كاتێك ئەردۆگان لە عەرەبستانی سعودیەوە بەو پەڕی بێ ئەدەبیەوە داوای دەركردنی شیعە لە موسڵ دەكات، داوای ئەوە دەكات كە تەنها عەرەب و كوردو توركمانی سوننە لە موسڵدا بمێننەوە، لە كاتێكدا توركمانی تەلەعفەر شیعەن و پاراستنی توركمانەكان یەكێكە لە بیانووەكانی توركیا كە بۆ مافی دەستێوەردانی خۆی لە عێراق بەكاری دەهێنێ‌، ئەوە دەسەلمێنێ‌ كە توركیا لە عێراقدا كار بۆ قووڵكردنەوەی كێشە تایفی و مەزهەبیەكان دەكات، ئەوەشی لەبیركردووە لە موسڵ جگە لە موسڵمان، یەزیدی و كریستیانیش هەن.
 ئەو هێزانەی هاوسۆزییان لەگەڵ توركیادا هەیە كێن؟!
* پارتی دیموكراتی كوردستان
ناوچەكانی نفووزی پارتی لەژێر كاریگەری هەژموونی توركیادایەو لەگەڵ توركیا هاوسنوورە، پەیوەندی ئابووری و بازرگانی بەهێز لە نێوانیاندا هەیەو بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، هەردوولا چ پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی حكومەتی هەرێمەوە چ حكومەتی توركیا لە رێگەی ئاكەپەوە سوودیان لە یەكتری وەرگرتووە بۆ ململانێ ناوخۆییەكان و بۆ بەرژەوەندی خۆیان پارتی لە كوردستان و لە عێراق بەرانبەر بە نەیارەكانی و ئاك پارتیش بەرانبەر بە (PKK) و بە گویلەن، لەم پرسەشدا پارتی  پێیەكی لە بەغدایەو پێیەكی لە ئەنقەرە، لە بەغدا بەدەم لەگەڵ حكومەتی عێراقدایەو لە كوردستان هەموو حیزبەكان هەڵوێستی ئاشكرایان دەربڕیوەو پارتی بێدەنگی هەڵبژاردووە، لە راستیشدا بەرژەوەندییەكانی وا دەخوازێت بە دڵ لەگەڵ توركیادا بێت.
* بەرەی توركمانی
ئەم بەرەیە چونكە لە بنەڕەتدا دروستكراوی توركیایە، ناتوانێت لەژێر هەژمونی توركیا دەرباز بێت، بە گوێرەی بەڵگەنامەكان لە كۆنگرەی لەندەنەوە ساڵی 2002 كاتێك ئەم بەرەیە لەسەر داوای توركیا دژی رووخانی حكومەتی بەعس هەڵوێستی نواند، بەوەش بەهۆی ئەو هەڵوێستەیانەوە، لەدوای رووخانی بەعسەوە  توركمانەكانیان لە كێكی سیاسی عێراق بێبەشكرد، هەر لە ئەنجومەنی حوكمەوە بەرەی توركمانی پەراوێزخراون و كەسێكی توركمان لە دەرەوەی ئەو بەرەیە دانرا، تا دوا گۆڕانكارییەكانی حكومەتەكەی عەبادی كە توركمانێك لە دەرەوەی ئەو بەرەیە كاندید دەكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەت، پرسی توركمان لە عێراق بە درێژی بابەتی وتارێكی ترم دەبێت چونكە دەبێ توركمانەكان ئەو راستییە بزانن كە باجی هەڵوێستەكانی بەرەی توركمانی دەدەن لە عێراق كە لە راستیدا هەڵقوڵاوی سیاسەتی پەیڕەو كراوی توركیا بووە لە عێراق.
*بەرەی عەرەبی
هەڵوێستی بەرەی عەرەبی ساڵح موتڵەگ بۆ بەندە شتێكی تازە نییە، بەڵكو پێموایە هەندێك دواكەوتووەو بەدرەنگ وەخت هاتۆتە قسە، چونكە ساڵح موتڵەگ بەوە ناسراوە پیاوێكی بە وەفایە بۆ دۆستەكانی، ئەگەر لەسەر حیسابی نیشتمانەكەشی بێت، بۆیە تاقە بەرگریكار بوو لە موجاهدینی خەڵقی ئێرانی لە عێراقدا، لە كاتێكدا ئەو رێكخراوە لە ساڵی 1991 و لە راپەڕینی گەلانی عێراق بۆتە بەشێك لە هێزە سەركوتكەرو داپلۆسێنەرەكانی بەعس لەدژی گەلانی عێراق بۆ كپكردنەوەی جەماوەری راپەڕیو، ئێستاش لەسەر داوای توركیا بە دەنگی بەرز داوای دەركردنی (PKK) دەكات و بە رێكخراوێكی تیرۆریستی لە قەڵەمی دەدات، لە كاتێكدا (PKK) شان بەشانی عێراقییەكان لە كەركوك و موسڵ و سەڵاحەددین و دیالەش شەڕی دژ بە داعشیان كردووەو لەو پێناوەدا بەدەیان شەهیدیان بەخشیوە، جگە لە پاراستنی جەماوەری ئەو ناوچانە، هەزاران هەزار ئاوارەی ناوچەكانی ساڵح موتڵەگ و هاوبیرەكانی لە دڕندەیی داعش لەو ناوچانە پاراستووە.
* ماڵی نوجێفی
ئەسیل نوجێفیش هەمان سیناریۆی ئەنتوان لەحد بە كۆپیكراوی دووبارە دەكاتەوە، كە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو بە مەبەستی روبەڕوبوونەوەی هێزە نیشتمانییەكانی لوبنان و فەلەستینییەكان، لە خوارووی لوبنان بە پشتیوانی ئیسرائیل (سوپای لوبنانی خواروو)ـی دروستكرد، دواتر بوو بە هەڵم و نەما، ئێستاش ئەو پرسیارەمان رووبەڕوو دەبێتەوە ئایا ئەسیل نوجێفی ئەنتوان لەحدی توركیایە لە عێراقی تازە؟
بۆیە بە پێویستی دەزانم حكومەتی عێراق لە قۆناغی هەڵوێست دەربڕینەوە بڕواتە قۆناغی كردارو هەموو رێكارە یاساییەكان بگرێتەبەر، چی بە راگەیاندنی هەڵوەشانەوەی ئەو رێككەوتنانە كە توركیا باسی دەكات و ماف بە خۆی دەدات بۆ راوەدوونانی پارتی كرێكاران لە خاكی عێراقدا تەراتێن بكات،
چی بە پرۆسەی دادگایی كردن هەموو ئەو كەس و لایەنانە هاوكاری توركیان لە دژی عێراق، رووبەڕووی یاسا بكاتەوە.   

‌ 3379 جار بینراوه‌
10/15/2016 7:21:17 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved