»  بینین
كورد لە بەینی موسڵ و حەلەبدا
دڵسۆزحەمە




ئاخر ئینسانی كورد بۆیە وەها بۆتە بونەوەرێكی سیاسی چونكە هەر فیشەكێك لە هەر تفەنگێكی ئەم دنیایە بە ناهەق بتەقێت،دەبێت پزیسكێكی بەر جەستەی كورد بكەوێت، لە هەرجێگایەكی ئەم دنیایە پلانێكی نامرۆڤانە، كارەساتێكی سیاسی، جەنگێك هەڵبگیرسێت دەبێت ئەم كوردە بەشێك بێت لە قوربانی، ژمارەیەك بێت لە كوژراوەكان، بەشێك بێت لە مەینەتی، ئەمە ئەگەر هۆكارێكی دڕندەیی دوژمنەكان و بەدڕەوشتی دنیای سیاسی بێت لەسەر ئاستی دنیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆكاری گرنگتری لاوازی و شكست و بێخاوەنی و بێئیرادەیی و پارچەپارچەیی و بێهێزی كورد خۆیەتی! ئاخر بەدەگمەن جڤاتێك دەبینیتەوە لە مێژوودا كە وەكو كورد ئازار و مەینەتی و چەوساندنەوە و جینۆساید و ماڵوێرانیش نەیتوانیوە بیكات بە بونەوەرێكی شۆڕشگێڕ، بە بوونەوەرێكی خاوەن ئیرادەو ڕق ئەستور،هیچ نەبێت بونەوەرێكی نەفس بەرزی زاهید و بەڕێزیش كە هیچ نەبێت سۆفیانەش بێت ڕێز لە پرسی چەوساندنەوە و ئازاری میللەتەكەی بگرێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە پرسی نەتەوەو ئازادی و نیشتمان و كەرامەت و كوردبوون هەرهەمووی لە بازاڕەكانی سیاسەت و حیزبایەتیدا لەم هەرێمی كوردستانەدا بێنرخترین كاڵایە بۆ بازرگانیكردن، بازرگانیەكی ترسناك و بێئەرزش!
ئاخر گەندەڵی جگە لە جێكەوتە ئیداری و ئابورییە خراپەكانی بەسەر كۆمەڵگاوە، جێكەوتەی مەترسیدارتری ئەوەیە كە مۆراڵی كۆمەڵگا دەڕوخێنێت، كە لەناوەوە دەست دەبات بۆ نۆرم و بەها پێكەوەییەكان و پوتیان دەكات، كۆمەڵگا لە ناوەوە كلۆر دەكات و ژیان دادەتەپێنێت، ئەوەی كە ئێستا لە جڤاتی كوردیدا ڕوودەدات و ڕووی داوە، ئاخر شەرم نییە جڤاتێك ئەزمونی ئەنفال و دڕندەیی بەعس جەستەیان هەلاهەلا كردبێت ئێستا بوبێتە جڤاتێكی لێوانلێوی گەندەڵی و دەستپیسی و دزی و جەردەیی!!
هێزە نێودەوڵەتییەكان لە شەڕگەكانی حەلەبدا خەریكی سەودا و مامەڵەی سیاسین، بەتایبەتی ئەمەریكا و ڕوسیا، ئێران و توركیا، ئاخر خەڵك شەڕ لە پێناوی دەسكەوت و بەهێزكردنی پێگەی خۆیدا دەكات، ئەوە تەنها بوونەورێكی كوردە كە هەمیشە دەسكەوتەكانی زۆر كەمترە لە ئاستی قوربانیدانی چونكە ئاستی ئامادەیی ناوەكی و تەماحی سیاسی و خەونی مێژوویی نییە، ئەوە پێشهاتەكان پێگەو ئامادەیی و ڕۆڵی پێدەبەخشن نەك پڕۆژەی خۆی، هێشتا شەڕی موسڵ دەستی پێنەكردووە، هێشتا سێبەر و مەترسییەكانی داعش بەسەر دۆخی كوردستانەوە نەك نەڕەویوەتەوە بەڵكو شەڕی موسڵ، لە كاتی ڕوودان و دوای ڕوودانیشی كارەساتی زیاتری بۆ كوردستان دەبێت، هێشتا هێزە جیاوازەكان، جەنگاوەرە داخ لەدڵە جیاوازەكانی عێراق خەریكی تیژكردنەوەی شمشێرەكان بەرەو موسڵ، هەریەكەو بە ئەجندایەكی تایبەت بە خۆی كە هەرچەندە ئەجندای حەشد و جوند و فەتح وسەرایا و ناوەكانی تر جیاواز بن، لەوەدا كۆكن كە كورد لە دۆسیەی موسڵدا غەریبێكە وەكو مارێنزەكان! هێشتا مەترسی داعش لەسەر كوردستان نەڕەویوەتەوە كەچی لەناوخۆماندا خەریكە دەچینەوە دۆخی دوئیدارەیی نەوەدەكان، بەڵكو تەماعی بازرگانەكانی هەولێر لە سلێمانی و ئەوانی سلێمانی لە هەولێردا نەبێت ئەو هاتوچۆ ساردوسڕەی ئێستاش هەیە ئەوەش نەدەما!!
ئەوە كەمایەسیەكی سیاسی گەورە و كەلێنێكی زانستی گەورەترە لە مێژووی ئەم دەڤەرە كە هەمیشە مەترسیە جەرگبڕە دەرەكیەكان هۆكاری كۆبونەوەمان بن، لەگەڵ نەمانی ئەو مەترسییە وەكو خێڵەكانی ناوەڕاستی ئافریقا هەركەسەو پەرێزی خۆی جیاكاتەوە؟؟
ئەگەر موسڵ بۆ شیعەكان تۆڵەكردنەوە بێت لە سوننەو دەوڵەتی داعش، بۆ سوننەكان وەرگرتنەوەی دەسەڵات بێت لە سوننەكانی دەرەوەی عێراق و جەبەروت و دڕندەیی بەعس، بۆ هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان سەركەوتن و دەسكەوتی سیاسی بێت بەسەر تیرۆر و داعشدا، بۆ ئێمەی كورد موسڵ سەرەتای كۆتایی ئارامیی سیاسی كوردستانە، سەرەتاكانی تێكچوونی ئەو ئارامییە خۆی نیشاندەدات، نەمانی داعش دەستی هێزەكان لە هەمبەر یەكتری واڵاتر دەكات، ئاخر دۆخی ناوەكی ئەوەندە پەرت و پەڕەوازە و سەرگەردانییە لە خەیاڵی زۆربەی هێزەكاندا بەكارهێنانی هێز بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم دۆخە مەترسیدارترین خەیاڵە كە پێدەچێت خەریكی سەرەتاتكێ بێت!! هیوادارم هەڵە بم، خەیاڵی دیموكراسی و لێبوردەیی كێشەكانمان یەكلا بكاتەوە نەك هێز و چەك!!

‌ 3119 جار بینراوه‌
10/15/2016 7:55:41 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved