»  کاتژمێر یازدە
قوماركردن بە توركمانەوە
شوان داودی



وتاری هەفتەی رابردووم تەرخانكرد بۆ توركیاو دۆستەكانی لە عێراق، بەرەی توركمانی ئامادەیی لە وتارەكەدا هەبوو، بەڵام لەبەر مێژووی دوورو درێژی ئەو بەرەیە لەو وتارەمدا نەمتوانی بە تەواوەتی هەڵوەستەی لەسەر بكەم، بۆیە بەڵێنم بەخوێنەرانمدا لە وتارەكانی داهاتوومدا بە دوورو درێژی لەسەر پرسی بەرەی توركمانی بووەستم، ئێستاشم بە گونجاوترین كاتێك زانی كە لێرە قسەی خۆمی لەسەر بكەم.
من خەڵكی كەركوكم، لە شارێكی فرە پێكهاتەدا لەدایكبووم و گەورەبووم، لەكاری سیاسیمدا خوێندكاری خوێندنگە گەورەكەی جەنابی مام جەلالم، واتا رەگەزپەرست نیم، ئەوەی بۆ خۆم و نەتەوەكەمی دەخوازم بۆ توركمان و هاوشارەكانی دیكەشم دەیخوازم، زۆریش داكۆكیم لە مافە سیاسی و كولتوورییەكانی توركمان كردووە، هەندێ جاریش بەو هۆیەوە تووشی كێشە هاتووم.
ئەم بەرەیە ساڵی 1995 لە شاری هەولێر دامەزراوە وەك بەرەیەكی نەتەوەیی بۆ توركمان و پەیوەندی راستەوخۆی دارایی و بەڕێوەبردنی بە دەزگای میتی توركیاوە بوو، تاوەكو دواتر لە چەند ساڵی رابردوودا ئیدارەدانی ئەم بەرەیە لە میتەوە گوزرایەوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی توركیا.
ئەم بەرەیە سەركەتوو بوو بۆ لەخۆگرتنی زۆربەی هەرە زۆری حیزب و گروپ و كەسایەتییە نەتەوە پەرستەكانی توركمان، توانی ئامادەیی بەرچاوی هەبێ لە نوێنەرایەتیكردنی توركمان، كەپێشتر توركمانەكان لە رووبەڕوبوونەوەی بەعسدا ئامادەیی بەهێزیان لەناو حیزبە گەورەكانی شیعەدا هەبوو.
ئەم بەرەیە بە درێژایی كاركردنی وەك  نوسینگەیەكی جێبەجێكار بۆ سیاسەتەكانی توركیا لە عێراق كاری كردووە، بەمەش زەرەرمەندی یەكەم لەو سیاسەتانە توركمان و شەقامی توركمانی بووەو بەو هۆیەوە باجی گەورەیان داوە، لە كاتێكدا توركمانەكان هاوشێوەی كورد رووبەڕووی زوڵم و زۆری بەعس لە راگواستن و بەعەرەبكردن و دەركردن و راوەدوونان و زیندان و ئەشكەنجەدان و لەسێدارەدان بووونەوە، چی پێش راپەڕینی ساڵ 1991 و چی دوای راپەڕینەكەش.
 هەڵوێستی بەرەی توركمانی لە كۆنگرەی لەندەن ساڵی 2002و كاتێك زاڵمای خەلیلزاد نوێنەری جۆرج بۆشی كوڕ لە كۆنگرەكە داوای لێكردن بە راوێژ لەگەڵ توركیادا رای راشكاوانەی خۆیان لەسەر عێراقی دوای بەعس و شێوازی بەشدارییان لە رووخاندنی بەعس دەربڕن، دوای گفتوگۆیەكی شەش كاتژمێری لەگەڵ میت مەرجی ئەوەیان دانا كە نابێت عێراق وڵاتێكی فیدڕاڵی بێت، چونكە كورد سودمەند دەبێت تیایدا، سەبارەت بە بەشداریكردنیشیان لە شەڕی رووخاندنی بەعس هەمان هەڵوێستی توركیایان هەبوو، بەڵام خۆشبەختانە كۆنگرەی لەندەن فیدراڵیەتی بۆ عێراق لەدوای رووخاندنی بەعس پەسەندكرد.
لە یەكەم ئەزموونی حوكمڕانی دوای بەعس، كاتێك ئەنجومەنی حوكم پێكهێنرا، بۆ نوێنەرایەتی توركمان خانمێك بەناوی سونگۆل چاپوك لە دەرەوەی ئەو بەرەیە دانرا، كە پێشتر كاراكتەری سیاسی نەبووە، بەم ئاماژەیە بە بەرەی توركمانییان وت “سیاسەتەكانت بۆ عێراقی تازە ناگونجێت!”، بەڵام بەرە لەو ئاماژەیە نەگەیشت و چووە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و بوو بە دژە رەوت و كەوتە كاركردن تەنانەت لە شارێكی وەكو كەركوك كە خۆی بە پایتەختی توركمان ئیلی!! ناوی دەبات، چووە هاوپەیمانێتییەوە لەگەڵ بەعسە شۆڤێنییەكانی عەرەب و لە دژی كورد وەستا، لەمەشدا كورتیهێناو نەیتوانی كەمترین زوڵم لەسەر توركمانەكان هەڵگرێت بە تایبەت لە گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان كە ئێستاشی لەگەڵدا بێت كێشەیان لەگەڵ ئەو عەرەبانە هەیە كەلەلایەن بەعسەوە زەوی توركمانیان پێدراوە، ئەم هاوپەیمانیەشیان هەر لەسەر داوای توركیابوو، عەرەبەكان زۆر ژیرانە سەركەوتووبوون لە بەكارهێنانی توركمان لە دژی كوردو نزیكردنەوەی خۆیان لە توركیا، بێئەوەی هیچ سوودێكی ئەوتۆ بە توركمان بگەیەنن.
عەرەبەكان سەركەوتوبوون لە تەجنیدكردنەوەی ئەفسەرە كۆنەكانی توركمانی سوننە بە تایبەت لە تەلەعفەر لە ریزەكانی بەعس و قاعیدەو دواتر داعش، بۆیە ئێستا بەشێكی بەرچاو لە سەركردە هەرە ترسناكەكانی داعش لە موسڵ توركمانی سوننەی تەلەعفەرن و یەكەم بەریەككەوتن و شەڕی توركمان بە توركمان لە تەلەعفەر سەری هەڵداو بارهەڵگرە بۆمبڕێژكراوەكان ئاراستەی گەڕەكە توركمان نشینەكانی شیعە دەكران، تەنانەت ئەو سەركردە توركمانانەی داعش لە پشتی كیمیابارانەكەی پارساڵی تازەوە بوون.
سەركردەكانی توركمان و شەقامی توركمانیش ئەو راستییە باش دەزانن كە داعش نەیتوانی هێڵەكانی بەرگریكردن لە كەركوك ببەزێنێت، ئەوە پێشمەرگەیە توركمان لە كەركوك پایتەختەكەی (توركمان ئیلی!!) بە قەولی خۆیان دەپارێزێت، بەڵام سەركردەكانی ئەم بەرەیە هێشتا بەئاگا نەهاتوون، بۆیە تا ئێستا لەدژی هەر پڕۆژەیەكن كە بۆ كەركوك سوودی هەبێت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاوە تا شۆڕبوونەوی دەسەڵاتی بەغدا بۆ پارێزگاكان و تا دابینكردنی پارچە زەوی بۆ خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت.
بەهۆی درێژەدان بەو سیاسەتە كوشندەیانەوە پەراوێزكردنی بەرەی توركمانی تا ئێستا لە عێراقدا درێژەی هەیە، لە حكومەتەكانی رابردوودا چەندین توركمان پۆستی وەزارییان وەرگرتووە هەموویان لەدەرەوەی ئەو بەرەیە بوونە، لە دوا گۆڕانەكارییەكانی عەبادیشدا كاندیدێكی توركمان بۆ پۆستی وەزارەت لە دەرەوەی ئەو بەرەیە پێشنیاركراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەلێكی باشیان لەبەردەست بوو، دوای ئەو هەموو شكستە، بەخۆیاندا بچنەوە بە تایبەت ئێستا بۆ شەڕی موسڵ، بەڵام دیارە سورن لەسەر سیاسەتی زیانگەیاندن بە توركمان، رۆژانە بە لێدوانی نابەرپرسانە پێچەوانەی هەڵوێستی فەرمی پەرلەمان و حكومەتی عێراق پاساو بۆ مانەوەی هێزەكەی توركیا لە باشیك دێننەوەو قەوانەكەی توركیا بۆ راوەدوونانی (PKK) دووبارە دەكەنەوە، لەكاتێكدا لە قۆناغێكی ترسناكدا لە زۆر ناوچەی عێراقدا ئەو هێزەی (PKK) عێراقیەكانی لە تیرۆرستان پاراستووە بە توركمانیشەوە، بەپێی زانیارییە هەواڵگریەكانیش تازە بە تازە زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردەكانی بەعسدا لەشاری ئەنتاكیای توركیا گرێدەدەن بەمەبەستی دانانی نەخشە رێگا بۆ دوای داعش!
لە (2003)ـوە تا ئێستا توركمان لە عێراقدا باجی سیاسەتە هەڵەكانی بەرەی توركمانی دەدات كە رەنگدانەوەی سیاسەتی توركیایە لە عێراق، سوربوون لەسەر درێژەدان بەو سیاسەتەش، غەدركردنە لە توركمان پێش هەر پێكهاتەیەكی تر، من لە كەركوكم شەقامی توركمانیش لەو راستییە گەیشتوون كە ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە توركیا داعشی دەهێنایە سەر ئەوانیش و ئێستاشی لەگەڵدابێت یەك سەركردەی بەرەی توركمانی بوێری ئەوەی نابێت بەبێ پێشمەرگە شەوێك لە كەركوك بخەوێت!
لەم روانگەیەوە پێموایە بەرەی توركمانی لە عێراقدا جارێكی تر قومار بە ئاییندەی توركمانەوە دەكات، چونكە دوای داعش هەڵوێستەكانی پێش نغرۆبوونی ئەو گروپە تیرۆرستییە دەبنە سەنگی مەحەك بۆ پرسە سیاسیەكان لە عێراقدا.       









‌ 3418 جار بینراوه‌
10/22/2016 9:51:15 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved